کامەران عومەر: تورکیا سەری ڕمە لە دژایەتی سەربەخۆیی.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگێرنەوە لەشەوێکی تاریک گوێدرێژێک (کەرێک) بەدوای گیای سەوزو جوان دوورئەکەوێتەوە لە ئاوایی و لەپڕ دەنگی گورگ دێت. فێڵ لەخۆی ئەکات و ئەڵێت: هیچ نیە گوێچکەم زرینگاوەتەوە، دەنگەکە نزیک ئەبێتەوەو ئەڵێت: نا دەنگی بایە هیچ نیە. گورگەبۆر ئەگاتە لایی و، دوبارە فێڵ لە خۆی دەکات و ئەڵێت: ڕێویە کوا گورگە. لە پڕ گورگەکە قەپێک لە گونەکانی ئەگرێ و گونی دەردێنێ، ئەوجا ئەڵێت: بەخوا دەنگەکە گورگ بووە.
لە گەڵ ڕێزم و پەرژینێکی قایم بێ لەڕووی ئەوانەی وابیر ئەکەنەوە لە تورکیا، کە گورگ نیە و ژێر بە ژێر ڕێکەوتنمان هەیە و، ڕێکەوتنی ئابوری هەیە. یان ئەڵێن دەوڵەتی کوردی لە بەرژەوندی تورکیایە. ئەگەر ڕێکەوتنیشی هەبێ ئەگەر سودمەندی ئابوریش بێ، سیاسەتی ئەم وڵاتانە خۆ بۆ ڕۆژێک و ساڵێک نیە، تورکیا حسابی دوورمەودا ئەکات. ئێستا لەچی ئێمە بترسێت ترسەکە بۆسبەیە. ئەگەر کورد دەوڵەتی هەبێ و خاوەنی سیادەی خۆیبێ و چەک و تەکنەلۆجیای سەربازی پێشکەوتوی هەبێ، هێزی مرۆیشی هیچی کەمتر نابێ لەهی تورک ئەگەر زیاتریش نەبێ. ئەوکاتە معادەلەکان ئەگۆڕێن. نەک هەر معادەلەکان، بەڵکو ئەوانەی ئێستا حوکم دەکەن ئەوانیش ئەگۆڕێن، بۆیە تورکیا لەهەمویان زیاتر دژی دروست بونی دەوڵەتی کوردستانە. بۆیە تا بۆی بکرێت ڕێگری ئەکات، چونکە ئەگەر بە پلە بەندیش بێ زەرەرمەنترین وڵات تورکیایە تا ئێران و عەرب. ئەوە هیچ، کە دەوڵەتی کوردی لە باشور لە دورمەودادا هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی ئابوری و نەتەوەیی ئەبێ بۆ تورک. باکوری کوردستانیش زۆر نزیک دەبێتەوە لە سەربەخۆیی ئەوکاتە، تورک نەک ئابوری ئەروخێ، چونکە ئێستا باکور زۆرترین سەرچاوەی ئابوریە بۆ هەموو تورکیا، لە سەدا هەشتای سەرچاوەی ئاوی شیرین لەدەست ئەداو، ڕوبەرێکی فراوانی خاکی داگیر کراوی باکوری کوردستان جیا ئەبێتەوەو ئەو پێگە بەهێزەی ئێستاشی نامێنێ لە ڕوی نێو دەوڵەتی و، چەندین هۆکاری تر کە تورکیا ناتوانێ قبوڵی کیانێکی سەربەخۆ بکات، ئەگەر بەس دهۆکیش بێت.
بەڵام بۆ ئێران جیاوازە لە گەڵ ئێران هەمیشە تعامل ئاسانتر بووە، لەوانەشە هۆکاری نزیکیمان لەڕوی نەژاد و زمان کاریگەری خۆی هەبوبێ دووەم هۆکاری ڕێژەی خڵک و زەوی، کە کەمترە و هۆکاری سایکولۆجی کاریگەریی بووە، ئەوەندەی کورد لەسەر دەستی تورک سەرکوت کراون. هەڵبەتە ئێرانیش دریخی نەکردوە لە سەرکوت کردنی کوردان، بەڵام بە قەد تورک نا عەرەبیش رژێمی بەعسی لێدەرچێ و، بابەتی کەرکوک نەبایە کە هۆکارەکەی زیاتر ئابوریە دەمێک بوو دانیان نابوو بە سەربەخۆیی کوردستان.
ئەگەر لەڕوی ئابوریشەوە لێکیبدەینەوە هەردەم عراق زەرەرمەند بووە بەهەبونی کوردستان لەسەرەتای لکاندی ولایەتی موسل بە عێراقی عربی و، کورد هەمیشە لە شۆرش دابووە، بەم هۆیەش سەرەڕای زەرەری ئابوری گەورە، لەڕوی ئاسایش و پێشکەتنی شارستانیش زەرەرمەند بون، کە سیاسی و ڕۆشنبیرەکانی عرەب هەمیشە ئەو ڕاستیە دوبارە ئەکەنەوە.
ئێران ئەگەر خۆی کێشەی کوردی نەبایە ئەوا نزیکترین بون بۆ کورد، ئێستاش کە پرۆسەیەکی دبلوماسیان لەگەڵ کورد هەبێ ئەڵێن ئێوە ئامۆزای ئێمەن. بەڵام بۆ تورکیا هچ لەو بابەتانە نامان بەستێتەوە، من مەبەستم بەرگری نیە لە ئێران هەمویان بەجۆرێک دژی بەرژەوەندی کوردن، کە ناوی سەربەخۆیی کوردیش دێت، هەمویان دژ بە ئێمە یەک ئەگرن. بەڵام زیاتر باسی تورکیا ئەکرێت، کە دروستکەری ڕیفراندۆمە و دەوڵەتی کوردی هەرەشە نابێت لەسەرتورکیا، لەوانەیە ئەم قسەیە بۆ ئێستا ڕاست بێ، بەڵام بۆ سی سالی تر وانابێ. هەر ئەو هۆکارەشە، کە تورکیا دژی پڕۆسەکەیە تورکیا دیەوێت کورد بێ هێزبێت و بێ سیادەو دەوڵەت بێ لە سنوری ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا دەرنەچێ و، ببێتە فاکتەری دڵنیایی ئابوری و دڵنیایی سیاسی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت