نەبەز گۆران: نەوشیروان مستەفا ـ پەروەردە و دونیابینی سیاسیی جیاواز.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم نووسینە ئاساییە، بەرچاو روونییەكە بۆ ئەوانەی، كە دەڵێن: (نەوشیروانیزم) یان، مەدەرەسە. هەڵبەتە ئەوانەی كە دەڵێن: (نەوشیروانیزم) بێگومان بۆ بە چەمككردن و بە ئایدۆلۆژیاكردنی ناوێك، ئەشێت سودیان لە ئاوازی (شۆسیالیزم، ڕیالیزم، كاپیتالیزم و… هتد)، وەرگرتبێت و. هیچ پاشخانێكی فیكریان نەبێت بۆ ئەوەی، ناو بكرێت بە چەمك و چەمكەكەش بكرێتە پرۆژەیەكی سیاسیی نوێ‌ و پاشان لەرێگەی كڵاسەكانەوە بكرێتە پەروەردەیەكی نوێ‌. بەبێ‌ ئەو زانیاریانە ڕاستەوخۆ بەرگێكی ئایدۆلۆژی بكەنە بەر ناوێك، (ئایدۆلۆژیا یانی لە قاڵبدانی مرۆڤ، ڕێك پێچەوانەی پەروەردەكەی نەوشیروان مستەفا كە ئازادكردنی مرۆڤە.) ئەوانەش باس لە مەدرەسە دەكەن، هیچ شتێكمان لەبارەی پاییە بنەرەتییەكانی مەدرەوەسەوە پێناڵێن. كێشەی ئەم دونیایەی ئێمە لەوەدایە، ئەهلی ناو شاشەكان، بێ‌ هیچ گوێدانێك، بێباكانە ناو چەمك فڕێدەدەن و، ئیدی پێیان وایە بە فڕێدانی ئەو چەمك و ناوانە، دەتوانن خۆنوێنانە دەریخەن كە دونیابینیەكی قوڵیان هەیە، لێ‌ كاتێك بەخێرایی لەسەر نووسینە خێراییەكانیان دەوەستی، بۆت رووندەبێتەوە دور و نزیك هیچ زانیارییەكیان لەسەریان نییە و، تەنها بیستویانە و دەیڵێنەوە.
(كاك نەوشیروان) یەكێكە لەو سیاسیانەی، بەتایبەت پاش ساڵانی (1990) جۆرێكی تر، پەروەردە و جۆرێكی تر دونیابینی سیاسیی لەگەڵ خۆی دەهێنێت. ئەم پەروەردە و دونیابینە سیاسییە جیاوازە ترۆپكەكەی لە دروستكردنی بزوتنەوەی گۆڕاندا خۆی دەردەخات.

بۆ ئەوەی بزانین پەروەردە و دونیابینییە سیاسییەكە بۆ جیایە، دەبێت سەرنج بدەین.
یەكەم: (كاك نەوشیروان) یەكێكە لەو سیاسیانەی، سیاسەت و ئەخلاق پێكەوە گرێدەدات. ئەوانەی دەڵێن: ئەخلاق جیایە لەسیاسەت، ئەوانەشی دەڵێن: سیاسەت جیایە لە ئەخلاق، هەردوو تێگەیشتنەكە وێراندەكات و، جارێكی تر ئەخلاق و سیاسەت پێكەوە گرێدەدات. ئەم نمونە جیاوازە لە گرێدانی سیاسەت و ئەخلاق، دەكاتە بەشێكی بنەرەتی لەپەروەردەی خۆی و، دونیابینی سیاسیی نوێ‌. زۆربەی ئەو نەوەیەی لەگەڵ (كاك نەوشیروان) گەورەدەبن، نەوەیەكن درزێكی گەورەیان لەنێوان سیاسەت و ئەخلاقدا دروستكردوە، ئەم هەڵدەستێت ئەو درزە پڕدەكاتەوە و، دەیەوێت بە ئەخلاقەوە سیاسەت بكات و، ئەخلاق بخاتەوە ناو سیاسەت. ئەم تێكەڵكردنە بۆ كەسێك كە لەناو جیهانێكی حیزبی و ئایدۆلۆژی و قۆناغە شێواوەكاندا گەورە بووە، كارێكی سەختە. بەڵام كارێكی نەكردە نییە. كاتێك دەبینین لەرووی ئەخلاقییەوە جیاوازە لە نەوەكەی خۆی و پاش خۆی، كاتێك دەبینین لەرووی تێگەیشتنەوە بۆ سیاسەت و ئەخلاق ئەوانی تێپەڕكردوە، راستەوخۆ لەوە تێدەگەین، دەیەوێت پەروەردەیەكی جیاوازی سیاسیی بەرهەم بهێنێت، كە ئەو پەروەردەیە ئەخلاقی تیاییە و دابراو نییە لە ئەخلاق.
دووهەم: رێگای مەدەنی و گوتاری جیاواز. ئەو رێگایەك لە قۆناغی ناوشاردا دەیگرێتە بەر، رێگایەكی مەدەنییە. رێگایەكە گوتاری تایبەتی خۆی هەیە. كۆی ئەو گوتارانەی كاریان لەسەردەكات، واقیعین و راستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی تاكەكانی ناو كۆمەڵگەوە هەیە. سیاسییەك نییە پانتایی گوتاری رەمزی گەورەتربێت لە واقیع، سیاسییەكە پانتایی بینینی واقیعی گەورەترە لە كارە خەیاڵییەكان. بۆیە هەركاتێك سیاسییە رەمز پەرستەكان دەیانەوێت كۆمەڵگە ببەنەوە بەرەو خەیاڵ وسەرقاڵیانكەن بە گوتارە رەمزییەكانەوە، ئەم دێت ئەو گوتارە رەمزیانە دەهێنێتەوە خوارەوە و پەیوەستی دەكاتەوە بە ژیانی كۆمەڵگە و گوتارە واقیعییەكە دەكاتەوە بنەمای پەروەردە سیاسییەكە.
سێهەم: تێگەیشتن بۆ سیستەم. هیچ كام لە سیاسییەكانی هەرێم، هێندەی (كاك نەوشیروان) بۆچوونی روون نییە بۆ سیستەم. ئەو سیستەمێك قبوڵناكات ببێتە دیوارێك لەبەردەم ئازادی و دیموكراسی. سیستەمێك قبوڵ ناكات كارەكتەری وێران و بێدەنگ و بێ‌ جوڵە بەرهەم بهێنێت. سیستەمێك لەچوارچێوەی دونیابینی ئەودا رێگای دەبێتەوە، سیستەمەكە لە پێناو هاوڵاتی بووندا خۆی بنیات نابێت، نەك لەپێناو خێڵ، یان خێزانێك، یان دەستەیەك. بەبروای ئەو بەبێ‌ هێنانی سیستەمێكی تەندروست و كۆتایی هێنان بەم سیتەمە تێكشكاوەی ئێستا، كۆمەڵگەیەكی تەندروست دروست نابێت، بۆیە هەمیشە لەسەر سیستەم دەوەستا، چونكە سیستەمی بە شارێگای دروستكردنی دونیایەكی باشتر دەزانی. سیستەم لای ئەو كەرەستەیەك نەبوو بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگە، سیستەم جەترێك بوو بۆ بەرهەم هێنانی كۆمەڵگەیەكی كاركەر و بەرهەم هێنەر، نەك كۆمەڵگەیەكی بخۆری بێ‌ بەرهەم.
ئەم سێ‌ كۆڵەكەیە، دەرخەری پەروەردەیەكی جیاواز و دونیابینیەكی سیاسیی جیاوازن. بەبێ‌ هیچ ترسێك دەتوانین بڵێین: (نەوشیروان مستەفا) خۆی، پەروەردەیەكی جیاواز و سیاسەتێكی جیاوازە. بەڵام وەك ئەوانەی ناو شاشەكان ناتوانین راستەوخۆ ناوی تر دروستبكەین. بۆچی ناتوانین؟
مەدرەسە: جیاوازە لە پەروەردە و دونیابینی نوێ‌. كاتێك پەروەردە و دونیابینیە سیاسییەكەی (كاك نەوشیروان) دەبێت بەمەدرەسە، سەرلەنوێ‌ چی فیكرە و دونیابینی هەیە، وەك دەق كۆبكرێنەوە. كە ئەم دەقانە كۆكرانەوە، پێویستی بە كڵاس و ئەكادیمیایە، پێویستی بە كەسی بیركەرەوە هەیە خوێندنەوەی نوێی هەبێت لەسەر دەقەكان. پێویستی بە مامۆستا و خوێندكار هەیە. هەتا دەستەیەك خوێندكار لەو كڵاسانە بیركردنەوە و دونیابینیە نوێیەكەی و پەروەردە و سیاسییە نوێیەكەی نەخوێنن و، لەوانەكان دەرنەچن و نەوەیەك لەسەر ئەو پەروەردە و سیاسەتە بەرهەم نەهێنرێت لەرێگای كڵاسەكانەوە، ناتوانرێت وەك مەدرەسە ناوی بهێنرێت. بەڵام ئەگەر لەرێگەی كڵاسەكانەوە نەوەیەك بەرهەم هات هەمان پەروەردە و سیاسەتی خوێند و ویستی وێنەی دووهەمی (كاك نەوشیروان) بێت بەهەمان پەروەردە و دونیابینییەوە، ئەوكات وەك مەدرەسەیەكی نوێ‌ دەتوانرێت بخوێنرێت. بەڵام بەبێ‌ هیچكام لەم پایانە بێیت دووسێ‌ شتی جوانی سیاسیی ئەم پیاوە بزانیت و لە نووسینێكدا ریزیان بكەیت و خۆت هیچكام لەمانە لە ژیان و لەبوونت و لە سیاسەت و لە پەروەردەی سیاسیتدا نەبێت و بڵێیت: ئەوە مەدرەسەیە و من لەو مەدەرەسەیم، ئەمە هیچ نییە جگە لە لێدان لەو بنەما بنەرەتیانەی كە (كاك نەوشیروان) كاری لەسەر دەكرد.
بۆ بەشی دووهەمیش (نەوشیروانیزم) راستییەكەی ئەمە بە ئایدۆلۆژیاكردنی پەروەردە و دونیابینی كەسێكە، كە خۆی برواناكەم هەرگیز ویستبێتی بەئایدۆلۆژیا بكرێت. یەكێك لەو تیرانەی كە زۆرترین ئازار بەم سەركردەیە دەگەیەنێت، بە ئایدۆلۆژیاكردن و بەرەنگكردنییەتی بۆ یەك رەنگ. ئەوانەی ئەم ناوەیان لێناوە، لێیان بپرسیت: نەوشیروانیزم یانی چی، تەنها سێ‌ شت دەزانن و دەڵێن: یانی دەست پاك و راستگۆیی، سادەیی و جەسارەت، بەرگری لە خەڵك.
هەرسێ‌ ئەم كۆڵەكەیەش، راستەوخۆ پەیوەدنییان بە پەروەردە و كلتووری سیاسیی جیاوازەوەیە، پەیوەندیان بەوەوە نییە لەرێگەی ناوێكەوە بەئایدۆلۆژیا بكرێت. بە ئایدۆلۆژیاكردنی پەروەردە و دونیابینییە سیاسییە جیاكەی( نەوشیروان مستەفا)، بە بروای من وێرانكردنییەتی. ئەوەی گرنگە ئەوەیە دەبێت نەوەیەك لەسەر ئەو پەروەردە جیاوازە دروستبكرێت، نەوەیەك پەیوەست نەبێت بە شتەكانی دەوروبەر، سادەیی پەیوەندی بەوە هەیە كەسی هوشیار ناكەوێتە ژێر كاریگەری كەلوپەلەكانی وەك ئۆتۆمبێل و كۆشك و جل و بەرگەوە، سادەیی پەیوەندی بەو غرورە مەعنەوییەوە هەیە، كە سیاسیی هوشیار شكۆ و غروری رێگای نادات لەسەر بروا راستەقینەكان پاشە كشێ‌ بكات. ئەوانەی گیرۆدەی كەلوپەلەكانن و باسی سادەیی (كاك نەوشیروان) دەكەن، نە هوشیارن و نە دەشزانن سادەیی چییە. سادەیی لە بریارداندا، سادەیی لە پەیوەست نەبوون بە كەلوپەلەكانی دەورو بەرەوە، سادەیی تێگەیشتن لە بەرامبەرەكانت، ئیدی لە هەر ئاستێكی هوشیاریدابن. سادەیی هەوڵدانە بۆ مرۆڤ بوون. ئەمانە و چەندین رێگای دیكە لە (كاك نەوشیرواندا) هەبوون. ئەو شكۆیەی هەیبوو لەبەردەم سیاسییەكاندا دەردەكەوت و لەبەردەم هاوڵاتییەكدا مرۆڤێكی ئاسایی بوو. ئەو چونكە هوشیاربوو دەیزانی لەكوێدا شكۆ و غرورەكەی بەكار بهێنێت و، لەكوێشدا دەبێت مرۆڤێكی ئاساییی بێت، رێك پێچەوانەی زۆربەی سیاسییە ئایدۆلۆژییەكان و ئەوانەی باسی دەكەن!!
بەرگریكردن لەخەڵك ئەركی سیاسییەكە سیاسەت بە ئەخلاقەوە بكات. كاتێك دەڵێین: ئەخلاق و سیاسەتی پێكەوە دەبەستەوە، پایەسەرەكییەكەی لەوە دەست پێدەكرد، بەرگری لە خەڵك دەكرد، بەرگری لە دیموكراسی و ئازادی تاك دەكرد، نەیدەوەیست فریوی خەڵك بدات، دەیەویست لەرێگای گوتارە واقیعیەكەوە دیمەنە راستەقینەكە پیشان بدات. بۆخۆی وەك كەسێكی دەست پاك و بەهێز، خۆی دەكردە نمونە بۆ ئەوانی دیكە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە لە ئێستادا كەسانێك باس لەم پەروەردەیە دەكەن، سەرسامن بەم پەروەردە دونیابیینە سیاییە جیاوازە، خۆیان هیچ كات ئامادەنین خاڵێك لەو خاڵانە جێبەجێ‌ بكەن. نوكتەیەكی تازە هەیە دەڵێت: ” بەرپرسێك بەخۆی و چەند ئۆتۆمبێل و پاسەوانەوە هاتوەتە سەر گۆرەكەی كاك نەوشیروان وتویەتی: من سەرسامم بە سادەییەكەی!”
ئەم نوكتەیە هەم كۆمدییە، هەم كارەساتە لەسەر تێگەیشتن. بۆئەوەی ئێمەش تێگەیشتنمان وەك ئەو بەرپرسە نەبێت، پێویستە بزانین چۆن خوێندنەوە بۆ ئەو پەروەردە و دونیابینیە سیاسییە جیاوازە بكەین. دەشتوانرێت بە دیوە سیاسییەكەدا پەروەردە و دونیابینییەكەی بكرێتە كلتوورێكی سیاسی.(من بۆیە دەڵێم كلتووری سیاسیی، چونكە زۆریینە قبوڵیەتی و دەیانەوێت وەك ئەوبن، ئەمەواتای ئەوەیە دیاردە نییە و دەبێتە كلتوور.) بۆئەوەی هەمان هەڵە تێگەیشتنمان نەبێت، باشترە بزانین چۆن ناو لەشتەكان بنێین. (نەوشیروانیزم) ناوێكە بۆ بە ئایدۆلۆژیاكردنی ئەو پیاوە و رەنگكردنییەتی بۆ یەك رەنگ و خەنجەر دانە لەو پەروەردە جیاوازەی ناو سیاسەت لەم هەرێمە دروستیكرد. (مەدرەسە) ناوێكە كاتێك پێویستە ناوی مەدەرەسە بخەینە پاڵی، كە بەراستی مەدەرەسەكە دامەزرابێت و نەوەی لێبەرهەم هاتبێت. بەڵام زۆر ئاساییە نەوەیەك هەبێت (نەوشیروانی)بن، بەڵام بەو مەرجەی بیناسن. بگەرێن و بخوێننەوە تا پەروەردە و دونیابیینە سیاسییە جیاوازەكەی ببینن و بیانەوێت لەسەر هەمان رێگا برۆِن و بیكەنە كلتوورێكی سیاسیی، ئەما باقی ناوەكانی دیكە هەر ئەوانە دەتوانن بیڵێن گوێ‌ بە هیچ شتێك نادەن و ناشتوانن بۆ خەڵكی روون بكەنەوە ئەو ناوانە یانی چی!!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت