نەبەز گۆران: ئێمە پاڵەوانەكانی فیلمی گەشتی ئیرشادین؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێناچێت لەناو سیستەمێكی بیماری وەك ئەم سیستەمەدا، نەك فەرمانبەرانی ناو سیستەمەكە، بەڵكو هاونیشتیمانیانی دەرەوەی سیستەمەكەش ئایندەیان لێوە دیاربێت. ئەم سیستەمە ئایدۆلۆژییەی هەیە، ڕوانینی بۆ فەرمانرەوایەتیكردن، روانینێكە نە بەكەڵكی ئەم سەردەمە دێت، نەتوانای ئەوەی هەیە قورسایی خۆ بەرێوەبردن بخاتە ئەستۆی خۆی.
ماوەیەك بەر لە ئێستا، یەكێك لەوەزیرەكانی ئەم حوكومەتە تێكشاوەم بینی، لێم پرسی: خەریكی چین؟ لە وەڵامدا وتی: (بەرێكردنی چوار ساڵی خراپ!) كاتێك ئەمە تێگەیشتنی وەزیرێك بێت لەسەر حوكومەتەكەی، زۆر ئاساییە هاوڵاتییەكی سادەی ژێر ئەو چەترە، هیچ متمانەیەكی نەمێنێت بە تەواوی سیستەمەكە. لەم رستەیەوە راستەوخۆ بیرم چوویە سەر فیلمی: “گەشتی ئیرشاد 1″ لەو فیلمەدا، پاڵەوانەكان هیچ پانتاییەكیان بۆنەماوەتەوە تێیدا سەربەرزانە بژین. بۆیە یەكێك لە پاڵەوانەكان پێشنیازی ئەوەدەكات، حوكومەتانە ئیش بكەن! واتە: ” دەستبكەن بە روتكردنەوەی خەڵك” دوای ئەوەی پاڵەوانەكان بەرگی حوكومی لەبەردەكەن، ئیدی لەناو پارك و شوێنە گشتییەكاندا، بە بیانوی جۆراو جۆرەوە، دەست دەكەن بە روتكردنەوەی خەڵك.
ئەركی فیلمەكە ئەوەیە، كۆمەڵێك رەهەند بۆ ئێمە روون بكاتەوە.
یەكەم: دەیەوێت پێمان بڵێت: ئەركی ئێستای ئەم جۆرە حوكومەتانەی لەناوەوە تێكشاون و خەریكی (پیسخۆری_گەندەڵین)، روتكردنەوەی خەڵكە و، لەرێگەی روتكردنەوە و ترساندنی كۆمەڵگەوە، برەو بەمانەوەی خۆیان دەدەن.
دووهەم: بێ‌ متمانەیی هاوڵاتییان بە حوكومەتەكەیان، وایان لێدەكات دەست بۆ هەموو لارێگایەك ببەن، بەو مەرجەی بەشێك لەو ژیانە دزراوەیان بۆ بگەرێتەوە، كە هی خۆیانە و لێیان براوە.
سێهەم: كاتێك سیستەمی ئایدۆلۆژی دێت هیچ رووبەرێك بۆ ژیانێكی سەربەرزانە و پشت بەستوو بەخۆت ناهێڵێت، ئیتر ئەوانەی لەژێر ئەو گوشارە زۆرەدا دەژین، لە هەوڵی ئەوەدان رووبەرێك بۆ خۆیان بدۆزنەوە، تاكو لەو رووبەرەدا بەشە ژیانی خۆیان بەدەست بهێنن. (زۆربەی ئەو هەوڵانەش لەو رووبەرەدا هەوڵی بەدن.)
ئەم سێ‌ نیگایە لە فیلمەكەدا ناچارماندەكات بگەرێینەوە بۆ ئێستای ئەم سیستەمە ئایدۆلۆژییەی بەناوی حوكومەتەوە لەم مەملەكەتەی ئێمە باڵادەستە. ئەم سیستەمە هەمان ئەو سیستەمەیە لەبری دروستكردنی رووبەرێكی فراوان بۆ خۆژیان، سەرقاڵی تەسككردنەوەی رووبەرەكان و بارگاویكردنیانە بە ئایدۆلۆژیا. هەمان ئەم تەسككردنەوەیە دەبێتە تایپێك بەشێك لە هاوڵاتییەكانی ژێر دەسەڵاتی سیستەمەكە، هەوڵی ئەوەدەدەن بە هەرجۆرێك بێت لە بەشە براوەكەی خۆیان بگەرێنەوە. كاتێكیش هەوڵەكان بەو ئاراستەیەدا دەرۆین، بێگومان تەواوی بنەما كلتووری، فەرهەنگی، ئاكارییەكان بەرەو تێكشكاندەچن،چونكە ئەو هەوڵانە هەوڵی تەندروست نین و دووبارەكردنەوەی كردەی حوكومییە. ئەوەشی دەبێتە هۆی تێكشكانی ئەم بنەما گرنگانەی كۆمەڵگە، سیستەمە بیمارەكەیە.
دیوێكی دیكەی فەزاكە واوێنا دەكرێت، كە بەراستی حوكومەت لە ئێستادا ئەركی بووەتە روتكردنەوەی هاوڵاتییان و سامانە گشتییەكانی نیشتیمان. هەموو ئەو رێگایانەی دەستدەكەن بەگیرفانی هاوڵاتییدا، دەستدەكەن بە خەزێنەكانی نیشتیماندا حوكومەت و سیستەمە نەخۆشەكە دەیگرێتە بەر، كەچی لەبەرامبەر ئەوەدا كەمترین بەش دیارە و، كەمترین بەش بەر هاوڵاتییەكان دەكەوێت. (لە هەمووی بێمانات هێشتا مەخلوقی وا هەیە، ستایشی ئەم سیستەمە بیمارە دەكات!)
پێناچێت كارێكی باشبێت باسی ئایندەبكەین، چونكە ئەوەی بەتەواوەتی ناروونە رابردوو ئێستایە، چ جای ئایندە! ئەگەر وردە وردە كاری لادەرانە زۆر ببن، ئەگەر سەرلەنوێ‌ هێزی خێڵ دروستببێتەوە و شوێنی دامەزراوە یاساییەكان بگرێتەوە، ئەگەر گروپ گەری و، هێز و لاواز بەتەواوەتی دەربكەوێتەوە. ئەگەر هەست نەكردن بە سیستەمی دروست و بە حوكومەت بگاتە ئەو پەری، ئەمانە هەموو چاوەروانكراون. چونكە بوونی حوكومەتەكە بوونێكی شاشەییە. بوونێكە لە وتار و لە دەنگە دەنگدا دەرك دەكرێت. بوونێكی فشەكەرانەیە.(برواناكەم لە جیهانی ئێستادا حكومەتێك هەبێت، بە ئەندازەی ئەم حكومەتەی ئێستای ئێمە فشەكەر بێت.)
كە ئەمە سیستەمەكە بێت. ئەمە كردەكان و جوڵەكانی بێت. زۆر ئاساییە هەریەك لە ئێمە ببێتە یەكێك لە پاڵەوانەكانی ناو فیلمی (گەشتی ئیرشاد 1) چونكە بێمتمانەییەكە گەیشتووەتە شوێنێكی بنبەست. ئەم بێمتمانەیەش بێگومان هەمان ئەو پاڵەوانانە دروستدەكات لە فیلمەكەدا دەبینرێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت