وەڵامدانەوەیەکی کورت لەسەر وەڵامدانەوەکانی بەڕێزان عیماد و نەبەز گۆران، لەسەر نوسینەکەی عەدنان عوسمان.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وتاریکورد: کورتە وەڵام و زانیاریی

ئێمە هەر سێ نوسینەکەی ئەو بەڕێزانەمان خوێندۆتەوە، لەنوسینەکەی کاک عەدنان دا، بە دوای مۆدێلێک لە ئیدارەی سەردەمدا ناگەرێت، بەڵکوو بەدوای چارەسەرێکی گونجاو و یاساییدا دەگەرێت، کە سەرانی پارتی لەم هەرێمەدا لە ناعەدالەتی و پچوکردنەوەی چەمکی ئازادی و دەسەڵاتێکی شموولیدا وێڵن و، دەخوازن و لەهەوڵی ئەوەدان لە سواریی ئەو فارگۆنە داببەزن، کە مێژوویەکە بەناوی دیموکراسیەوە خەڵکی لە خشتە دەبەن و. ئیتر زەمەن، زەمەنی خەون و خەیاڵی خۆیانە و بە دڵی خۆیان کوێخایەتی و باڵادەستی دیکتاتۆریانەو خوێناویانە بەرێ بکەن.
ئەو ڕاو و بۆجوونەی کاک عەدنان بۆ زانین، مۆدێلێکی نوێ نییە، بەڵکو لەوڵاتی سویسرا لەساڵی 1291 وە ئەم مۆدێلە بوونی هەیەو، تا ئێستا سەرکەوتوترین مۆدێلی حوکمڕانییە. لە وڵاتی سویسرا، 26 کانتۆن بوونی هەیە، هەر کانتۆنێک پەڕلەمان و حکومەتی بنەکەفراوانی سەربەخۆی هەڵبژێردراویی خۆی هەیە، هەر شارۆچکە و گوندێک، شارەوانی هەڵبژێردراویی خۆی هەیە، هەموو شارەوانییەک حکومەتێکی بنکەفراونی تایبەت بەو شوێنەی سەرپەرشتی دەکات هەیە. هەر حکومەتە سەربەستی خۆی هەیە، جگە لە کۆمەڵێک پرنسیبی گشتی. خۆی بڕیار لە سەر ئیدارەی خۆی، دارایی خۆی دەدات، بۆ بەستنەوەی بە مەرکەزەوە، پارەو شوناس و کۆمەڵێک چەمکی گرنگی سەرتاسەریی، بەپێی دەستوریی وڵات دەبێت. دەنا تەنانەت دانی ڕەگەزنامە بە پەنابەر بەدەست شارەوانی گوندەکە یان شارۆچکەکەیە، بەپێی هەندێک ڕێسای گشتی.
زۆر یاسای گشتی هەیە، هەر ئیدارەیەک دەتوانێت بەپێی ناوچەکەی یان گوندەکەی بیگونجێنێت.

کاک سەعید عارف، نوسەرو ڕۆشنبیر لە وەڵامی نوسینەکەی نەبەز گۆراندا بەناونیشانی ( لێدان لەعەقڵی ناوچەیی، نموونە: هەرێم چییەکان. لە کۆمێنتێکدا لەسەر تۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبووک، ی تایبەت بە ماڵپەڕی وتاریکورد، وای نوسیووە:
ئەم کوڕە پێشینەی خۆی لەبیر چۆتەوە، خۆی نەیتوانی لەهەولێر ئەو قسانەی ئێستا بکات و هاوڕێکەی خۆی ( سەرەدشت عوسمان) ی لەوێ بەجێ هێشت، لەکاتێکا ئەو ( سەردەشت ) دەیزانی چۆن کەوکوژی بۆی دانیشتون و لەگەڵ ئەوەشدا، (سەردەشت )دەیگوت: (من ئەم شارە بەجێ ناهێڵم ).
ئێستا لەسلێمانیەوە وادەزانێت بانگدان بۆمەرکەزیەتی ئیداری، دژایەتیکردنی لامەرکەزی ئیداری (حەوشە چێتی) یە، بێ ئاگا لە وەی دیموکراتیترین ولاتێکی وەکو (سوید) بریتی یە لە سەرو دووسەدوبیست کۆمۆن ( یەکەی ئیداری و شارەوانی جیاواز)، کە تەنها ستۆکهۆڵم سەرو بیست کۆمۆنە.
هەموو ئەو کۆمۆنانە، لەگەڵ هەڵبژاردنی دەسەڵاتی وڵاتدا بە دەوری خۆیان ئەوانیش هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت و لامەرکەزی ئیدارین. ئەم برایە ئیدعای خوێندنەوە دەکات، با بچێت تەنها لە سیستمێکی وەها مەیدانی دا، هەندێک سەعی بکات. دەزانێت چەند ئەوەی ئەو ناوی دەنێت حەوشەچێتی چی یە. لامەکەزی ئیداری پیشکەوتنێک بە خستنە ڕووی دیموکراتی پیشاندانی دەنگی راستەوخۆی دەنگدەرە، نەک دەنگدانێکی لەسەر ئاستی هەرێم، کە کەسێک دەبێتە پەرلەمانتارو ئیتر پاڵی لێدەدات بەپاڵ موچەو ئوتومبێل و شوقەو خانەشینیەوە، بەڵکو هەڵبژاردنی کۆمۆنەکان زیاترو چڕتر چەسپاندنی دیموکراتیەکی زیندو گورجکراوە تر دەبێت. ئینجا لەوێوە یەکگرتنی گشتی لە دەستوری باڵاتردا دەخەمڵێت بۆ هەمو هەرێم و ناوچەکە.
نهێنی هێزی ئەمریکا لە پەنجا ویلایەتەکەی دا یە، هەروەکو نهێنی هێزی دیموکراتی سوید لە سیستمی دووسەدوبیست بەرەو ژوری کۆمۆنەکانی دایە.
باشترین و بەهێزترین مەرکەزی بون لە مێژوی عێراق دا سیستمەکەی سەدام حسەین بوو، پشتی بەهەمو ئابوری عێراق بو بەداخراویی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی تاکە حیزب و تاکە سەرکردە.

ئەم سێ نمونەی وڵاتانی ئیدارەی هەرێمی و حەوشەییە، ئەوەمان بۆ دەردەخات، لەوێ دیکتاتۆڕ و دەسەڵاتی تاكرەویی و عەسکەرتاریی بوونی نییە، لەوێ دیموکراسی و کەرامەتی تاک و ئازادی ژیان بوونی دەبێت. لە وێ پەڕلەمان بە بڕیاریی تاک یان حیزبێک دەرگاکانی داناخرێت، لەوێ ڕۆژنامەنوسێک لەسەر نوسینێک ناکوژرێت، لەوێ دزی و تاڵانی بە بەرچاویی یاساو وڵاتەوە ڕوونادات، لەوێ یاساکان لەسەر و هەموووانەوەیەو کەس لەسەروو یاساوە بوونی نییە. لەوێ شەڕو ئاشتی لەدەستی تاکدا دەردەچێت و کۆی کۆمەڵگا لێی بەرپرسیارە.

بەپێچەوانەوە، لەو هەرێمەی ئێمەی تیاین، کەرامەتی مرۆڤ خراوەتەوە ژێر پێوە، دزی و تاڵانی سەرەگەورەکان پشکی یەکەمیان هەیە. یاسا بۆتە لاسیک و بەدڵی خۆیان ڕایدەکێشن و یان  دەیپچڕێنین. کۆیلایەتی بوونی هەیەو ئەندامانی حیزبەکان شڵا کۆیلە بوونایە هیوایەک هەبوو تا سپارتاکۆزێکیان تیا هەڵکەوتایە. لەوێ ئازادیی بوونی نییە. ڕاستگۆیی و بیرکردنەوەی نیشتمانیانە شەرمەو ناشتکێت. هەموو ئەو کردەو چەمکانە، کە لە وڵاتیکی هەرێمی و حەوشەیدا بوونی هەیە، لەوێ پێچەوانەیە، واتا جوانییەکان لای ئێمە لە سەرابدایەو بۆتە خەون.

لینکی هەرسێ نوسینەکە:

1- عەدنان عوسمان

2- عیماد عەلی

3- نەبەز گۆران

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت