بنار هیدایەت: بارزانی لەوەرزی خەیاڵاتی سەربەخۆییدا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمرۆ وروژێنەرترین پرسی سەر گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان، ریفراندۆمەکەى مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتییە، ئەوەش قسە گەلێکی زۆری لەسەر کرا، تا گەیشتە دوو کەرت بوونی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و شەقامی هەرێم.
بەپێی ئەو هەواڵانەى ئێستا لەگۆڕێدان، دەوڵەتگەڵێکی زۆر لەگەڵ دواخستن و ئەنجامنەدانی ریفراندۆمی کوردستانن، بەپێچەوانەوە لەسەر حسابی کورد هەندێک دەوڵەت ژمارەیان ناگاتە پەنجەکانی دەست لەگەڵ ریفراندۆمن تا لەو رێگایەوە تەسفییە حسابی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتە نەیارەکانیان بکەن لەرێی ئەم ریفراندۆمەوە، دواجاریش زەرەرمەندی یەکەم هاوڵاتیانی کوردستانە، چونکە ئەوانەى تەسفییە حسابی خۆیان کردووە، خاوەنی هەموو شتێکن تەنها کارتی یارییەکە نەبێت ئەویش میللەتی کوردە. وەک هەموو جارەکان کورد دەبێتەوە تۆپی فوتباڵی نێو یاریگای دەوڵەتە بەرژوەندیخوازەکان.
وەهمی بارزانی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی لە خەیاڵی ئەو باوکە نەزۆکە دەچێت کە چوار منداڵی کوڕی هەیە و هەر یەکەیان لەزانکۆیەک دەخوێنن، یا لەوەهمی ئەو کەمئەندامە دەچێت رۆژانە هاوڕێکانی بەدوو پێی سەلامەتەوە رێ دەکەن. پێدەچێت ئێستا بارزانی لەوەرزی خەیاڵاتی سەربەخۆییدا بژی، ئەو تەمەنێکی زۆری لەپێشمەرگایەتی و سیاسەت بەرێکردووە ناکرێت نەزانێت دەوڵەت دروستکردن و پرسی گشتپرسی بەگیرفانی بەتاڵ و سکی برسییەوە ناکرێت. نابێت جەنابی بارزانی ئەو خەونەى خۆی لەسەر شانی من و تۆ و ئەو و تاکەکانی ئەم هەرێمە یەکلایی بکاتەوە لەکاتێکدا حەوت نەوەى دوای خۆی نازانن برسێتی و تینوێتی و بێ کارەبایی و ئاویی چییە، نازانن باوکێک کەپارەى شیری بۆ کۆرپەکەى پێ نەبێت چ ئاه و هەناسەیەکی سارد لەجەرگی بەسوێیەوە دێتە دەرێ.
بەداخەوە کاک مەسعود وەک هۆزی پوچی کای ناوچەى ئەمازۆن بیردەکاتەوە. جای مایلەری نوسەری کتێبی شەش ساڵ لەناو ژنە وەحشییەکانی ئەمازۆن دەنوسێت “هۆزێک هەبوو بەناوی پوچی کا، ئەم هۆزە بەرژەوەندی خۆیان لەسەر هەموو بەرژەوەندییەکانی دیکەی هۆزەکانی دیکەى ناو ئەمازۆن دەبینییەوە، بەجۆرێک دەیانویست سنوری فەرمانڕەوایی خۆیان وەها بەرین بکەن لەو پێناوەدا دەیان کوشتار و هێرشیان کرد، دواجار برسی بوون و لەسەر دەستی هۆزێکی دیکە کۆتاییان هات.
ئەم نمونەیە بۆ ئێستای ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆیی پڕ بەپێستێتی، ناکرێت لەسەر برسێتی من کەسێک ببێتە شاسواری رێی نەهامەتی و ئەویش بەبای خەیاڵی نەیەت چی لەناو ماڵ بەماڵی ئەم هەرێمە گوزەر دەکات.
ریفراندۆم ئەگەر دەرگای سنورەکان دانەخات ئەوا هێندەى گەڵای دار دوژمنی دەرەکیمان بۆ دروست دەکات، ئێران دوو رۆژ ئاوی زێی گرتەوە هاوارمان چووە کەشکەلانی فەلەک، عێراق دەرمان نەنێرێت دەبێت دەرگای نەخۆشخانەکان دابخەین، تورکیا ئەگەر بەرژوەندی خۆی تێدا نەبێت رێگە بەهەناردەى نەوت نەدات دەبێت بڵێین خۆشبەحاڵی ئەو کەسەى 25 هەزار دیناری پێیە، ئێمە چیمان هەیە شانازی پێوەبکەین جگە لەشاخەکانی کوردستان ئەویش بووە هۆی نەهامەتی بۆ ئەو گەلە بەش مەینەتە.
هەر تاکێکی ئەم کۆمەڵگایە بگریت لەگەڵ سەربەخۆییدایە، بەڵام سەربەخۆییەک نەبێتە نەهامەتی، چوار ساڵە لەنەهامەتی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشدا دەژین، دەکرێت چواری دیکەش بەهەوای سەربەخۆیی مەست بین و بمرین لەبرسانا. دەی تەمەنی ئەو کەسانەى فریای ئەو چوار ساڵ نەهامەتییە کۆتایی بێت چی دەگوزەرێت. دەبێت لەو دنیا لەرۆژی لێپرسینەوە بڵێت من هەموو تەمەنم لەجەهەنەمی کوردستان لەبرسێتی و گەرما و نەبونی بەسەربرد، ئەی خودا تۆش دەمخەیتە جەهەنەمەکەى خۆتەوە…!.
ئەگەر بەراوردێکی بچکۆلە بکەین لەنێوان ئێمە و قەتەر، ئەو هەموو ئابڵوقە ئابوورییە چۆکی پێدانەدا، چونکە حکومەتی ئەو وڵاتە ژێرخانێکی وەها پتەوی ئابووری دروستکردووە مەحاڵە رووخاندنی، ئەگەر دیقەتێک لەئێران بدەین نزیکەى دە ساڵە ئابڵوقەى ئابووری لەسەرە، ژێرخان و سەرخانی ئابووری هێندە بەهێزە لەدواین لێدوانی بەرپرسانی تاران گاڵتەیان بەئابڵوقە هات، بەمجۆرە ئەگەر جەنابی بارزانی دەوڵەت دروستدەکات و رێگە نادات کەس برسی بێت، رێگە نادات کارەبا ببێت بەئەستێرەى سیوەیل، یەکەمین کەس منم دەڵێم بژی بارزانی بۆ ئەو دەوڵەتەى تۆ دروستی دەکەیت… بەڵام هەموو ئەمانە خەونی گەنجێکی سەرمەستە بەدیداری مەعشوقی نەبینراوی سەردەنێتەوە.
دواجار دەبێت ئەوەش بیر بارزانی بخەمەوە، تۆ کە بەسەرۆکی هەرێمت ناوزەند دەکەن چەند ساڵە وەک سەردان نەهاتویتە سلێمانی “هەڵبەت ئەو سەردانە سیاسییانە ناڵێم بۆ بەرژوەندی هاتووە”، ئیدی چۆن دەڵێت: هەموو کوردستان لەگەڵ ریفراندۆمە، کەواتە من وەک هاوڵاتییەکی کوردستان و دانیشتووی شاری سلێمانی دەڵێم کاک مەسعود نەخێر بۆ ئەو ریفراندۆمەى بەرێزتان دەیکەن..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت