عیماد عه‌لی: تكایه‌ سیاسه‌تی لایه‌نه‌كانی باشوور دووباره‌ مه‌كه‌نه‌وه‌.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گوێم له‌ لێدوانی جێگری فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی یه‌په‌شه‌ بوو كه‌ ده‌ڵێت؛ حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی عیراقیه‌ و ترسمان لێی نیه‌ و ده‌بێت رێزیان لێبگیرێت. هه‌مان رفتار و كرداری هێزه‌كانی باشوورم هێنایه‌وه‌ یاد كه‌ هه‌ر لایه‌كیان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هه‌ر هێزێكی ده‌وڵه‌تی ناكوردیدا بوایه‌، هه‌زار و یه‌ك به‌هانه‌ی بۆ ده‌هێنایه‌وه‌و ده‌یخسته‌ ئه‌ستۆی به‌رامبه‌ره‌كه‌ی. قه‌ت ئه‌م بۆچونه‌م له‌ یه‌په‌شه‌ و یه‌په‌ گه‌ و په‌كه‌كه‌ چاوه‌روان نه‌ده‌كرد، كه‌ ستراتیج بكه‌نه‌ قوربانی ته‌كتیكی رۆژانه‌ و به‌ هه‌مان عه‌قڵیه‌تی هیزه‌كانی باشوور ره‌فتار بكه‌ن و هه‌ڵوێست بنوێنن.
به‌ڵی ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان سڵ له‌ هیچ ناكاته‌وه‌ و له‌ دژی هێزه‌ نێوخۆییه‌ كوردستانیه‌كان، هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ شه‌یتانیشدا ده‌كات و به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ ته‌نها له‌سه‌ر دژایه‌تی ئه‌وانی تر و له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكدا، هه‌موو كرده‌وه و ره‌فتارێك ده‌نوێنێت. له‌ كیبركێی هه‌ردوو لایه‌ن پارتی و یه‌كێتی هیچیان له‌ پێناو نه‌مانی ئه‌ویتر درێغیان نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی رێژه‌ییش بێت و لا یه‌نه‌ێكیان زۆرتر رۆچوبێته‌ زه‌لكاوی ملكه‌چبون بۆ هێزی ده‌ره‌كی و ئه‌ویتر كه‌متر. به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئه‌مرۆ له‌ لایه‌نه‌كانی كوردستانی باكوور و رۆژئاوا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ به‌هه‌مان بۆچون و عه‌قڵیه‌ته‌وه‌ كار و سیاسه‌تی خۆیان راییبكه‌ن و هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ دوژمنی ستراتیجی میله‌ته‌كه‌مان له‌ پێناو ته‌كتیكێكی رۆژانه‌دا ببه‌ستن و له‌سه‌ر حسابی گه‌له‌كه‌مان بكه‌وێته‌وه‌. ئه‌گینا ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی به‌ر گه‌لی كورد بكه‌وێت له‌ ده‌ستی دوژمنان كه‌متر نابێت و با ئه‌زمونی ره‌فتاری سوپای پاسداران بێننه‌وه‌ یادی خۆیان كه‌ چۆن پاش شۆرشی ئێران ده‌نگی گه‌لی كوردستانی رۆژهه‌ڵاتیان كپ كرد و به‌ ئاگر و ئاسن دایانپڵۆساندن و له‌و كاره‌شدا پارتی دیموكراتی كوردستان هیچ قسورێكی نه‌كرد و، دواییش جگه‌ له‌ تۆماركردنی مێژوویه‌كی پۆخڵ هیچی بۆ نه‌مایه‌وه‌.
ئه‌گینا هێزێك كه‌ به‌ هه‌مان ریتم و جه‌وهه‌ری پاسداران و له‌سه‌ر بنه‌مای تایفی دروستكرابیت و هه‌ڵوێستی له‌مه‌ر پرسی كورد و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان به‌ روونی ده‌رخستبێت، چۆن ترست لێی نیه‌.
بۆیه‌، هیوادرام هێزه‌كانی شه‌نگال به‌ هۆشیاریه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ل واقعه‌كه‌دا بكه‌ن و هه‌ڵوێستی وا نه‌نوێنن دواجار هه‌ر خۆیان په‌نجه‌ی خۆیان بگه‌زن و ئه‌زمونی هێزه‌كانی كوردستانی باشوور دووباره‌ بكه‌نه‌وه‌. ئه‌وانن به‌ بێگه‌ردی ماونه‌ته‌وه‌ و تائێستا له‌وباره‌وه‌ په‌رێزیان پاكه‌. با ململانێ نێوخۆییه‌كه‌ نه‌بێته‌ هۆكاری هه‌ڵه‌ی ستراتیجی و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت خۆیان له‌م دوو به‌ڵایه‌ ( پارتی و حه‌شدی شه‌عبی) رزگار كه‌ن، بێ ئه‌وه‌ی په‌ڵه‌یه‌ك بخه‌نه‌ نێوچه‌وانی مێژووی خه‌باتی خۆیانه‌وه‌. ده‌كرێت به‌ لێكتێگه‌یشتن نه‌ك سازش له‌م دۆخه‌ ده‌ربچن و بواری ئه‌وه‌ نه‌ده‌ن حه‌شدی شه‌عبی شوێنی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌ پته‌و بكات و بۆ دواجار زیان به‌ئه‌وانیش بگه‌یه‌نێت، ئه‌م قسه‌یه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ به‌رپرسیارێتیه‌ گه‌وره‌كه‌ له‌سه‌ر پارتی نیه‌، كه‌ پێویسته‌ له‌وه‌ زیاتر فشار بۆ شه‌نگاڵ نه‌كات و هێزه‌كانی ئه‌وێنده‌ر ناچار نه‌كات به‌ هه‌مان شێوه‌ی ره‌فتاره‌كانی خۆی په‌نا بۆ دوژمنان به‌رن و، با هه‌ر هیچ نه‌بێت هێزی خودی له‌وێدا بمێنیت باشتره‌ بۆ دوارۆژ و چۆنێتی لێكتێگه‌یشتن له‌ رۆژگاری ئاساییدا. ئه‌گینا هاوكاری ئه‌وانه ‌واته‌ لایه‌نی ده‌وڵه‌تی توركی بێت یان عێراقی له‌ كاتێكی دیاریكراودا جگه‌ له‌ په‌تێك و له‌دواجاردا له‌ملی هێزی هاوكاریكه‌ری بئاڵێت هیچ شتێكی تری لێ سه‌وز نابێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ هێزی ده‌وڵه‌تین؛ سیاسه‌ت و ستراتیژ و پلان و پیلان و فه‌رمانی ده‌وڵه‌ت جێبه‌جێ ده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه‌ چه‌ندین ده‌وڵه‌ت پشتگیریان بكات و له‌پێناو ئامانجێكی گه‌وره‌ هه‌زار پیلانیان بۆ دارێژێت. ئه‌مانه‌ ئۆپۆزسیۆن نین كه‌ قوڵایی سیاسی و عه‌سكه‌ریان به‌هه‌مان شێوه‌ و به‌قه‌د هێزه‌ كوردیه‌كانی خۆمان بێت و، سیاسه‌ت و یاری له‌و نێوه‌نده‌دا ئاڵۆزتره‌و له‌‌دواجاردا هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی جیاواز له‌ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی پرسه‌ هه‌ستیاره‌كان رۆڵی گه‌وره‌ی خۆی ده‌بینێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت