شێرزاد شێخانی: تیرۆركردنی كەسایەتی مام جەلال.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ كاتێك چاوی بە ئاپۆرای ئەو خەڵكانە ئەكەوێ، كە بەسەدان هەزارانیان هاتنە سەر شەقامەكانو بەدوای كەژاوەی تەرمی مام جەلالەوە رێگایەكی درێژیان بۆ دوایین مەنزڵگای بڕی، خەمێكی قووڵ دایئەگرێ چونكە هەر حزبێك ئەم جەماوەری هەبێ بێگومان ئەبێ هێزێكی ئەوەندە گەورەو كاریگەر بێ وەك مام جەلال فەرموی لەسەفینیش بەرزتر بێ. بەڵام بەداخێكی قوڵەوە سەركردایەتی یەكێتی لەئاست گەورەیی ئەو وەفایە نەبون كە جەماوەركەی مام جەلال لەمەراسیمی گواستنەوەی تەرمە پیرۆزەكەو ناشتنیدا دەریانبڕی. بۆیە هەمیشە وتراوە یەكێتی كێشەی بنكەی جەماوەری نیە، بەقەدەر ئەوەی كێشەی لەكەسایەتی سەركردەكانیەتی..
ئەوەی لەمەراسیمە پرۆتۆكۆڵیەكەدا رویدا بە هەمو پێوەرێك شكاندنی شكۆی كاریزمایەك بو كە گەورەترین دوژمنانی كوردو یەكێتیش بەدرێژایی زیاتر لەنیو سەدەی تەمەنی سیاسی مام جەلالدا نەیانتوانیوە زەفەری پێببەن، بەڵام بەچەند سەعاتێك لەئۆغركردنی لەژیان ئەو كاریزمایە بەدەستی بەشێك لەدۆستو هاوڕێو هاوزمانی خۆی زەبرێكی كوشندەی بەركەوت.
مام جەلال سەرۆكی عێراق بو، سەرۆكێك سەرانسەری دونیا رێزی لێئەگرت، سەركردەیەك گەلانی عیراق لەئاستی گەورەیی ئەودا كڕنوشیان بۆ ئەبرد. سەرۆكیك باڵابەرزتر لەپۆستی سەرۆكایەتی دەوڵەت. رەمزێكی گەورەی یەكگرتوویی عیراق، خۆشەویسترین سەرۆكی ئەم وڵاتە لەوەتەی دامەزراندنیەوە.. مام جەلال بەم هەمو گەورەییەوە بەدەستی هەندێ كەسایەتی قیین لەدڵی نەخۆش لەمەراسێمێكی ناشەیستەدا بچوككرایەوە.
رونكردنەوەی سەركردایەتی یەكێتی شەفاعەتی ئەو شێواندنی مەراسیمەو، ئەو پیلانەی ناحەزانی ناكات، كە بەدەستی ئەنقەستو بەمەبەستی ڕشتنی بوغزو كیینەی هەندێ كەس بەرامبەر بە نەیارەكانیان دارێژرابو، لە نەتیجەدا بەبچوككردنەوەی كەسایەتی مام جەلال بەكۆتا هات..
چەند گەورەیی بو بۆ مام جەلال و خانەوادەكەشی مەراسیمەكە لەبەغدا دەستی پێبكردایەو بەحزوری دەیان سەرۆكی وڵاتان و سەركردە عراقییەكانو بەبەشداری خەڵكانی عیراق ، وەك سەركردەكانی عیراقی داوایان لەكوڕەكانی مام جەلال كردبو تەرمە پیرۆزەكەی بهێننەوە بەغدا بۆ ئەوەی وەك سەرۆكی وڵات مەراسیمێكی پرۆتۆكۆلی بۆ ساز بكرێ و بەبەر چاوی دونیاوە دەریانخستبایە مام جەلال چ سەرۆكێكی خۆشەویستی هەمو پێكهاتەكانی عیراق بوە.
مام جەلال سەرۆكی عیراق بو، تەنها موڵكی یەكێتیو خانەوادەكەی نەبو، بۆچی ئەم پیلانە داڕێژرا بۆ تیرۆر كردنی كەسایەتیەكەی، خۆ ئەو هیچ پۆستێكی لەدەسەڵاتی هەرێمدا نەبو، تا هەیئەتێكی پرۆتۆكۆلی حكومەتی هەرێم ئیستیراد بكرێ مەراسیمەكەی بۆ رێكبخات و بەئەنقەستیش بشێوێندرێ.
چی پێویستی بەوە ئەكرد لەشكری زێرەڤانی بێتە فرۆكەخانە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی مەراسیمەكە، لەكاتێكدا هەمو كوردستان شایەتی ئازایەتی و رێكوپێكی هێزەكانی دژە تیرۆر و پێشمەرگەی یەكێتی ئەدەن؟.ئایا مەبەست پاراستنی ئەمنیەتی مەراسیمەكە بو، یاخود ئیستعرازی عەزەلاتی هێزێكی بەزیوی بەرەكانی شەڕی داعش و شەنگال بو؟.
بۆچی ئاڵای ئەو وڵاتە لەفرۆكەخانە لابرا كە مام جەلال سەرۆكی بوە؟.. بۆچی دڵی دەیانو سەدان هاوڕێو هاوخەباتی مام جەلال و ملیونان خەڵكی عیراق ئازاردران بەلابردنی ئاڵای عیراق لەسەر داوای هەندێ كەسی داخ لەدڵ كە ئەو موناسەبەتە گەورەیان ئیستغلالكرد بۆ دەربڕینی بوغزو كیینەیان بەرامبەر بەبەغدا و سەركردەی حزبە هاوخەباتەكانی مام جەلال؟.
كێ ئەو دەسەڵاتەی داوە بە پارتی وسەركردەكانیان تا دەست بخەنە ناو مەراسیمێكی ئاواو، پیلانێك داڕێژن بۆ شێواندنی مەراسیمەكەو دڵرەنجاندنی هاوڕێیەكانی مام جەلال؟..كام سەركردەی یەكێتی رێگەی دایە سەرانی پارتی خۆیان بكەنە خاوەن مەراسیمەكەو تەحەكوم بە یەكێتی و خانەوادەكەشی بكەنو بە كەیفی خۆیان پرسەی مام جەلال بۆ بەرژەوەندی خۆیان تەوزیف بكەن؟.
بۆچی سەركردایەتی یەكێتی بەشوێن ئەو بانگەشە ناسیۆنالیستییەی پارتی كەوتون بۆ جیاكردنەوەی هەرێم لەعیراق، كە هەموشمان ئەزانین ئەمە بانگەشەیەكی چەواشەكارانەیەو مەبەستی تەنهاو تەنها بەدیكتاتۆركردنی دەسەڵاتو جێگیركردنی حوكمی ئەبەدی بنەماڵەی بارزانییە لە هەرێمدا؟.
هەر كەسێك له عيراق ئەو دیمەنانەی لەمەراسیمەكەدا بینبێ، هیچ جیاوازییەك لەنێوان پارتیو یەكێتیدا نابینێ، بەتایبەت كاتێك لەشارەكەی مام جەلال و لەلایەن حیزبەكەیەوە ئیهانەی ئاڵای عیراق ئەكرێ؟. بۆچی یەكێتی بەم سەركردایەتییەی ئێستایەوە هەمیشە ئامادەیە باجی هەڵەكانی پارتی بداتو تەنانەت ئەگەر پێویست بكات شەڕی بەوەكالەتیشی لەپیناودا بكات؟.
دڵمان خۆشبو لەم ئاخیرو ئۆخری گاڵتەجاڕیەكەی ریفراندۆمی سەربەخۆییدا یەكێتی هاتەوە هۆشی خۆیو هەڵوێستێكی جیای لەپارتی نواند، دوای ئەوەی لەمەغزای ریفراندۆمە چەواشەكارییەكە گەیشت خەرێكبو هەڵوێستێكی جیا بەرامبەر بەغداش بگرێتەبەر، بەڵام وا دیارە سەرانی پارتی لەتۆڵەی ئەم بەخۆهاتنەوەیە هەوڵەكانیان خستبێتەگەڕ بۆ بچوككردنەوەی یەكێتی و شێواندنی مەراسیمەكەی مام جەلال و زیاتر زەلیلكردنی سەركردەكانی یەكێتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت