هەورامان عەلی: با لە یادیان نەکەین!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نادیە موراد ئەو کیژە ڕوو سورە ئێزیدیە تاک و تەرایانەیە لە کوشتاری 73 جاری ئێزیدیەکاندا، دوای لاقە و دەردەسەریەکی زۆر بە ڕێکەوت ڕزگاری بوو. ئەو بەچاوی فرمێسکاوی و قوڕگی پڕ گریانەوە، لە درێژەی گێرانەوەی چیرۆکە تراژیدیەکەیدا دەبێژێت:
تا ئەو ڕۆژە شومەش، ئێمە خەڵکی گوندی کۆجۆ، ژیانێکی ئاسایی و سادەمان هەبوو، سەرەڕای مەینەتیەکانی ڕۆژگار، دڵمان بە کار و ژیان و گوندەکەمان خۆش بوو.
لە 3 مانگی هەشتی ساڵی 2014 داعش پەلاماری ناوچەکەمانیان دا، ئەو گوندانەی توانیان و زوتر هەواڵەکەیان پێگەشت، ڕووە و چیایی شەنگال هەڵهاتن، ئێمە نەمان توانی. داعشەکان چواردەوری گوندەکەیان داین، پیاوەکان لە ڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندیان بە زۆر شوێنەوە کرد، داوای بە هاناوەچونیان کرد تا بتوانن هەڵبێن، بەداخەوە کەس نەهات بە هانامانەوە.
لەکاتی ڕەوەکا نزیکەی 3000 هاوڵاتی ئێزیدی تیاچوون. کە خەڵکەکە هەڵهات، ژمارەیەکی زۆری منداڵ و پیر و پەککەوتە جێمان کە داعشەکان ڕەشەکوژیان کردن. ئەمیرێکی داعش هاتە نێو گوند و ڕیش سپیانی گوندی کۆکردەوە و پێی ڕاگەیاندن تەنیا سێ ڕۆژ مۆڵەتتان هەیە ئاینی خۆتان بگۆڕن و ببنە موسوڵمان، دەنا هەموتان سەردەبڕین.
ڕۆژی دواتر سەدان داعش ڕژانە ناو گوند و خەڵکەکەیان بە زۆر لە قوتابخانەکەدا کۆکردەوە. لەوێ پێیان ڕاگەیاندین ئامانجی ئەوان سڕینەوەی هەموو ئێزیدیەکانە لەسەر ڕووی زەمین. هەر ئەو ڕۆژە هەموو سەروەت و سامانی گوندەکەیان تاڵان کرد، مۆبایل و شوناسنامە و گوارە و ملوانکە هەرچی پارەیەك هەمان بوو لێیان سەندین. پیاوەکانیان لێ جیاکردینەوە و بردیاننە دەرەوەی قوتابخانەکە. لە نێویاندا براکانی منیشی تێدابوو، پاشان هەر لەوێ گولەبارانیان کردن. بەشێك لە ژن و منداڵەکان لە پەنجەرەی قوتابخانەکەوە کوشتارەکەیان بینی. دواتر ئێمەیان گواستەوە بۆ گوندی سۆلاگ (سۆلاغ). لەوێش جارێکی تر جیایان کردینەوە بۆ سێ گروپ، ئەو کچ و کیژۆلانەی شویان نەکرد بوو لەگەڵ ئەو ژنانەی کە گەنج بوون، ئەو ژنانەی تەمەنیان لە سەروی ساڵەوە بوو، منداڵەکانیش بە جیا. ئەوڕۆژە 80 ژنی بەساڵاچویان لە گوندی سۆلاگ گولەباران کرد. دایکم لەنێو ئەو هەشتا ژنەدابوو. منداڵە کوڕەکانیشیان برد بۆ سەربازگەکانی خۆیان. ئێمە 150 ژن و کچ بووین تەمەنمان لە نێوان 9 بۆ 26 ساڵیدا بوو. شەو بە پاس گواستینیانەوە بۆ سەربازگەکانیان لە موسڵ. لەوێش سەدان کیژۆڵەی تری لێبوو. ئەوان نەیان دەویست بمان کوژن، چون دەیان ویست وەك کۆیلەی سێکس بەکارمان بهێنن. ویستم لە پەنجەرەیەکەوە هەڵبێم بەداخەوە پاسەوانەکان پێیان زانیم و دەستگیر کرامەوە. ئەوان جگە لەوەی لاقەیان کردین، دەیان فرۆشتین، بەکرێیان دەداین.

لێکۆلەرەوەی مەیدانی داود مراد الختاری ئاوا باسی چارەنوسی گوندەکەی نادیە دەکات. کلیک بکەرە سەر گوندی کۆجۆ

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت