حەمەئازاد بەرزنجی: کۆڕەکانی کاک مەسعود بارزانی و چەپڵەڕێزانی ئامادەبوانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە میانەی خەڵک گردکردنەوەو چاوپێکەوتنەکانی بەڕێز کاک مەسعودبارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بۆ هەڵمەتی بانگەشەی دەنگدان بەڕیفراندۆم. لەگەڵ چەندان توێژولایەن کۆبونەوەی کردووەو چەندان کەسیان بۆ کۆکردۆتەوە.
جائەوەی جێگەی سەرنجە ، ئەو خەڵک کۆکردنەوەیە و بەو ژمارەیەو لەو هۆڵە گەورانەدا، تەنها پیشاندنی ڕەزامەندی ئامادەبوان و دەرپەڕاندنی چەندان وشەو پەیڤ و دەستەواژەی حەماسیە بۆ چەپڵەلێدان. چونکە گەر بۆ وەرگرتنی ڕای جیاواز و بیروڕاو ئامۆژگاری خەڵکی و هەلسەنگاندنی باری ناوخۆیی و دەرەکی و باری ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئامادەیی کوردستانیان بیت. ئەوا پیویستی بەو قەرەباڵغییە نەدەکرد و دەبوایە لە ڕێگەی چەندان لیژنەی تایبەت و پسپۆڕ بە بابەتە جۆراوجۆرەکان بوایەو ماوەیەکی زۆر پێش ئێستاش بوایە.
لەوانەش سەرنج ڕاکێشتر هاژە و هاڕەی شەپۆلێ چەپڵەی قاییم بو، کە بێ ئەوەی کاک مەسعود لە واتای هەندێکیان تێبگات بەسەریا گوزەری کردو تێپەڕین. چونکە زۆر جار چەپڵەو هەندێ هەڵسوکەوتی تر هەمویان یەک واتایان نییەو هەریەکەیان لەکات و شوێنی تایبەتی خۆیدا واتای تایبەتی خۆی هەیە. جا هەر بۆ نمونە هەندێکیان دەخەینە ڕوو .
لە قۆنا‌غی منداڵیماندا بەتایبەتی لە قوتابخانەکاندا چەپڵە هەبو چەپڵەی نینۆکیش هەبو. بۆ سەرکەوتوەکان چەپڵەی ئاسایی و بۆ تەمەڵ و سەرنەکەوتوەکان چەپڵەی نینۆک لێدەدرا.
یەکێکی دی لەوانە کابرایەک هەبو بە فیکە توڕە دەبو. لەو بڕوایەدام ئەمەیان لە زۆربەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستاندا بەدی دەکرا. پێیان دەوت بابە بۆ توڕە دەبی، خەڵکی وا هەیە هەر لە خۆیەوە فیکە لێدەدا، تۆ دەبێ هەر لەخۆتەوە ئاوا خۆت توڕە بکەیت. کابرایش دەیوت بابە هەر لە خۆمەوە توڕە نابم من لە فیکەی خۆم دەگەم و فیکەی خۆم دەناسم.
یەکێکی دی لەوانە کە بۆی گێڕاینەوە نوسەر و وەرگێرو دۆستی کەلەپورو ئەندازیار خوالێخۆشبو ( جەلال تەقی ) بو. کاتێ فەرمانبەر بوین لە ئەشغالی سلێمانی، بەڕیزی وتی : کە کاتی خۆی کە خوێندکار بوە لە مۆسکۆی پایتەختی یەکێتی شورەوی ئەوسا، چون بۆ یەکێ لە هۆڵەکان کە ڤیسیڤاڵی ساڵانەی لاوانی جیهانیی تیاداکراوە، کە بۆ مۆسیقاو گۆرانی تەرخان کرابو. هەر نەتەوەو وڵاتێ گۆرانی و مۆسیقای خۆی پێشکەشدەکرد. سەرە هاتە سەر عێراق و کۆمەڵێ گۆرانی خۆشیان پێشکەشکردو جێگەی ڕەزامەندی ئامادەبوان بو. بەڵام لە پڕدا سەرە هاتە سەر مەقام بێژێک، بەڕێزی وتی وابزانم یوسف عمر بو. بێگومان لەگەڵ ڕێزماندا بۆ یوسف عمر و مەقامی ئیراقی هەموشمان دەزانین کە چ هونەریکە و لە چ ئاستێکی بەرزدایە بەڵام هەمو شتێ کات و شوێنی تایبەتی خۆی دەوێ. دەستی کرد بە مەقام چڕین و زیاد لە چارەکە سەعاتێ هەر نەیدەبڕیەوە. دوبارە بەڕێزی وتی وردە وردە خەڵکەکە بێزاربون و چەپڵەی قایمیان بۆ لێدەدا بۆ ئەوەی تەواوی بکات و بڕوات ئەو زیاتر گەرم دەبو تومەس جەنابی بە پێچەوانەوە تێگەیشتووەو، لەو وایە چەپڵەی هاندانە و زیاتر خۆی گیڤ دەکردەوە. تا کار گەیشتە ئەوەی چەند کەسێ لە ناو هۆڵەکەدا هەستانە سەر پێ و بە دەنگی بەرز هاواریان کرد ( شکرا کافی . شکرا کافی، شکرا کافی ). ئەوسا جەنابی تێگەیشت کە چەپڵەکان بەواتای ( بەسە و بیبڕەرەوەو سەر شانۆکە بەجێ بهێلە ).
جا لەو کۆڕانەی کاک مەسعودیشدا لە دو شوێن و دو کاتی جیاوازدا دو چەپڵەی زۆر قایمیان بۆ لێدا. جا نازانم کاک مەسعود چەپڵەی خۆی دەناسێ یان نا و لە فیکەی خۆی تێدەگات یان نا !
لە یەکێ لەو کۆڕانەدا بەڕێزی وتی: ئەگەر کێشەکە من بم ئەوە من ئامادەم جارێکی دی بۆ سەرۆکی هەرێم خۆم هەڵنابژێرمەوەو خۆم کاندید ناکەم. هاڕەی چەپڵە هۆڵەکەی کاس کرد. واتە ( شکرا کافی ) و واتە ڕازین بە خۆهەڵنەژاردنەوەت. لە جاری دووهەمیشدا لەگەل مامۆستایانی زانکۆی هەولێردا بو. لەکاتی گفتوگۆدا کاک مەسعود بەڵێنی دا کەلیژنەیەک دروستبکات، دوای ئەوە مامۆستایەکی دی هەستاو وتی؛ بەڕیز کاک مەسعود ئەو لیژنەیەی دروستی دەکەیت من پێشنیار دەکەم با ئەندامەکانی لەدوای ڕیزی چوارهەمی دانیشتوی ئەم هۆڵەوە بن. چونکە تا ڕیزی چوارهەم پیسبون نوێنەری ڕاستەقینەی ئێمەنین و هەمویان گەندەڵن. بێگومان دانیشتوەکانی ڕیزی پێشەوە حزبیەکان و سەرۆک و سەرۆک بەشی زانکۆکان و کوڕەکەی و کاک فەرەیدون و کاک ئازاد جوندیانیشی تێدا بو. دوبارە هاڕەی چەپڵەیەکی قایم هات. جا نازانم کاک مەسعود لەم فیکەیەش تێگەییشت یان نا ئەوە چەپڵەی ڕازیبون نەبو بە بەڵی بۆ ڕیفراندۆم. ئەوە چەپڵە بو بۆ وشەی گەندەڵی و بێمتمانەیی، کە وەک خۆرە داویەتیە ڕیزەکانی پێشەوە، ئەوسا تەنها یەک ڕیز بو ئێستا لەسایەی سەری جەنابتان و حکومەتە نیشتمایەکەماندا گانگری گەندەڵی تا ڕیزی چوارهەمیش ڕۆیشتوە. بەڕێز ئەوە مشتێکە لە خەروارێک، میللەت کە چەپڵەت بۆ لێدەدا پێت دەڵێ (شکرا کافی ، شکرا کافی ) .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت