لاوک کونجرینی: چ درۆیەکی زلە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بێت، لەکاتێکدا لەشکری تورک لە ماڵدا بێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

1- دڵشاد شەعبان دەڵێت: یەکێتی منافیقترین حیزبی کوردییە.

2- لە کۆتایی 2008 دا، بەرزانی بە وەفدی یەکێتی دەڵێت: پێویستە لێمان تێبگەن، ئێمە ئەو چواردە بنکە سەربازییەی تورکیامان بۆ ئەوە نەهێشتۆتەوە، تا پارتی لەهەرێمدا کەس گوێی لێنەگرێت.

3- ئایا لەناو یەکێتی دا هێڵی پارتیی هەیە، یاخوو گەمەیە، لەنێوان بەرێکردنی ڕەوش و ، نەدانی کارت بەدەستی پارتی، تا هێزی داگیرکەر لەهەر چوارلاوە نەجوڵێنرێت.

ئەم پرۆسەی سەربەخۆییە، جگە لەوەی وەک کەشتییەک بەڕووبارێک خوێنەدا تێپەڕ بووە،   هۆکارەکانی چییە، لە کاتی ئەنجامدانیدا، دەبینین ململانییە سیاسییەکانی گەیاندۆتە ئاستی لەباربردنی؟.

ئایا پارتی بڕیاردەریی ئەم پرۆسەیەیەو، هەرخۆشی لەپێناو بەرژەوەندییە حیزبییەکانیدا هێناویەتییە سەر شانۆی نیشتمان و، بە پیلانێک دەخوازێت  لەجێگادا لەباریی ببات؟. یان هێزە سیاسیەکانی تر بەرئەنجامی خەباتیان پێچەوانەی دروشم و بەرنامەیانە، لەئێستادا دەخوازن ڕاستی دەیان ساڵەی خەباتیان، بەلەباربردنی پرۆسەی سەربەخۆ دیاریی بکەن؟.

پرسیارگەل زۆرە، بەڵام تێنەگەیشتن زۆرجار پرسیارەکان لە جێگادا دەخەوێنێت و بەبێ وەڵام دەیهێڵێتەوە. پرۆسەی ئەمجارەمان ( واتا پرۆسەی ڕیفراندۆم ) دەیان پرسیار بەدوای خۆیدا دەهێنێت. بەڵام ململانییەکان، کۆی وەڵامەکان دەخاتە دوو ئاستەوە: ئاستێک پارتی فارگۆنەکەی تیا لێدەخوڕێت و، ئاستێکی تر هێزەکانی تر. بەڵام بەرئەنجام لە نێوان موزایدەی سیاسی و نەخشەی ترسناک بۆ لەباربردنی ئەم پرۆسەیە بۆ هەتا هەتایە، نەک بۆ سەرکەوتن. چۆن؟

ئەنجامی تێگەیشتن و تێڕمانی نێوان هێزەکان بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی و داوەرییەک لە ڕاستی و دروستی نێتی هێزەکان، دەبێت بزانین ئەم پرۆسەیە کاریی جدیی بۆ دەکرێت یان وەک نمایشێکی سیاسی حیزبەکان، بازاڕیی دروشمەکانی بۆ دەخەنە سەرپشت. کەواتە دەبێت لە سەرەتادا بزانین ڕیفراندۆم چۆن ئامادەیی بۆ دەکرێت:

1- دەبێت ئامادەسازیی تەواو لە ڕووی دیبلۆماسی و سیاسییەوە بۆ کرا بێت، لەئەنجامی ئەو ئەرکەدا، زیاتر لە نیوەی ڕێژەی دەوڵەتانی جیهان، هاتبنە سەر ئەو باوەڕەی، کە ئەوان پاڵپشتی سەربەخۆیی کوردستان دەبن و کارەکان دەچنە بواریی جێبەجێکردنەوەو، هەم کورد و هەم ئەو وڵاتانەی  پاڵپشتی دەکەن، دیبلۆماسییەتیان دەخەنە ئاستی دەوڵەتەوە، لەگەڵ کورد.

2- چەمکی خۆ قایمکردنی ناوخۆ لە ڕووی یەکڕیزی ماڵی کورد و ئامادەباشی هێزیی سەربازی و دارایی، ئینجا  لەڕێی بەگەرخستنی کۆی مێدیاکان و دەیان کۆڕو سیمنار و پێکهێنانی  سەدان گروپی شارەزاو لێکۆڵەر بۆ گەڕان بە خوێندنگاو مزگەوت و کوچەوکۆڵانەکان، تا ئاستی هۆشیاری تاکی کورد بگەیەننە بەرئەنجامێک، لەنێوان مردن و ژیاندا، یان سەرکەوتن و لەباربردنی پرۆسەکە، هەنگاو هەڵبگرن. بۆئەوەی لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی و بەرەنگاریی گەمارۆی ئابووریی دەوڵەتە سەردەستەکان. پەشیمانمان نەکەنەوە لە ئەنجام و کردەکەی.

نەبوونی ئەم دووخاڵەی سەرەوە بەرچاوڕوونی یە، کە هەرێمی کوردستان لەئامادەباشی ئەم پرۆسەدا نییە. بەدیوەکەی تردا دەچێتە ئاستێکەوە دەبێت ڕەچاویی مامەڵەی سیاسی و، پیلانێکی کوشندەو، بەرئەنجامێکی ترسناک بکەین. بۆیە باوەڕبوون بە هەڵبڕینی دروشمی وا زەق، بەبێ ئامادەکردنی ئاڵەکانی پێداویستی ئەم پرۆسەیە. دەچێتە خانەی نەزانی و گەمژەیی و ناپاکی.

پارتی لە ئێستادا خاوەنی جوڵاندنی ئەم پرۆسەیەیەو، یەکێتیش پێش 40ساڵ زیاتر، بەخەبات و ستراتیژییەوە بەستۆتەوە. هەرچی گۆڕانە وەک چۆن یەکێتی خاوەندارێتی دروشمە ستراتیژیەکەیەتی، ئەوهاش ئەوانیش خاوەندرییەتی ئەم دروشم و ستراتیژییەیان بەردەکەوێت. ئەم پرۆسەیە، لەئێستا بۆتە پرسی ملشکاندنی هێزێک بۆ هێزەکانی تر، وەک ئەوەی پرۆسەکە هەڵگری بەسەماتی خۆی بێت و ئاراستەکان بە ئامانجێکی بگەیەنێت تا هەڵگری ناو و ناوەڕۆک و لەئاستی کۆی قوربانییەکانی ئەم پرۆسەدابێت.

پرۆسەی ڕیفراندۆم لەهەرێمی کوردستان، بەهۆی ململانییە نا یاسایی و فۆڕمەڵە حیزبی و کەڵفامی نەتەوەییەوە، گەیشتۆتە ئاستێک، بەڕاست و چەپدا بالۆرەی سیاسی دروستبکات و، هەر لایەنێک هەڵگری ئەم پرۆسەیە بێت، ئەوەی تر بەهانەی بۆ بهێنێتەوە، دەستی دەستی تێدەکەوێت. کەواتە پڕۆسەی سەربەخۆیی بە شیویی لەباربراودا تێدەپەڕێت، نەک لانەی پێگرتندا. لێرەوە کۆی پرۆسەکە دەبێتە ململانێی بەرزو نزم و گلاندنی هێزێک لەلایەن هێزێکی ترەوە.

ئەم شانۆگەرییە سیاسیەی ئەمڕۆی کوردستان، بە دەرهێنەر و ئیدارەدانیەوە کەوتۆتە دەستی پارتی، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاریی کەڵەگایی سیاسی و دارایی و ناوچەیی و ئینجا فۆڕمی کۆمەڵایەتی. حیزبەکانی تریش جگە لەوەی کەوتوونەتە بەرەیەکی بەرەنگاریی یاسایی و سیاسی و نەتەوەیی. گەرچی پارتی بە هۆکاریی پاشخانێکی گوماناویی وەک 31 ئاب و فرۆشتنی شەنگال و سووربوونی لەسەر ئەوەی دەبێت هێزی داگیرکەریی توک 14 بنکەی سەربازیی لەهەرێمدا بمێنێتەوەو، بەم حاڵەشەوە چەمکی ڕیفراندۆمیشی گرتووە بەدەستەوە. ئەم گومان و واوەیلا سیاسییەی کە بوونی هەیە بەرامبەر چەمکی پرۆسەی ڕیفراندۆم بەدەست پارتییەوە، لە خۆڕا نەهاتووە، پاشهاتێکی هەیە.

پارتی باش دەزانێت، دەستی دەستی یەکێتی بەپارتی و جارجارە شلکردنی ڕەشمە سیاسییەکە بۆی و دواتر لە شوێنێکی ترەوە بەگیریی دەکات، بە وازییەکی ناجۆری دەزانێت تا کار بگاتە ئەوەی ئەندام پەڕلەمانێکی بە زمانێکی نەگونجاو بەیەکێتی بڵێت: مونافیق و بە پاڵپشتی بەردەوامی  بوونی بزوتنەوەی گۆڕانی دەزانێت، تا زیاتر شێلگیرانە سوور ببن لەسەر دروشمەکانیان و، لەو رێیەوە کۆی شەقامی پارتی تێکو پێک بدات، وەک تێکوپێکی داوە.

کەواتە بەردەوامی ئەم ڕەوشە بە سوودی پارتی ناکشێتەوە، گەر سنوقەکان لەداهاتوودا براوە لە هەرێمدا دەستنیشان بکەن.

وەک لەسەرچاوەیەکی گرنگەوە دەستم کەوتووە، بزوتنەوەی گۆڕان لەچاو چوار ساڵی رابردوودا، هێزی شەقامی ڕێکخراوەیی دوو هێندەو نیو زیادی کردووەو، پارتی و یەکێتیش، شەقامەکەیان لە داخزانێکی بەرچاودایە تا ئاستی خراپ بۆیان.

ئەم ڕەوشە سیاسییەی هەرێمی کوردستان پێمان دەڵێت: لاوازکردنی یەکێتی، بەهێزکردنی پارتییە، گەر یەکێتی لە هاوکێشەکەدا بوونی نەبێت، پارتی زۆر بەئاسانی کۆی بنکەو بارەگاکانی گۆران لە هەرێم پەلاماردەدار و کەسایەتییەکانی بەهەمان ڕتمی بەعس، لەناو دەبات. کەواتە بوونی یەکێتی، ڕاگرتنی بڵانسی هێز و بەرەنگاریی لاساییەکانی پارتییە. بەدیوەکەی تردا لە غیابی یەکێتی، گۆران دەبێت بەرنامەی بگۆڕێت و هێزی سەربازی خۆی هەبێت، بۆ ئەوەی بەرەنگاریی بوونی خۆی بکات لە هەرێم.

ئێستا پارتی سەرچۆپی سەربەخۆی گرتووەو لەو لاشەوە 14 بنکەی سەربازیی تورک لەباوەش دەگرێت و، لە لایەکی ترەوە بۆ داهاتووی عێراق لەگەڵ گروپ و حیزبە ناسوێنالە توند ڕەو و فاشستەکانی عەرەب هاوپەیمانی دەبەستێت. ئەم تێکەڵە پێمان دەڵێت: ئەم پرۆسەی ریفراندۆمە هی پارتی نییە، بەڵکوو هی تورکیایە و، لەبەردەمماندا خیانەتێکی تری مەدرەسەی بەرزانی بەرێوەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت