بەهرۆز جەعفەر: بۆچی ڕۆڵ بینینی بەرهەم ساڵەح حەتمیە؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەدوای هەموو ڕووداوێک ڕووداوێکی تر ڕووئەدات، مێژوو سەت ساڵ جارێک ئاوس ئەبێت بە کۆمەڵێک ڕووداو و، ڕووداوێکی گەورەتر لە هەموو ئەوانی تر ئەخوڵقێنێ. لەو سی ساڵەی ڕابردوو مەجموعەیە ڕووداوی زۆرمان بینی لە دونیا، مەجموعەیەکی زۆریشمان بینیوە لە عێراق، بە هەموو پێوەرەکان لە دوای جەنگی ساردو جەنگی کەنداوە وە هاتنی داعش و دروستکردنی هاوپەیمانێتی بە گژاچونەوەی تیرۆر لەم ناوچەیە گەورەترین ڕووداو بووە لە مێژوودا، بەڵام گۆڕانکارییە هەرە گەورەکە هێشتا ڕووی نەداوە، لەوەدایە زرمەی بێت، وەک تاشە بەردێکی ئێجگار گەورە لە بەرزیدا یەک بەردی بچوک لە ژێریدا ڕای گرتووە، هاکا خلۆربۆیەوە هەندێ شت شکان و ووردو خاشبون، هەندێ شتی دیکەش بەهۆیەوە تەخت و ڕێک ئەبنەوە.
جا ئێستا ئیش لەسەر خلۆربونەوەی تاشە بەردە گەورەکە ئەکرێت و بە چوکڵ ختوکەی بەردە بچوکەکەی ژێری ئەدەن، ناوچەکە بەگشتی، چ بە هۆی هەڵکشان و دەستوەردانی زیاتری ئێران و تورکیاوە، کە تورکیا لایوایە سیاسەت و نفووسەکەی لە سوریا شکستی خواردووە ئەبێت لە عێراق قەرەبووی بکاتەوە، لەوەش زیاتر (٪60) ئەو پەیوەندییە ئابورییەی تورکیا لە عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، ئێرانیش لایوایە تورکیا دەستوەرئەداتە نفووسی ئەو لە عێراق، بۆیە ئیش لەسەر گۆڕینی هێڵەکانی ووزە ئەکات، هێز و میلیشیای زیاتر ڕەوانە ئەکات.
نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق خەریکی سومعەی خۆیەتی و، مشوری چارەنووسی سەدان هەزار ئاوارەو ناسنامەیان بخوات، ئەمریکیەکان و بەریتانییەکان خۆیان لە ئێران گێل کردوەو، دەستخۆشی لە کورد ئەکەن کە واو وا ڕۆڵی بیینیوە، بەڵام بۆ قۆناغێکی تر ئیشیان بە کوردە ئامادەی بکەن، دکتۆر بەرهەم کاراکتەری گەورەی قۆناغە هەستیارەکەیە، ئەگەریش ئەم سیناریۆ و پێشبینیە وا دەرنەچوو، سیناریۆی هەرە بەهێزی دوای ئەوە ئەوەیە ئەم ناوچەیە ئەبێتە گۆڕەپانی شەڕ، شەڕێکی بێ ئامان کە ووڵاتێل چەک تەقەمەنیەکانیان لەم ناوچەیە تاقی بکەنەوە.
بارزانی، لە نزیک و لە دوور بێزاری خۆی لەسیاسەتی یەکێتی و نەبونی ناوەندی بڕیار لەو حزبە دەربڕیوە، ئەوە یەکێتی ئاوا، قسەی تر هەڵناگرێ جگە لەوەی مەرکەزێکی بڕیار بە سەرکردایەتی بەرهەمەکەی خۆیان بە هەند وەربگرن، ئەو مەرکەزی بڕیارە بۆ هەموو ناوچەکەو حزبەکانی تریش ئەبێت ئەگەر دروستی بکەنەوە، بزوتنەوەی گۆڕانیش تازە نەوشیروان مستەفایەکی تر بەخۆیەوە نابینێت، بۆیە زەرورەتی دروستبونی ناوەندێکی بڕیار بە سەرکردایەتی دکتۆر بەرهەم ساڵەح و چەند سەرکردەیەکی ئەمنی و سیاسیی لەم شەمەندەنەفەرەدا ئەبێتە ئەمرێکی واقیع، ئەم ناوەندی بڕیارە هەر بۆ سزادانی مفتخورەکانی ناو یەکێتی نییە، بەڵکو گەڕانەوەی ئارامی و هاوسەنگیە بۆ کۆی ناوچەکەو سەرکردایەتی کۆی ناوچەکە ئەکات، ئەبێتە مەرکەزێکی وا کە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بێتە دەست.
لە ئیستە بە دواوە ڕۆڵ بینین و نەبینینی بەرهەم ساڵەح پەیوەست نییە بەهەندێ ئەشخاسەوە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وتێکۆشەرە دێرینەکان و گەنجان و سەرجەم چین و توێژەکانیان چەوساندۆتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت