دکتۆر کەمال میراودەلی: فەلسەفەی من. بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەربڕین
یەکەم هەنگاویی فەلسەفە، چوونە ناو دنیای بیرو بیرکردنەوەیە، دنیای هەست و نەست و خەیاڵ، کە لە وشەو گەیاندن گەورەترن.

گۆڕان دەلێ:
هەر چەند دەکەم ئەو خەیاڵەی پێی مەستم
بۆم ناخرێتە ناو چوار چێوەی هەڵبەستم
لێکدانەوەی دەروون، وشەی زمانم
بۆچی هێندە دوورن لە یەک نازانم؟!

چەند جار دەڵێین: هەستم بەرامبەر فلان کەس یان بابەت و ڕووداو، ئەوەندە بە هێزە بە وشە دەرنابردرێ!
چەندجار بەرامبەر مردنی دۆستان، مردنی ناهەق و تاوان، زمانمان دەیبەستێ و گۆ ناکاو وشە شک نابەین ڕەشۆکیی ژانەکانمان ڕەنگ بکات.
چەندین جار لە جیاتی دەربڕینی هەستی قوولی خۆشەویستی ئارەق دەرێژین یان فرمێسک!
چەندین جار شاعیر، نووسەر، زانا، راپۆرتنووس،، جار لە دوای جار بە رەشنووسەکانی دا دەچێتەوەو، دڵنیا نییە کە ئەوەی نووسیوێتی چ نوێنەری خواستی ئەوە چ ئاوێنەی دنیای دەرەوە؟
ئایا فەیلەسوفێک هەیە لە کۆزانەکانی، زاراوەکانی، پێناسەکانی، پرینسیپەکانی دڵنیا بێت؟
لە لایەکی ترەوە، وەک کورد دەڵێ: وشە مەخلوقێکی هەژارە هەموو کەس پێی دەوێرێ. ئەوەندەش بێ کەڵکە لە هەزاری دووی بەکارە. بە تایبەتی کە دەبێتە چەکی سیاسییەکان، درۆزنەکان، چەقاوەسووەکان، راپۆرتنووسەکان، واعیزەکان.
ڕەنگە گەورەترین دەرفەتمان بۆ دابینکردنی دامێنی دیاریکراوی توندگیراوی ماناکان، بەکار‌هێنانی لۆجیک بێت.
لۆچیک ئەو لکەیە لە فەلسەفە هەوڵ دەدا عەقڵ و وشە پێک ئاشنا بکات، ئەوسا ئەمیان بخاتە ژێر ڕکێفی ئەوەوە، یان ئەویان بخاتە ناو ئەمەوە، سنوور بۆ پرسیارە بێ کۆتاییەکانی مانا بە نزیکردنەوەی مانا لە ماتماتیک و ماتماتیک لە مانا دا بنێ.
واتە زانستێک بۆ بیرکردنەوە دابنێ یان بیرکردنەوە بکا بە زانست!
بەلام ئایا تەنانەت ماتماتیکیش بەراستی هەموو دەمێ لۆجیکێکی رەتنەکراوە نەگۆڕو کت و مت و پێرفێکتە؟
ئایا ماتماتک دەتوانێ ژیان بنوێنێت تان تەنانەت گەوهەرەکەشی دەربڕێت؟
ئایا ماتماتیک دەبێتە بری مانا، هەست، خواست، جوانیخوازیی، خۆشییخوازیی، خەونبینین.
کە عەقڵ/فەلسەفە لە هیچ لەمانە بێبەریی نییە.
ئایا جارێکی دی ئەم زمانە بەستەزمانە ناکەوێتە ژێر حوکمی هێزەکانی دەرەوەی ماتماتیک و حوکمەکانی؟
دەسەلاتی سیاسییەکان و سەرمایەدارەکان، سەوداکارانی سیاسەت و دیانەت؟
ئایا ماتماتیک بە تەواوەتی لە دەرەوەی (من ) و من – ـەکان و مەبەستەکانیان و دنیاکان دایە؟
لە دەرەوی بەرژەوەندیکاریی و سوودخوازیی مرۆڤ دایە؟
لە دەرەوەی وردەکاریی و لێکدانەوەی زەینیی دایە؟
لەگەڵ هاوڕێیەکی گەنج پیادەڕێ بووین.
بینیم لە سەر دیواری بینایەیەکی گەورە بە خەتی زۆر گەورە نووسرا بوو:
1+1 = 3
لە هاورێکەم پرسی یەک و یەک چەند دەکات: وتی دوو!
وتم: نا، سێ. پێکەنی. وتم باوەڕ ناکەی، ىڕوانە بە گەورەیی لەو بەرەوە نووسراوە.
1+1 = 3
ئەوسا پرسیم بۆ نووسراوە سێ و بۆ ڕاستیش دەکەن؟
خۆی بە سەرنج دان، بیرکردنەوە، پرسیار کردن ماندوو نەکرد و وتی نازانم!
نازانم ڕەحەتی گیانم.
ئەمەیە جیاوازی ئەو کۆمەڵگایانەی پرسیار دەکەن و دەدۆزنەوە، لە سادەترین لۆجیک تا بێ سنوورترین گەشتی زانست، و ئەوانەی تەمبەڵ دەخۆن و دەخەون و دەمرن و دەپووکێنەوە.
سەرنجدان رێبازی دۆزینەوەیە.
سەرنجدان+بیرکردنەوە= بەراوردو لێکدانەوە= دۆزینەوە= زانین و پێشکەوتنی بێ کۆتایی
گەر هاوڕێکەم سەرنجی بدایە: لە کوێ و کێ وای نووسیوە؟ بۆ؟ و کەمێ بیری بەکارهێنابایە وەلامەکەی دەدۆزیەوە کە بۆ 1+1 دەکاتە سێ.
ئەوە خوانگای (رێستۆرانتی) پیزا بوو. مەبەست ئەوە بوو کە دوو پیزا بکڕی یەکی زیادە بە خۆڕایی وەردەگری. کەواتە کڕینی دوو دەکاتە سێ.
ئەمە لۆجیکی فۆرمالی ماتماتیکی نییە، کە 1+1= 2 بە راستییەکی پێشینەیی ئەبستراکت و گەردوونیی دەزانێ!
بەڵام بۆ هێشتا ئەمە لۆجیکی یە؟
واتە عەقڵمان دەیبڕێ، عەقڵمان بە شتێکی مەعقولی دەزانێ؟
چونکە هەموو مانایەک، ڕووداوێک، بابەتێک، بوونێک فەزای بوونی خۆی هەیە. [فەزای بوون، ئارای بوون، بۆشایی بوون، دەوروبەری بوون، ژینگەی بوون]
ئەم فەزایە چوارچێوەی یان کۆئاخنی (کۆنتێکستی) بوونی دیاری دەکا [ژینگەی بوون و کۆئاخنی بوون].
ئەم کۆئاخنەش رەوشی بوونی دیاری دەکا، جا لۆجیکی دەبێت یان نا. [ڕەوشی بوون]
لە فەزای بوون و کۆئاخنی پیزاخانەکەدا، لەو سەر دیوارە 1+1 راستە دەکاتە سێ و قازانجی تێدا دەکەیت.
هەموو زمانێک، تەنانەت ماتماتیکیش، بۆ جۆرێک لە کۆگەیاندنە.
هەموو کۆگەیاندنێک [ کۆمیونیکەیشن ] ژێر مەرجی فەزای بوونییەتی.
نموونەیەکی تر:
بەیانییەک دوو دەقیقە درەنگتر لە کاتی هاتنی پاسەکە گەیشتمە وەستگەی پاسەکەی نزیک ماڵمان.
نەمزانی پاسەکە رۆیشتووە یان بەختم هەیە دواکەوتووەو هێشتا نەهاتووە!
ژنێکی سپی بالابەرزیش وەستابوو پێش من چاوەڕوانی دەکرد.
لێم پرسی: دەمێکە لێرەیت؟
یەکسەر وتی: چوار ساڵە.
پێکەنیم وتم: بەراستی تەحەممولت زۆرە، چوار ساڵە لێرە چاوەڕێ دەکەیت؟
ئەویش پێکەنی: وتی ببوورە، وەمزانی دەڵێیت چەند ساڵە هاتوویت بۆ بەریتانیا!
فەزای بوونی ئەم جۆرە ئاخاوتنە ڕەنگە بە زۆریی هەر لە بەریتانیا هەبێت. زۆربەی هەرەزۆری خەڵک لە شوینێکەوە هاتووە، خەڵكی ئەسلی ئینگلیز، کە هەبن، کەم دەبینی، کەوایە دەبێ هەر کەسە لە ئەسڵێکی ترەوە، هاتبێ. بۆیە. پرسیاری ئاسایی دوای سڵاو، ئەوەیە: لە کوێوە هاتووی؟
زۆر جار من دەڵێـم: لە لەندەنەوە، یان لە بەریتانیاوە، وەلامەکە قبووڵ ناکەن.
نا نا، لە ئەسڵ، بە ئەسڵ، لە کوێوە هاتوویت؟
لە کوێوە هاتوویت؟ پرسیارێکی ترە: سەرەکیی، گەوهەریی، بۆ ناساندنی من، تۆ، پێناسە، ناسنامە.
لە کوێوە هاتووین؟ لە چ سەرەتایەکەوە؟ چۆن گەیشووینە ئێرە؟
ژنەکەی وەستگەی پاس 4 دەقیقە بوو لەوێ بوو، وتی چوار ساڵ، ئەو بێ ئەوەی بیر بکاتەوە:
1- دیمەنە گەورەکە یان گەورەترەکەی وەرگرت: فەزای وێستگەیەکی پاسی لۆکال نا، فەزای بەریتانیا ئەو وڵاتە، ئەو ئێرەیەی بۆی هاتووەو هیشتا ئەوێ لای ئامادەیە.
2- خۆی وەک پرۆسە سەیر کرد: ئەو ئێرەیی نییە گەرچی لێرەیە، ئێستایی نییە گەرچی ئێستا وەڵامم دەداتەوە، لە ئەسل و پرۆسەیەکی ترەوە هاتووەو بەردەوامە.
ژنە سپییە بالابەرزەکە دەشێ دیمەنە گەورەکەی گەورەتر کردبایە پرۆسەکەی درێژتر کردبایەووەڵامی دابایەوە: 40ساڵە!!
واتە 40 ساڵە هاتۆتە ئەم دنیایەوە کە ئەم پاسێزگە و ئەم بەریتانیایە بەشێکن لێی!
چل ساڵە لێرەم. لەم دنیایە، هاتوومەتە ئەم دنیایەوە. لە باوک و دایکێکی سپی باشووری ئەفریقاوە.
ئەمە دیمەنێکی گەورەترو فەزایەکی تری بەربلاوتری بوونی پرسیارەکە دەبوو.
فەزای بوون و ڕەوشی بوون ناشێ هەر ئێستایی بن. راستیی، ئێستا نییە، ئێستا شەپۆلێکی لەرزۆکە لە نێوان هەواریی ڕابورد و کەناریی دادێ.
ئێستا شەپۆلێکی ناسکی پرۆسەکەیە، سەرەتای خۆی جێهێشتووەو ڕووی لە نادیار کردووە. کە چی هەموو شتێکیش کە ئێستایی نەبێت، ئێستایی نەکرێت، نییە. کورد دەڵێ: نان ئەو نانەیە، ئەمڕۆ لە خوانە! بەڵام ئەوە ڕاستییەکی ئێستایی و ڕووانگەیەکی کەمبین و کورتبینانەو گومڕاکەرانەیە.
خەڵک بۆ ناسین، بۆ پێناسە، بە دوای ئەسڵ، ڕیشە، بنچینە ، لە کوێوە هاتووی – دا دەگەرێن.
هەموومان لەوە دەگەڕێین.
داروین باوەڕی وابوو: ئەم زەمینە بەرەکەتدارو بەرینە، لە گۆمە ئاوێکی گەرمەوە لە سەر زەوی دەستی پێکرد، کە هەمووجۆرە ئەمۆنیاو خوێی فسفۆریی و تیشک و گەرمیی و وزەی تێدا بوو.
ئێستا زاناکان دەڵێن ئەم جۆرە ژیانە داروینییە 580 ملیۆن ساڵ تەمەنێتی!+
زاناکانی ئەرکیۆلۆجی و ئەنترۆپۆلۆجی باوەڕیان وابوو: دەرکەوتنی زیندەوەری هۆشمەند مرۆڤ دەهەرێتەوە بۆ 200،000 ساڵ لەمەوبەر.
دۆزینەوەی کەلـلەی سەرو ئێسقان و کەلوپەلی بەردیین لە سایتێک لە مەغریب ( لە سەرەتای حوزەیرانی 2017 دا) دەری خست کە مێژووی مرۆڤ بۆ زیاتر لە 300،000 ساڵ دەگەڕێتەوە.
کە چی لە دوو و سێ هەزار ساڵێک زیاتری مێژوویەکی پەرت و بلاویی چەند کۆمەڵگایەکی مرۆڤایەتی هیچ نازانین.
پرسی بوونمان، پرسی ئێستایی رەوشی بوونمان، لە پرۆسەی هەمیشە ڕابردووی بوونمان جیا ناکرتەوە.
بێ پرۆسەکە ناسناماکە جێی گومان دەبێت.
ىێ مێژوو، ناسین ناشێت.
بێ زانینی: لە کوێوە هاتووین؟ زانینەکان جێی گومان دەبن.
[موخابین. قەتیش نازانین لە کوێوە هاتووین. نە دەشزانین بۆ کوێ دەچین. لە ناو لەرزە دامێنێکی ناو قەدی پرۆسەیەکدا سەرمان دەرهێناوەو سەرەتاتکێی مەرگ دەکەین.
ئەمە تراژیدیای بوونمانە.]
كێشەیەکی سەرۆکی ئەمریکی پێشوو ئۆباما ئەوە بوو، کە فەزاو رەوشی بوونی وەک ئەمریکییەک بسەلمێنێت.
وەک ئەوانەی بەوەڵامی من کە بەریتانیم ڕازی نین و داوای ئەسل و لە کوێ لە دایک بووی، لە کوێوە هاتووی دەکەن، ترامپ لە ئۆبامای هەڵێنچابوو دەیوت: ئۆباما لە ئەمریکا لە دایک نەبووە. ئەم زاننامەیەشی نەبێت، نابێت ببێتە سەرۆک.
ئاخری ئۆباما بەڵگەنامەی لەدایکبوونی لە ئەمریکا بلاوکردەوە، بەلام گومانەکە هەر کۆتایی نەهات.
دوای سەرۆکایەتی، لەم دواییەدا، مارتی 2017، دیسان زڕەبراکەی لە کینیا ژیاننامەیەکی تری، راست یان ساختەی، بلاوکردەوە کە نیشانی دەدا ئۆباما لە کینیا لە دایک بووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت