لوقمان مستەفا: ڕیفراندۆم لەبەردەم بە حیزبی کردن و شەخسەنە کردندا.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەتا دێ پارتی دیموکراتی کوردستان گومانی بەحیزبیکردنی ڕیفراندۆم لای هاوڵاتیان زیاتر دەکات، لە کاتێکی واهەستیارداو کە لەسەروبەندی بەڕێوەچونی ڕیفراندۆمداین، لەبری ئەوەی لەدووروونێزیکەوە بیری تەسکی حیزبایەتی تێکيڵ بەو پرسە نیشتیمانیە گرنگە نەکرێت، کەچی نەک هەرواخەریکە بە حیزبی دەکرێت، بەڵکو ئاماژەکان وامان پێ دەڵێن واخەریکە بە شەخسەنەش دەکرێت.! دانانی وێنەی جەنابی کاک مسعود لە شوێنەگشتیەکاندا و پاشان لەژێر فشارێکی زۆردا دەستیان کرد بەلادانی ئەو وێنە نایاساییانە، ئەو کردەوانە ئەوەی پێشانی ئێمەو نەیارانی پارتیدا و پشتڕاستی کردەوە کە ڕیفراندۆم موڵکی تاکە حیزبێکە و سەروەری و سەرکەوتنی ئەو پرسە نیشتیمانیە تە نها لەیەک حیزب و یەک بنەماڵەو یەک کەسدا قەتیس دەکەن کە پێشتر کۆی کورسیەکانی ئەو حیزبە لە هەڵبژاردنی پێشودا تەنها ٣٨% بووە.!!
ئاخر گەلۆ پێشتریش هات و هاوارمان بوو دانانی وێنەی سەرکردەو کەسایەتیە سیاسیەکان لە دام و دەزگاو شوێنە گشتیکاندا، کەی مانای دەستاو دەست کردنی دەسەڵاتە!!، دەمان ووت ئەم دیاردەیە لەگەڵ ئەوەی پێجەوانەی یاساو پرۆژە دەستوری هەرێمی کوردستانە، لەهەمان کاتدا ناکۆکیشە لەگەڵ سیستەمی بەرێوەبردنی ووڵاتێک کە دەم لە دیموکراسیەوە بکوتێت.! ئەم ڕەفتارانەی هەڤاڵانی پارتی ناکۆکە لەگەڵ درووشمی بریق و باقی حیزبەکەیان کەهەڵگری درووشمی دیموکراسیە.! خوازیارین کە جەنابی کاک مسعود بەرزانی ئاگاداری ئەم ناحەقیەنە بێت کە حیزبەکەی دەرحەقی دەیکەن.
مایکڵ ڕۆبن.. لە ووتارێکیدا ئاماژە بە ئەزموونی باشووری کوردستان دەکات و دەڵێت: کوردەکانی عێراق دوای رووخانی سەدام نەیانتوانی گرەوی ئازادی ببەنەوە؛ ئەوان زۆر بە سانایی وێنەی دیکتاتۆری عێراقیان لابرد و وێنەی یەکێکی خۆیانیان لە جێی دانا. نووسەری وتارەکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە “پێویست ناکات کوردانی تورکیا و سووریا ئەو ئەزموونە دووپات بکەنەوە و دەبێ بزانن کە وێنەی دیکتاتۆرەکان لە باتی ئەوەی جێگۆڕکێیان پێ بکرێت دەکرێ وەلا بنرێن.
ئەوەی ئاشکراشە لای هەموان و پشتڕاستکردنەوەی قسەکەی (مایکل ڕۆبن)ە چونکە تەنها لە ووڵاتانی سیستەمی دیکتاتۆری گرنگی یەکی زۆر بە وێنەی دیکتاتۆر ئەدرێت، نەك ووڵاتانی دیموکراتخواز.
هەرچەندە سەرکردە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەموو بۆنەکاندا قسەو باس لە پێشکەوتن و دادپەروەری و دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا دەکەن و لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا باس لە دەستاودەست کردنی دەسەڵات دەکەن، بە شێوەی ئاشتیانەو لەرێی سندوقەکانی دەنگدانەوە، بەڵام لە ئەرزی واقعیدا دوورە لە ڕاستیەوەو مەخابن پێچەوانەکەی راستە.
ئەمە حەقیقەتی زۆربەی ئەو سەرۆکانەیە وا ساڵی جارێک بە ناچاری لە بۆنە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانداو یان چوارساڵ جارێک لەکاتی هەڵبژاردنەکاندا لە پاڵ وێنە زەبەلاحەکانیانەوە دەردەکەون و بە شان و باڵی گەل و نەتەوەدا هەڵدەدەن شاباشی خۆیان دەکەن.!
ئەمە ئازایەتی و میهرەبانی و ویژدانی زۆربەی ئەو سەرۆک و سەرکردانەیە کە راستەو خۆ لە شاشەی کەناڵە ئاسمانیەکانەوە دەبنە فریاد رەس و کۆتری سپی ئاشتی، باس لە گۆرینی سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن و چاکسازی بۆتە بنێشتە خۆشەی بن زمانیان، کەچی بۆ تەنها جارێکیش بیرناکانەوە و بڵێن ئێمە باس لە دیموکراسی دەکەین ئادەی ئەو وێنانە داگرن، چونکە خۆ ئاشکرایە لە دیموکراسیەتدا هەڵواسینی وێنەی سەرکردە بەشێوەی خۆسەپێن جێگای نابێتەوە.!! ئیترچۆن ئامادەیی ئەوەیان تێدایە کورسی دەسەڵات لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا جێبهێڵن و را دەستی کەسانیتری بکەن کە میللەت لەهەڵبژاردنی ئایندەدا هەڵیان دەبژێرێت .!!
هەمیشە دیکتاتۆرە چەقبەستووەکان، لەپێناوی پاوان و قۆرخ کردنی دەسەڵات و بەئەبەدی کردنی تەمەنی هەتا هەتایی حکوومەتی رەها و بێ‎سنووری خۆیاندا سیاسەتیان بەرەو هەڵدێر بردووە، هەمیشە بۆ رەخساندنی بارودۆخی چەقبەستوو هەوڵیان داوه ‌و بەردەوام بن لە چەقپەروەری، هەر کاتێک بە پێویستیان زانیبێ هەموو سنوورێکی یاساییان بەزاندووەو، پێشێل کردنی مافەکانی ومرۆڤیان کردووە. کە تەمەنادەکەین هەرێمی کوردستان بە دووربێت لەم جۆرە سیستەمانە بەدوور بێت لەو بیرکردنەوە تاکڕەوانەیەو ناواقعیە.
بەداخەوە بۆیە وادەڵێین چونکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرینەی سەرۆک و سەرکردەکان ماسکدارن ، ئەوان خۆیان دەرهێنەرو سیناریستزان و کاراکتەرێکی بەتواناو بەسەلیقەی شانۆ گەریەکانن، ئەگەر پێیان بکرێت وێنەیان وەکو جەنگاوەرێک یاخود پەیامبەرێک لەسنگی هەموو تاکێکی ئەم میللەتە ستەمدیدە دەدەن، خۆیان واپێشان دەدەن هەموو ژیانیان لە پێناو بەرگریکردن لە میللەت و خاک و نەتەوە بەخت کردبێت، خۆیان وا پێشان بە کۆمەڵانی خەڵکی بەستە زمان دەدەن کە تەنها ئەوان پارێزگاری لە کوردو خاکی کوردستان دەکەن، بە شێوەیەکی وا باسی ژیاننامەی خۆیان دەکەن، دادپەوەر، دیمۆکرات، راستگۆ، پاڵەوان، بیرمەند، بەخشندە، خاوەن مۆڕاڵ، بە شێوەیەک خۆیان نمایش دەکەن، وەکو ئەوەی ئەگەر ئەوان نەبن، ئیتر ژیانیش لەو ووڵاتەدا دەوەستێت؟!
ئەمە ماهیەتی هەر دیکتاتۆرێکە لەئاست ئەم واقیعە نوێیەی دونیادا کە خەڵک بە گێل ونەفام دەزانن، لەکاتێکدا تاکی کورد زۆر لەوە هۆشیارترە و باشتر ئەو راستییە دەزانن، سەردەمی هەڵواسینی وێنە و پەیکەری وەهمی وبێبنەما و…هتد نەماوە.!
زۆر لە مێژنیە وهەر ماوەی چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بوو زۆرێک لە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانمان بینی کە بۆ نموونە، دەستەڵاتی شای ئێرانمان بینی کە چی بە سەر هات.. سەرۆکی ڕۆمانیامان بینی کە چۆن هەڵیانواسی و کردیان بە دارا.. سەرۆکی عێراقمان بینی لە ژێر زەوی وەک جرج گرتیان و دەریانهێنا و لە قەفەزی دادگاییدا بینیمانەوە و دواتر لە سێدارە درا.. وە سەرۆکی تونسمان بینی کە چۆن لە ساتێکی زۆر کورتدا وڵاتی بەجێهێشت. سەرۆکی تونس، پشوی نەدا و هێور نەبوەوە. وە دوو مانگی نەخایاند سەرۆکی میسریش چووە پاڵی و لە ماوەی هەژدە ڕۆژدا کورسی و کۆشک و ماڵ و وڵاتی بەزۆر و زەبری شۆڕسی هاوڵاتیان. بە شٶڕشی ملیۆنەهای هەژارانی بێکار و بێ نان، کورسی دەستەڵاتی بەجێهێشت. پەیکەرەکانیان تیکشکێنراو وێنەکانیان سوتێنران.!!
دەبێت ئەو سەرکردە سیاسیانەی لەمەر خۆشمان بەئاگابێنەوە چیتر بیر لە دەسەڵاتی تاکرەوی نەکەنەوە، دەبێت هەمیشە مێژووی ئەو کەسایەتیانەیان لەپێش چاوبێت و پەندو وانەیان لێوە فێربن.!!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت