عەبدوڵا ڕەشيد: شەڕی پێشمەرگەکانی ڕۆژھەڵات لەباڵەکایەتی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا کاتێ بارەگای دەفتەری سیاسی دیموکرات لەکۆیە کرایە ئامانجێکی تیرورستی لەلایەن دەستێکی نادیارەوە، ووتارێکم نوسى گوایە ئەگەر کۆمەڵەو دیموکرات ئەیانەوێ خەبات بکەن لەڕۆژھەڵات ئەوا ئیتر دوای زیاتر لە (20) ساڵ پاڵدانەوە لەکەمپەکانی باشور با کۆتایی بەم چەرخی بێدەنگیە بێنن، جاران ھەندێ بیانوشیان ھەبوو خۆ ئێستا دەور و قۆناغەکە گۆڕاوەو, گۆڕانکارییەکانیش ھێندە لەناکاو و خێران، ئەگەر ئەوان بەرنامەو ستراتیجی تازە دانەڕێژن بۆ دەستپێکردنەوەی خەبات لە ڕۆژھەڵات، ئەوا ڕەنگە شەپۆلی گۆڕانکارییەکان بەجێیان بھێڵن و، ئیتر ڕۆژھەڵاتیش چاوەڕێی بزوتنەوەیەکی نوێ بکات، ھاوشێوەی پژاک بە نمونە. بۆیە پێویست ناکات لەمەولا کۆمەڵەو دیموکرات لەھەرێمێکدا خۆیان مۆڵبدەن کەلەبندەستی ئێراندایە، چونکە دەزگایەکی ئیتڵاعات کە بزانێت کوردێکی کرماشان لەسلێمانی چەند جار پێڵاوی گۆڕیوە. ئێ واتە حزبەکانی ڕۆژھەڵات چی ئەکەن لەباشور؟!
ئەمە جگە لەوەی ناتوانن بچوکترین جموجوڵی سەربەخۆیانە بکەن لەدژی ئێران، ھەرکاتیش بەدەست لێدان لەپشتیان بۆ شێواندنی ناوچە سنورییەکانی ڕۆژھەڵات و باشور ئەوا ئێران زۆربەئاسانی ئاوا یەت و پەلاماریان ئەدات، وەک چۆن لەڕابردودا نمونەمان زۆرە و دەیان و سەدان کادرو پێشمەرگەی ئەو دوو حزبە لەھەرێمی کوردستان تیرۆرکراون، لەوماوە زۆرەی ئەوان لەکەمپەکان نیشتەجێن. ھەروەھا بەم شێوازە لەمت بوون و بێ ھەڵوێستی، بەڵام ڕۆژانەش قسەکردن و دەرکەوتنی کادرو بەرپرسانی ئەوحزبانەی ڕۆژھەڵات لەمیدیاکانی پارتیەوە، ئاو ناکات بەئاشی ئەواندا. چونکە مێژووی پارتیش ڕوونە چ یارییەکیان لەبەرژەوەندی خۆی بەو حزبانە ئەکات و، زیاتریش وەک کارتێکی دەرەکی بەکارئەھێنرێن لەدژی ئێران و فەقەت.
بەڵام ئەوەتا بینیمان ئەمجارە نەک لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەڵکو لەگەڵ خەڵکی ناوچەی باڵەکایەتی حزبی کۆمەڵە و ئەوانی دیکەش وردە وردە بەشەڕدێن و کارەسات ئەقەومێت. بۆیە لەڕاستیدا کۆمەڵە و دیموکرات ناتوانن سبەینێ ئەمە بە خەبات بفرۆشنەوە بە خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان. ئەم مۆدێلە لەمت بوون، بۆماوەی ئەوەندە ساڵ لەھەرێمی باشوری کوردستان و ڕۆیشتنی زۆربەی کادرو پێشمەرگەکانی ئەو حزبانەی ڕۆژھەڵات بۆ کەنەدا و ئەوروپا، جگە لەکۆتایی ھێنان بەخەبات و کوردایەتی ھیچی ترنیە. ئەگینا ئەوان ئەگەر ڕاستیان بکردایە ئەیانتوانی وەک پەکەکە بچن درێژە بەخەباتی خۆیان بدەن لەشاخ و، تەنانەت لەشاریش. خەڵکی خۆیان پەروەردە بکەن وەک چۆن پەکەکە جگە لەدەسگیرکردنی بەڕێز(عەبدوڵا ئۆجەلان) بۆماوەی(18)ساڵە، بەڵام ئەوا نزیکەی ( 40) ساڵە پەکەکە لەژێر ھەرە پێشکەوتووترین چەک و تەکنەلۆجیای چاودێری و سەربازی تورکیاو ئێران و ناتۆ و ئەمریکا، خەباتی خۆی ئەکات لەشاخ و لەشاریش.
ئەبوو ئەو حزبانەی ڕۆژھەڵات لەکۆیەو زڕگوێز، کەماوەی زیاتر لە 20 ساڵە لێی دانیشتوون، ئەوەیان وەک وانەیەک بۆخۆیان چاولێبکردایە. با ئێستاش ئەم کارەساتەی دوێنێ شەویشی بەسەردا نەھاتایە. لەکۆتایدا وەک کوردێک ھیوادارم ئەمەی ئێستایان وانەیەک بێت بۆ لەمڕۆ بەدواوەیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت