ئیبراهیم عەباس: لە پەنای کۆدەنگەوە. کورتە باسێک لەسەر باڵباڵێنەکەی پارتی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پەیجی کۆدەنگی کاک نێچیرڤان بارزانی، پۆستێکی کردووە، کە گوایە نهێنییەکی گەورەی ئاشکرا کردووە، چونکە منی وەکو ئەدمینی پەیجی باڵی چاکسازی پارتی ناساندووە! لە راستیدا تا ئاستێکی زۆر بەلامەوە ئاساییە پەیجی کۆدەنگ کە کاک نێچیرڤان بەرێوەبردنەکەی بە رەوان بارزانی برای و سەرباز هەورامی سپاردووە، هێندە بێ ئاگابن و ئەدمینی پەیجێکی پارتی نەناسن و وێنەی من بەچاوداپۆشراوی هاوشێوەی دزە دەستگیرکراوەکانی بەردەستی پۆلیس نیشان بدەن. چونکە باڵباڵێنی کاک نێچیرڤان و کاک مەسرور بارزانی لە ئاستی کادری ناوەند گەیشتۆتە دۆخێکی مەترسیدارو دەیان و سەدان کەس بەناهەق کراوەتە قوربانی، کە لەراستیدا باڵباڵێنکە ئەگەرچی هەیە، بەڵام لەناو بنەماڵەدا جۆرە یارییەکە، بۆ ئەوەی بەم ناوەوە کادرانی پارتی پێبهاڕن.
نایشارمەوە منیش گومان لە پەیجی باڵی چاکسازی پارتی هەیەو بە دروستکراوی دەستی پاراستن و مەسرور بارزانی دەزانم و هیوادارم ئەو برایانەی لەگەڵ من وێنەکەیان دانراوە، ئەگەر ئەوان نین روونکردنەوەی خۆیان بدەن، بەڵام ئەوەندەی پەیوەست بێت بە ئەدمین بوونم، نەک هەر رەتیدەکەمەوە، بەڵکو بەشەرمێکی گەورەی دەزانم کاک نێچرڤان و کاک مەسرور هێندە ئاستی خۆیان بهێنە خوار بەکادری ناوەندی پارتی بەتایبەت بە کوڕە هەژارەکان ئەو یاریانە بکەن و خۆشیان لەسەرەوە بەخەڵک پێبکەنن و ناوی منیشی پێبزڕێنن.
ئەوەی بۆمن جێگای سەرنجە، پەیجی کۆدەنگی کاک نێچیرڤان بارزانی، هەروەک چۆن چاوەکانی منی داپۆشیووە، بە فۆتۆشۆپ وشەی “باڵی” داپۆشیووە، وەکو بڵێت بەلایانەوە شەرم بێت باسی باڵباڵێنەکەی ناو بنەماڵەی بارزانی بکەن؟! ئاخر بەرێزان بۆچی شەرمتان لە باڵباڵێن دێت؟ با لەبنەرەتدا ئەو باڵباڵێنە داتاشرابێت و مەبەست کوشتن و لەناوبردن و نانبڕاوکردن و سوکایەتی بە کادرەکانی حزبەکەتان بێت، بەڵام لە واقعدا ئەو باڵباڵێنە رۆژێک سەری پارتی دەخوات و خۆتان یەکتری پێ لەناو دەبەن.
زستانی 2011 دوای کۆنگرەی 13ی پارتی کاتێک جەنابی کاک مەسعود بارزانی گڵۆپی سەوزی بۆ کاک مەسروری کوڕی و کاک سیداد بارزانی برای پێکرد، باڵی نێچیریان پەڕوبۆ کرد و نەیانهێشت چەندان کەسی وەکو سەرباز هەورامی و دکتۆر نوری عوسمان و… هتد، خۆیان بۆ سەرکردایەتی کاندید بکەن و لە کۆنگرە دەریان کردن، پاش کۆنگرەش رێگایان نەدا یوسف بارزانی برای کاک نێچیرڤان خۆی بۆ مەکتەبی سیاسی هەڵببژێرێت، کە بووە هۆی تورەبوونی نێچیرڤان، بەڵام نەک توڕە بوونەکە هیچ ئەنجامی نەبوو، بگرە بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی یەک ساڵی کاک نێچیرڤان بۆ ئەمریکا و وڵاتانی تر و ناوی یوسفیش لەناو پارتی سڕایەوە و هاوشێوەی کۆنگرەکە بەدەست ماچکردنی مامی گەڕایەوە کوردستان و هەر بەدەست ماچ کردنیش دوو ساڵەکەی کابینەکەی د. بەرهەم ساڵحی وەرگرتەوە. باوەڕبکەن ئێستاش ئەگەر نێچیرڤان بارزانی دەستی مامی ماچ نەکات نەک لەناو پارتی بگرە لە کوردستانیش جێگای نابێتەوە!.
پێدەچێت لەسەروبەندی هەڵبژاردن و ئەگەڕی گۆڕانکاری لە پۆستەکانی کوردستان، ململانێ ناو بنەماڵە بە توندی سەری هەڵدابێتەوە، چونکە بێگومان مەسرور بارزانی بووەتە کابوسێکی گەورە بۆ نێچیرڤان بارزانی و رەنگە ئەو پەیجەی مەسرور بارزانی کە ناوی باڵی چاکسازی پارتییە لە ئێستەوە ئەنجامی رووداوەکانی کۆنگرەی 13 و کاردانەوەکانی بەنێچیرڤان بارزانی نیشان بدەنەوەو چیتر نێچیرڤان بە دەست ماچ کردن و واستەی جاروباری نەبیەلە خانی هاوسەری پۆست وەر نەگرێتەوە.
ئەوەی سەیرە لە روونکردنەوەکەی پەیجی کۆدەنگی نێچیرڤان بارزانی باس لەوە کراوە گوایە پەیجی باڵی چاکسازی بە پارەی دوژمنانی پارتی بەرێوە دەبرێت و گوایە ئەوان پارتی وەکو بیلبیلەی چاویان دەپارێزن! ئەم قسەیە مایەی پێکەنینە چونکە ئەوە پارتییە لە وەهمی داتاشینی دوژمن دایە، کە لەراستیدا دوژمنەکان لەناو خودی پارتین و دژبەیەک کار دەکەن، دڵنیام ئەگەر چاوی بەرێز بارزانی ئاوابێت ململانێکانیان دەگاتە بەکارهێنانی هێز، چونکە ئەو حزبە لە هەموو ململانێک دۆڕاوە، ئەگەر بەهێز و بەتایبەت بەهێزی داگیرکارانی کوردستان نەیان کردبێت. بۆ مەسەلەی پارەی دوژمنان! دەبێت پێکەینەکەمان بکەین بە قاقای پێکەنین. ئاخر ئێوە کە لەسەر پاوانخوازی عەقڵی خێڵگەریتان خەریکی ململانێ و یەکتر شکاندنن، ئەوە چ دوژمنێکتانە هێندە عەبقەرییە پارەی خۆی بەهەدەردەدات؟!
تێبینی: بۆ ئەوەی هیچ سایتێکی ئازیز تووشی ئیحراجی نەکەم ئەم وتارەم بۆ هیچیان نەنارد، بەڵام هەر سایت و پەیجێک گەر وتارەکەمی بڵاوکردەوە سوپاسی دەکەم، هەروەک سوپاسی هاوڕێانم لە فەیسبووک دەکەم بە شێرکردن و لایک و کۆمێنت لەگەڵم بەشداربن، چونکە ئاساییە دوای ئەم وتارە هاوشێوەی وتارەکەی پێشووم کاک نێچیرڤان بارزانی شکاتم لای مامی خۆی لێ بکات و هێزە تایبەتی و ئاسایشەکان بکەوە بەکژماندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت