نەوزادى موهەندیس: تورکیا و ئەردۆگان لە پاشەکشەى بەردەوامدان.

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێش نزیکەى ساڵێک لەمەوبەر کودەتایەکى سەربازى سەرنەکوتوو لە شەوى 15/16/7/2016دا لەتورکیادا ڕوویدا کە لەدواتردا زۆر کەس و لایەن واى بۆ دەچوون کە ( تەنها نمایشێکى دروستکراوى دەستى دەزگاى هەواڵگرى تورکى و بەسەر پەرشتى و ئاگادارى خودى ئەردۆگانیش ڕێکخرابێت)،چونکە لەماوەى چەند کاتژمێرێکى کەمدا توانرا ئەو هەوڵى کودەتایە پوچەڵبکرێتەوە.
کارەساتە گەورە و شکستەکانى تورکیا و ئەردۆگان لێرەوە دەستیان پێکردوە و تائێستا بەردەوامن و ئەردۆگان و تورکیایان خستۆتە سەر دووڕیانێکى گرنگ و هەستیار و مێژووییەوە، چونکە ئەردۆگان وایبۆدەچوو بە شکستپێهێنانى هەوڵى کودەتا سەربازیەکە ئیدى تورکیاى بۆ دەبێتەماستى مەیوو تەواوى ئۆرگانەکانى حکومەت و پەڕلەمان و دادگا و باڵى سەربازى و هەواڵگرى دەکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵى خۆى و حیزبەکەیەوە و بە بێ سەر ئێشە و کێشە و گرفت تا دوا تەمەنى خۆى لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، بەڵام خەونەکانى ئەردۆگان هەر زوو بونە بڵقى سەرئاو ،چونکە ئەردۆگان وەک تاکڕەو و دیکتاتۆرێک و بەعەقلێەتى سوڵتانەکانى سەدەى ناوەڕاستەوە هەنگاوى دەناو و کەوتە جێگە پێگە قایمکردنى خۆى لەڕێگەى گرتن و ڕاوەدوونان و دەرکردنى سەدان هەزار لە فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى و دادوەر و ئەفسەر و مامۆستایانى زانکۆ کە ڕۆڵى گەورە و کاریگەریان هەبوە لە زانکۆ و فەرمانبەران و دکتۆر و ئەندازیار و پارێزەران و تەواوى چین و توێژەکانى تورکیا و داخستنى دەیان زانکۆ و خوێندنگە بەبیانووى ئەوەى هەموانیان یان سەر بە ڕێکخراوى خزمەتى فەتۆچیەکانن (فەتحوڵا گویلەن) یانیش سەر بە پەکەکەن، بەم شێوەیە کاردانەوە هەڵەکانى ئەردۆگان تورکیایان بەرەو ئاقارى لێکترازانى کۆمەڵگەى تورکى برد لەسەرەوە بۆ خوارەوە نەک وەک ئەوەى ئەردۆگان دەیویست کە تورکیایەکى ئارام و هێمنى بۆ بمێنێتەوە.
تورکیا لە سەر هەموو ئاستەکان لە پاشەکشە و شکستى بەردەوامدایە لە ناوخۆ و ناوچەکە و دونیاشدا، لەسەر ئاستى سیاسى ئەردۆگان لەماوەى ئەم ساڵەدا و لە ئەنجانى سیاسەت و پەرچە کردارە هەڵەکانیەوە سەرتاپاى دیموکراسیەت و ئاازدیەکانى قەتیسکردوە و مافەکانى مرۆڤى پێشێلکردوە و کارى سیاسى حیزب و سەرکردە سیاسیەکانى لە مەنگەنە داوە و ڕۆڵ و کاریگەریانى پشتگوێخستوە و ژیانى سیاسى و حیزبایەتى بەرتەسککردۆتەوە و چەندین دەزگاى ڕاگەیاندن لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و گۆڤارى داخستوە و بەدەیان ڕۆژنامەنوسى لە بەندیخانە توندکردوە.
لەئێستادا لەتورکیادا هیچ کەس و لایەنێک هەست بە ئەمان ناکات لەدواى گرتنى دەیان ئەندام پەڕلەمان و لابردنى دەیان سەرۆکى شارەوانى لە کورد و کوردستان و حیزبى هەدەپە و تێکدانى پڕۆسەى ئاشتەوایى لەگەڵ کوردا،لەسەر ئاستى ناوچەکەش تورکیا لەماوەى ئەم ساڵى ڕابووردودا چەندین بڕیار و هەنگاوى سیاسى شکستخواردوى هەڵناوە و هەموو جارەکانیش داواى لێبوردنى کردوە و پەشیمانبۆتەوە بەهۆى دەستێوەردانە بەردەوامەکانى لە سوریا و عێراق و یەمەن و میسر و بەم دواییانەش لە کێشەى نێوان قەتەر و وڵاتانى کەنداو و میسردا، تورکیا لە ئێستادا لەسەر ئاستى ناوچەکە بۆتە وڵاتێکى بەدناو و بەدڕەفتار و سەنگ و قورسایى خۆى لەدەستداوە بەتێکدانى پەیوەندیە سیاسیەکانى لەگەڵ هەریەکە لە میسر و سعودیە و ئێران و عێراق و وڵاتانى تر کە وڵاتانێکى گەورە و کاریگەرى ناوچەکەن، هەر لەسەر ئەم هەڵوێستە تاکڕە و نادیموکراسیانەى پەیوەندیەکانیشى لەگەڵ ئەوروپیەکان و ئەمریکا و تەنانەت ڕوسیاشدا تێکداوە و بۆتە وڵاتێکى گەمارۆدراوى سیاسى و لەدواترین هەڵوێستى ئەوروپیەکانیشدا بە 477 دەنگ بەبەڵى بۆ ڕاگرتنى گفتوگۆکانیان لەگەڵ تورکیا بۆ بونە ئەندام لەیەکێتى ئەوروپا دژ بە تەنها 64 دەنگ. بۆیە ئەمە دوا شکستى ئەرۆدگان و سیاسەتەکانى بوو وبەڵام هێشتاش زۆرى تر ماوە کە چاوەڕوانى ئەردۆگان دەکات و پێدەچێت نەگاتە ساڵى 2019 کە بەنیازە ببێتە تاکڕەو و تاکە پیاوى بەدەسەڵاتى تاک حیزب لە تورکیادا لەئەنجامى ڕیفراندۆمە ساختەکەیەوە کە لە مانگى 4 /2016دا ڕێکیخست.و ئەو ڕیفراندۆمەش وەک کودەتا شکستخواردوەکەى هێندەى تر خەونەکانى تورکیا و ئەردۆگانیان لە چاڵنا چونکە ڕووى ڕاستەقینە و مەرام و بیانوەکانى بە ڕاستەقینە دەرخست لەبەردەم ئەوروپیەکان و ئەمریکا و دونیاى دیموکراسیدا.کە تەنها گەرەکى بەردەوامبونە لەدەسەڵات و چەسپاندنى حوکمى خۆى و حیزب و بنەماڵەکشێتى دوور لە دیموکراسیەت و ئازادیەکان.
لەسەر ئاستى ئابوریش،تورکیا بەرەو داتەپینى زیاتر دەڕوات لە ئەنجامى ئەم هەموو کێشە و گرفتانەوە کە ئەردۆگان دروستیان دەکات، تورکیا لە بنچینەدا خاوەنى ئابوریەکى بەهێز نیە و ژێرخانى ئابوریەکى بەهێزیشى نیە لە ڕووى سەرچاوەکانى وزە لەنەوت و غازى سروشتى کە زۆر پێویستى پێیانە، تورکیا تەنها لەڕووى گەشتیاریەوە بەهێزە و خاوەن داهاتێکى گەورەیە،بەڵام ئەم کەرتەش بەهۆى ناجێگیرى سیاسى و تەقینەوە و کردارى تیرۆریستى و بەردەوامبوونى شەڕ و جەنگ لە کوردستانى باکوردا زیانى گەورەى پێگەیشتوە و بەڕێژەى 50% زیانى بەرکەوتوە. لە ئێستادا نرخى لیرەى تورکى بۆ نزمترین ئاستى دابەزیوە لە بەرامبەر دۆرلا و یۆرۆدا و بێکارى و هەڵاوسان و ڕاوەستانى گەشەى ئابورى و بازرگانى و پیشەسازیشى لێکەو تۆتەوە. لەسەر ئاستى ئەمنى و سەربازیش تورکیا لەهەموو بەرەکاندا توشى شکست و نسکۆى گەورە بۆتەوە، لەسوریادا دۆڕاوى تەواوە لەبەرامبەر کورد و هێزە هاوپەیمانەکان بەڕابەرایەتى ئەمریکا و لەگەڵ ئەمریکا و ئەورپیەکاندا ناکۆکە و هەموانیان ناڕازین لەسیاسەتى پشتیوانى تورکیا لە تیرۆریستان و ڕێگەى پێنادەن کە بچوکترین هەنگاو بنێت و بچێتە ناو خاکى سوریا و بەئارەزووى خۆى تەراتێنى سەربازى بکات و هەڕەشەى جدیان ئامادەیە بۆى، لەگەڵ ڕوسیاشدا و لەئەنجامى خستنەخوارەوەى فڕۆکەیەکى ڕوسى پەیوەندیەکانیان تێکچوە و ڕوسیا بەهیچ شێوەیەک پشتیوانى تورکیا و مەرامەکانى ناکات دژ بە ڕژێمى بەشار ئەسەد و دژ بە کوردیش لە ڕۆژئاوا.
هەموو ئەم سیاسەت و هەنگاوە شکستخواردوانەى ئەردۆگان تورکیایان بەرەو پەراوێزخستنى سیاسى و ئابورى و سەربازى بردوە و هاوپەیمانێتیە مێژوویەکانى 80 ساڵەى خستۆتە بەر مەترسى هەڵوەشانەوە. هەمووشى بەهۆى دژایەتیکردنى کوردەوەیە لە باکور و ڕۆژئاوادا و گەرەکێتى کورد هیچ کات نەگاتە خواست و مافە ڕەواکانى و لەبەرامبەریشدا پشتیوانى تیرۆریستان دەکات لە سوریا و عێراقدا و دەیەوێت خەونە زڕە دێرینەکانى لە بوژاندنەوەى خەلافەتى عوسمانیدا بێنێتەوە دى.
بەڵام ئەردۆگان و عەقڵیەت و بیرکردنەوەى لە زەمەنێکى زۆر جیاوازدان،چونکە هەموو هاوکێشە و هاوسەنگیە سیاسى و ئابورى و جیۆپۆلەتیکیەکان لەناوچەکە و دونیاشدا گۆڕاون و کاراکتەرى نوێ وەک کورد و لایەنى تر هاتونەتە گۆڕەپانەکەوە و ئەوانیش لەهەوڵى وەدەستهێنانى سەربەخۆى و ئازادى و دامەزراندنى دەسەڵاتى خۆیانن لەناوچەکەدا، هەروەها بەرژەوەندى زلهێزەکانیش وەک جاران نەماون و گۆڕانیان بەسەرداهاتوە و دەگەڕێن بۆ جێگە و لایەنى تر بۆ درێژەدان بە بەرژوەندیەکانیان و پاراستنیان لەم ناوچەیەدا،و باشترین و بەهێزترین کاراکتەریش بۆ بینینى ئەو ڕۆڵە لەناوچەکەدا کوردە چ لە باشور بێت یان لە ڕۆژئاوا و باکور بێت.
لەکۆتایدا ئەو کودەتا و ڕیفراندۆمە ساختە و دروستکراوەى ئەردۆگان نەک بوە مایەى خۆشبەختى و زیاتر چەسپاندنى دەسەڵاتى ئەردۆگان و تورکیایەکى هێمن و ئارام بەڵکو بوە لێکترازانى ناوخۆى تورکیا لەسەر هەموو ئاستەکان و تەنانەت لەناو حیزبى ئاکپارتیشدا و لەناوچەکە و نێودەوڵەتیشدا تورکیا و ئەردۆگان لەخراپترین پێگە و کەناردا گیریان خواردوە.و پێدەچێت سەرکێشیەکانى ئەردۆگان نەک سەریبخات بەڵکو سەرى بخوات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت