دکتۆر کەمال میراودەلی: دوا پەیام بۆ بارزانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەڵلا برا گیان تۆ ئێستا لە پشت میللەت، کە قەت ڕێزت نەگرتووە ئەگینا پەرلەمانەکەیانت ژێر پێ نەدەدا، خۆت دەشارییەوە، تکات لێ دەکەم وەک کورد مەردانەو هؤشمەندانە، بۆ خاتری گەلەکەت، لە پێش هەموو کەسدا، بەرەوڕووی خۆت بەوەو دانی پێدابنێ کە هەڵەت نەکرد، بەلام پێشبینی ئەم هەموو دوژمنایەتییەی دنیات نەدەکرد، بۆیە بۆ خاتری نەدۆڕانی ئەوەی هەمانە و لە دەستنەدانی کەرکوک و خانەقین و مەندەلی و ناوچەکوردستانییەکانی موسڵ، یان دروستنەکردنی کێشە و مەترسیی بۆیان، بریارت دا ریفراندۆم نەکەیت و داواکاری ئەمریکاو نەتەوە یەکگرتۆکان و هەموو دۆستان بۆ دانوستاندنی جددی لەگەڵ حکومەتی عێراق قبووڵ دەکەی.
کاتی ئەوەیە خۆت لە خوێنی تاکە مناLیکیش بەرپرسیار بزانیت. هەر دوێنێ تەیارەکانی تورک 12 کەسیان لە بادینان شەهید کرد. ئەوە مەسەلەی چارەنووسی گەلێکە نەک شەرمەزاری کەسێک. ئەمە بیرکردنەوەیەکی عەشایرییەو عەیبە بۆ ئەم سەردەمە و بۆ ئەم پرسە گرنگە.
وەختی خۆی خومەینی بەو هەموو عەنتەریاتەی خۆیەوە وتی ژەهر دەخۆم و ناچار بوو ملی داو ئاشتی لەگەڵ عیراق قبوڵ کرد. ئەمە لە سیاسەتدا ئاسایی یە رای خۆت بگۆرێت.
وەک ئەمریکییەکان دەڵێن هەقتە شانازی بەوەوە بکەی کە تا ئێستا پرسی ڕیفراندۆم بەدەستی هێناوەو مەسەلەی کورد و سەربەخۆیی کردۆتە باس و خواسی یەکەمی جیهان. ئەم لایەنە گرنگەشت پێشبینی نەدەکرد. هەمووی مەکە بە بالۆنێک بتەقێ. هەر ئێستە ئەم ىریارە بدەو چیتر دوای مەخە.
هەر وەک پرۆسەی ئیداریش و کامپەین هیج بۆ ڕیفراندۆم لە کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم نەکراوە و هێشتا یەکێتی دوودڵەو کەس نازانێ لە کوێ و چۆن دەنگ دەداو مەترسییەکان چ دەبن. بشکرێ دەبێتە ئاژاوەو فەشەل دێنێت. ئەمڕۆ تۆ دەتوانی وەک سەرۆکێکی ناسراوی کورد ئەم ىریارە بدەیت. بەداخەوە دوای 4 ڕۆژ کە لە سەر ئەو عینادییە بەردەوام بیت، کەس ئەو حیسابەت بۆ ناکاو دەبێ بە کەسێکی عادی بێ دەسەڵات.
بیر لە بریاری شەرکردنەوەی  1974 بکەوە بۆ [حوکمی زاتی حەقیقی ] هەموومان دۆڕاندو هەزاران قوربانێشمان دا. سیاسەت تێگەیشتنی سیاسەتی نیونەتەوەیی یە و کردنی دوژمن بە دۆست، وەک لەگەڵ تورکیا و ئێران تا ئێستا سەرکەوتووانە کردووتانە نەک کردنی دۆستان بە ناحەز یان ڕەنجاندنیان. بە هیوای پاراستنی دەسەکەوتەکانمان لە باشوور و بە هێزکردنی و بە هیزکردنی یەکێتیی نەتەوەییمان.
بەداخەوە هەر هەڵە و پشێوییەک لە باشوور زۆر بە خراپیی کار دەکاتە سەر براو خوشکەکانمان لە رۆژاواو باکوور و رۆژەلات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت