پشکۆ ناکام: فڕفڕۆکە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر کەس سەیرێکی خێرای کۆبونەوەی سەرۆکی بنەماڵە و دەور و پشتەکەی لە مەڕ (ڕیفراندۆم)! بکات، یەکسەر سەرەک خێڵ و موریدەکانی یان سەرەک عەشیرەت و ڕەعیەتەکەی یان لە باشترین حاڵەتا ملیاردێرێک و خەلفە و شاگرد و بەردستەکانی یەتە بەرچاو. چونکە دیارە لەو کۆبونەوەیە بە بڕیاری موسبەق دانراوە جەماعەت، کەی دەست هەڵبڕن و کەی سەر بلەقێنن دواجار بە بێدەنگی ئیمزای بکەن. هەموو سەیری ڕوخێنەری ڕیفڕاندۆم ئەکەن چ فەرمایشتێکی هەیە و جێی بڕواش نیە کەسێ لەوێ بووبێ و زۆری لە خۆی کردبێ و خوانەکردە تۆزێک لە شوێنی خۆی جوڵا بێت و پرسیارێکی کرد بێت. گەر وا نەبێت ئەی بۆ سۆسیال دیموکراتە زەردهەڵگەڕاوەکان دوو ڕۆژ دوای کۆبونەوەکە هاوار ئەکەن و ئەنووسن ” دەی ئیتر نۆرەی کارا کردنەوەی پارلەمانە.
کاکی برا تۆیەک کە بە نیو سەعات دە پانزە ماکرۆفۆن حازر ئەکەیت، بۆ ئەو “نۆرە” یەت لە کۆبونەوەکە باس نەکرد و نەتکردە هیچ نەبێت نوقتەیەکی نیزامی بۆ باسکردن لێی؟ خۆت چاک ئەزانیت حزوری ئیوە تەنها بۆ عەرز کردنتانە لە شاشەکانەوە. دەنا بنەماڵە بڕیاری خۆی یاوە و، باسکردنی کاراکردنەوەی پارلەمان وەک ئەو موستەحیلەیە کە ئێوە جارێکی تر ببنەوە بە “حیزبەکەی ‌‌أیام زمان “.
ئەوەی دەتەوێت خەڵکی پێ بخەڵەتێنی، ئەکرا لەو کۆبونەوەیە پێت لەسەر دابگرتایە و بتوتایە کاراکردنەوەی پارلەمان پێش ڕیفڕاندۆم ئەگینا ئیمزای ناکەین. بەڵام کە جورئەت “یۆخ” ئیتر یاسا و شەرع و ڕای خەڵک ئەبێتە قوربانی گرتنی ڕەسمێکی دوای کۆبونەوەکە.
تۆ بەتەمای کام خۆڵ بکەیتە چاوی خەڵکەوە؟ خۆڵی دوو هەڵوێستی جیاوازی پێش و دوای ئیمزاکردنەکانتان،! تۆیەک کە بە حیساب ئەتەوێت بە سۆسیال- دیموکراتەکانی بگەیەنیت کە خەڵکی هەرێم لەگەڵ ڕیفراندۆمە، ئەوەت لێک نەیاوەتەوە کە هەم “سۆسەکان ” و هەم ئەوانی تریش پێت بڵێن: بێ زەحمەت کێ بڕیاری لەسەر ئەم ڕیفراندۆمە یاوە؟ گەر ووتت حیزبی دەستەڵاتدار، جگە لە پێکەنین چاوەڕوانی هیچ وەڵامێکی تر مەبە. چونکە تۆ کە وەک سابون و شامپۆ ڕیکلامێکی زۆر بۆ دیموکراسیەتی دەستەڵاتی هەرێم ئەکەیت، چاک ئەزانیت کە لەو وڵاتانەی تۆ زوو زوو بە ناوی سۆسەکانی هەرێمەوە سەردانیان ئەکەیت، ئەو جۆرە پرۆژە و بڕیارانە لە پارلەمانەوە دەرئەچێت نەک کۆبونەوەی دوو حیزبی نەوت فرۆش و چەند نیوە حیزب و چارەکە لایەنێک. جا ئێوەیەک کە لەسەر بچوکترین خاڵی هاوبەش لەگەڵ سۆسیال- دیموکراتەکانی دونیا کە مەسەلەی دیموکراسی و سیستەمی پارلەمانی دەنگی خەڵک یەک نەگرنەوە، ئیتر چۆن باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و مافی چارەنوسی خەڵک بە دەنگی خەڵك ئەکەیت..!
خۆ حیزبەکانی ئینتەر- ناسیونال وەک حیزبەکەی تۆ نیە بە (شەرعیەتی شۆڕشگێڕیی)! خۆیان سەپاند بێ و رەدوکەوتنی خێڵ و تاک ڕەوی بخەنە جێی پرینسیپە سەرەکیەکانی دیموکراسی و هەڵبژاردن بە دەنگی خەڵک نەک حیزب. کەسێک خۆی بە سۆسیال- دیموکرات بزانێ و ببێتە پردی پەڕینەوەی دەستەڵاتێکی دز و خۆسەپێن و دژ بە خەڵک بەرەو بەدیهێنانی مەرامە گومان لێکراوەکانی، ئەبێ دوا کەس بێت باس لە ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بکات چونکە ئەو خودی خۆی سەربەخۆ نیە و لە فەلەکی دەستەڵات بە ڕاست و چەپا ئەخولێتەوە.
مەسەلەیەکی تری ئەو کۆبونەوەیە ئەوە یە کە ڕێک پێچەوانەی ئەوە بوو، کە باسی لێوەکرا بەوەی دیاریکردنی ڕیفراندۆم ڕووداوێکی مێژووییە، کە بڕیارەکەی بنەماڵە و چەپڵە لێدەرەکانی پشتەوەی، نە مێژوویی و نە جوگرافی و تەنانەت ڕیازیش نەبوو، چونکە بڕیاری مێژوویی کە بۆ خەڵک وبە ناوی خەڵکەوە بێت ئەبێتە مایەی دڵخۆشی و کاردانەوەی ئیجابی لە لایەن توێژە جیا جیاکانی خەڵکەوە، بەڵام بینیمان جگە لە پارتی پاشکۆی بنەماڵە و “کۆرس”ـەکانی کەسی تری دڵخۆش نەکرد، خەڵک بە بڕیارێک دڵخۆش نابێت کە ببێتە مایەی درێژەیان بەدەستەڵاتێکی حوکمڕانی کە جگە لە نەگبەتی و برسێتی و لێقەوماوی هیچ بەر و بومێکی تری بۆ نەبوە. گەر ئەو بڕیارە موسبەقەی ڕژێمەکەی هەرێم “مێژوو”یی بوایە ئەبوایە میدیاکانی دەرەوەی دەستەڵات دەیان کۆڕ و کۆبونەوەی پشتگیرییان بۆ ساز بکردایە، بەڵام ئێمە دیمان جگە لە میدیا پاشکۆکانی بنەماڵە کەسی تر هەلهەلەی لێنەیا و کەسیش سەر چۆپی نەگرت تەنها سەرچۆپیەکی زەردو لەوسەرەوە سەرچۆپیەکی سەوز، بگرە بە دەیان کەناڵ و ڕۆژنامە و سایتی میدیایی هەرێم لە مەترسییەکانی بڕیاری ئەم بەناو ڕیفراندۆمەیان ووشیار کردۆتەوە کە لە حاڵەتێکا سەر بگرێت نەهامەتی و ئەزمەکان کاریگەرتر لە جاران بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەردەوام ئەبێت. مێژوو لەگەڵ خەڵکە و دەستەڵاتی فەرمانڕەوای هەرێم دژ بە خەڵکە ئیتر چۆن ئەکرێت بڕیارێکی دژ بەخەڵک بە”مێژوو”یی وەسف بکرێت و جگە لە دوڕاوەکان کێ بەو ئاوزەی بنەماڵە هەڵئەپەڕێت.
جگەلەمانەش ئێستا میدیا حاشیەکانی بنەماڵە خەڵکی هەرێمیان کردوە بە دوو بەرەوە: بەرەی سەربەخۆیی و بەرەی ئەنتی سەربەخۆیی، جا کە وەستان لە ڕووی دیکتاتۆری و جەردەیی و بەتاڵان بردنی سەروەت و قووتی کۆمەڵانی خەڵک ئەنتی سەربەخۆیی بێت، ئەبێت هەموومان شانازی بەو ئەنتییەوە بکەین وەک شانازی کردنی ئەوان بە پاشکۆیەتی بنەماڵە و کۆیلەیەتیان.
ئەم بە ناو ڕیفراندۆمە ” فڕ فڕۆکە” یەکە بە ڕەشەبای نەهامەتییەکانی خەڵک ئەخولێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت