بنار هیدایەت: یەکێتی کچی خۆی دەکات بەقوربانی کوڕی خەڵکی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمێژووی پارتایەتیی وڵاتان و بەتایبەت هەرێمی کوردستان، وام بیستووە و خوێندۆتەوە کەسانێک هەڵپەرست و قۆرخکاربن سزادەدرێن و لەکارەکانیان دووردەخرێنەوە، بۆ یەکەمجار ببیستم یەکێتی نیشتیمانی کوردستان سزای کەسێک دەدات راست و بێ رتووش قسە دەکات و نەیاری حزبەکەى دەناسێنێت.
ویستم لەسەر ئەم پرسە قسەیەکم نەبێت، چونکە من یەکێتی نیم تا یەکێتی هەر هەڵەیەکی کرد وەدەنگ بێم و بێژم ئیست، لێ خوێندمەوە لەیەکێک لەبڕگەکانی سزادانی شاناز ئیبراهیم دەڵێت: یەکڕیزی یەکێتی تێکداوە”. یەکڕیزی یەکێتی کاتێک تێکدەدرێت سیخوڕی و بردنە دەرەوەى زانیارییە گرنگەکان و ئاودیوکردنی سامانی یەکێتی بۆ خود دەبێت بەسزای دەرکردن کۆتایی بهێنرێت.
من زۆر جار وتارەکانی شاناز ئیبراهیم ئەحمەدم خوێندۆتەوە، ئەو قسەى دڵی خەڵک دەکات، قسەى دڵی جەماوەری یەکێتی کردووە، قسەی هاوڵاتییانی سەرشەقامی کردووە، دەکرا ئەویش وەک هەندێکی تر ببێت بە “بت” و نوتەق لەخۆی ببڕێت، بەڵام یەکێتی قسەکردن و ئازادی کادرەکانی بەتێکدانی یەکڕیزی بزانێت من قسەیەکم نیە.
سزادانی ئەم خاتوونەم بەم بەسەرهاتە هاتە پێشچاو، دەڵێن لەگوندێکی دوورە دەستی ئەم هەرێمە، چەند ماڵێک دەبن و کێشەیان لەنێوانیان نیە، یەکێک لەماڵەکان خۆی بەدەمڕاستی گوندەکە دەزانێت و دەبێت بۆ هەموو پرسەکان پرسی پێبکەن، رۆژێک کوڕی ماڵێکی گوندەکە یاری لەگەڵ کوڕی ماڵە کەڵەگاکە دەکات و لێی دەباتەوە، باوکی منداڵەکە لەبەر خاتری ماڵی دەستڕۆیشتوو بەزللە دەکەوێتە سەر کوڕەکەى کە بۆچی یارییەکەى بردۆتەوە.
جا یەکێتیش لەبەر راگرتنی دڵی پارتی و راگرتنی هاوپەیمانی، رۆژێک ئاڵا تاڵەبانی و رۆژێک لاهور و ئەوی رۆژێ وەسفییەى رەحمەتی و گۆران ئازادی سەرهەڵگرتوو و دوێنیش شانازی ئیبراهیم ئەحمەد سزا دەدات.
من هەرگیزاو هەرگیز کچی خۆم ناکەم بەقوربانی کوڕی خەڵکی، کوڕی خەڵک کێیە، پارتی و گۆڕان و ئیسلامییەکان کێن تا لەبەر دڵی ئەوان شانازییەکانی کادیرەکان زەوت بکات. یەکێتی کە بەپارتێکی دیموکراسی و فرە دەنگ و ڕەنگ ناسراوە ئەمە حاڵی بێت. دەبێت بەهەندێک حزب بلێێن ئەشهەدو دیموکراتیت.
کۆتایی ئەم قسانەم بەمە دەهێنم، ئەگەر سزادانی کادیرەکانتان مایەی یەکڕیزی نێوان یەکێتی بێت کەنیە، ئەوا خۆڵکردنە چاوی خۆتان و دواتر جەماوەرەکەتان، ئەگەر ئێستا کەسانێک دڵیان بەیەکێتییەکەى مام خۆشبێت ئەوا لەسایەى قسە و لێدوانەکانی ئەو کەسانەیە کە ئێوە سزایان دەدەن و سزاتان داون.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت