بەهرۆز جەعفەر: دەرفەت دان بە تاوانەکانی دەستەڵات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دوای ساڵی 2014 ەوە، هاندانی شەقام و، پرۆسەی ڕوون کردنەوەو پڕ کردنەوەی خەڵک لە ئاستی ڕاستیەکان، تا ئەندازەیەکی زۆر پەکی کەوتوە؟!. ئەوەش لەبەر فاکتەر و لێکدانەوەی ئاشتی کۆمەڵایەتی، هەلومەرجی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، وورد خوێندنەوەو درک کردنی مێژوو، ڕەگەزی کات، بووە.

لەبەرانبەر، ئەو فۆڕمە لە بێدەنگی و، پاشەکشەی دەنگه ئازاو ئازادەکاندا، هەم هەڕەج و مەڕەج هاتونەتە پێش و، فوویان کردۆتە خۆیان و، خۆیان لێ بووەتە هەر شتێک، هەم دەستەڵاتیش، کشانەوەی سەدا جددییەکانی وەک دەرفەت قۆستۆتەوە، وەهمی ئەوەیان دروستکردوە هەموو شتێکیان بۆ ئەچێتە سەر.
جەماوەریش، لە بری ئەدەبیاتێک بۆ ڕووبەروبونەوەو مقاوەمەت، دەستو پەنجەیان لەگەڵ دەستەڵات و ڕەمزە موزەیەفەکاندا نەرم کردووە، هەرکەسێ وەک قارچک هەڵکەوتوەو لە ترساو لە برسا کۆمەڵگە دوای کەوتون.
فەزاحەت بووە بە کەلتورو، تاوانی سیاسیی و ئابوریی بووەتە شتێکی ئاسایی. ئەز جگە لەو فاکتەرانەی باسم کرد، هیچ شتێکی تر ڕای نەگرتووم، کە ئیش لەسەر جوڵاندنی ڕای گشتی بکەم، تەنانەت کەرەستەکانی ووتن و نوسین و گەیشتن بەخەڵکیش زیادی کردوە، کەمی نەکردووە.
وەک گەنجێک، دەستەڵات زۆر زیاتر لە هەر کەسێکی تر، ئیشی لە کوشتنی خەونەکانمدا کرد، لە پیلانی تیرۆرکردن، لە بردنی ئۆتۆمبیل و کەرەستەکانی تر، لە تەقەلێکردن، لە نەبونی هیچ سەرچاوەیەکی ماددیی لە هیچ کایەیەکی حکومی و حزبی دا، لە تانەو تەشهیر و جنێو دا، لە ڕێگریی کردن بۆ ووتن دا، لە هەوڵدان بۆ خستنە داوی ئابڕوبەرانە، لە دادگاو دادبازیی و… تا دوایی، ئێ چی تێ ئەچوو ئیشیان لەسەر یەک پرۆژە شمان کردبا!. هەرگیز ڕۆژێ لە ڕۆژان نە بە ڕق و نە بە کاردانەوە، دێڕێکم نە وتوەو نە نوسیوە، قەتیش لەوانە نەبوم خۆم بە گوناح و مەغدور نیشان بەم، ها وا پەلاماردراین و ها وا مان پێکرا، ئەمما لێرە بە دواوە، لە باتی توێژینەوەو بەشداریی زانستی، لە باتی خۆ سەرقاڵکردن و کات کوشتنەوە، لە باتی سوڕانەوە لەم فەلەکەدا کە ئیش وکاری بۆتە کوشتنی خەون و پرۆژەکانی گەنج، ناچار بین ئالیەتی تر بگرینە بەر. خۆ هیچ نەبێ ئەتوانین بەشداری لە دروستکردنی نەوەیە کدا بکەین کە هیچ نەناسێت. کە بزانێ بەشەر لە دەرەوە چۆن ئەژی و لە کوردستانیش چۆن؟!. خۆ ئەتوانین ئەو پەیامە بدەین ” مادام دەستەڵات هەموو ڕێگەیەک بۆ مانەوەی خۆی و، شکاندنی شکۆی گەنجان، بەدروست ئەزانێ، ئاوهاش گەنجان هەموو ڕێگەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو شتێک بە دروست بزانن”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت