محەمەد بەرزی: کورد و هونەری سیاسەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر بمانەوێت بە شێوەیەکی زۆر سوک و ئاسان پێناسەی سیاسەت بکەین ، ئەوا دەڵێین: ( سیاسەت بریتییە لە توانای لایەنێک بۆ سەپاندنی هەژمۆن و داواکانی خۆی بەسەر لایەنی بەرامبەردا ). دیارە ئەمەش پێویستی بە بیری تیژ و مێشکێکی زیرەکی کراوەیە، کە بتوانێت ژیرانە هەڵسوکەوت لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکات و بە وریاییەکی زۆر و چاوێکی کراوەوە ڕووداوەکانی دەوروپشتی وەک خۆی ( واقعی ) ببینێت، تا لە کۆتایی دا بە باشترین شێوە و کەمترین زیان ئامانجەکانی بپێکێت. بێگومان بە درێژایی مێژوو ، کورد جەنگاوەرێکی ئازای بێ وێنە بووە ، جگە لە خوای گەورە هەرگیز سەری بۆ هیچ داگیرکەر و زاڵمێک دانەنەواندووە، کەچی لەگەڵ ئەم ئازایەتییەشدا وڵاتی پارچە پارچە کراوە و دووچاری قڕکردن و دەربەدەری و نەهامەتی و ئاشبەتاڵ و ئەنفال و پاکتاوی ڕەگەزی بۆتەوە ، کە دیارە ئەمەش نیشانەیە ئەگەر ئازایەتی بیری تیژ و هونەری سیاسەتی لەگەڵدا نەبێ، ئەوا مەحاڵە جگە لە قوربانی و ماڵوێرانی هیچ ئەنجامێکی تری لێبکەوێتەوە. بێگومان بێ بەختی و نەگبەتی میللەتەکەشمان لە وەدایە، سەرکردەکانی توانیویانە زیرەکانە کۆشک و تەلار بەرەو ئاسمان بەرزبکەنەوە، بەڵام بە داخەوە نە فێری سیاسەت دەبن، نە وانەیەک لە مێژووی پڕ لە کارەساتە خوێناوییەکانمان وەردەگرن، نە دەست لە تەخت و بەختی خۆشیان هەڵدەگرن، نە لەو جۆرە لووتانەشیان هەیە، کە بۆنی مەترسی پێش ڕوودانی بکەن.
ئاشکرایە بە درێژایی ساڵانی شۆڕشی ئەیلول ئێران بە چەک و بە پارە گەورەترین پاڵپشتی ئەو شۆڕشەی کردووە. سەرکردەکانی کورد بیرێکی تیژیان نەبووە تا ڕۆژێک لە ڕۆژان پرسیارێک لە خۆیان بکەن: ئێرانێک ڕێگا بە کوردی وڵاتەکەی خۆی نەدا بە زمانی دایکیان بخوێنن، دەی باشە چۆن وا بەو گەرموگوڕییەوە پشیگیری لەو شۆڕشە دەکات، کە مەترسییە بۆ سەر خۆی؟. دیارە ئێران هونەری سیاسەتی زانیوە و توانیویەتی کڵاو بکاتە سەرمان و خوێن و خەباتی ئێمە بەکاربهێنێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی. ئێمەش بە سەد هەزار پێشمەرگەی ئازاوە ئاشبەتاڵێکی بێ وێنە دەکەین و ئاواتەکانمان ئاوێتەی گڵ دەبن… پاشان لە دوای ڕاپەڕینەوە بە گشتی ئێران و بە تایبەتیش تورکیا لە بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی وڵاتەکەماندا سودمەندی سەرەکیی بوون و تورکیا گرێبەستی پەنجا ساڵەی نەوتی لەگەڵدا کراوە و وەک برا گەورە سەیری کراوە و بە بێ بیرکردنەوە ڕێگامان پێداون هێزی سەربازییان بارگە و بنکە لەسەر سنگی وڵاتەکەمان دابنێن، لە بیرخۆمان بردۆتەوە ، کە ئەم داگیرکەرانە چەپییان نییە لە یەک و هەموو بە خوێنی سەرمان تینون و دوژمنی سەرسەختی نەتەوەکەمانن، ئەوەتا کاتێک ڕاپرسیی بۆ دەوڵەت دەکەین ، ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆیانمان بۆ دەردەخەن و سنورەکانمان بە ڕوودا دادەخەن و دەبن بە باوەشێنی ئاگری ئاژاوە و دنەدانی عیراق بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکانمان و وڵاتەکەمان بکەنەوە بە گۆمی خوێن. بێگومان ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان سیاسەت دەکەن، ئێمەش بەبێ ئەوەی سوودمان لە مێژووی پڕ کارەساتی خۆمان وەرگرتبێت دەستەوەسان بەرامبەریان دەوەستین و سەرلەنوێ هەڵەکانی ڕابوردوومان دووبارە دەکەینەوە.
لە کانوونی دووەمی ساڵی 2005 دا و ڕاستەوخۆ لە لایەن میللەتەوە ڕاپرسییەکی پاکوبێگەرد بۆ سەربەخۆی کوردستان کرا. میللەت بە ڕێژەی ( 98،88% ) بە بەڵی دەنگیاندا. ئەو سەردەمەش عیراق وڵاتێکی لاوازی پڕ ئاژاوەی بێ سوپا بوو. سەرباری ئەمەش زوربەی هەرە زۆری وڵاتانی دنیا پشتگیرییاندەکردین ، وەک ئەمڕۆش کۆمەڵگاکەمان ئەوەندە پەرتوبڵاو نەبوو، باشترین فرسەتیش بوو ئەنجامی ئەو ڕاپرسییە بکەین بە ئامرازێک بۆ داوای سەربەخۆییمان. بەڵام چونکە سەرکردەکانمان ئەم ڕۆژەیان لەبەر چاو نەبوو، لە هونەری سیاسەتیش نەگەیشتبوون و تەنها مەستی پۆست و پارە بوون، بۆیە ئەو هەلە مێژوویەیان لە دەستدا ، هەتا ئەوەشیان لە بیرچوو لە دەستوری عیراقدا ئاماژە بۆ خواستی سەربەخۆیی میللەتەکەمان بکەن. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ، کاتێک چەند پۆستێکی گرنگ لە حکومەتی عیراقدا لە دەستدەدەین، بە تایبەتی دەرکردن و تاوانبارکردنی هوشیار زێباری خاڵی کاک مەسعود بارزانی و لاوازبوونی پێگەی سەرۆکی پارتی بەهۆی کێشەکانی ناوخۆوە و بەسەرچوونی ماوەی پۆستەکەیەوە ، بیر لە ڕاپرسیی دەکەینەوە. پاشان بە بێ بوونی پایەکانی دروستبوونی دەوڵەت و بە بێ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوەوە و دەرەوە و بە بێ گویێ گرتن لە وڵاتە زلهێزەکانی دنیا، ڕاپرسیی دەکەین. ئەوجا وڵاتانی گرنگی وەک ئەمەریکا و ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامۆژگاریمان دەکەن و دەستپێشخەری ناوبژیمان پێشکەش دەکەن. جا ئەگەر سەرکردەکانی کورد یەک تۆز لە هونەری سیاسەتیان بزانیایە، ئەوا دەبوو گورج بە دەنگ ئەو دەستپێشخەرییە جیهانییەوە بچوونایە، نەک بە داوای کۆنە بەعسییەکی وەک ئەیاد عەلاوی قایل بن، کە جگە لە مووچە وەرگرتن هیچ سەنگ و قورساییەکی لە ناو حکومەتی عیراقدا نییە و کەس هیچ بە کڵاوی ناپێوێ و حسابی چڵە پووشێکی بۆ ناکەن و ئەنجامەکەشی گرەوە لەسەر ئەسپی دۆڕاو و گەڕانەوەشە بۆ سەر بای بەڕە کۆن ، کە دیارە ئەمەش دەرمانی دەردی کورد ناکات.
لە دواجاردا ئەوە ماوە بڵێم کورد مافی ڕەوای خۆیەتی لەسەر خاکی سورڕەنگی باوباپیرانی دەوڵەتی سەربەخۆ دابمەزرێنێت، بەڵام دەبێ زۆر چاکیش ئەوە بزانێ، کە بە بێ بوونی پایەکانی دامەزراندنی دەوڵەت و سوپایەکی یەکگرتووی بەهێز و بە بێ تێگەیشتن لە هونەری سیاسەتی ناوەوە و دەرەوە و وازهێنان لە بەرژەوەندی تایبەت، ئەوا مەحاڵە تەنها بە ئازایەتی و سەنگەرگرتن و پشتبەستن بە داگیرکەران بتوانێت بە ئامانجە پیرۆزەکانی بگات ، کە سەدان ساڵە خەباتی بۆ دەکات و هەزاران هەزار شەهید و کەسانی پایەبەرزی وەک حاجی قادری کۆیی بە داخی نەبوونی دەوڵەتی کوردستانەوە سەریان ناوەتەوە:

قوڕی کویێ کەم بەسەر خۆما لە غوربەت
خەوم نایێ لە داخی موڵک و دەوڵەت
ئەگەر وەک من خەبەردابن لە دەوڵەت
لە حەیفان خۆ دەخنکێنن بە بێ پەت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت