بنار هیدایەت: کەى بارزانی سلێمانی بەشاری خۆی زانی، دەڵێم: بەڵێ بۆ راپرسی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەئێستادا هەستیارترین بابەت لەسەر شەقامی سیاسیی کورد، پرسی ریفراندۆمە. بەشێکی لەگەڵ ئەم پرۆسە چارەنوس سازەدان، بەشێکی دژی وەستاونەتەوە. ئەوەى لەگەڵ دەنگی بەڵێیە، دوو بنەما کۆیان دەکاتەوە:
یەکەم/ دەستکەوتی پۆستی سیاسیی.
دووهەم/ خاتر گرتنی دڵی بارزانی.
ئەوەى لەگەڵ کۆمیتە و کۆبوونەوەکانی تایبەت بەو پرسە نیە، مەرجیان بۆ بەشداری هەیە و پارتیش دەستی دەستیان پێدەکات و دەیەوێت بەشدارییان پێ بکات و مەرجەکەیان جێبەجێ نەکات.
یەکێک لەو پرسانەى دەبنە خاڵی بەهێزی ریفراندۆم، کاراکردنەوەى پەرلەمانی کوردستانە، لەم یارییەدا پارتی یاریزانێکی لێهاتووە، وایکردووە زۆرینەى پارتە سیاسییەکان بڵێن کاراکردنەوەى پەرلەمان بۆ ئەو مەبەستە پێویست نیە، کەواتە بۆ سوێند خواردنی کابینەی داهاتوو و بۆ دەرکردنی پرۆژە و یاسا و هەموارکردنەوەى سەرۆکایەتی هەرێمیش قبوڵ نیە، بۆیە ئێستا کوردستان بەسەر دووبەرەی روون و ئاشکرا دابەشبووە، یەکەم بەڵێ و دووهەم نەخێرە، دیارە 25ی 9 ئەمساڵ ئەو پرسە بەسودی یەک لەبەرەکان یەکلایی دەبێتەوە.
بارزانی دەستی بردووە بۆ یارییەکی ترسناک، چونکە چواردەوری هەرێم هیچ کامیان دۆستی تاسەر نین و بەرژەوەندی رۆژ لەگەڵ کوردستان و سەرکردە سیاسییەکانی لەسەر یەک مێز کۆی کردوونەتەوە، ئێران و تورکیا و سوریا و عێراق، سێ دەوڵەتیان کورد لەسەر خاکەکەى رێژەیەکی زۆر پێکدەهێنێت، بەروونی و ئاشکراش هەرچواریان پەیامی خۆیان لەسەر ئەو ریفراندۆمە دەربڕیووە و رازی نین کورد لەعێراق جیابێتەوە، کەواتە بارزانی نیشانەى پێکا دەبێت برسێتی لەپێناو دەوڵەت قبوڵ بکەین.
دەبێت لێرەدا چەند پرسیارێک ئاراستەى کاک مەسعود بکرێت، کەباس لەبرسێتی دەکات، کێ لەخانەوادەکەی برسی بووە لەم چەند ساڵەى قەیرانی دارایی هەیە، کامەیان کرێچییە و چەند مانگە کرێی خانووی نەداوە، ئەدی کامەیان منداڵەکەى لەبەر بێ کارەبایی چۆتە شەرای مەرگ بەم هاوینە، ئەى کام لەئەندامانی بنەماڵەکەى کارەبا و ئاو و مووچەیان نیە. زۆرن ئەو پێداویستییانەى چینی خوارەوە بەئاواتی دەخوازێ و چینی سەرەوەش بۆی فەراهەم کراوە.
نازانم بۆ کەباسی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی دێتە ئاراوە، من پێکەنین دەمگرێت، ئاخر ئێمەیەکی کەنگەر ئاسا ئەوەندە دەستمان کورتە، بەگرتنەوەى ئاوی زێی بچووک بۆ دوو رۆژ چ هاوارێکمان لێ هەستا، کامە شاری کوردستانە کارەبای بەردەوامی هەیە، ئاوی پێویست بەسەر دانیشتوانەکەى دابەشدەکرێت، رەنگە دروستکردنی دەوڵەت بەدروستکردنی ڤێلا و مۆڵ و یەکەى نیشتەجێبوون تێگەیشتبین و نەمانزانی بێت.
تەوەری سەرەکی ئەم بابەتەم لێرەدا چڕ دەکەمەوە، منیش بەسەرۆکی هەرێمی نەزانم، بارزانی موعتەریفی نێودەوڵەتییە لەو مەسەلەیەدا و وەک سەرۆک مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، دەپرسم کامە سەرۆکی وڵات هەیە بۆ سێ ساڵ دەچێت یەکێک لەشارەکانی ویلایەتەکەى نەبینیبێت، بۆ سێ ساڵە بارزانی نەهاتۆتە سلێمانی، ئایا سلێمانی شارێکی جیاوازە لەشارەکانی دیکەى هەرێمی کوردستان، وڵات هەیە 20 شار زیاتری هەیە، سەرۆکەکەى بەهەمووی رادەگات، سەرۆکەکەى ئێمەش پایتەختی رۆشنبیری سێ ساڵە فەرامۆش کردووە بەبێ ئەوەى بزانرێت هۆکارەکەى چییە.
کەواتە کەى جەنابی بارزانی هاتە سلێمانی و ئەم شارە نازدارەى بەشارێکی هەرێم ئەژمارکرد، ئەوکاتە منیش دەڵێم بەڵێ بۆ سەربەخۆیی بەڵێ بۆ ریفراندۆم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت