Talabani-3

نەوزادى موهەندیس: بۆ کۆچى دوایى مامى هەموو کوردان.

ئەمڕۆ 3 شەممە ڕێکەوتى 3/10/2017 و کاتژمێرى 4ى دوانیوەڕۆ. هەموان ناخۆشترین و بەسوێترین هەواڵمان پێگەیشت، کە ئەویش کۆچى دوایى یەکێک لە مەزنترین ڕابەر و کاریزما و سەرکردە و سەرۆکى هەڵکەوتوو و بێوێنەى نەتەوەى کورد (مام جەلال) بوو.
مام جەلال تەنها باوکى بافێڵ و قوباد نەبوو، بەڵکو باوکى تەواوى هەژاران و شەهیدان و خەمخۆرانى نەتەوەى کورد بوو.
مام جەلال تەنها مامى شێخ عەلى و ئاراس و لاهور و پۆلاد و ئاسۆ و ئەوانى تر نەبوو، بەڵکو مامى تەواوى نەتەوەى کورد بوو، نەک مامى کوردان مامى عەرەب و تورکومان و مەسیحى و ئەوانى تریش بوو.
مام جەلال بەتەنها هەربۆخۆى بەهێندەى شاخە سەرکەشەکانى کوردستان ئازا و بوێر و سەربەرز و بێ هاوتا و خۆڕاگر بوو. مام جەلال بەهێندەى سەفین بەهێز و ڕەگداکوتراو و لەبن نەهاتوو بوو.
مام جەلال، لەیەک کاتدا پێشمەرگە و خەباتگێڕ و ڕۆژنامەنوس وپارێزەر و ئەندازیار و دەستپێشخەر و داهێنەر و دامەزرێنەر و سەرکردە و ڕابەر و دیپلۆماتکار و سەرۆک و کاریزمایەکى هەڵکەوتوو بوو. ئەو لەتەمەنى 15 ساڵیەوە تائێستا بەردەوامە لەخەبات و کوردایەتى و نزیکەى 70 ساڵى ڕێکە لەکاروانى خەباتى کوردایەتیدا پێشمەرگە و سەرکردە و دامەزرێنەر و ڕابەر و سکرتێر و سەرۆک بوە.
مام جەلال سەرکردەیەکى عێامى و هەڵکەوتووى قۆناغێکى سەختى خەباتى کوردایەتى بوە و توانیویەتى بە چالاکى و بوێرى و چاونەترسى و زیرەکى و ژیرى خۆى بێ پشتیوانى خزم و عەشرەت و خێڵ و بنەماڵە خۆى پێبگەیەنێت و بگاتە ئاستى سکرتێرى گشتى گەورەترین حیزبى سیاسى وڕابەرى کورد و سەرۆک کۆمارى دەوڵەتێکى عەرەبى لە عێراقدا و جێگرى یەکێک لەگەورەترین ڕێکخراوى سیاسی هەموو دونیا ( ئەنتەر ناسیوناڵى جیهانى ).
مام جەلال ڕابەرێکى چەپ و دیموکراتخواز و سۆسیالیستى و هەڵگرى دروشمەکانى دیموکراسى و پێشکەوتوخوازى و ئازادى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى و یەکسانى و پێکەوەکارکردن و تەوافوقى سیاسى و خاوەنى ڕەوت و ڕچە و ڕێباز و سیاسەتێکى نەرم و حەکمیانە بوو.
مام جەلال پشوودرێژوو بە ئارام و ورە پۆڵاین و چاونەترس و خۆڕاگر بوە، لەهەموو کاتە هەستیار و مەترسیدار و نسکۆو ڕووخاندنەکاندا، ئەو هەمیشە ورە پۆڵاین و خۆڕاگر و شاخێک بوە لە ورە و گەشبینى و بڕوابوون بەسەرکەوتنەکان و هەمیشەش ڕاوبۆچون و تێگەیشتنەکانى ئەو ئامانجەکانیان پێکاوە.
بەلەدەستدانى مام جەلال خەباتى کوردایەتى قۆناغێک و لاپەڕەیەک و پەردەیەکى هەستیارى لەسەر شانۆ و گۆڕەپانى سیاسى خۆى دادایەوە و زۆر زەحمەتە کە چیتر کوردایەتى ڕابەرێکى مەزن و کاریزمایەکى بێ وێنەى وەکو مام جەلال بەخۆوە ببینێتەوە.
مام جەلال تەنها سکرتێرى گشتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان نەبوە ، تەنها سەرۆکى وڵاتێکى وەک عێراق نەبوە، تەنها سەرکردەیەکى کوردانى باشوور نەبوە، ئەو لەیەک کاتدا بەگەورەیى و ڕاستگۆیى و سەرسەختى خۆى سەرکردە و ڕابەر و سەرۆکى کورد و عێراق و ناوچەکە و دونیاش بوە.
فکر و بۆچون و ڕچە و ڕێبازى مام جەلال پرشنگى داوەتەوە بەسەر هەرچوار پارچەکەى کوردستاندا و تەواوى سەرکردە و شۆڕش و خەباتگێڕاندا، هەموانیش بە سەرکردە و ڕابەر و مامى خۆیانیان دەزانى، دوژمنان و ناحەزان پێش دۆستەکان گەواهى ئەوە دەدەن کە مام جەلال چەندە ڕۆڵى گەورە و کاریگەرى لە عێراق و ناوچەکەشدا بینیوە.و هەمیشەش وەک ( صمام الامان ) تێیانڕوانیوە. چونکە لەسایەى حوکمڕانى ئەودا عێراق و کوردستانیش ئارام و ئاسایش و دوور لە جەنگى ناڕەواى تایەفى و ئاینى و نەتەوەیى بوو.
لەکۆتایدا تەنها ئەوەندە دەڵێم کە کورد و کوردایەتى چرایەکى گەش و ڕێبەرێکى مەزن و سەرۆکێکى بەوەفاو پێشەمەرگەیەکى قارەمان و کاریزمایەکى هەڵکەوتووى لەدەستدا. خوازیارم کە سەرجەم سەرکردە و پارتە سیاسیەکانى کوردستانى گەورە ئەم بۆنەیە بکەنە خاڵى لێکنزیکبونەوە و یەک و یەکگرتویى ڕیزەکانى گەلەکەمان لە پێناو هەنگاونان بەرەو پێکەوەنانى دەوڵەتى کوردى سەربەخۆ و دووربکەونەوە لە دژایەتى و ناتەبایى بۆ بەرپەرچدانەوەى گەلەکۆمەکى دوژمنانى ناوخۆ و ناوچەکە.
باشترین ئەمەک و وەفاش بۆ گیانى پاک و ڕێبازى درەوشاوە و فکرى مام جەلال، پاراستنى یەک و یەکگرتوویى ڕٍیزەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان و تەواوى گەل و نەتەوەى کوردە و درێژەدانە بە خەباتى دیموکراسى و ئاشتى و پێکەوەژیان و هەوڵدانە بۆ وەدیهێنانى مافى چارەى خۆنوسین و دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان و دوورکەوتنەوەیە لە ناکۆکى و ململانێ و خۆخۆرى و تەکەتولاتى ناڕەواو شەڕى ناوخۆى کوردان.
یادت بەخێر وماڵئاوا مامى گەورە و مامى هەموو کوردان
ماڵئاوا سوڵتانى کوردایەتى
ماڵئاوا ڕابەرى بێ هاوتا و بێ وێنە و کاریزماى هەڵکەوتوى نەتەوەى کورد
کورد و کوردستان سەربەرز و سەرفراز بن
نەمرى و سەربەرزى بۆ شەهیدانى ڕێگاى ڕزگاریخوازى کوردستان و خۆڕاگرى بۆ هێزى پێشمەرگەى قارەمان

Este sitio web utiliza cookies para que usted tenga la mejor experiencia de usuario. Si continúa navegando está dando su consentimiento para la aceptación de las mencionadas cookies y la aceptación de nuestra política de cookies, pinche el enlace para mayor información.plugin cookies

ACEPTAR
Aviso de cookies