ئارام قادر حەمەسور: مەترسی ڕۆشنبیری سەلەفی!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆشنبیران بەردەوام دەبێت کڵاو ڕۆژنەیەک بکەنەوە بۆ قەیرانەکان، لە تەنگانەکاندا دیدگاکانیان بەڕوونی نیشان بدەن، ڕۆشنبیران دەبێت ئازایانە پێش هەموو کەس قسەیان هەبێت و تیۆراکانیان بخەنە ڕوو، کاری ڕۆشنبیران قسەکردن و هەڵوێست وەرگرتنە بەرامبەر گشت ناڕەواییەکانی بەرامبەر تاکەکان و کۆمەڵگا دەکرێت، وەک ئۆجەلان دەڵێت: بێدەنگی پیشەی ڕۆشنبیران نییە. گەر ڕۆشنبیر بێدەنگ بوو لە ڕۆشنبیر بوون دەکەوێت، لەگشت شۆڕش و بزوتنەوەکان ڕۆشنبیران بزوێنەری گۆڕانکارییەکان بوون و بوونەتە وزەی شۆڕش، بەردەوام لەڕێگەی پاڕادایمەوە ئاوازی نوییان داوە بەکۆمەڵگاو هۆشیاری تاکیان زیاد و ئاڕاستە کردووە، ڤۆڵتێر سوتەمەنی شۆڕشی فەڕەنسی بوو، بەنوسینەکانی وزەیەکی گەورەی دەبەخشی بە شۆڕش، ئەلبێرکامۆو سارتەر بە تیۆری و پڕاکتیکی بەشداری جوڵەو چالاکییە سیاسییەکانیان دەکرد لە فەڕەنسا، هێربەرت مارکۆزە بەنوسینەکانی شۆڕشی خوێندکارانی فەرەنسای 1968ی گەرمترکردبوو.
بێدەنگی ڕۆشنبیران دەبێتە خزمەت بە سیستەمە خۆسەپێنەکەو دروستکردنی بێ ئومێدی، بەبیانوی( ئێتر بەسە باچیتر لەسەریان نەنوسین و چیتر قسەنەکەین ئەوانە لەوە باشتر نابن) ئەم ڕستەیە خۆی شەرعیەتدانەوەیە بە سیستەمە سیاسییەکە و ڕەواییدانە بە بێدەنگی، لەهەرێمی کوردستاندا ڕۆشنبیران و دەسەڵات بەردەوام ململانێکانییان لەبەرزو و نزمیدایە، دەسەڵاتی جوتحیزب بەردەوام کاری لەسەر بێدەنگکردنی ڕۆشنبیران کردووە، بەهێزی موگناتیسیە نەوتاوییەکەی توانیوویەتی هێزی ڕاکێشانی ڕۆشنبیران زیاد بکات، هێزی نەوت و پارە چەندین ڕۆشنبیری بەرەو دەزگا و میدیاکانی دەسەڵات ڕاکێشاوە فێری بێدەنگی کردوون! ئەم ڕۆشنبیرانە لەپێناو ماددە ناشیرین بوون و تیۆرەکانی ڕابردووشیان پوچە، چونکە تیۆراکان کەداوای هەڵوێست و قبوڵنەکردنی کۆیلایەتی حیزبی دەکات ئێستا خۆیان چونەتە ژێر چەتری دەسەڵات و وەک دەربار مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و قبوڵیان کردووە، ڕۆشنبیرانی کورد لە دروستکردنی تیۆرای نوێ تەمبەڵن، لەبەشداری کردنی جوڵەکانی شەقامدا بزرن، کام ڕۆشنبیرەی کورد لەناو ناڕەزای جەماوەردا دیارە؟
بەشێکی ڕۆشنبیرانی کورد لە ئەوروپاوە دەریایەک وشەی فەنتازیمان ئاڕاستە دەکەن بەبێ ئەوەی خۆیان بەشداری جوڵەکانی شەقام بن، بەشێکی ڕۆشنبیرانی کورد سەلەفین، بەواتای کەسێکی سەلەفی دینی تەواونا، بەڵکو بەمانای دورکەوتنەوە لە سیاسەت، سیفەتێکی سەلەفییەکان خۆ دورگرتنە لە سیاسەت و گوێ پێنەدانی دەسەڵاتە گەر ستەمکاریش بێت، بەختیار علی نوسین و قسەکردن لەسەر دەسەڵات بەزیادە دەزانێت! لەکاتێکدا لێرە سیاسەت چۆتە ناو هەمو ژیان چۆن دەتوانین بێدەنگبین؟! دەسەڵاتیش خۆسەپێن و ستەمکارە، بەختیار علی خۆی لە ڕابردوو دەیگوت بێدەنگ بوون لە ئاست ستەمکاری شەرعیەتدانەوەیە بە ستەمکار، پێموایە بێدەنگ بوون لە ئاست ئەم دەسەڵاتە کە کەڕامەت و ژیانی تاکەکانی وێران کردووە کارەساتە، ناشکرێت دیدگای ڕۆشنبیریک بەڕاست بزانین و دوای بکەوین وەک دەروێش، وەک هابرماس دەڵێت (بینینی دوونیا لەیەک پەنجەرەوە، ئەوپەنجەرەش بە حەقیقەتی ڕەها بزانیت کارەساتە) ناکرێت ڕۆشنبیرێک کۆتای شتەکان دیاری بکات و ئێمەش بوەستین.
داواکاری بێدەنگ بوون لە ئاست دەسەڵات سیفەتێکی ڕۆشنبیری سەلەفییە کە دەسەڵات بە موقودەس دەزانێت، وە بەتاڵکرنەوەی نوسین و زۆر بڵێییەکانی ڕابردوویانە کە پێی گەورە ببوون، ئەم جۆرە ڕۆشنبیرانە مێزەڵانێکی گەورە بوون و دەسەڵات بە نوکە دەرزییەک بەتاڵی کردنەوە و خستنیە خزمەتی خۆی، ڕۆشنبیری سەلەفی مەترسیدارەو شەرعیەت بەدەسەڵات دەداتەوە، تاکەکان فێری نائومێدی دەکات بەناوی (ئەم جوتحیزبە لەوە باشتر نابن) بەڵام مێژوو نەوەستاوە و دەکرێت جوڵەیەکی گەورەی کۆمەڵگا ئەم سیستەمە سیاسییە هەڵتەکێنێت وەک چۆن لە مێژوودا ڕووداوی گەورەتر ڕویداوە، ڕۆشنبیری سەلەفی و دەربار ناشیرینترین جۆری ڕۆشنبیری کوردین چونکە دژی ئەو شتە وەستاون کە خۆیان پێشتر نوسیویانە، بێ هەڵوێستیش لە بەرامبەر ستەمکارییەکانی دەسەڵات لە ڕۆشنبیربوونیان دەخات و لە پەرداخە نەوتەکەی دەسەڵاتدا دەتوێنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت