شەماڵ عادل سەلیم: (ئەکرادی) ئاغای مالکی؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەکرادی ئاغای مالکی، یان جاشی ئاغای مالکی، زاراوەیەکی یان بیدعەیەکی نوێی نێو بەشێک لە ڕاگەیاندنە حزبییەکانی هەرێمی کوردستان، دیارە ئەو زاراوەیە یان باشتر بڵێم ئەو تۆمەتە ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت کە باس لە گەندەڵی هەردوو حزبی ئۆلیگارشی ( پارتی دیموکرات و یەکێنی نیشتمانی ) دەکەن، ئەوجۆتە حزبەی کە لەماوەی 26 ساڵی حوکمیاندا، لە پرسە چارەنوسازەکاندا هەرێمی کوردستان دووچاریی شکست لەدوای شکست کردۆتەوەو، خەڵکی خێر لەخۆنەدیوی ئەو هەرێمە بێنازەیان دووچاری قەیران و بێ کارەبایی و بێ ئاویی و بێ مووچەیی و تەقەشوف و نابەرابەری لە هەموو بوارەکاندا کردووە.
لێرەدا نامەوێ باسی شکستی حزبە ئۆلیگارشییەکانی هەرێمی کوردستان بکەم، چونکە لای هەرهەموومان ڕوون و ئاشکرایە، بەڵکو دەمەوێ وەڵامێکی کورت و پوختی ئەو دۆڵەنگێوانە بدەمەوە کەماوەیەکە سەرقاڵی بەخشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندنی ئەو کەسانەن کە ڕاستییەکان وەک خۆیی و بەبێ ماکیاج دەردەخەن و ڕاستەوخۆ و ڕاستگۆیانە پەنجەیان لەسەر هۆکاریی کێشەکان و بەلاڕێدابردنان دادەنێن، هەربۆیە بە( جاش و ئەکرادی مالکی ) ناوزەدیان دەکەن.
لێرەدا دەمەوێ زۆر ڕشکاوانە بەو دۆڵەنگێوانە بڵێم: ئەوەی ماڵی لەشووشەبێت واباشترە بەرد لەخەڵک نەگرێت، خۆ هەردوێنێ بەچاوەکانی خۆتان بینیتان کە چۆن شاندەکەی بەغدای ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، کە پێکهاتبوون لە بەرێزان (رۆژ نووری شاوەیس، دکتۆر فوئاد حوسێن، سەعدی پیرە، محەممەد ئەحمەد، ماجید عوسمان، رۆمیۆ هەکاری و ڤیان دەخیل)، بینیتان چۆن دەست لەناودەستی نەیارە سەرسەختەکەیان ئاغای مالکی دانابوو، هەروەک ئەوەی نەبایان دیبێت نەباران.
لێرەدا لەو دۆڵەنگێوانە دەپرسم و دەڵێم: ئایا کێ بوون ئەوانەی دەیانگووت، ئاغای مالکی سەدام ئاسا خەریکی قڕکردن و برسی کردنی کوردستانیانە؟ کێ بوو دەیگووت ئەو دۆخە شلۆقەی ئێستای هەرێمی بەتەمای خودای تێدایە ئۆباڵی لە گەردنی مالکی و ئەکرادەکانییەتی؟ کێ بوون ئەوانەی دەیانگووت هه‌رلایه‌نێک دەست لەناودەستی مالکی دابنێت: جاشە، بەکرێگیراوە، ناپاکە، ڕووخاوە، بێگانە پەرستە، عیراقچییە؟ ئەرێ بەراست کێ بوو دەیگووت، ئاغای مالکی قوتی خەلکی هەرێمی بەتەمای خودای بەناهەق بڕیووە و کێشەکانی نێوان بەغداو هەرێمی قووڵترکردۆتەوە، بۆیە دەبێ دادگایی بکرێت و سزا بدرێت؟ کێ بوون ئەوانەی دەیانگووت بەغدا گرنگی نەماوە بۆ مانەوەی کورد تێیدا، بۆیە دەبێت کورد لە بەغدای ئاغای مالکی بکشێتەوە؟ کێ بوون ئەوانەی دەهۆڵیان دەکوتی و دەیانگووت ئاغای مالکی و حزبەکەی و ئەکرادەکانی بۆسەر بەرژەوەندی کورد و کوردستان گەورەترین مەترسینە؟
ئەرێ ئەو هەموو تاوان و تاوانکارییەی ئاغای مالکی و ئەکرادو و جاشەکانی تان چۆن وا زوو لەیاد کرد؟ لەوەش گەرێن، ئەی کاتی بەدیداریی ئاغای  ئەبو ئیسرا گەیشتن و دەست لەناودەست هەنگاوتان دەنا، چیتان پێ گووت، چیتان پێ ڕاگەیاند، بەچی پێدەکەنین؟ ئایا لەم زوانە لەهەولێری پایتەخت و هەروەک جاران فەرشی سوری بۆ ڕاناخەن؟
مەخابن، ئەو سەرکردانەی هەرێمی کوردستان، چەندە بێ کەسایەتی و بێ زاکرە و بێ پرەنسیپ و بێ موڕاڵن.
ئاخ، ئەو خەڵکە بێ نازو خێرلەخۆنەدیوەی هەرێمی بەتەمای خودا چەندە بێ کەس و بێ خاوەن و بێ پشت و پەنایە.
ئاخ، ئەو خەڵکەی ئەو هەرێمە خێر لەخۆنەدیوە چۆن بەدەستی ئەم بازرگانە سیاسیانە گیریان خواردوە.
لەکۆتایدا هەر ئەوەندە ماوە بڵێم:
سەرکردەکانی هەرێمی بەتەمای خودا، ئێوە نەک تەنها ماڵتان لەشووشە نییە، بەڵکو ماڵتان لەتەنەکەش نییە، بۆیە واباشترە بەرد لە خەڵک نەگرن و بەناهەق بە ( جاش و ئەکرادی مالکی ) تاوانباریان نەکەن، چونکە جارێکی دیکەش سەلماندتان کە کێ ( جاش و ئەکرادی ئاغای مالکییە )؟
بەڵێ، سەلماندتان کێن ئەوانەی نەک تەنها لەسەر دوو پەت، بەڵکو چەندین پەت مەیموون ئاسا یاری دەکەن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت