عه‌دنان كۆچه‌ر: وانه‌یه‌ك بۆ دڵشاد شه‌عبان، ده‌رهه‌ق به مونافیقی سیاسیی.
ڕه‌نگه به‌كارخستنى ده‌سته‌واژه جێ سه‌رنجه‌كه‌ى لاهور تاڵه‌بانى، كه “یه‌كێتى چه‌ند باڵیشی هه‌بێت، دواجار ده‌نوكێكى هه‌یه”، ئیدیۆمێكى سیاسیی گونجاو بێت بۆ گوزارشتكردن له‌و دنیابینییه ئاوێته‌بوو له چه‌واشه‌كارییه‌ى زۆرێك لهپارتییهكان بیری پێدهكهنهوهو دڵشاد شه‌عبان به‌ڕاستگۆیی ده‌ریده‌بڕێت، چونكه ئیدى بۆ هێزێكو هه‌ڵسوڕاوه‌كانى كه بهكۆیلهیهتى مۆڕاڵى حزبی قائید ڕاهاتبن، ئه‌سته‌مه بتوانن له‌هێزێكى مێژووكرد تێبگه‌ن، كه له‌وه‌ته‌ى هه‌یه به‌دنیابینى جیاواز‌و فره‌یی روئیا پایه‌كانى مانه‌وه‌ى خۆى بههێزكردبێت.
له‌راستیدا، دڵشاد شهعبانو هه‌موو ههڵتۆقیوهكانى تر‌ى نێو دنیای سیاسه‌تى پارتى، چونكه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه ده‌نوكی یه‌كێتى له‌پرسه هه‌ستیاره‌كان نابینن، ته‌نێ یاده‌وه‌رییان به باڵه‌كان ته‌ژی ده‌كه‌ن، له‌كاتێكدا یه‌كێتى له‌وه‌ته‌ى هه‌یه، ده‌شێت له‌زۆر پرس‌و دۆز، له‌به‌رامبه‌ر زۆر ئه‌گه‌رو پێشهات خاوه‌ن روئیا‌و دنیابینى جودا بوبێت، به‌ڵام ئه‌و ده‌مه‌ى چاره‌نوس ده‌بێته سه‌نگى مه‌حه‌ك ئیدى باڵه‌كان وه‌ك ده‌ست پێكه‌وه چه‌پڵه لێده‌ده‌ن، چونكه ئیدى چه‌پڵه‌ى یهكێتیبوونو نشتیمانیبوونو كوردستانیبوونى ئێمه به‌ده‌ستێك لێ‌نادرێت، به‌ڵام ئه‌و روكهشبینهى پارتى، كه له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌سه‌ر بونیادى حوكمێكى راسپێردراو و پێشوه‌خت دژ به یه‌كێتی ئاراسته ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر به‌سه‌رێكدا بیهه‌وێت به‌ناوى كوردایه‌تیه موزهیهفهكهى پارتى‌و بارزانییه‌وه سه‌رنجى هاونشتیمانیانى زۆنى سه‌وز راوبكات، بهسهرهكهى دیكه‌شدا بخوازێت دنیابینیى نادیموكراسیو نا شهرعیانهى حزبه‌كه‌ى له‌ئه‌نجامدانى ریفراندۆم به‌بێ په‌رله‌مان به‌سه‌ر هێزه‌كاندا بسه‌پێنێ، هه‌ر زوو سحرى ئه‌و لێدوان‌و خهڵهفانهى له‌به‌رامبه‌ر هێزى یه‌كێتى لهیهكلاییكردنهوهى ئه‌و پرسه به‌تاڵده‌بێته‌وه، چونكه له‌راستیدا، ئه‌گه‌ر دڵشادو پارتییه‌كانى دیكه ده‌یانه‌وێت به ناشه‌رعى یه‌كێتى بارى لێژى ئه‌وان لهریفراندۆمى بێ یاسا راست بكاته‌وه، ئه‌وه به‌دیوه‌كه‌ى تردا، هێزه‌كانى دیكه‌ش، گۆڕان‌و كۆمه‌ڵ‌و ئه‌مڕۆش یه‌كگرتوو نیشانیاندا یه‌كێتى وه‌زیفه‌كه‌ى له‌و دنیابینیه بچوكه گه‌وره‌تره‌و ته‌نها ئه‌ویش زامنى راستكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسی‌و هاوسه‌نگی سیاسی هه‌رێمه.
لێدوان‌و پۆسته‌كه‌ى فه‌یسبووكى دڵشاد شه‌عبان كه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كى زۆرى له‌نێو میدیاى كوردستان به‌دواى خۆیدا هێنا، ده‌رهه‌ق بهنیفاقی سیاسیی قسه ده‌كات، لێره‌دا ده‌بێت هه‌موومان بیر دڵشادى بێنینه‌وه كێ مونافیقه، ئاخر ئه‌و چونكه لهزۆنێكدا ده‌ژیت هێشتا هه‌ناسه‌ى ئازادى نه‌بینیووه‌و روپهڕى رۆژنامه‌یه‌كى ئازادی نه‌خوێندۆته‌وه، نازانێت له‌ده‌ره‌وه‌ى كۆریا باكورهكهى خۆى چی روده‌دات، به‌ڵام ئێمه وه‌ڵامی ئه‌وه‌ى ده‌ده‌ینه‌وه كه كێ مونافیقه، با ئه‌ویش بوێرى وه‌ڵامدانه‌وه‌و ده‌ستنیشانكردنى مونافیقی هه‌بێت.
ـ یه‌كێتى له ئه‌ده‌بیاتى سیاسیی خۆیدا، به‌درێژایی مێژوو دروشمى مافی چاره‌ى خۆنوسینى وه‌ك دروشمى ناوه‌ندى خۆى هه‌ڵگرتووه‌و دڵشادو رێبازه‌كه‌ى له په‌نجا ساڵى رابردوو به‌دیار ئۆتۆنۆمییه‌وه دانیشتوون‌و ئێستاش بۆ شاردنه‌وه‌ى قهیرانو هه‌رچی زۆرترى ده‌ستگرتنه به‌سه‌ر كورسییه شومهكهدا ده‌یانه‌وێت ئه‌و مافه مێژووییه لهیارییو سیناریۆیه‌كى گاڵته‌جاڕدا بدۆڕێنن، داخۆ ئه‌وه‌ى به‌مۆڕاڵ له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییه دوفاقه، یان ئه‌و هێزه‌ى وه‌ك فشار ده‌یهه‌وێت ریفراندۆم بۆ پاوانكردن بقۆزێته‌وه، وه‌ڵامه‌كه‌ى هه‌موومان ده‌یزانین بهدڵشادیشهوه به‌س بوێری دركاندنى نییه.
*مام راسپارده‌یه‌كى ئاكاریی به ئێمه به‌خشیووه، “یان كه‌ركوك‌و خانه‌قین یان تاماوین ئه‌جه‌نگین”، ئه‌و راسپارده‌ى مام، نیوه‌ى لیستى وه‌زاره‌تى شه‌هیدانى حكومه‌ت له‌و پێناوه‌دا رۆحیان به‌خشیووه، ئه‌وه‌ى یه‌كێتى ده‌یهه‌وێت له ریفراندۆمدا سه‌ربارى پیاده‌كردنى راسپاردهكهى مام، ئه‌نجامدانى بێ چه‌ندوچوونى ریفراندۆمه له‌و ناوچانه، كه‌چی پارتى كه ده‌یهه‌وێت قوبرسێك له سێ پارێزگادا وه‌ك میرنشینێكى كه‌نداوى به‌سه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌یدا بسه‌پێنێ‌و یه‌كێتى رازیی نییه، ده‌بێت دڵشاد وه‌ڵام بداته‌وه، كامه مونافیقه، ئه‌وه‌ى بێ كه‌ركوك‌و شوێنانى تر ده‌ست بۆ ئه‌و سه‌ركێشییه گه‌وره‌یه نابات، یان پارتى كه جگه له زۆنى زه‌رد شوێنێكى تر‌ى به‌لاوه گرنگ نییه.
* یه‌كێتى په‌رله‌مان وه‌ك مه‌رجه‌عى باڵاى هه‌رێمى كوردستان ده‌بینێ له‌رووى سیاسیی‌و یاساییه‌وه، كه‌چی پارتى‌و شوێنكهوتوهكانى، كه ئێستاش قفڵى ئه‌و دامه‌زراوه‌یه له گیرفانى خۆیاندایه ده‌یانه‌وێت هه‌موومان پشت له شه‌رعیه‌ت بكه‌ین‌و شوێن دروشم بكه‌ین به‌ناوى كوردایه‌تییه‌وه، ئه‌گه‌ر ویستى كاراكردنه‌وه‌ى پهرلهمانو شه‌رعیه‌تى یاسایی ریفراندۆم نیفاقی سیاسی بێت، شانازییه، به‌ڵام دڵشاد ده‌بێت شانازییهكهى پارتى له ریفراندۆمێكى بێ په‌رله‌مان رون بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى له‌وه شهرمهندهتر نه‌بێت.
* دیداره ژێر بهژێرهكانى سه‌رانى پارتى له‌گه‌ڵ ئاكپارتى، لێدوانه‌كانى هۆشیار زێبارىو ئه‌وانى دیو داننان به‌وه‌ى كه ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی نییه‌و په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنى بارزانى‌و حه‌یده‌ر عهبادىو زۆرى دیكه‌ش نیشانى ده‌دات كه داخۆ كه له نیفاقێكى گه‌وره‌ى سیاسی‌دا ژیان ده‌كات، ئه‌و یه‌كێتییه‌ى كه سه‌ربارى هه‌ستكردن به‌وه‌ى كه زه‌مینه‌ى بابهتىو زاتى ریفراندۆم ساز نییه پشتیوانى ده‌كات، یان پارتى كه به‌ناوى پشتیوانییه‌وه دانوستان له‌گه‌ڵ تورك‌و عهرهبو فارس ده‌كات ته‌نها بۆ هه‌ڵلوشینى زێترى نهوتو قایمبوونى كورسییه‌كه‌ى كاك، دڵشاد ده‌توانێت له‌وه‌دا نیفاق‌و راستگۆیی ئاسان لێك هاوێر بكات.
* تێكه‌ڵكردنى گرێی ده‌روونى پارتى‌و سه‌رانى به دۆسیه‌كى چاره‌نوسسازى وه‌ك ریفراندۆم، هه‌وڵدان بۆ تێكدانى كۆدهنگىو دوورخستنه‌وه‌ى هێزه كاریگه‌ره‌كان، ئه‌گه‌ر له دیدى دڵشادو هاوه‌ڵه‌كانى كوردایه‌تى بێت، بۆ ئێمه بچووككردنه‌وه‌و له قاڵبدانى خواستى نه‌ته‌وه‌یه، هه‌ر هه‌وڵێكیش چ له‌رێی پارتییه‌وه بێت یان له‌شوێنێكى دیكه بۆ بهگژیهكداكردنى یه‌كێتى‌و گۆڕان‌و هێزه‌كانى تر، په‌سه‌ند نییه، چونكه كوردایه‌تى به بێ كۆدهنگىو سازان له‌سه‌ر شهرعیهتو یاسا، پرسێكى خاڵییه. له‌وه‌شدا دڵشاد شه‌عبان ده‌توانێت روئیاى به‌رپرسانه‌ى یه‌كێتى له‌به‌رامبه‌ر كۆدهنگىو هه‌ڵوێستى پارتیش كه ره‌نگدانه‌وه‌ى گرێی ده‌رونى‌و سیاسییه به ئاسانى لێك جیابكاته‌وه.
ئه‌و هه‌وڵه‌ى ئه‌و پارتیانهو ژوورى عه‌مه‌لیاتى میدیایی ده‌ستیان داوه‌تێ، پێشوه‌خت گرهوێكى دۆڕاوه، چونكه یه‌كێتى ناكه‌وێته ناو ئه‌و یارییه‌وه، راسته باڵه‌كان جۆراوجۆرن، به‌س هێشتاش له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسانه ده‌نوكه تیژه‌كه هه‌ر ماوه.