عوسمان عومەر: چ ئاماژەیەکى دبلۆماسیانە دراوەتە پاشاى سعودیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دبلۆماسیەت لە ووشەى Diploma وەرگیراوە، بەماناى بەڵگەى فەرمى و، لەبنەرەت دا ووشەیەکى یۆنانیە، کە سیستەم و هۆکارەکانى گەیاندن لەنێوان ئەندامان و کۆمەڵگایەکى نێودەوڵەتى دەگەیەنێ. هەروەها هۆیەکیشە بۆ گفتوگۆ لە نێوان گەلان دا.
زۆرجار گەلان یا نەتەوەکان هونەریى گفتوگۆیان بەکار نەهێناوە بۆ چارەسەریى کێشە نێودەوڵەتیەکان. لاى ڕۆمانەکۆنەکان نوێنەرە دیپلۆماتکارەکان بۆ کاریى تایبەت بەکار هێنراون، بەڵام دواتر بۆیان دەرکەوتووە لە زۆرێک لە ووڵاتان پێویستیان بەنوێنەرى هەمیشەیی هەیە. یەکمجاریش باڵوێزخانە لە ئیتالیا لەسەدەى سیانزەهەم و چواردەهەم سەرى هەڵداوە و بەخانەى سیخورى ناودەبرا. بەپێى هەندێ سەرچاوەى مێژوویی کاردینالى فەرەنسى ریتشلیۆ سیستەمى نوێنەرى هەمیشەیی بەکارهیناوە لەسەردەى چواردەهەم نامەوێ زۆر بچمە قوڵایی ئەو بابەتەوە و باسى دبلۆماسیەت و ئەرکەکانى دبلۆماتکارو حەسانەى دبلۆماسى بکەم، بەلام لێرەدا نمونەیەک لە ئاماژەکانى دبلۆماسیەت دەخەمە ڕوو کەباڵوێزى بەڕیتانی شیرارد کوپەرکولز لە سعودیە لە بیرەوەریەکانى بەناونیشانى ئێڤەر ذه دپلۆمات تۆمارى کردووە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1998.
کاتێ شا عەبدوڵلاى سعودیە لەسەر بانگهێشتنى شاژنى بەڕیتانیا دەعوەت کرا بوو بۆ کۆشکى پاڵمۆرال، کە یەکێکە لەهەرێمەکانى ئەپەردنشیرى سکۆتلەندى. دواى گفتوگۆ دبلۆماسیەکان و نانخواردن لەسەر پێشنیارى وەزیرى دەرەوە کە گەشتێک بۆ شاى سعودیە بە سکۆتلەندادا ساز بکەن. سەرەتا پادشاى سعودیە زۆر دوو دڵ و لەدڵەراوکێ دا بوو بۆ ڕازیی بوون نیشان دان. بەڵام لە ناکاویکا لاندرۆڤەرى پاشایەتى لەبەردەم شوێنەکە وەستاو وەک عورفى دبلۆماسى فەرمویان لێکرد و لە کوشنى پێشەوە تەنیشت شۆفێر سەریان خست و وەرگێڕە تایبتەکەى لەکوشنى دواوە سەرکەوت و چاوەڕوانى شۆفێرەکە بوون. ئەوەى سەیر بوو شاژنى بەڕیتانیا خۆى شۆفێرەکە بوو ئۆتۆمبیلەکەى خستە گەروو جولاندى بەرەو گەشتەکە.
زۆرجار خیرایی ئۆتۆمبیلەکەى زیاد دەکرد لە رێگە پێچاوپێچەکان چونکە لەکاتى ئاژوتنى لاندرۆڤەرەکە قسەشى بۆ دەکرد، بۆیە پادشاى سعودیە ناچار بوو لەڕێگەى وەرگێرەکەیەوە بە شاژن بڵێت: خیراییەکەت کەمکەرەوەو ئاگات لە رێگاکە بێ. ئەوەى زیاتر باریى دەرونى پادشاى سعودیەى ئالؤز کرد ئەوەبوو، کە ژنێک ئۆتۆمبیلەکەى بۆ لیخۆڕێت ئەوان لەسەرى ڕانەهاتوون, ئەوکارەى شاژن بێ ئەوەى بەقسە بەشاى سعودیە بڵێت: ئێوە ئاژوتنى ئۆتۆمبیلتان لە ژن قەدەغە کردووەو، نەیویست ئەوەى لەکۆبونەوەکان دا ووتراوە دوبارە بکاتەوە.
بۆ زانیارى خوێنەرانى بەڕێز، شاژنى بەڕیتانیا یەکێک بووە لە شۆفێرە ژنەکان لە سوپاى بەڕیتانیادا لەسەردەمى جەنگ. لەکۆتایی دەگەینە ئەوەى تۆنى دەنگ و شێوازى دەربڕین و قسە کردن و روخسار, زمانى جەستە, ئاماژە و تەنانەت شێوەى دانیشتن لەگەڵ کۆمەڵێک ئەتەکێتى تر لەکۆبونەوە دبلۆماسیەکان بنچینەى گرنگى ئەو کارەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت