نەبەز جەلال: ئێمە چاوەڕوانی چین؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ساڵانێکە خەڵکی کوردستان بە ساتە خۆشەکانیشیانەوە لە ژیانی بەرکەوتە و بۆماوەی دۆخی دروستبوی ئازادی ئێراق لە بەدەست خستن و وەگەڕخستنی دەستکەوتی مادی بۆ دروستکردنی خۆشگوزەرانی هاوڵاتیانی ناوچەکە لە نێو فۆرمی دەسەڵاتی ئێراقی نوێدا بۆ دروست بونەوە و گەشەپێدانی هاونیشتیمانیانی لە ژێر یاسا و سیستمی حوکمی نوێی دیموکراتی و دەوڵەتێکی ئازادا بەناوی نوێبونەوە و دەربازبون لە زوڵمی دیکتاتۆری ڕژێمی رەفتار فاشیستی ڕابوردوو.
خۆ بەڕێوەبەریی هەرێمی کوردستان، بەناو چاک سواری و دادپەروەریەکانی هەرێمی کوردستان، بوبونە نمونە گەلێکی بەرچاو لەشێوازی کارگێڕی و دەسەڵاتی سیاسی بەڕێوەبردن، لەنێوان گەلی کورد و ئارەبی ئێراقیدا. هەوڵی گواستەنەوەی ئەزمونی کارەکانی هەرێم بۆ ناوەند بەزووی پوچەڵ بوونەوە و خەیاڵی پف پیاهەڵدراوی خۆبە شت زانیینەکەمان پوچەڵ کرایەوە، هەموان لەو بەد حاڵیبونە دەربازمان بوو, کە بوبونە هەڵەی تێگەیشتن لە سیستەمی حوکمی بەڕێوەبردندا بۆ هەرێمی کوردستان. وەدەست خستنی چانسی ئاوەز و ئەزمونی شاخی خۆسەپێن ، بەهۆکاری رەواێتی شۆڕش و بەرگری لەخاک لە بەردەم سیستم و بەڕێوەبردنی شار و وازیکردنەکەیدا بۆ دروستکردنی سیستمێکی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی هەرێمەکە شکستی سەلماند، هەرێم و خەڵکەکەشی گەڕاندەوە بۆ دواوە و موڵک و ماڵی وڵاتەکەشی بۆخۆی قۆرغکرد و خەڵکەکەی خستە ژێر باری قەرز و نەهامەتییەکی زۆرەوە.!
هەموان لە نێوخۆی کوردستاندا ئەزمونی” حوکومڕانی خۆیی” حیزبی کوردیمان تاقیکردۆتەوە، لەگەڵیشیدا ژیاوین، زانیاری و شارەزاییەکی باشمان هەیە لە جۆر و چۆنیەتی خراپ بەڕێوەبردنی هەمەچەشنەی ” کارگێڕی، ڕامیاری، ئابوری، ئاوەزی ” ئەم دەسەڵاتە کێوییە خۆسەپێنەی نەی توانیوە پاش بیست و شەش ساڵ کارکردن و شکستی بەڕێوەبردن بڕوا بەخۆی بهێنێت و دوربکەوێتەوە، یان خۆی لەسەر حوکومڕانییەکی راستەقینەی دەوڵەتداری پێشکەوتوو لەهەرێمەکەدا ڕابهێنێت، بێ گرێ و گۆڵ، بەسروشتی و یاسایی کارەکانی رێکبخات، بیکاتە خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی بۆ دانیشتوانەکەی لەژێر چنگ و چەپۆکی زۆرە ملێیی حیزبدا، دەربازیان بکات لە هێڵ رێژکردنی سنورێکی دەستکرد لە ئازادی بەڕێوەبردنی دیاریکراودا، یان بە جۆری بڕینی قۆناغەکانی پێشکەوتنی پرۆسەی سیاسی و حوکومڕانی بوێرانە لە دەستاو دەستکردنی دیموکراسیانە و ئاشتیانەی دەسەڵات بۆ هاونیشتیمانییەکانی لە سنوری ئەو پێگە و دەسەڵاتەی بۆی خوڵقاوە لە بەڕێوەبردنی ئاشتیانە و دەستی دەسەڵاتدا بۆ خۆسەپاندن و مانەوە لە نێوو ئازادی و داگیرکاریدا بۆ گەل و ئایندەی بەڕێوەبردن لە ناوچەکە و ساغ بونەوەی خەڵکەکەی لە نێوان ئەم دوو ئەگەر و رێگەیەدا.
دوابەرهەم و پێکهاتەی ئێستای ئەم دەسەڵاتە لەسودی دەستکەوتنی ململانێ چەوت و سیاسیەکەی شۆڕشی شاخ و هێزی بنەماڵە بۆ شار و مانەوە لە شێوازی بەڕێوەبردنی دۆخی متبوونی ئێستا بە فێڵ و تەڵەکەی نەشیاوی نایاسایی و هێزی چەک و زۆرداری.
هاوڵاتیانی باشوری کوردستانیان کردوە بەدوو کەرت و بەرەی جیاوازی دژ بەیەک، جیاوازی ئامانج و خواست و ئومێدی سەرکەوتن بۆ داهاتوو. بونەتە دوو مەرام و ئاراستەی ئیشکردن بەبڕوای سیاسی جیاواز، دوو دیدگای بەڕێوەبردنی بۆ دەسەڵاتی سیاسی، جیاواز لەدیدگای گەیشتن بە ئامانجەکانی نەتەوە و خاک بۆ خەڵکی کوردستان!؟ لێرەوە دانیشتوانی خەڵکی ئەم هەرێمە بە جۆرێک توشی پەرت و پەرتەوازەیی و جیاوازکاری بوون، ئەستەمە پرۆسەی تاک لایەنەی” گشت گیر” گەر بۆ ساتێکی کەمیش بێت لە بەخت و تەختی دەسەڵاتدا بمێنێتەوە و بێ دودڵی دەسەڵات قبوڵ بفەرموێت و لەدەرەوەی گرژی و مۆنی وەگەڕبخرێت بۆ سەرکەوتن.!؟
مێژووی کۆن و شێوازی بەردەوامی کێشەکانی ناوچەکە لە گشت روویەکی جیاواز و پێکهاتەوە پێماندەڵێت: تەنها کارێکی راستەقینە و ڕەوا بۆ خەڵک و گەلی کوردستان وەک ئامانجی نەتەوەی بەهێز و سەرکەوتو لە ناوچەکەدا بۆ مانەوە، پێکەوەیی کارکردن و بیرکردنەوەیانە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندیەکانی خەڵکی کوردستان و دورکەوتنەوەیە لە تاک ڕەویی دەسەڵاتی سیاسی و بڕیاری سەرکەوتن بۆ مەبەست و مەرامی کەسی لە پاڵ قۆستنەوەی ڕەنجی گشت دەرفەتەکانی میللەتێک، کە ئەگەری دوبارەبونەوەیان وەک چانس ئەستەمە بۆ دەربازبوونمان لەم قۆناغە چەق بەستوە خوڵقێنراوە.!
دەبێت ئەوەشمان بیر نەچێتەوە قبوڵ نەکردن و خۆ دورنەخستنەوەی بوغرایی و کەلە رەقی و دەستبەردار نەبونی هێزی بنەماڵە و دەسەڵاتی سیاسی بۆ ئەم پێکەوەیی کارکردن و هاودەنگییە نیشتیمانییەی کوردان لە کوردستانی گەورەدا. ئەگەری زۆر و پاڵنەرێکی بەهێزە ببێتە هۆکاری دەست بردن بۆ مشتی تفەنگەکان و بینینی چاوەکانی چاوەڕوانیش بچنەوە سەر قەڕەوڵی تفەنگەکانی ڕابوردوە خوێناویەکەی بەسەرماندا تێپەڕی.
بەدڵنیایش ئەم دەرچەیەش پڕ ئازار و نەهامەتییەکی قورس و هێجگار گەورە دەبێت بۆ خەڵکی کوردستان و چاوەڕوانیەکانیان لەو میحنەتەی لە دەست و پێمان ئاڵاوە بۆ دوا خاڵی دەربازبون و گەیشتن بەئامانجی کۆتای.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت