Hellbjardn

پشکۆ ناکام: خــــــــــــــــــــاڵ.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گاڵتە بازاڕی دەنگدان بۆ پرۆسەی کورسیراندۆمەکەی بنەماڵە و پارتی پاشکۆی کۆتایی هات، هەروەک چاوەروان ئەکرا بەرەی دەستەمۆی پلە و پایە زۆرینەی هێنا بە دەنگدەرانی پارتی و هاو ئاوازەکانییەوە، بەڵام دیاردەیەکی تری لەگەڵ خۆیا هێنا ئەویش بەرەی” هاو بەڵێ” کانی پروسەکەیە. ئەمەش ئەو کەسانەن کە تا ڕۆژێک یان چەن سەعاتێک پێش بەرێوە چونی گاڵتە جاڕییەکە هات و هاواریان ئەگەشتە عەرشی عەزیم کە ئەبێ بەرامبەر سیناریۆی ریفراندۆم خەڵکی کوردستان بڵێت نەخێر. لە نەخێر بەولاوە هیچ بژاردەیەکی تر نیە..!!
بە راستی مایەی سەرسورمان و نیگەرانی و تێڕوانینە، چەن هەفتەیەکە باکگراوندی ئەم مەسخەرەیەی بنەماڵە بۆ خەڵک ڕوون ئەکەنەوە، کەچی کە هاتە سەر دەنگدان خۆیان ووتیان: بەڵێ! بەڵێ بۆ کێ؟ بەڵێ بۆچی؟ بەڵێ لە پای چی..؟ لە هەمووی هەزەلی تر ئەوەیە بەهانەی هەندێک لەوانە ئەوەیە کە ناکرێ بۆ سەربەخۆیی بڵێیین نەخێر! ئەی کاکی برا بۆ پێشتر لە کوێ نووستبویت . کە ئەتووت نەخێر ئەوان ئەیانووت نەخێر بۆ سەربەخۆیی خیانەتە.! ئەی هەر ئێوە نەبون بۆ خەڵکتان روون ئەکردەوە کە ئەوەی سەرۆکی بنەماڵە و پارتیە پاشکۆکەی ئەیکەن تەنها بۆ درێژکردنەوەی ماوە بەسەر چوەکەی سەرۆکی پارتیە و کردنەوەی دەرگا زەردەکانی پارلەمانیش هەر لەو پێناوایە. کەسێک بە خەڵک بڵێ ووریابن بەردەمتان چاڵی تا نەچیتە بەردەی نایبینن، بۆ خاتری خوا ووریا بن، کەچی لەو لاوە خۆی بخاتە چاڵەکەوە،! ( هەرچەنە نازانم چاڵەکە بۆ ئەوان چەورە یان نا، پیاو بوختان نەکات ئەمەیان تا ئێستا مەعلوم نیە..)
نووسەرێکی بە ڕێچکە نەتەوەیی ! و فەقێ یەکی پارلەمانتار و چەن سیاسیەکی بەرەی ئەیام زەمانی موعارەزە بە پێی خۆیان بچن دەنگ بەو دەستەڵات و بەو سیستەمە بەن کە خۆیان ماوەیەکی زۆر بنێشتەخۆرەی سەر زمان و بن زمانیان بوو، شیکردنەوەکانیان هەمووی واقیعی و دروست بوو لەسەر سیستەمی حوکمڕانی بنەماڵەیی لە هەرێما و یارییە خەتەرەکانی سیناریۆکانی ئەو دستەڵاتە بە سیناریۆی ریفراندۆمیشەوە، هەمووی راست و مەنتیقی بوون . ئەوەی ناچێتە ئەقڵەوە خەڵک هانبەیت بۆ نەخێر کە لە جێگەی خۆیەتی، خۆشت لەلایەکی ترەوە وەک شانازییەکیش بڵێیت: بەڵێ،

لێرەیا دوو ئەگەر هەیە:
A- یان ئەوەتا ئەوەی ئەوان ئەیان ووت لەسەر دەسەڵاتی هەرێم سیناریۆی ریفراندۆم راست نەبوو و ویستویانە خەڵک چەواش بکەن، لە رووی ویژدانییەوە ئەبێت موحسابەیەکی خۆیان بکەن کە چۆن خەڵک بە لایەکا هەن ئەیەن و خۆشیان بەلایەکی ترا دەنگ ئەیەن پێچەوانەی دەنگی خەڵکەکە.
B- دووەم ئەگەریش ئەوەیە ئەوان لەسەر چاڵەکەی ریفراندۆم هەر چیەکیان ووتوە ڕاستە، کەچی خۆیان دەنگیان پێ یاوە!! واتا خۆیان چاڵەکە بە پرکراوەیی ئەبینن و دژی رێگە نیشاندانی خەڵکەکە ئەوە چاڵ نیە. ئەمەشیان وەک ئەگەرەکەی پێشوولە رووی ئەخلاقی سیاسی و دیسانەوە ویژدانییەوە خۆیان، دادگایەکی زاتی خۆیان بکەن کە ئەم دوو هەڵوێست و ئەم دوو ئەجیندا جیاوزاە دژ بە یەکە لە یەک کات و بەرامبەر یەک پرۆسە بۆ؟ چۆن سبەی رۆژ باسی ئەم دەسەڵاتەی هەرێم بۆ خەڵک ئەکەن.
هەر چەنە من زۆر بە زەحمەتی ئەزانم کەسێک بەو تەراتێنە سیاسیانە ڕاهاتبێت مەسەلە ویژدانییەکە کەمتر وجودی هەیە و گەر هەشبێت ئەو ئازار بەخشە نابێت کە کاریگەرییەکی بینراوی هەبێت. جار و بار ئەمان بیست لێرەو لەوێ بەقوڕگێکی گڕەوە ئەیووت من دەنگ ئەیەم بە سەربخۆیی، دەنگ نایەم بە دیکتاتۆری.. ئەو زاتانە لە بیریان چوو کە کارتەکە تەنها لێی نووسراوە بەڵێ یان نەخێر بۆ سەربەخۆیی و لە هیچ کونێکەوە باسی دیکتاتۆری تیا نەنووسراوە، ئەوی ئەڵێت دەنگم بۆ سەربەخۆیی ریفراندۆمەکەی بنەماڵە دەنگدانە دژی دیکتاتۆری ئەوە تەنها فەنتاسیای خۆیەتی و لەو جۆرە کارتانە تا ئێستا چاپ نەکراوە و هەر ریفراندۆمێکیش هەمان دەستەڵات بەڕێوەی بەرێت توخنی ووشەی دیکتاتۆری ناکەوێت، چونکە خۆی ئەگرێتەوە.
پێشتر هەندێک لە “هاوبەڵێ” کانی دەستڵات ئەیان ووت ئەبێت دەنگی خەڵک نەخێر بێت چونکە بریارەکە لە کەسێکەوە دەرچوە کە شەرعیەتی بریاردان نیە، ئەی برادەری ئازیز کە خۆت بە پێی خۆت چوویت ووتت بەڵێ! هەر هەمان کەس کە شەرعیەتی بریار دانی نیە قیادەی پرۆسەکە ئەکات و ئەو هەر لە شوێنی خۆیەتی، ئەوە تۆی چوویتە پاڵ ئەوانەی پێت ئەوتن هاوئاوازەکان، ئێستا هاوئاوازەکان و ئێوەی ” هاوبەڵێ” هەر یەکەتان لەلایەکیەوە ڕا وەستاوون .. چۆن باس لەوە ئەکرا کە ئەم هەنگاوەی بنەماڵە نەهامەتی گەورە بەسەر خەڵکا ئەهێنێ ئەوە ووردە ووردە هەر لەسەرەتاوە کاردانەوە سەلبیەکانی دەر و دراوسێ بە بەغاشەوە دەرئەکەون کە بەرپرسیارێتی هەر نەهامەتیەکی سیناریۆکەی ریفراندۆم ئەکەوێتە ئەستۆی دروستکەرانی سیناریۆکە بە پلەی یەکەم و پلەیەکی تریش ئەستۆی ئەوانەی کە پێیان وایە گێڕ گۆڕین لە نەخێرەوە بۆ بەڵێ ئەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ !! و جیابونەوە لە عەرب و شیعە و …لە هەندێک حاڵەتیشا بەرپرسیارێتیەکە وەک یەکە بۆ هەردوولا.. سەرۆکی بەناو حکومەتەکەی بنەماڵە خۆی ئەڵێت ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نیە، کەچی کاکی فەقێ ی پارلەمانتار و کاکی نووسەری قەومی! ئەڵێن بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردی دوای ئەم ریفراندۆمە ئەبێت لەگەڵ پارتیا لەیەک سەنگەرا بین، ئای لەو کۆمیدیایە و ئای لەو فەرهەنگە سیاسیەی ئەوانە داڕێژەری بن. خوا ڕەحم بە کورد بکات.
زۆر دوور نەگەڕێینەوە دواوە هەر چەن هەفتەیەک پێش رەگەیاندبی سیناریۆی ریفراندۆم، کێشەیەکی گەورە کەوتە بۆوان بنەماڵە و حکومەتی ناوەندی کە کەس شکی لەوە نیە ئەو کێشەیە هاندەر و بەهانەی سەرەکی نەبوو بێت بۆ فەرز کردنی ریفراندۆم وەک تۆڵەیەک لە بەغا لەو کێشەیە، کێشەکەش لەسەر یەک” خاڵ” بوو، کە “خاڵ” ی سەرۆکی بنەماڵەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت