بەهرۆز جەعفەر: کاک نەوشیروان موستەفا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باوەڕناکەم کەس پێش ئێمە ڕەخنەی لە بزوتنەوەی گۆڕان گرت بێت، هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی ئەز بڕوام بە هیچ بزوتنەوەیەک نییە ئەگەر دوو یەکە تیایدا چالاک نەبێت
یەکەم: یەکەی فیکر (وحدة فكر)
دووەم: یەکەی کار (وحدة العمل)
لە سەرەتاوە بۆ ئێستاش لەسەر گردی زەرگەتە هاوڕێی کەس نەبووم و نیم، بەڵام لەخوارەوە گەورەو بچوکمان دۆستین، لەسەر گردەکە لە لیستی ڕەشی هەموو ئامرازە میدیاییەکانی گۆڕانداین، لە خوارەوە هەماهەنگین و بەریەککەوتنی دۆستانەمان هەیە. هەموو ئەو دۆستانەی گۆڕانیش خۆیان ئەزانن پێش ئەوەی ئەوان بێن ئێمە هەبوین لە مەیدانی ڕەخنەو دەست نیشانکردنی ستەمکاریی دا، واتە بۆشاییەکە لە بەرئەوە نییە ئێمە دەستەڵات و ئەوان ئۆپۆزسیۆن، لەبەر ئەوەیە ئێمەش هەر قسەکانی ئەوان ئەکەین بەڵام لەگەڵ ئەوان نیین!. جار هەبووە لای کاک نەوشیروان ڕایەکم وتوە، خۆی بەدڵی بووە. هەمان شتم وتوە خوارووی خۆی بە تەشهیر و تەخوین وەڵامیان داوینەتەوە، لای جەنابی ما جەلالیش هەروەهاو، دڵنیام چەند نەوشیروان مستەفا عەزیەتی پارتی داوە ئەوەندەش بەرپرسەکانی پارتی خەمیان بە بارزانی داوە.
لەوەتەی کاک نەوشیروان بێدەنگە، لەوەتەی کاک نەوشیروان هاتۆتەوە کوردستان، دەیان تەرزی ناشیرین و تانەی جۆراوجۆر لەلایەن پارتی و یەکێتیەوە وەشێنراوە، کە بەداخەوە بەشێک لەو وتارنوس و فەیسبوکچیانە لە ئاستی ڕاوێژکاری مەکاتیبی سیاسیەکان و ناوەندی میدیایی باڵادان، ” ئەمە دوا فیشەکی نەوشیروان مستەفایە”، ” ئەم جارەش نەوشیروان مستەفا شکستی هێنا”و ” بەریتانیەکان وتویانە نابێت قسە بکا” و ” هیچ کارتێکی تر بەدەست نەوشیروان مستەفاوە نەماوە” و ” نەوشیروان مستەفا دژی سەربەخۆییە” و ” نەوشیروان مستەفا هیچ گوتارێکی پێ نییە پێشکەشی بکا”” ئەیانەوێ کوردستان دابەش بکەن” ” ئەمە دوایین هەناسەی نەوشیروان مستەفا” یە و ….ئیتر ئاوا. کاکە ئەم قسانە چییە؟. یانی تۆ دووربین تریت؟. ئەم دەستەواژانە ڕەخنە نیین، بەڵکو زیاتر درک نەکردنە بە ناوچە تاریکەکانی سیاسەت. حزبی کوردیی کادر پەروەردە ناکات تا لە پرەنسیپە نیشتیمانی و مرۆییەکاندا کێبڕکێی پێ بکات، بەڵکو بۆ پەلاماردانی یەکتر و چاودێری کردنی یەکتر ئامادەیان ئەکا. جا وای پێویستە ئیتر ئەم سایکۆلۆجیەتە تێ پەڕێنرێت.
هەموو ئەمانە، پێچەوانەی ئەو وەحدە وەطەنییە یە کە پارتی دیموکراتی کوردستان داوای ئەکات، پێچەوانەی هەلومەرجی ئێستاو ئەو دروشمانەن کە حزبی حاکم بەرزیکردۆتەوە، یانی تۆ ئەگەر ئەونە دڵسۆزی ڕێبازەکەی تاڵەبانی یان بارزانیت و هاوکاری بۆ سەرگرتنی پەیامەکەیان، بە چیا ئەزانی لەناو ئەم داینامیکیەتەی ئێستای جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنانەت ختوکەدانی مناڵێک لەناو بازاڕ هەموو ڕیسەکەتان لێ ناکاتەوە بە خوری؟. چما نەوشیروان موستەفاش!. دوای ئەوەی پەرلەمان پەکخرا، داخرا، نازانم ناوێکی بۆ بدۆزنەوە، نەوشیروان مستەفا بۆ ڕێزگرتن لەو زروفەی کە هەیە، خۆی قسەیەکی نەکرد، بە چی ئەزانن سبەی و دوو سبەی بارزانی و نەوشیروان مستەفا دانانیشن و هەموو ئەم دۆخە تێ ناپەڕێنن، بۆچی گوتارەکانتان وا نەبێت کە ئەگەر ئێوە ئاسۆتان ڕووناکە کاک نەوشیروانیش دەست بارتان بێت!. یانی ئەم گوتارانەتان بۆ؟. یانی ئێستا نەوشیروان مستەفا ڕێی چی لێگرتوون، نە توانی بەربەست بێ لەبەردەم گەندەڵی نە توانی چاکسازیشتان پێ بکا. بۆ زانیاریش ئەو کەرەستەو کارتانەی کاک نەوشیروان لە دەستیەتی، هیچ حزبێکی تر نیەتی بۆ ئەم قۆناغە، بۆ خۆم باوەڕم نە ئەکرد وابێت. دواتر ڕۆشن بۆیەوە.
هەڵبەت ئێمە لەوە تێگەیشتوین گۆڕان تاوانبارە بە تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و، خەساندنی سەدان کەسی ڕۆشنبیر و ئاکادیمی ڕەخنەگر لە بۆتەی خۆیدا، تۆمەتبارە بە شکاندنی کەسێتی مرۆڤی ئێمە و چونەناوەوەی ژیانی شەخسی کەسەکان. ئەم حزبانە تەنها بازاڕی ئەوانەی باشە کە دەنگە دەنگ و هاژوهوژ ئەکەن، که ئەیانەوێ دوژمن بۆ گەورەکانیان گەورەتر بکەنەوە، تا بایەخی خۆیان لە مەیدانەکە بسەلمێنن. ئیتر خوا نەکا دوو شتی تر بزانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت