نەبەز گۆران: پیاوی مەزن، بەسەر ڕێگاكەتدا دەڕۆین.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تۆ بۆ ئێمە و هەژارانی ماف خوراو… هەم باوك بوویت، هەم مامۆستا، هەم سەركردە.

باوك بوویت، چونكە كاتێك هەموو لایەك پەلاماریی دەداین، كاتێك هەموو لایەك مافی دەخواردین، كاتێك هەموو لایەك ئازاریاندەداین. تۆ دەتگووت: وەرنە ژێر باڵەكانم، من پشتوو پەناتانم. ئەوەی تۆ دەتكرد بۆ ئەم نەوە بەشخوراوە، باوكەكانیش نەیاندەتوانی بۆ نەوەكانیان بكەن.
مامۆستابوویت، فێرتدەكردین چی راستە و چی هەڵەیە. كاتێك هەڵەیەكماندەكرد، لەبری توڕەبوون ڕێگا راستەكەت پیشاندەداین. ئارامی و خۆڕاگریت فێركردین، بڕوابەخۆبوونت فێركردین. ئەو ساتانەی زۆر نائومێد دەبووین، تۆ بەزەردەخەنەیەك و دوو قسەی سەنگین و گێڕانەوەی بەسەرهاتێك، پڕت دەكردینەوە لە ئومێد.
سەركردەبوویت، سەركردەمان بوویت. پشتت لە نیوسەدە مێژووی خۆتكرد و، هاتیت لە پێناو هەژاران و خەڵكی مافخوراودا مێژووێكی ترت دروستكرد. مێژووێك تەنها سەركردەیەكی وەك تۆ دەتوانێت دروستكی بكات و فریویی ئەو دەسەڵات و سەروەت و سامانە نەخوات. تۆ لە هیچ كام لەوانە نەدەچوویت لە شۆڕشدا لەگەڵت بوون، تۆ تاقانەبوویت.
پێتدەوتین: دەبێت دەستەكانتان پاكبێت و مافی خەڵك نەخۆن. چەند سەربەرزیت، دوای خۆت هەزاران دەست پاكت جێهێشت. پێتدەوتین دەبێت ئیرادەتان هەبێت، چونكە ئەم جەنگەڵە بە باخەوانی پاكی پر لە ئیرادە پاكدەكرێتەوە. چەند بە شكۆیت، دوای خۆت بڕوایەكت دروستكرد، نەوەیەكت دروستكرد، ئەم نەوەیە بە بڕواكانتەوە قافڵە دەبەستن و بەسەر ڕێگاكەتدا دەڕۆن.

گەورەم
بڕوامان بە بڕواكانتە. چۆن فێرتكردین بە ڕێگا راستەكەدا بڕۆین، بەهەمان شێوە بە بڕواوە بەسەر ئەو ڕێگایەدا دەڕۆین. تۆ زۆر كەم قسەتدەكرد، بەڵام بە كردەوە زۆر شتت فێری ئێمە دەكرد. تۆ رێك لە ژیان ئەچوویت، وێنە راستەقینەكەت پیشاندەداین. تۆ دەتگووت: دەبێت وەك ئەوانە نەبن ئەم وڵاتەیان كردووە بە میراسی خۆیان و، میلەتێكیان خستووەتە ژێر ئازارەوە. چیت وت وادەكەین، دڵنیابە گەر جاران لەبەر تۆ هەندێك شتمان نەوتوبێت، هەندێك شتمان نەكردبێت، ئیتر ئەوەش نەما، ئەوەی بڕوامان پێیەتی دەیكەین، ئەوەی بڕوامان پێیەتی دەیڵێین.

پیاوی گەورە
لە دوای دوو پیاوە گەورەكە (قازی و ئاپۆ) بە شانازییەوە بە تۆدەڵێم: گەورەم.
هەنگاو بە هەنگاوت سەر لەنوێ‌ تازە ئەكەینەوە. بێخەم و ئاسودەبە، ئەو روناكییەی داتگیرساندوە بەو پیسخۆرانە ناكوژێتەوە. دەتویست، سیستەمەكەی ئەم وڵاتە ببێتە سیستەمێك خزمەت بە هاوڵاتییەكانی بكات. ئیشی ئێمە چییە ئەگەر ژیانی خۆمان دانەنێین بۆ دروستكردنی وڵاتێك كە لە خەونەكانی تۆدا هەبوو. ئیشی ئێمە چییە ئەگەر بڕواكانت دانەگیرسێنین و لە پێناو ئەو میلەتە بەدبەختەدا تێنەكۆشین. لەوانەیە هەندێك لەو پیسخۆرانە ئێستا شادبن، وابزانن تۆ رۆیشتی و ئیتر ئەوان دوای تۆ دەتوانن هەرچی بیانەوێت بیكەن، بێئاگا لەوەی ئەوە حورمەتی تۆماندەگرت نەماندەویست دەست بۆ ڕەگوریشەیان ببیەن. ئەوە لەبەر سێبەرەكەی تۆ هیچمان نەدەكرد، ئێستا ئەو سێبەرە نەماوە و، ئەو شادییەی ئەوان خەوی پێوە دەبینن، شادی نابێت بۆیان.
تۆ دەتگووت: سادەبن بۆ ئەوەی درزێك نەكەوێتە نێوان ئێوە و ماف خوراوەكان. سادەین وەك هاوڵاتییەكی بێ‌ غەل و غەشی ئەم نیشتیمانە. نە درزێك لە نێوان ئێمەو ماف خوراوەكاندایە، نە درزێك لە نێوان ئێمە و پاكی دایە. ئەوەندە پاكین بەس بە دەركەوتنمان، ئەو پیسخۆرانە شەرمەزار دەبن. ئەوەندە پاكین دەتوانین لە هەموو شوێنێك دەنگ بەرزبكەینەوە و بڵێین: سەركردەكەمان پاكبوو، نابێت ئێمەش وەك ئەو نەبین.
تۆ چەند هەنگاوێك لە ماڵەكەی خۆت دوركەوتیتەوە، بەڵام بڕواكانت لەناو بڕواكانی ئێمەدایە. وەكجاری جاران، لەهەرشوێنێك تارمایی ستەمكارێك دەركەوت، ئێمە لەوێ‌ دەبین بۆ ئەوەی دژیبین. لەهەر جێگایەك ئازادی سەركوتكرا، گوێت لە دەنگی ئێمە دەبێت پربەدەم هاواردەكەین: ئازادی بڕوامانە. هەتا بە بڕواكانی تۆ ئەم پیسخۆرانە و لەشكرەكەیان فێرنەكەین هاوڵاتییەكی پاك و بێگەردی ئەم وڵاتەبن، لە ڕێگاكەت لانادەین. لە هەرشوێنێك ڕێگا راستەكەی تۆ دەركەوێت، دڵنیابە ئێمە لەسەر ئەو ڕێگایەین.

خاوەن بڕوا
دوای خۆت یەك میراسی گەورە لە كتێب جێماوە. دوای خۆت نەوەیەك بەشوێنتەوەیە، هەزارانیان لەو نەوەیە دەیانەوێت وەك تۆ بە دەست پاكی، بە پشتوپەنای ماف خوراو هەژاران، بە بروا بە ئازادیی، بە برواو سەربەرزییەوە بژین. تۆ جگە لەوەی میراسێكی گەورەی وشەت بۆ ئێمە جێهێشت، جگەلەوەی هوشیار و ئەهلی كتێب بوویت، ژیانیشت لە هی ئەوانە نەدەچوو رۆژگارێك پێش ئێستا پێكەوبوون و لەبەر پیسخۆری رووبەروویان بوویتەوە. تۆ ئێستا زۆر ئاسودەی، چونكە دوای خۆت هەزاران سێبەری خۆت بەناو وڵاتدا بڵاوكردەوە، سێبەر لەسەر بنەمای پاك بوون، راستگۆیی، بەرگری لە شكۆی خەڵك. ئێمە هیچمان پێنەكرێت دەتوانین وابكەین، نەهێڵین ئەو پیسخۆرانە هەروا بە ئاسانی ئەم وڵاتە بكەن بە كێك و دابەشیكەن بەسەر خۆیاندا. هیچمان پێنەكرێت لەمەولا سەر لەنوێ‌، دەتوانین جارێكی تر وێنە راستەقینەكەی خۆیان بخەینەوە بەردەمیان. هیچمان پێنەكرێت دەتوانین تاڵییەك بخەینە ناو ئەو ژیانەیانەوە، كە هی خۆیان نییە و هی خەڵكە بردویانە.

خاوەن بڕوا
ئەو ئومێدەی چاندوتە بەكەس كاڵنابێتەوە. ئەو ڕێگایەی دروستكردوە بە هیچ كەس كوێر نابێتەوە، لە ئێستاوە بەشوێن هەنگاوەكانتدا دەڕۆین. چی پێویستبێت بۆ ئەم خەڵكە ماف خوراوە دەیكەین. ئەو شوێنەمان لێدیارە كە دەستمان پێكردوە، بەڵام هەرگیز ئەو شوێنەمان لێ دیار نییە كە كۆتاییەكەیەتی. خۆتدەزانی رووبەروو بوونەوە لە پێناو ئازادی و مافی خەڵك، رێگایەكە كۆتایی نییە. چۆن بە پاكییەوە هاتووین تا كۆتایی ژیانیشمان بەهەمان شێوە دەڕۆین. یەك سات سەربەرزی ژیان، یەك سات بەرگریكردن لە مافی خەڵك، ناگۆڕینەوە بە سەدەیەك ژیان. تۆ ئەمانەت فێركردین و ئێمەش بەو رێگایەدا دەڕۆین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت