ئەحمەد ڕەسوڵ: کارکردن لە پشتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەندێک هەن وا بارهێنراون یان خۆیان وا بارهێناوە کە ئازاد نەبن، هەر ڕۆژ خزمەتکاری حزبێکن، هەر رۆژ داکۆکی لە شەپۆلێک و ڕەوتێک دەکەن. وای پیشاندەدەن کە ئەوان بە دووی ڕاستیدا بوون و دۆزیویانەتەوە بۆیە حەقیقەتی ڕەها “هەڵبەت لە ڕوانگەی خۆیانەوە، یان دەیانەوێت وا دەربکەوێت کە باوەڕیان بەوەیە” لە نێو حزبەکە و پڕۆژەکەدا بەرجەستە دەکەن.
ئەمانە هیچ نین جگە لە ئینسانی لاواز و نائازاد. ئەمانە خەڵکێکن بە دووی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیانەوەن و بەڵام بۆ شاردنەوەی ئەم خۆبچوککردنەوەیە ئارگیومێنتی هەرە لاواز “هەڵبەت ئەگەر ڕاست بێت بڵێین ئارگیومێنت، چونکە لە زۆر دۆخدا و لە زۆرترین هەڵوێستدا بێئارگیومێنتن” و نوسین لە نزمترین ئاستدا وەک هەم وەڵامدانەوەیەکی سایکۆلۆژی و خودچەواشەکاریی بۆ ذاتی خۆیان و هەم بۆ وەڵامدانەوە بەوانی دی، بەکاردێنن. ئەمانە جۆریان زۆرە لە ڕۆژنامەنوس و کارمەندی میدیا پارەدارەکانەوە بیگرە تا مامۆستای زانکۆ و خوێندکاری خوێندنی باڵا”ماستەر ودکتۆرا”، لە نوسەرەوە ” کە بەهەر ڕێگایەک بێ دەستیان کەوتۆتە ژێر باری حزبەوە” تا ئەوانەی دەسەڵاتدارن یان دەسەڵاتدار بوون “پێشتر”. هەڵبەت ئەوانەش هەن کە بە ڕۆشنبیریەکی هەرە سادە و زمانێکی تێکشکاو و تەعبیرگەلی لاوازی شەرمئاوەرانەوە لە ڕێگای میدیای حزبەوە کراون بە دەنگ.
هەموو ئەمانە “ئەوانەی لەسەرەوە هێمایان بۆ کرا” لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، داکۆکی لە شەپۆلێک و پڕۆژەیەکی سیاسی دەکەن، کە بەر لە خوێنەران و گوێگران و بینەرانیان، خۆیان ئەو ڕاستیە باش دەزانن کە هەموو ئەوەی ئەوان ناوی دەنێن نوسین، ووتە، شرۆڤە، لێکدانەوە، گفتوگۆ و ئارگیومێنت نەک هەر توانای مانەوە و خۆڕاگرتنیان نیە و هێزی قەناعەتپێهێنانیان نیە بەڵکو هەر لە جێدا کەوتون.
تێکەڵەیەک لە بەرژەوەندی تایبەتی، عەقڵێکی کۆنزێرڤاتیڤ و ڕۆحێکی نائازاد و تەسلیمبوو، بە گشتی کاراکتەری ئەو کەسانەیە. هەڵبەت مرۆڤ ئازادە سەر بە چ پڕۆژەیەکی سیاسی و کۆمەلایەتیە، ئازادە خاوەن چ جۆرە ژیانێکی تایبەتی و چ جۆرە جیهانبینیەکە تا ئەو شوێنەی لە سنوری ژیانی خۆیدا دەمێنێیتەوە، بەڵام کێشەی گەورە لەوەدایە کە ئەم جۆرە کەسانە دەبنە دەنگ و فیگەر لە فەزای گشتیدا. کێشەکە لەوێدایە کە دەیانەوێت ئەو سایکۆلۆژیا تەسلیمبووە، ئەو ڕۆحە نائازاد، ئەو عەقڵە کۆنزێرڤاتیڤە و ئەو هوشیاریە سادە و ڕواڵەتگەرە وەک مۆدێلێک بۆ کۆمەڵگا پێشنیار بکەن و وەک ئایدیاڵێک کۆمەڵگا و گروپ و تاکەکانی “بەتایبەت گەنجانی” لەسەر ڕابهێنن. کێشەیەکی تر ئەوەیە ئەو جۆرە کەسانەی لەسەرەوە هێمایان بۆکرا، وەک نوسەری بێلایەن و چاودێری سیاسی بێلایەن و ڕەخنەگری سەربەخۆ و ئەکادیمیستی سەربەخۆ خۆیان دەردەخەن.
حزب لەو ڕاستیە تێگەیشتووە کە قورسە دۆزینەوەی کۆمەڵە ئینسانێک “وەک خوێنەر، گوێگر یان بینەر” لە نێو بەشە گەورە و زۆرەکەی کۆمەڵگا “هەڵبەت ئەو بەشە بچوکەی کە هێشتا حزبیە و لایەنگر و دەنگدەر و هەوادارە یان لە سۆنگەی پابەندیی بە بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوەیە یان بە هۆکاری ساویلکەیی و ئاست نزمیەوەیە” باوەڕ بەو حیکایەتە سواو و هەزاران بارە و بێمانایانە بکات کە حزب لە ڕیگای دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی خۆیەوە دەیەوێت هەژمون بکاتەوە بەسەر تاکە تاکەی کۆمەڵگاوە، بۆیە بەکارهێنانی ئەو جۆرە کەسانەی لە سەرەوە ئاماژەیان بۆ کرا ئومێدێکی بچوک و لاوازیش بێت بۆ حزب بە مەبەستی کاریگەریی دانان لەسەر خەڵک و بە تایبەت گەنجان و نەوەی نوێ، ئامادەیە بە هەر نرخێک بووە پەنای بۆ بەرێت و هەوڵبدات بۆ بەکارهێنانی ئەو کەسانە “گوایا کە سەربەخۆ و بێلایەنن” بۆ ڕەوایەتیدان بە سیاسەت و پرۆژەکانی خۆی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت