ئارام قادر: مەترسییەکانی دوای ڕیفراندۆم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بێگومان هەموو کوردێک ئارەزو بوون بەدەوڵەتی هەیە و کەس ناتوانێت مزایەدە بەسەر ئەم بابەتەدا بکات، گومانکردنیش لە مەترسی ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم لە ئێستادا لەپەرۆشیە بۆ دروستکردنی دەوڵەت نەک دژایەتی، چەندین وتار و مەترسی خرانە ڕوو بۆ سەرانی کورد تا ڕیفراندۆم دوابخرێت لە ئێستادا، بەتایبەتی بۆ مەسعود بارزانی کە گوێی بەهیچ لە ڕەخنەو پێشنیارەکانی ناوخۆ و دەرەوە نەدا، زۆرینەی کۆمەڵگاو تەواوی حیزبەکانیش لەپاڵ هەستی ناسیۆنالیستی و مەترسی بە خیانەتکردندا دەنگیان بە بەڵێ دا، مەسعود بارزانی لە ڕێگەی جوڵاندنی ئەم پڕۆژە ناسیۆنالیستیەوە تەواوی حیزبەکانی خستە ژێر چەتری کارنامەکانی خۆی و هەموان بێدەسەڵات مانەوە لەئاستیدا، تەنیا جۆڵانەوەیەک دژی ڕیفراندۆم بوو لە ئێستاداو نزیکەی چارەکە ملیۆنێک دەنگی نەخێری هێنا.
دوای دەنگدان و دوای عاتیفەی گەرمی ناسیۆنالیستی ئێستا خەڵک دەترسێت، سەیرە ئەوانەی دەنگتان بەڵێ بووە بەڵام ئێستا متمانەتان بەم سەرکردانە نییە تا بتان پارێزن، ئێستا مەترسییەکانی دوای ڕیفراندۆم دەردەکەوێت، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ و حکومەتی عێراق و ڕاگرتنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی، ئێمە هەرێمێکی بەکاربەرین نەک بەرهەمهێن، بۆیە زیاتر دەترسین و چاوەڕوانی هاوردەی وڵاتانی دراوسێین، چونکە سەرانی کورد نەیانتوانیوە بنەماکانی دەوڵەتێکی بەرهەمهێن دروستبکەن.

لێرەدا چەندمەترسییەکی دوای ڕیفراندۆم دیاریدەکەین:
یەکەم/ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی تورکیاو ئێران، ئەم دوو وڵاتە ساڵانە زۆربەی پێداویستیەکانی هەرێم دابین دەکەن، ئەگەر سنور بەڕووی هەرێم دابخەن، قەیرانی کەمی پێداویستی ڕودەدات و نرخی پێداوییستیەکان زیاد دەکات، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە چونکە پەیوەستە بە پێداویستی ڕۆژانە.
هەروەها ئەم دوو وڵاتە دژایەتیان بەردەوام دەبێت لەبەر مەترسی وروژاندنی کوردانی ناو وڵاتەکانی خۆیان، هەروەها لەڕووی دروستکردنی مەترسی ئاسایش کاریگەریان بەسەر هەرێمەوە دەبێت. گرتنەوەی بۆڕی نەوت لەدەستی تورکیا مەترسییەکە ئاسان دەکات.
دووەم/مەترسی شەڕ لەگەڵ حکومەتی عێراق بەتایبەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان، ئەم مەترسییە گەورەیە لەبەرئەوەی حکومەتی عیراق خاوەنی حەشدی شەعبییە کە هێزێکی ئاڵۆزە و مەترسی شەڕ هەیە لەناوچە کێشە لەسەرەکان.
سێیەم/ کۆکنەبوونی هێزە کوردییەکان لەناوخۆدا، چونکە تا ڕۆژێک پێش ڕیفراندۆم هێزە کوردییەکان یەک نەبوون بۆ ئەم پرسە، گوێنەگرتنی هێزە سیاسییەکان لە یەکتری و نەبوونی دەسەڵاتێکی یاسای مەترسیدارە.
چوارەم/پشتکردنی هێزە گەورەکانی جیهان لەکورد بەتایبەتی ئەمریکاو ڕوسیاو ئەوروپا، ئەمانە پێش ڕیفراندۆم دژی ئەم پڕوسەیەبوون، هەرێمی کوردستان لەناو دوژمندایە ئەگەر ئەم هێزە نێودەوڵەتیانە پشت لەکورد بکەن زۆر مەترسیدارە.
پێنجەم/ مەترسی بەکار هێنانی هەرێمی کوردستان بەناوی ڕیفراندۆمەوە بۆ شەڕی مەزهەبی و ئیقلیمی، چونکە وڵاتانی ناوچەکە بەسەر بەرەی ئێران و سعودیەدا دابەشکراون، پشتگیری سعودیە و ئیماڕات بۆ کورد دژی بەرەی ئێرانە، بەکار هێنانی کورد لەم شەڕە هەرێمیەدا مەترسیدارە و کراوەیە.
شەشەم/مەترسی خۆسەپاندنی سیاسی هەیە بەناوی پاڵەوانی ڕیفراندۆم، ئەم پڕۆسەیە ئەگەری هەیە شەرعیەت بە هەندێ هێزو سەرکردە بدات خۆی بەتەوای بسەپێنن، ئەمەش مەترسییەکی گەورە.
سەرەڕای ئەم مەترسیانە دەکرێت ئەم پڕۆسەیە بۆکات بەڕێکردن و شاردنەوەی شکستەکان بێت، وەک بارزانی دوای ڕیفراندۆم گوتی ئەم ڕیفراندۆمە بۆ دیاریکردنی سنور نییە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم مەترسیانە ناوچەکە بەرەو جەنگ دەبات، ئەگەری پاڵپشتی هێزە نێودەوڵەتیەکانیش بۆ کورد، کورد بەرەو دەوڵەتبوون نزیک دەخاتەوە، بەڵام نەبوونی بنەمانی دەوڵەت لەهەموان مەترسیدار ترە، دروستکردنی دەوڵەتیش زیرەکی و قوربانی دەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت