محەمەد هەریری: میللەتێکی بێ منەت لە سامانەکانی, شڤان و عەدنان بە نمونە!
لە دوێنێوە پارچە گۆرانیەکی پیرۆزبایی جەژنی شڤان پەروەرم بڵاوکردۆتەوە، کەسانێکی زۆر پەست کردووە لەبەر هۆکاری جیا جای حزبی یان نەتەوەیی و… هتد.
کورد لەگەڵ دڵسۆزەکانی زۆر بێ خەمە کاتێ لە لوتکەی دڵسۆزیشن تەنها بە وشە پشتگیریان دەکەن، ئەگەر بزانن لەبەر هەڵوێستە دڵسۆزەکانی باجی مەرگیش دەدات دەستی بۆ درێژ ناکەن، ئەگەر لە برسانا بشمرن هاریکاریان ناکەن، بەڵام کاتێ بچوکترین هەڵە و لاوازی بەدی کرد لە هەڵوێستی ئەو کەسە دڵسۆزە، وا بەر نەفرەتی دەدات، ئەگەر پەنجا ساڵیش لە خزمەتی میللەت دا بێت بەوپەڕی دڵسۆزیەوە، هەمووی بۆ دەسڕێتەوە و دەکەوێتە وێزەی، بە جوێندان و سووکایەتی پێکردنی، هەتا ئەگەر هەڵوێستەکەشی بە هەڵە وەرگرتبێت، و وەك ڕایەكی ئازادانەی خۆی بێت، ناوی خیانەتی لێ دەنێن.
شڤان بەر لە چەند ساڵێك پاڵپشتی پرۆسەی ئاشتی کرد بە ڕابەرایەتی ئەردۆگان، منیش ڕەخنەم هەبوو لەو کارەی، بەڵام ناتوانم بڵێم خیانەتی کردوە، ئەوە ڕای خۆیەتی گەیشتوە بەو ڕایە هەڵەیە لە نەزەری من و تۆ، لەوانەیە خۆی زۆر بە دڵسۆزانە پێیوابوو بێت ئەردۆگان کلیلی چارەسەری کێشەکەی لە دەستە، هەروەك من و هەزارانی وەك منیش ڕۆژێك فریومان بەو بیرۆکەیە خواردبوو!
من ئەگەر لە مێردمنداڵیەوە شڤانم ناسیبێت و فێری خۆشەویستی گەل و نیشتیمان بووبم لێی، دەبێت ئەو هەموو دڵسۆزیەم لەبەرچاو بێت، هەرنەبێ ناڵێم وەک موسڵمان 70 عوزر بۆ براکەت بدۆزەرەوە، بەڵکو تەنها یەك دوو عوزری بۆ بدۆزەرەوە!
لەبیرمە لە وتارێك لە گۆڤاری ئاڵای ئیسلام نووسیبووم ئەگەر قورئان بە دەنگی عبدالباسط و مەنشاوی ئیمانم بەرزبکاتەوە، ئەوە شڤان بە گۆرانییەکانی ڕووحی کوردایەتی و خۆشەویستی میللەتەکەم تێدا زیندوو دەکاتەوە، وەك پەشێوی مەزن دەربارەی شڤان دەڵێت:
ئەی نێرە هەڵۆی ڕەوەزان بچریکێنە
ئاسمانی بە تلیاک نوستوو ڕاچڵەکێنە
دوێنی لەگەڵ هاوڕێیەک باسی شڤانمان دەکرد، پێیم گووت، مرۆڤی گەورەی کورد دووچاری دەیان ئەزموونی دەوڵەت و حزبی دەروروبەر و ناوخۆ دەبێتەوە، هەمووی هەوڵی کڕین و بە ڕۆبۆتکردن و ناوزڕاندنی دەدەن، بۆیە زۆر قورسە هەموو مرۆڤی کورد لە هەموو ئەزموونەکان بە سەلامەتی دەرچێ.
دوایێ کێ هەیە بە ئەردۆگان فریوی نەخواردبێت؟! منیش هەتاڕادەیەکی زۆر پێی فریوم خواردبوو، خودی پەکەکەش فریویان بە ئەردۆگان خواردبوو کاتێ چوونە ناوپرۆسەی ئاشتی لەگەڵی بۆ چەندین ساڵ خەباتی چەکدارییان بۆی ڕاگرت!
دەبا شڤانیش ئەو کوفرەی کردبێت، و فریوی پێ خواردبێت! بڵێن هەڵەی کردوە، نەیپێکاوە، و بڵێن نەدەبوایە وای کردبا، بەڵام بۆ دەبێت جوێن بە دایک و باوکی بدەین و بە خیانەتکار ناوزەدی کەین، لەناو ئاهەنگدا سازەکەی بەسەردا بشکێنین؟!
ئەخر هەموو مرۆڤیك قابیلی هەڵەیە، خۆ منیش ئەو کاتە بەر لە چوار ساڵێک لێی پەستبووم و ڕەخنەم لەو هەڵوێستەی هەبوو، بەڵام هەموو هەواڵەکان دەڵێن پاشەکشەی کردوە لە هەڵوێستەکانی کە زانیتی ئەردۆگان کلاوچییە. ئینجا بەڕاستی خاوەن دەنگێک و مێژوێکە لە هونەری بەرەنگاری زۆربەمان قەرزاری دەنگ و ڕوحیەتی شۆڕشگێری ئەوین. هیوادارم هەندێک نەرمتر بین لەگەڵ ئەو مرۆڤە بەتوانا و گەورانە بەڵکو ئەگەر هەڵەیەکیشی کردبێت، زووتر پەشیمان دەبێتەوە نەک دوژمنایەتی تا دێت تۆختر کەینەوە. جوێنی پێدەین و لەناو ئاهەنگێکی کۆمەڵایەتی هەڵکوتینە سەری و دەستدرێژی بکەینە سەری. نازانم ئێمە ئەو پیاوانەی کە مێژوو لە چەند سەد ساڵێك، تەنها دانەیەکمان پێ دەدات بۆ هێندە بەخشەندەین بۆ لە ناوبردنیان و تێکشکاندنیان؟!
بۆ هەلێکیتریان پێ نەدەین؟ خۆ تۆ خوا نیت و حزبەکەت خوا نییە بڕیاری خاینبوون و بێ باوەڕی و کوفری کەسێك دەدەیت بۆ هەتا هەتایی؟! شڤانێك 37 ساڵ وڵاتی خۆی جێبهێڵێت لەبەر دۆزی میللەتەکەی، و گۆرانی بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان چڕیبێت، بەڵکو بۆ گەلی تورك و سوریا و فەلەستینیش گۆرانی گوتبێت، ڕۆژنامەیەکی عەرەبی العرب وەسفی بکات بە [شڤان هبة الله للاکراد]! شڤان دیاری خوایە بۆ کورد! تۆ چۆن دەتەوێ و دەتوانی وا بیسڕیتەوە؟!
ئەوە حزبە شاعیرێکی بەعسی پۆلێش دەکات وساف ولووسی دەکات و زیاتر لە ڕوبعە ملیۆنیك دەنگی بۆ کۆدەکاتەوە، هەر هەمان حزبیشە کابرایەکی توندڕەوی دینی لای حزبی [ئەلف] بەرزدەکاتەوە چونکە دژی حزبی [بێ] لێدوان دەدات، لە هەمان کاتدا هەر حزبە کابرایەکی وەك شڤان بە مێژووێکەوە لە خزمەتی کورد وا مەنبوز و بێ ئەرزش دەکات چونکە سەردانی حزبی [بێی] کردوە!
لەگەڵ عەدنان کەریم یش هەمان بەزمە. پێیان ئاساییە یاریکەرێکی وەك مێسی دوو بەقەد مووچەی هەموو کوردستان پارە وەرگرێت لەبەر یاری تۆپیپێ کەس ناڵێت بۆ دەیەها هونەرمەند و زانا و خەڵکی لەو شاینتر هەن هەتا مووچەی دەرگەوانی مێسی یش وەرناگرن، بەڵام ئەگەر گۆرانیبێژێکی گەورەی بێ وێنەی وەك عەدنان کەریم لە ئاهەنگێك دەفتەرێك دۆلاری وەرگرتبێت ئەوە زۆرە و دەبێت خاین بکرێت؟!
یان ئەگەر حزبێکی کوردی بە زۆر عەدنان لە هەڵوێستێك تێوەگلێنێ و تووشی هەڵەیەکی بکات، ئیتر فەیسبوك بە پاڵنەرێکی سیاسی حزبی یەك پارچە دەبێتە جوێندان بە عەدنان کەریم! هەتا ئەگەر عەدنان کارێکی چاکی وەك کوردئایدڵیشی کرد و دەیان گەنجی کوردی ڕزگار بکات لە عەرەب و تورک ئایدل، هەر خراپە، و نازانێ قسە بکات، نازانێ بڕیار بدات، سووکە شایی دەکات، تا کۆتایی لەو قسە منداڵبازاڕییانە.
عەدنان کەریم هونەرمەندە، دەنگێکە مەگەر خوا لە 500 ساڵێك جارێك بە میللەتێکی بدات، تۆ چی تێدەگەی لە سامانی نەتەوەیی تا بڵێیت هەتا ماوم گوێ لەدەنگی ناگرم چونکە سەردانی زۆنی پارتی کردوە و خەڵاتی لێیان وەرگرتووە!؟ منیش پێم هەڵە بوو کە چوبوە ناو پەرلەمانی هەتککراودا، دڵنیام بە خۆشی خۆی نەچووە بۆ ئەوێ، دەتوانین ڕەخنەی تووندی سیاسی لێ بگرین وگوێ لە وەڵامیشی بگرین، بەڵکو خۆی جارێکیتر هەزار حیساب بۆ هەڵوێستێکی وا بکات، نەك بیکەیتە هەڵمەتی ناوزڕاندن و قسەپێگوتن و لە سفرداندا! دەیان پۆستی نەزانانەم دیوە جوێنی پێدەدەن و دەڵێن جارێکیتر گوێی لێ ناگرین! عەدنان کەریم هەر گەورەیە بە دەنگەگەی، گوێت لێگرت یان نا، ئەخر خۆت شایانی ئەوە نیت گوێی لێ بگریت، لە ئاستی مەزنی ئەودا نیت.
عەدنان کەریم مرۆڤە وەك هەر مرۆڤێك هەڵەش دەکات، تۆ بۆ چاوەڕوانی خوداوەندی لێ دەکەیت؟! هەموو وەزیر وپەرلەمانتارەکانی حزبەکەی تۆش لەو زیاتر تێوەگڵاون، بۆ لەوان خۆش دەبیت، کە هەریەکەی هەزاران بەدیلی هەیە، بەڵام لە عەدنان خۆش نابیت کە بەدیلی پاش ٥٠٠ ساڵیتریش نابێت؟! ئەی بۆ کاتێ لە سلێمانی عەدنان کەریم بۆ چەند مانگ مووچەی وەرنەگرتبوو، کەسێكتان یارمەتیتان نەدا؟! یا تەنها ئازان بیکوتنەوە؟!
بە خوا خائینم کەن و کافرم کەن من هەر قەرزارباری دەنگ و ڕووحی شڤان و عەدنان کەریمم، دەنگی عەدنان و چەند کەسێکیتر نەبێت، دەبێت شەرم کەین بڵێین ئێمە هونەرمان هەیە!
منیش پێمخۆشە هەڵوێستی هەموو مرۆڤە ناودار وگەورەکانمان وەك هەڵوێستی پەشێو بێت، کە من دەزانم چەند بە قورس لەسەری کەوتووە، ئەوم کردۆتە ڕێنیشاندەرم، بەڵام لە هەموو کەسێکیش ڕانابینم وەك پەشێو بێت! چاوپۆشی لە خائینان ناکەین، بەڵام بە ئاسانیش کەس خائین ناکەین بەتایبەت ئەو کەڵە هونەرمەند وخەباتگێڕ و شاعیر وسیاسیانەی کە دەگمەنن لەناو میللەتدا. تا پێم بکرێ هەڵوێستی وایان لێ وەرناگرم بیانخەمە بەرەی دوژمن بە زۆری، وهیچ هەلێکی نەدەمێ بەخۆیدا بچێتەوە ئەگەر هەڵەیەکی کردبێت.
ڕەخنەشم لێیان هەبێت ناگەمە ئەو ئاستە بازاڕییەی کە کەسانیك نیشآنی دەدەن بەناوی سیاسەتکردن، درۆش دەکەن چونکە سیاسەت دەبێت فێری هونەری مودارات و هەڵکردن و زیان لە خۆنەدانت بکات نەك لەسەر بچوکترین شت شەق لە گەورەترین سامانی نەتەوە هەڵدەیت.