کاوسێن بابەکر: لەم هەڵبژاردنەدا، یەکێتی چەندلیستی دەبێ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دیسان حزبەکان کەوتنەوە بەردەم ویژدان و دەنگی جەماوەر! کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا ئامادەیە بۆ 01-11 هەڵبژارندنەکانی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم جێبەجێ بکات، بەمەش پارتە سیاسیەکان دەکەونەوە بەردەم لێپرسینەوەی هاوڵاتیان، ئەو پارتانەی یاریان باش نەکردبێ و فاوڵیان زیاتر بێ لەئەوانی دی، دەکەونە بەر لێپرسینەوەو سزا دەدەرێن و دەنگی کەم دەچننەوە، من باسی حزبەکەی خۆم دەکەم، هەڵبژاردنی ڕابردوو تەنها 18کورسیمان هێنا! هێشتا دەبێ مەمنونی خەڵک و جەماوەریی دڵسۆزی ڕابردووی پڕشکۆی یەکێتی و ڕووباری خوێنی شەهیدان و گەورەیی و خۆشەویستی مام جەلال بین کە ئەوەندەشمان هێنا! هۆکارەکانیش ڕوون و ئاشکران، جگە لە جیابوونەوەی هەڤاڵانی گۆڕان سەرکردایەتی یەکێتی لەم چەند ساڵەدا یاریکەریکی باش نەبوو، سەرەڕاش چەندین فاوڵیان کرد کەبوون بەهۆی توڕەکردنی جەماوەر.
ئێساش، لەبەردەم هەڵبژاردنێکی نوێداین، ئایا کەم و کوڕیەکانمان ڕاستکردونەوە؟ ئایا هەڵوێست و یاریەکانمان دیراسەکراوو جووت بوون لەگەڵ پرەنسیپ و میتۆدی سیاسیمان یان کەسی و لاوازبوون؟ نەخیر ئەو کەمو کوڕیانەی هەمان بوون هیچیان چارەسەر نەکراون بەڵکو گەورەترو تۆختر بوونەتەوە، ناکۆکیەکانی نێوان سەرکردەکان گەرمترو توندتر بوون، نەتوانراوە کۆنگرە ببەسترێ، نەتوانراچاکسازیەکان بکرێن و هیچ نەبێ بەشێک لەو دەم وچاوانە بگۆڕدرێن و خوێنی نوێ بخزێتە نێو دەمارەکانی یەکێتی و یەکێتی جارێکی تر بێتەوە سەر سکەی خۆی و لەئاستی قوربانی و سەروەریەکانیدا بێت، چەندین داواو پێشنیارو پڕۆژە بەرزکرانەوە، لەلایەن دکتۆر بەر هەم، مەلابەختیار، چەندین پرۆژەی تر بەواژووی دەیان مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی، بچوکترین ئەنجامی نەبوو! لەیاریەکانیشدا لەگەڵ پارتەکان و هەوڵدانەکان بۆ یەکڕیزی و باشکردنی بژێوی خەڵک، راستە یەکێتی ڕۆڵێکی بینی، بەڵام لەکۆتاییدا ڕۆڵەکە هیچ قازانجی نە بۆ یەکێتی نە بۆ خەڵک نەبوو، چونکە یەکێتی لە ئاستێکی وادانەبوو هیچ لایەک گوێی لێ بگرێت،لەناوخۆیدا دووبەرەکی و هەلپەرستی و هەڵوێستی کەسی هەندیک سەرکردەو کەوتنی هەندێکی تریان بەلای پارتی یان گۆڕاندا بوونە هۆی وونکردنی ناسنامەی یەکێتی و بێکاریگەری هەڵویست و هەنگاوەکانی! بۆ نموونە، بەشداری لەڕیفڕاندۆمدا لەرزۆک و شەرمنانە بوو نەتوانرا بڕیارێکی گردەبر و یەکلا کەرەوەبدات و ببێتە خاوەنی پڕۆژەکە! یان ڕەتی بکاتەوە، ڕێککەوتنی لەگەڵ گۆڕان، دوای ئەو هەمووماوەیە هێشتا ڕوون نییە لەگەڵ گۆڕان دەیانەوێ چی بکەن، من ناڵێم خەتاکە تەنها هی یەکیتیە بەڵام پێموایە یەکێتی هێشتا لە مەبەستی گۆڕان نەگەیشتووە! کە ئەوە نوسینێکی سەربەخۆی پێویستە! یەکێتی لەڕێکەوتنەکەدا داوای یەکگرتنی کرد کەچی لەولاوە هێشتا قۆناغە سەرەتاییەکانیان جێبەجی نەکردووە!

یەکێتی و لیست
یەکێتی چەند لیستی دەبێ ؟ ئایا دکتۆر بەرهەم لیستی جیاوازی دەبێ وەک دەیبیستین و یەکێتیش لیستێکی سەربەخۆ؟ یان یەکێتی لەگەڵ پارتی لیستی هاوبەش دروست دەکەن؟
هەردوو سیناریۆکە خراپە بەڵام لەوە خراپتر دوولیستیە کە یەکێکیان لەگەڵ پارتی بێت! چونکە ئێستا غروری پارتی و مامەڵەی خراپی دەبینین کە 18کورسیمان هەیە ئەودەم بەدوولیستی، زۆر کەمتر لەو ژمارەیە دەهێنین و ئینجا بزانە پارتی چ مامەڵەیەکی خراپترمان بەرانبەر دەکات!
ئەگەر دکتۆر بەرهەمیش خۆی بۆلیستی سەربەخۆ یەکلا بکاتەوە ئایا دەتوانێ بای ئەوەندە کورسی بهێنێ پارتی ناچار بە چاکسازی و پاکسازی بکات و حکومەت بەسسیستم بکات؟ ئایا دەتوانێ لەگۆڕان کاریگەری زیاتری هەبێ؟ ئەی یەکێتی دوای ئەم دوولیستیە چارەنوسی چی دەبێ؟ ئەی ناکرێ دکتۆر بەرەهم هەر لە ناو یەکێتی و بۆ یەکێتی بچێتە ناو پرۆسەی هەڵبژاردن و سەرپەرشتی هەڵمەتەکە بکات ؟ کەدڵنیام ڕێکەوتنێکی ئاوای نێوان هەڤاڵانی سەرکردایەتی نەک کورسیەکانی یەکێتی دانابەزن بەڵکو بەرزیش دەبنەوە.
( ئەم بابەتە نوسین زیاتر هەڵدەگرێ، لەگەڵ ڕوون بوونەوەی زیاتری جوڵەکان منیش بەردەوام دەبم).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت