شێرزاد شێخانی: ڕۆڵی حزبەكان لەدێواندنی پارتیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیكتاتۆر بەرهەمی ژینگە كۆمەڵایەتیەكەی خۆیەتی، لەبێدەنگی كۆمەڵگادا دیكتاتۆر دروست ئەبێ. لەسەردەمی حوكمی پاشایەتی لەعیراقدا جۆرێك لەدیموكراتیەتی ڕاستەقینە بەدی ئەكرا، لەگەڵ كودەتای عەسكەرەكانیش هیچ سیمایەكی دیموكراسییانە لەم وڵاتەدا بونی نەما، چونكە تەبیعەتی فەرمانڕەوای عەسكەری لەبەڕێوەبردنی دەسەڵاتدا لەسەر ئەساسی زەبتی عەسكەرییەو، وڵات وەكو سەربازگەیەك تەماشا ئەكرێ كە فەرمانرەوا ئامری سەربازگەیەو میللەتیش سەربازی گویرایەڵ. ئەم چەمكە سەرۆكی عەشیرەتیش ئەگرێتەوە، چونكە ئەویش بە تەبیعەت دەسەڵاتی لەناو عەشیرەتدا دەسەڵاتێكی رەهایەو رەتناكرێتەوە.
كارەساتی حوكمی عیراق و كوردستانیش لەكودەتاكەی عەبدولكەریم قاسمەوە دەستی پێكرد كاتێك لەبەغدا حوكمی جەنەراڵەكان بەقاسمەوە دەستی پێكردو بەسەدام حوسینەوە كۆتایی پێهات. بەڵام لەكوردستاندا حوكمی عەشایەری لەمەلا مستەفاوە دەستی پێكردوە تا مەسعود بارزانیش بەردەوامە. بنەماڵەی بارزانی هەرێمیان وەكو پێكهاتەیەكی عەشایەری بەڕێوە ئەبەن، لەخۆرانیە ئەم هەمو پایە بڵندانەی دەسەڵات لەدەستی ئەفرادی بنەماڵەكەیاندایە، چونكە ئەمانە كوردستان بەموڵكی خۆیان ئەزانن و ئەبێ نەیارەكانیان لەناو ببرێن. ئەوان دەمێكە وتویانە (ئەگەر شۆڕشمان پێنەكرێ، ئەتوانین تێكیبدەین) ئەمە واتای ئەوەیە كە ئەوان بەهیچ دەسەڵاتێك رازی نابن ئەگەر خۆیان باڵادەستی نەبن.
لەسەردەمی مەلا مستەفاوە چینە رۆشنبیرەكەی كوردستان لەهەوڵدایە بۆ گۆڕینی ئەم عەقلییەتە عەشایەرییە بەسیستەمێكی دیموكراسییانەی سەردەمیانە، تائەمرۆش هەوڵەكەیان بەردەوامە بەڵام هێشتا نەگەیشتۆتە ئەنجام، چونكە دیسان بنەماڵەی بارزانە ئامادەن هەمو خیانەتێك بكەن لەپیناو چەسپاندنی دەسەڵاتەكانیان.
لایەنە سیاسیەكانی ئەمڕۆی كوردستانیش بێبەری نین لەسەرخستنی ئەم هەوڵانەی پارتی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتە رەهاكەی. ئەگەر سەیری نەخشەی سیاسی هەرێم بكەین، پارتی لەكۆی 111 كورسی پەرلەمان تەنها 38 كورسی هەیە، ئەمەش رێژەیەكی كەمە لەبەرامبەر گرتنەدەستی نزیكەی 70% لەجومگە ئەساسیەكانی دەسەڵات و حكومەت، ئەمە هەموی نەتیجەی بێدەنگی لایەنە سیباسییەكانە.
كاتێك لەیەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا حزب و لایەنە سیاسیەكان چاوپۆشیان لەو هەمو تەزویرەی پارتیدا كرد لەم هەڵبژاردنەدا، پارتی بەمە بووە دەسەڵاتی یەكەم لە كوردستانداو تا ئەمڕۆش لەم پایە نایەتە خوارەوە هەر بەتەزویرو تەزویركاری لە هەڵبژاردنەكاندا بەردەوامی پێداوە.
ئەگەر حزبەكان یەكدەست لەبەرامبەر خیانەتی 31 ئابدا بوەستنایەو لەجیاتی ریسوا كردنی نەچونایە پەرلەمانەكەی بۆ بژیێنەوەوپاش ماویەكی كەم ئەم خیانەتیان لەبیر میللەتدا نەبردایە،پارتی ئەم خیانەتەی بەشانازییەكی گەورە بۆ حزبەكەی حیساب نەئەكرد.
كاتێك پارتی پەرلەمانی شەرعی پەكئەخاو وەزیر لەحكومەت دەرئەكاو، كەسیش لەو حزب و لایەنانە نایەنە دەنگ، پارتی جورئەتی ئەوەش ئەكا سەرجەم پرۆسە سیاسییەكەش پەكبخاو حوكمی رەهای خۆی پەیڕەو بكا.
كاتێك پارتی لەسەر بوغزێكی شەخسی لەگەڵ بەغدا تێكی ئەداو نەوتی میللەت ئەدزێ و كەس خۆی ناكات بەخاوەنی، هەرێمەكەمان بەمشێوەیە وێران ئەبێ كە ئێستا ئەیبینین.
كاتێك پارتی و دەسەڵاتەكەی دەست بۆ قووتی خەڵك ئەبەنو ملیۆنان كەس برسی ئەكەن، حزبێك بەدەنگ نایە، میللەت ئەكەوێتە سواڵەوە.
كاتێك بەبێدەنگی لایەنەكان پارتی رێكەوتنێكی نهێنی پەنجا ساڵە لەگەڵ توركیا ئیمزا ئەكاو سامانی میللەتەكەمان بەتاڵانی رادەستی دوژمنانمان ئەكا، میللەت كارەباو ئاوی خواردنەوەشی نامێنێ.
كاتیك حكومەتی پارتی بەملیاران دۆلار بە ( داناغاز ) ئەدۆڕێو كەس جورئەت ناكا بەپارتی بڵێ ئەو ئاشتی هەورامیە بەڵایەمان لەكۆل بكەنەوە، ئەبێ میللەت باجەكەی بدات.
كاتێك لەسەر شەقامەكاندا رۆژنامەنوس ئەكوژرێ و، مەلای مزگەوت تیرۆر ئەكرێ و ریشی سمێڵی ئەسوتێنرێ، كەس ناوێرێ پەنجەی تۆمەت بۆ دەسەڵاتەكەی پارتی درێژ بكات، حوكمی دارستان پەیڕەو ئەكرێ و گەورە بچوك ئەخوا.
هیچ دەسەڵاتدارێك لەخۆیەوە نابێتە دیكتاتۆر ئەگەر ژینگەی بۆ نەرەخسێنرێ. ئێستاش كار لەكار ترازا مەحاڵە پارتی بتوانێ بگەڕێتەوە ریزی میللەتەكەی، ئەو سیاسەتەی تا ئێستا پەیڕەوی كردوە، بووە بەسوننەت و ، تازە دەست لەدیكتاتۆرییەت هەڵناگرێ و بەزەبرو زەنگ وڵات بەڕێوە ئەبا، هیچ بەدووریشی نازانم بەعس ئاسا نەیارەكانی تەهجیرو تەرحیل بكاو بیانكاتە پشتی سەیتەرەكانی (پردێ) و ( دێگەڵەوە)، لەئاییندەیەكی نزیكیشدا بریاڕێك دەربكات كە هەر كەسێك ئیستمارەی پارتی بون پر نەكاتەوە تەنانەت لەوەزیفەی حكومەتیش دەر بكرێ. چاوەڕێ بن مێژوو خۆی دوبارە ئەكاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت