بنار هیدایەت: دەوڵەت دروستکردن بەپڕکردنەوەى زیندان نابێت بە رۆشنبیران.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمێژووی دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەدوای دابەشکردنی دوو زۆنگ بەسەر رەنگی زەرد و سەوزدا، لەودەمەوە ئیدی ژیانی ئەوانەى دەستیان برد بۆ شتە بڤەکان کەوتە خەتەرەوە. نمونەش زۆرە و زۆربەمان تیرۆر و ترساندن و گرتنەکان پێدەزانین.
ئەوەى سەیرە لەدوای کرانەوەى هەرێم بەرووی وڵاتاندا (هەڵبەت لەبەر زێری رەش “نەوت”) زیاتر و زیاتر ئەم خووە ناشرینە پەرەی سەند. کارگەیشتە سەر تیرۆرکردنی بەئاشکرا و دەست بردن بۆ نامووس و کەرامەت و دەستگیرکردنی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس و کەسانی نوخبە.
ئەم خوو نەریتە ناشرینەی بەعس ئاسا لەناو بزاڤی کوردی و دەسەڵات و پارتی سیاسی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمێژ ساڵە بوونی هەیە. ناکرێت رێگە نەدەیت خۆپیشاندان بکرێت. رێگە بەرەخنە و دەستبردن بۆ پرسە هەستیارەکان نەدەیت، کەواتە چی دەمێنێتەوە بۆ ئەوەى تۆش بەهەمان رەفتاری رژێمانی سەرکوتکەر هەڵسوکەت نەکەیت.
لەکوردستان نابێت بڵێیت پارەى نەوت، شیرنییەکەى، بازرگانییەکەى چی لێدێت. نابێت دەست بۆ زیندانی نهێنی ببەیت خۆشتی تێ هەڵدەوێرن و کەسیش نازانێت. کەواتە بۆ تۆ رێگە بەخۆت دەدەیت دەست بخەیتە ناو ژیانی هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە، بەپێچەوانەوە رێگە نەدەی کەسێک لەم کۆمەڵگایە دەست بۆ پرسەکانی تۆ ببات کە مافێکی رەوای خۆیەتی بزانێت.
لەهەر وڵاتێکی دیموکراسیی ئاساییە تۆ باسی مووچەى سەرۆک و بەرپرسانی باڵا بکەیت. لێ لەهەرێمی کوردستان باسکردنی بڕینی مووچەی خۆت کاری نەکردەیە و دەچیتە خانەى دوژمنانی هەرێم و دیموکراسیەت.
بەداخەوە دوێنێ مامۆستا مەسعود عەبدولخالق لەناو شاری هەولێر، لەناو پایتەختی هەرێمێک کەبانگەشەی سەربەخۆیی بوونی بۆ دەکرێت دەستگیردەکرێت. بۆ..! تەنها لەبەر ئەوەى شتێکی باسکردووە.!
ئەی کوشتنی سۆران و سەردەشت و عەبدولستار و ویداد.. ئەی ئەتکردن و دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس و رێکخەرانی خۆپیشاندان لەپای چی. بۆ دەسەڵات و دەزگا ئەمنییەکان عادەت و بۆ ئەو خەڵکە عیبرەتە.
کاتێک بەبیانووی قەیرانی دارایی خەڵک برسی کرا. سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە بایکۆتی دەوامیان کرد. بەپێچەوانەوە ترس وایکرد هەولێر رۆژێک نەتوانێت بێتە سەرشەقام و تەنها باسی قووتی خۆی بکات. بۆ خەڵکی هەولێری بەرێز پێویستیان بەمووچە نەبوو. یا ترس لەئازادی ڕادەربڕین خەڵکی نەهێنایە سەرشەقام.
یەقینم وایە. لەبەر ئەوەى پارتی دیموکراتی کوردستان پارتێکی دەسەڵاتدارە لەشاری هەولێر. رەخنەکان رووبەڕووی ئەو حزبە و دەزگا ئەمنییەکانی دەبێتەوە. بۆیە دەوڵەتی سەربەخۆ پێویستی بەئازادی ڕادەربڕین هەیە. نەک نوخبەکانی ئەم هەرێمە بخەیتە کونجی زیندان و ئازاربدرێن.
گەیشتوومەتە ئەو باوەڕەى پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتێکی موجازیفە، پارتێکە گوێ بەهیچ نادات. باشترین بەڵگەش رێگە گرتن بوو لە گەڕانەوەى سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان و چەند پەرلەمانتارێک بوو لەبازگەى پردێ. دەی ئەگەر موجازیف نەبێت دەتوانێت گەورەترین کڵۆمی قفڵێک لەدەرگای گەورەترین دەزگای شەرعی هەرێمی کوردستان بدات و کەسیش پێی نەڵێ پشتی دووچاوت برۆیە.
ئەگەر پارتی حزبێکی موجازیف نەبێت. رێگە لەخۆپیشاندانی دیموکراسی دەگرێت و کەسانی رۆشنبیر و رۆژنامەنووس بخرێتە زیندانەوە.
کۆتا وتەم ئەوەیە.. دەوڵەت دروستکردن بەپڕکردنەوەى زیندان نابێت بەکەسە رۆشنبیرەکان جەنابی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت