کاوسێن بابەکر: کاک نەوشێروان مەرگێکی جوان مرد مەیشەمزێنن!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد، پڕە لەپەڵەی ڕەش و پەڵەی گەش، پڕە لەسەرکەوتن و شکان. دیارە مێژووی سەرکردەکانیش بەشێکە لەم مێژووە. ئەوانیش هەڵوێستی جوامێرانەو شەرم ئاوەریشیان هەبووە. دەستیان چووەتە خوێنی براکان و لەزۆر حالەتیشدا سیاسەت و هەڵوێستی شێوێنراویان لێ بەجێماوە. بەڵام لەیەکێک لەقۆناغەکاندا خۆیان و بزووتنەوەکانیان کڕیوەتەوە.
سمکۆ دوای چەندان شەڕو کاری جوامیرانەو هەڵەنگوتن بەمەرگی خۆی، هەڵەنگوتنەکانی ڕاستکردەوە. شێخی نەمر بەمەرگێکی دوورەدەست دوای ئەوەی زانی هەلومەرجەکە لایەنگیری نیییە، پێشگیری لە شەڕێک کرد کەبەمەرگی ڕۆڵەکانی گەلەکەی تەواودەبوو، بۆیە لەگوندێکی دوورەدەست سەری نایەوە.
پێشەوا مەرگی لەباوەشی گەلەکەیدا پێ باشتر بوو لەبەرەنگاریەکی دۆڕاو.
مامی گەورە،م ەڵۆی سەروەریاکانی هەرگیز بەجێنەهێشت، هەموو ڕێگایەکی گرتەبەر بۆ سەرخستنی دۆزەکەو پاراستنی دەستکەوتەکان.
ئەم وێنانە پێشانمان دەدەن کە سەرکردەکان لەکۆتاییدا ڕێگە ڕاستەکەیان هەڵبژاردووە و، مەرگیان لەلوتکەدا پێ باشتر بووە لەژیانی ڕێسوایی و نزمایی. بەداخەوە لە شۆڕشی ئەم دواییەدا کە حکومەت و پەرلەمانی خۆمان دامەزراند، ئەو سەرکردانە زۆر کەمن کە سەروەریەکانیان پاراستووەو لەمەرگیاندا بەرەو بەرزایی دەچن.
کاک نەوشیروان یەکێک بوو لەوانە و، بەدوای ڕێبازی پێشەوادا ڕۆیشت، مەرگێکی جوانی هەڵبژارد، مەرگێک لەباوەشی پڕ سۆزی گەلەکەیدا بەتایبەت هەژاران و نەدارانی کوردستان. ئەو دوای بەشداریەکی کاریگەرانە لەشۆڕشی نوێدا، شۆڕشێک بەناچاریی دوای دەیان داستانی سەروەری، دەیان هەڵەوپەڵەشی بەجێهێشت. ئەو دێت و داوای دادو سیستەم و ژیانی ئازادو خۆشگوزەران بۆ گەلەکەی دەکات. دێت و سەروەت و سامان و دەستەڵات فڕێ دەداو لایەنگیری چەوساوان و هەژاران دەگرێ و ئەوانیش لەهەموو نوچدانێک و پەڵەیەکی دەبوورن و مەرگێکی جوان و شایانی پێشکەشدەکەن. بەڵام کەسانێک خەریکن لەڕوانگەی پەرۆشیانەوە بێ یان نەزانی، ئەو مەرگە جوانە دەگەچڵێنن و دەیشەمزێنن! لەلایەک گۆڕەکەی دەکەنە مەرقەدی پیرۆزوومریدو دەروێشی بۆ کۆدەکەنەوەو شەوانی ڕەمەزان دێن و لەسەریی کۆدەبنەوە و قورئانی لەسەردەخوێنن! لەلایەکی تر بەهاهوکێشان، میوانان لەسەر پرسەکەی راودەنێن! واش کەسانێک هەن لەجیاتی لێبوردن و ڕاستکردنەوەی دێن و پاساوی بۆ دێننەوە، تکایە لێی گەڕێن با ئەو مەرگە جوانە ببێتە نمونەیەک بۆ هەموو ئەو سەرکردانەی لەکاک نەوشێروان کەمتریان نەکردووە، بەڵام ئازایەتی ئەویان نەبوو واز لەخۆشیەکانیان و ژیانی فیرعەونانەیان بێنن و بگەڕێنەوە ڕیزی هەژارانی گەلەکەیان، واز لەو ڕێچکانە بێنن کە بەرەو ڕیسواییان دەبا، بگەڕێنەوە سەروەریەکانیان، تا درەنگ نەبووە! ئەوەی لەگەڵ ژیانی هەژاران و بەشمەینەتانی گەلەکەیدا نەبێ چیدی سەروەریەکانی ڕابردوو دادی ناداو، بەخەونیش مەرگێکی ئاوا جوانی دەست ناکەوێ کە دەست کاک نەوشێروان کەوت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت