دکتۆر محەمەد ئەمین عەلی: ڕیفراندۆم ودۆزى سەربەخۆیى کوردستان لەپشتیوانى هەموو دونیاوە تەنیا بۆپشتیوانى شاخ.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر تۆزێک لەسیستمى سیاسى نێودەوڵەتى ورد ببینەوە بۆمان دەرئەکەوێت لەسەر دووبنەماى سەرەکى دامەزراوە پەیوەندى دەوڵەتانى جیهان و مافى مرۆڤ، هەریەک لەم دوو بنەمایە پەیوەستە بەپیادەکردنى سیاسەتى ناوخۆیى ودەرەوەى ئەو قەوارەیەى پێى دەوترێت دەوڵەت.
لێرەدا نامەوى باسى بارودۆخى سیاسى ئابوورى کۆمەڵایەتى ناوخۆى کوردستان بکەم چونکە هەموو تاکێکى ئەم کۆمەڵگایە باش ئەزانێت سەرکردایەتى سیاسى و حکومڕانى هەرێمى کوردستان خاوەنى هیچ تیۆرێکى سیاسى و فیکرى و ئابوورى نین، کۆمەڵگاى کوردى لەقەیرانێکەوە بەرەو قەیرانێکى گەورەترو خراپتر ئەبەن ئەتوانم بڵیم حکومەتى هەرێمى کوردستان حکومەتى قەیرانەکانە بەئیمتاز ” قەیرانى ئابوورى و مرۆڤایەتى وسیاسی”.
کۆمەڵگای کوردى بەویستى سەرکردە نیشتمان پەروەر و شۆڕشگێرە موقەدەس و سەرکردە حیزبیە بێ وێنەکان سەتاپا درۆزن کراوە، لەسەر تاخوار پڕکراوە لەنیفاق و درۆ، ئەگەر مافى دانیشتوانەکەى بەگشت چینەکانیەوە لەوپەرى خراپى و ناخۆشیدا نەبێت بەهەموو پێوەرەکان هیلاکەو کەمترین مافى مرۆڤى تێدا ڕەچاو کراوە.
بەداخەوە وێنا کردنى نسکۆى ئەزمونى حکومڕانى هەرێمى کوردستان بەئەزمونێکى جوانى سەرکەوتوویى مرۆڤایەتى دادپەروەر درۆیەکى ترى ئەم کۆمەڵگا حیزبیە درۆزنەیە، کتومت ڕەفتارە قێزەوەکانى حکومەتى بەعسى فاشیم وەبیر دێننەوە، ڕەفتارە حیزبیەکان هەمان ڕفتارى پێشون بێجگە لەنەمانى سەروەرى یاساو دامەزراوەیى دەوڵەتدارى، تەنیا ناو و شوناسى نەتەوەیى حیزبەکان گۆڕدراون بەهەمان عەقڵیەتى ڕابردوو، تەنانەت سیاسەت و پەیوەندیە دەرەکی و دیبلۆماسیەکانى ئەم دەستەوتاقمە لەسەر بنەماى درۆونیفاقى سیاسى بیناکراوە، بەڕێوەچوون و پشتگیرى نەکردنى وڵاتانى جیهان و سیستمى سیاسى نێودەوڵەتى بۆ پرۆسەى ڕیفراندۆم و دۆزى سەربەخۆیى کوردستان باشترین نموونەى بەردەستە بۆ سەلماندنى بۆچونەکەم.
لەسەروبەندى پرۆسەى ڕیفراندۆم هەموومان لەبیرمانە لەسەر شاشەى حیزبەدەسەڵاتدارەکان سەروبنى زمانى گشت ڕۆشنبیرو کۆیلەو دابەستە حیزبیەکان پشتگیرى وڵاتانى جیهان بوو بۆ پرۆسەى ڕیفراندۆم و دۆزى سەربەخۆیى کوردستان، ئەوەندەى باسى ژیرى و دانایى و پەیوەندیە تایبەتى و سیاسی و ئابوورى و دیبلۆماسیەکانى سەرۆکى هەرێم و بەرپرسە باڵاکانى بوو لەگەڵ وڵاتانى جیهان و دۆستەکانى کوردو کوردستان نیوئەوەندە باسى بارودۆخى ناوخۆیى و خۆشگوزەرانى خەڵک نەئەکرا.
سەرکردایەتى سیاسى کورد و دابەستە گەمژەکانى بەشێوازى ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بەگوێى خەڵکیاندا ئەدا لەسایەى سەرۆکى هەرێم و سیاسەت مەدارە گوێڕایەڵ و بلیمەتەکانیەوە هەموو کۆمەڵگاى نێو دەوڵەتى لەگەڵ ئەم پرۆسەیەن وە بەهەموو شێوازێک پشتگیرى لێ دەکەن، لەسەرەتاوە دەیانووت هەشتا دەوڵەتمان لەگەڵە، دواتر دەیانووت هیچ وڵاتێک دژى ڕیفراندوم نییە! بەڵام بەداخەوە پێش ئەنجامدانى پرۆسەکە بەماوەیکى نزیک نەک بۆخەڵکى بەڵکو بۆ دابەستەو کۆیلەحیزبیە درۆزنەکانیش ڕوون بۆوە کەتەنیا دۆستى کورد شاخەکانێتى ! ئەمەش خۆى لەخۆیدا گەمژەیى و ساویلکەیى مێنتاڵتیى عەقڵیەتى سەرکردایەتى کورد دەرئەخات کەخاوەنى هیچ جۆرێک لەستراتیژى سیاسى و کۆمەڵایەتى و ئابوورى نییەو ئەتوانین بڵێین کۆڵەوارترین مێنتالیتى دەسەڵاتى سیاسى و فیکرى و ئابوورى سەرزەمینە.
بێگومان لەپشتیوانى هەموو جیهان و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى یەوە تەنیا بۆپشتیوانى شاخەکانى کوردستان نەک شکستێکى سیاسى و دیبلۆماسى گەورەى سەرکردایەتى حیزبى سیاسى کوردە، بەڵکو نەبوونى ستراتیژ ڕوئیای سیاسى و فیکری سەرکردایەتى کوردە پێش ئەوەى شکستى لۆبیە ئەمریکى و ڕۆژئاوایى یەکانى بێت.
ئەوەندەى لەیادمە دواى ئازادکردنى عێراق و ڕوخاندنى ڕژێمى حیزبى بەعسى خوێن ڕێژ ئەمریکاو وڵاتانى ڕۆژئاوا بەنیازبوون کەسانى پرۆفیشناڵ لەگشت بوارەکانى دەوڵەتدارى و حکومڕانى پێ بگەیەنن، هەربۆیە وەک محاسەسەى حیزبى داوایان لەحیزبە کوردستانى و عیراقیەکان کرد بۆ دەستنیشانکردنى کەسایەتى شارەزاو سەرکەوتوو لەگشت بوارەکانى دەوڵتدارى و حکومڕانى بەمەبەستى ناردنیان بۆ دەرەوەى وڵات و بەدەستهێنانى بڕوانامەى پرۆفیشناڵ لەگشت بوارە جیاجیاکانى ژیان و ژین و ژینگەو دەوڵەتدارى.
پێچەوانەى عەقڵیەتى سیاسى عیراقى، سەرکردایەتى کورد لەبرى ناردنى کەسایەتى شارەزاو پرۆفیشناڵى بوارە جیاکانى ژیان و حکومڕانى کەسوکاروخزمە نزیکەکانى خۆیان و ئەندامەکۆیلەو دابەستەحیزبیە گەمژە گوێڕایەڵەکانیان نارد، بەتایبەتى لەو بوارانەى بەشێوەیەکى ڕاستەوخۆ پەیوەندى بەسیاسەت و بوارى دیبلۆماسى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە هەبووە لەگەڵ جیهانى دەرەوە و گۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، بەداخەوە لەبرى دروستکردنى نۆێنەرو کەسانى شارەزاو پرۆفیشناڵ لەبوارى دیبلۆماسی و سیاسەتى نێودەوڵەتى ئەو کەسانەیان نارد کەسەرقاڵ بوون بەبازرگانی و تاڵانکردنى سامانى کوردستان بۆ سەرکردەو بنەماڵەو حیزب.
لەیادمە هەموو جارێک کاک نەوشیروان ئەیگووت، ئەگەر بمانەوى لەئێستاوە بنەماکانى دەوڵەت دروست بکەین ئەبێ حکومەتى هەرێمى کوردستان لەناوخۆ ودەرەوە بەدامەزراوەیى نیشتمانى بکەین” یەک سەرۆک، یەک سەروەرى، یەک سوپا ” ئەمەش بەگوێڕایەڵ و دابەستەکانى حیزب وبنەماڵەکان ناکرێت، بەڵکو بەکەسانى پرۆفیشناڵ لەگشت بوارەکان بەتایبەتى بوارى دیبلوماسى و پەیوەندی سیاسى لەگەڵ کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى.
ئەیووت ئیستا باشترین دەرفەت بۆ گەلى کورد هەڵکەوتووە، وەزیرى دەرەوەى عێراق هۆشیار زێبارى کوردە و سەر بەپارتى دیموکراتى کوردستانە، دەسەڵاتێکى زۆرى هەیە ئەگەر بیەوێ خزمەتى بەرژەوەندیە نیشتمانییەکانى کورد بکات لەژێر چەترى وەزارەتى دەرەوەى عێراق.
ئەکرا لەبرى دامەزراندن و ناردنى خزم وکوسوکارى بەرپرسان لەوەزارەتى دەرەوەى عیراق، دەرچوانى کۆلێژى یاساو زانستە سیاسیەکانى کوردستان دابمەزرێنین بەمەبەستى دروستکردنى لۆبیەکى کاریگەرى سەرکەوتوو بەمافەکانى گەلى کورد و پیادەکردنى پەیوەندیەکى پتەوەى سیاسى و دیبلوماسى تایبەت بەپرسە هەستیارەکانى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان لەپاڵ پەیوەندیە سیاسى و دیبلۆماسیەکانى حکومەتى ناوەندى عیراق.
باشترین نموونە بۆ شکستى دیبلۆماسى کوردى و لۆبیەکانى، گەشتەکەى کاک مەسعود بارزانى بوو لەدەى مانگى تەموزى دووهەزارو حەڤدە بۆ برۆکسل پایتەختى بەلجیکا، بەمەبەستى چاوپێکەوتن و گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانى بەلجیکاو یەکێتى ئەوروپا لەسەر دۆزى سەربەخۆیى کوردستان.
بەهەموو پێوەرەکان ئەو سەردانەى سەرۆکى بەسەرچووى هەرێمى کوردستان کاک مەسعود بارزانى، ئابڕووى حکومەتى هەرێمى کوردستانى برد، لەبرى پێشوازی لێکردن و بەخیرهاتنێکى فەرمى شایستە پشتگوێ خرا ئەمە بێجگە لەوەى کەس پشتگیرى لەبۆچوونەکانى نەگرت، تەنیا نوێنەرانى 7 دەوڵەت لەکۆى نوێنەرانى 36 دەوڵەتەکەى ئەوروپا ئامادەبوون وەئەو نوێنەرانەش لەنزمترین ئاستى دیبلۆماسیدا بوون.
سەرچاوەیەکى باوەڕپێکراو ئاماژەى بەوەدا ئامادەبووانى وتەکەى مەسعود بارزانى لەهۆڵى رۆژنامەوانى پەرلەمانى ئەوروپا لەژمارەى پەنجەکانى دەست پێنەدەپەرین، لەکۆى 751 ئەندام پەرلەمان تەنیا 4 بۆ 7 ئەندام پەرلەمان ئامادەبوون، ئەوەى شایەنى باسکردنە ڕۆژنامەنووسانى بەلجیکى و زۆربەى وڵاتانى ئەوروپى لەوێ نەبوون بێجگەلە هەندێک تەلەفزیۆنى حیزبى کوردى و ڕۆژنامەنووسانى کورد و هەندێک ڕۆژنامەنووسانى ڕۆژنامە عەرەبیەکان.
کاتێک نجم الدین کریم کەیاوەرى بارزانى بوو لەگەشتەکەى توورە بوو لەنوێنەرى حکومەتى هەرێم لەیەکێتى ئەوروپا سەبارەت خراپى ڕێکخستنى ئەم گەشتە، فواد حسین بۆ هێورکردنەوەى بارودۆخەکە هەڵى دایەو پێى ووت ” دلاوەر منداڵەو هیچ ئەزمونیکى پێشترى نییە لەم بوارانەو سەر بەبنەماڵەیە.
سەرەڕاى ئەم شکستە دیبلۆماسیە گەورەیەى دبلۆماسیەتى حیزبى وحکومى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کاک مەسعود بارزانى لەوەڵامى پرسیارێک سەبارەت بەتەواو بوونى ماوەى سەرۆکایەتیەکەى وەئامادە نەبوونى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆبوونەوەى تاوتوێکردنى چەمکى ڕیفراندم لەهەولێر هاوسەنگى خۆى لەدەستاو بەگرژیەوە هێرشى کردە سەر بزوتنەوەى گۆڕان و پەرلەمانى کوردستان لەبەرچاوى هەموو ئامادەبووان.
لەبرى سزادانى کۆیلەودابەستە حیزبیە بەناو دیبلۆماسیەکانى کەهەردەم ڕاستی لێ دەشارنەوە و هەڵی دەخەڵەتێنن هێرشى کردە سەر بزوتنەوەى گۆڕان و ئەو پەرلەمانەى کەهیچی بەدەست نییە !، هەچ کەس لەبرى کاک مەسعود بووایە لەسەر ئەو ئابڕووبردنە ئەبوو هەموو دارودەستکەى بگۆریبایە نەک درێژەى بدایە بەدەسەڵاتەکانیان.
ئەبێ ئەوەمان لەبیرنەچێت پێش ئەنجامدانى ڕیفراندم حکومەتى ناوەندى عیراق و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بەجیدى لەسەرخەت بوون بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى هەولێر لەگەڵ بەغدا، بەڵام دواى ئەنجامدانى پرۆسەى ڕیفراندۆم ئەو دۆستانەشمان لەدەستدا کەپشتگیرى مافەڕەواکانى کۆمەڵانى خەڵک بوون و بەدیلى گونجاویان بۆمان هەبوو.
نامەکەى رێک تێلەرسۆن وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکا کەلەچەند سەرچاوەیەکى نافەرمیەوە بڵاوکراوەتەوە، پێش دوو ڕۆژ لەئەنجامدانى ڕیفراندۆم وەک بەدیلێک دراوەتە بارزانى، چەندین گەرێنتى و دانپێنانى تێدایە و جەخت لەسەر دابەشکردنى دەسەڵات و سامان و چارەسەرى ناوچە جێناکۆکەکان دەکاتەوە لەگەڵ بەغدا لەزوترین کاتدا کەچوار خاڵى لەخۆگرتووە، باشترین نموونەیە لەسەر ملهورى و شکستى سەرکردایەتى سیاسى کورد و لەدەستدانى ئەو هەلە مێژویى یە ئاڵتونی یە.

لەنامەکەدا ئاماژە بەم چوار خاڵە کراوە:
یەکەم: دانووسان لەگەڵ بەغدا وەک بنەماى لێتێگەیشتن و گەیشتن بەڕێکەوتنى هاوبەش دەربارەى داهاتوى پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى عیراق.
دووەم: بەردەوامبوونى هاوبەشى حکومەتى هەرێمى کوردستان و پێشمەرگە لەنێو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ شکست هێنان بەداعش.
سێیەم: سنورەکانى هەرێمى کوردستانى عیراق بەدانوسان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بکرێت هاوتەریب بەو پرۆسەیەى لەماددەى ( 140) ى دەستوورى هەمیشەیى عیراقدا داهاتووە.
چوارەم: چاوەڕوان دەکەین بەردەوامبیت لەهەوڵدان بۆ هاریکاریى لەگەڵ حکومەتى ئێستاى عێراق، بەپێشەنگى سەرەک وەزیران حەیدەر عەبادى بەبەشداریکردن لە هەڵبژاردنى نیشتمانى ( 2018) و کاریگەرى ئەرێنى لەسەر بەغدا کاتێک دێتە سەربابەتى پێکهێنانى حکومەتى نوێى دواى ئەم هەڵبژاردنە، دەوڵەتداریى و سەرکردایەتیت پێویست دەبێت لەقۆناغى دواى داعش بۆ هەموو ناوچەکە.
نامەکەى تێلەرسۆن بۆ بارزانى هاوتەریب لەگەڵ چوارچێوەى دانوستانەکە چارەسەرى ئەم کێشەکانەى کردووە لەماوەى ساڵێکدا:
یەکەم: ڕێککەوتن لەسەر دابەش کردنى دەسەڵات وداهات.
دووەم: جێبەجێکردنى ماددەى ( 140) .
سێیەم: چارەسەرکردنى کێشەى پیشمەرگە ، فرۆکەوانى، نوێنەرایەتى دیبلۆماسى و… هتد .
ئەمەش دەقى نامەکەى رێکس تیلەرسن وەزیرى دەرەوەى ئەمەریکایە
دوایین ڕەشنوس لە 23 ى ئەیلولدا ڕادەست کراوە
بەڕێز سەرۆک بارزانى:
من بەنوێنەرایتى ئەمریکا {ئەم نامەیە} دەنوسم تا ڕێزى بێپایانى خۆم بۆ تۆ و بۆ گەلى هەێمى کوردستانى عیراق دەرببڕم، پێکەوە لەچەند دەیەیەکدا پەیوەندییەکى مێژوییمان سازداوە و مەبەستمانە پابەندبین بەوەى ئەم پەیوەندییە بەردەوام بێت تابەهێزتر بێت لەچەند دەیەى داهاتوودا.
لەسێ ساڵى ڕابردوودا، بەتایبەت هاوبەشى بەهێزمان و بڕیارى ئازایانەت بۆ هاوکاریکردنى تەواو لەگەل هێزە ئەمنیەکانى عێراق وایکرد شەڕى دژى داعش پێچەوانە بکەوێتەوە، شەرەفمەندییەو هەرگیز قوربانیەکانى پێشمەرگە لەبیر ناکەین لەکاتى خەباتى هاوبەشماندا دژى تیرۆریزم.
لەئێستادا بۆ ئێمە بابەتى ڕیفراندۆم دەربارەى داهاتووى هەرێمى کوردستان هەیە کەبڕیارە 25 ى ئەیلول بکرێت، نیگەرانى خۆمان دەربڕیوە، ئەم نیگەرانیانە شەڕى بەردەوامى دژى داعش لەخۆدەگرێت، ئۆپەراسیۆنى داهاتووى حەویجە لەخۆدەگرێت، ژینگەى هەێمى ناجێگیر و پێویستى بەچڕى و تەرکیز خستنە سەر سەقامگیرکردنى ناوچە ئازادکراوەکان لەخۆدەگرێت تا دڵنیابین لەوەى داعش هەرگیز نەتوانێت بگەڕێتەوە، بەوجۆرە بەڕێزەوە داواى قبوڵکردنى بەدیلێک دەکەین، کەپێمانوایە باشتر یارمەتى بەدەستهێنانى ئامانجەکانت و دڵنیایى دەداتە سەقامگیرى و ئاشتى لەبەردەم ئەم شەڕە پێویستیەى دژى داعشدا.
پرۆپۆزەلەکە بەدیلەکە چوارچێوەیەکى نوێ و خێرا دادەڕێژێت بۆ دانوستان لەگەڵ حکومەتى ناوەندى عێراق بەسەرکردایەتى سەرۆک وەزیرانى عەبادى.
ئەم چوارچێوە خێراییەى دانوستان ئەجێندایەکى کراوەى تێدایە وپێویستە زیاد لەساڵیک بمێنێتەوە، بەئەگەرى نوێکردنەوە ئامانجەکەى چارەسەرکردنى تەواوى کێشە کەڵەکەبووەکانە لەنێوان بەغدا و هەولێرو سروشتى پەیوەندى ئایندەیە لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا، هەروەها تاوتوێى پێویستیە دارایى و ئەمنیە هەنوکەییەکانت دەکەین.
بەڕێز سەرۆک، لەنائومێدى ئەم دەیەیەى دواترت تێدەگەین، ڕاستە لەساڵى ( 1921) وە زوڵمى مێژوویى بەرامبەر گەلى کورد کراوە لەعێراق، دان بەبابەتى دۆزینەوەى پێویستیەکى بنەڕەتیدا دەنێین بۆ پێشکەوتن، کە بتوانێت چارەسەرى پێویستى و داواکارییەکانى هەموو ڕگەز و باوەڕو ئێتنیەکانى ئەک خاکە کۆنە بکات، ئەمە زۆر پێویستە بۆ سەقامگیرى هەرێمەکەت لەگەڵ پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ئاسایشى نیشتمانى ئێمە.
لەبەر ئەو هەموو هۆیانە ئەوە سیاسەتى ئەمەریکایە لەژێر ئەم ئیدارەیەى سەرۆک ترامپدا کەهەر شتێک لەدەسەڵاتماندا بێت بیکەین تایارمەتى ئێوە وحکومەتى ناوەندى بدەین کێشە هەنوکەییەکانتان چارەسەر بکەن و تا دڵنیایى بدەین لەوەى هەموو قورسایى و دەسەڵاتێکمان پابەندە بەم چوارچێوە نوێیەى دانوستانەوە.
جیا لەوەش، ئامادەین ئاسانکاریى بکەین بۆ پشتگیریى ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوە یەکگرتوەکان، تازیاتر یارمەتى ئەم پرۆسەیە بدات لەگەڵ بەشداریپێکردنى تەواوى نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوبەشە گرنگەکانمان وەک بەریتانیا و فەرەنسا، ئەمە دەرفەتێکى ناوازەیە کەبەڕێزەوە داوا لەئێوە دەکەین قبوڵى بکەن وەک بەدیلێک بۆ ڕیفراندۆمەکە، کەپێمانوایە کاردانەوەى جیدى دەبێت و تەنانەت خراپتریش پاشەکشە بەئامانجەکانمان دەکات.
بەڕوانین لەمێژووى گەلى کورد، تێدەگەین لەوەى ئەم دیالۆگە پێشنیازکراوە بەدوا هەل دەزانێت، بەڵام پێمانوایە ئەمە هەلێکە شایستەى تاقیکردنەوەیە بەتایبەت لەدەمى سەرکەوتنە مێژووییەکنتان دژى داعش، هاریکارى بێ وێنەى نێوان هێزە ئەمنیەکانى عێراق و پێشمەرگەى کورد وپشتگیرى بەهێزى نێودەوڵەتى، بەدڵنیاییەوە لەکۆتایى ئەم پرۆسەیەدا، گەر گفتوگۆکان نەگەیشتنە ئەنجامێکى قبوڵکراوى دوو لایەنە یان شکستیان هێنا بەهۆى کەمى متمانەى بەغداوە، بێگومان دان بەپێویستى ڕیفرامدۆمدا دەنێین.
لەبەرامبەر پابەندیمان بۆ پشتگیریکردنى ئەم چوارچێوە جدییەى دایالۆگدا – وەک بەدیلێک تا ڕیفراندومى بڕیارلێدراو دوابخرێت – داوات لێ دەکەین پابەند بیت بەم خاڵانەى خوارەوە:
یەکەم: دانوستان لەگەڵ بەغدا وەک بنەماى گەیشتن بەلێکتێگەیشتن و گەیشتن بەڕێککەوتنێکى هاوبەش دەربارەى داهاتوى پەیوەندى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق دەمێنێتەوە، جا ئەمە ماناى فیدراڵیزمێکى ڕاستەقینەى کارپێکراو بێت یان هەر هاوکێشەیەکى دیکەى کۆنفیدراڵى یان سەربەخۆیى هەر دەبێت لەڕێى دانوستانى ئاشتیانەوە بێت.
دووەم: هەرێمى کوردستان و پێشمەرگەى کورد بەردەوامەبن و بەهاوبەشێکى سەرەکى بمێننەوە لەنێو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ شکست هێنان بەداعش، پاڵپشتى شیاوى هاوپەیمانێتیەکە دەکەین، تۆش بەردەوام دەبیت لەهەماهەنگى مێژوویت لەگەڵ هێزە ئەمنیەکانى عێراقدا، ئەمەريکا پلان دادەنێت بۆ خێراکردنى هەوڵەکانمان بۆ پشتگیریکردنى میکانیزمى هاوبەشى ئەمنى، بەتایبەت بەناوچەکانى وەک شەنگال کەهێشتا ناسەقامگیرن دواى داعش، دەبێت پێکەوە بەهاوبەشى کاربکەین بۆ دڵنیابون لەسەقامگیرى ئەم ناوچە هەستیارانە.
سێیەم: سنورەکانى هەرێمى کوردستانى عێراق بەدانوستان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان دەکرێن، هاوتەریب بەو پرۆسەیەى لەماددەى ( 140 ) دا هاتووە، ئەمەریکا لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و هاریکارى لەگەڵ حکومەتى عێراق پشتگیریى پرۆسەیەکى خێراى چارەسەرکردنى ئەم کێشانە دەدات لەو ماوەیەى لەسەرەوەدا باسى لێوەکراوە.
چوارەم: چاوەڕوان دەکەین بەردەوامبیت لەهەوڵدان بۆ هاریکاریى لەگەڵ حکومەتى ئێستاى عێراق، بەپێشەنگى سەرەک وەزیران حەیدەر عەبادى بەبەشداریکردن لە هەڵبژاردنى نیشتمانى ( 2018) و کاریگەرى ئەرێنى لەسەر بەغدا کاتێک دێتە سەربابەتى پێکهێنانى حکومەتى نوێى دواى ئەم هەڵبژاردنە، دەوڵەتداریى وسەرکردایەتیت پێویست دەبێت لەقۆناغى دواى داعش بۆ هەموو ناوچەکە.
هاوتەریب بەچوارچێوەى دانوسانەکە پشتگیرى وئاسانکاریى چارەسەرى ئەم کێشانەى خوارەوە دەدەین لەماوەى ساڵێکدا:
1- ڕێککەوتنى مانادار لەسەر دابەشکردنى دەسەڵات و داهات.
2- جێبەجێکردنى ماددەى ( 140 ) .
3- چارەسەرکردنى کێشەکانى دیکەى وەک پێشمەرگە، فرۆکەوانى مەدەنى، نوێنەرایەتى دیبلوماسى و… هتد.
پێمانوایە ئەم نامەیەو بڕیارى بوێرانەت بۆ قبوڵکردنى ئەم بەدیلە دەبێتە بەردى بناغەى دەرفەتێکى مێژوویى لەنێوان ئەمەریکاو هەرێمى کوردستان وحکومەتى عێراق لەدەمى قوربانبدانى هاوبەش وسەرکەوتنمان لەدژى داعش بەنیوێنەرایەتى ئەمەریکا ، سەرۆک ترامپ وتەواوى تیمى ئاسایشى نیشتیمانیمان شەرەفمەندبووین بەکارکردن لەگەڵتان .
لەگەڵ ڕێزماندا.
رێکس تیلەرسن

بەداخەوە بارزانى و هاوشێوەکانى لەدەسەڵاتدارانى حیزبى هەریمى کوردستان پێش ڕیفراندۆم داواى سەربەخۆیى کوردستانیان ئەکرد و ئێستاش دواى ڕیفراندم داواى گفتوگۆ لەگەڵ عێراق دەکەن.
تازە بەتازە دواى ڕەتکردنەوەى دواخستنى ڕیفراندۆم و ئەنجامدانى پرۆسەکە، سەرکردە دووڕوەکانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان” نێچیر بارزانى ” کاڵەک بەئەژنۆ دەشکێنن، نەک لەبەر خراپى بارودۆخى ناخۆى کۆمەڵانى خەڵکى کوردستان، بەڵکو لەبەر دروستبوونى مەترسى لەسەر بازرگانى و دزینى سامانى کوردستان لەلایەن حیزب و کۆمپانیاکانیانەوە.
تازە بەتازە داوا لەمەرجەعى گەورەى شیعە دەکەن ڕۆلى خۆى بگیڕێت لەنزیکردنەوە و دانیشتنى حکومەتى ناوەند لەگەڵ بەرپرسانى هەرێم، لەکاتێکدا هەموو بینیمان ئایەتوالله سیستانى داواى یەکپارچەیى عیراق و پابەندبوون بەدەستورەوە ئەکات بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.
هەڵبەتە پیشت بەستن بەکۆیلە و دابەستەکانى حیزب و دیبلوماسیەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کەگشتیان خزم وکەسوکارى سەرکردە حیزبیەکانن و کارى سەرەکى و تایبەتیان بازرگانى و سپیکردنەوەى پارەى حیزب و سەرکردەکانە باشتر لەم جۆرە گەمژانەى لێ بەرهەم نایەت، ئەوانە نەک نەیانتوانى گۆڕانکارى و بارودۆخى ناوچەکەو جیهان بەشێوەیەکى زانستى و واقیعى بخوێننەوە بەڵکو نەشیان توانی لۆبیەکى ڕۆژئاوایى و ئەمریکى ئەوها دروست بکەن، کەدوا ڕۆژ بەکەڵکى ئەم میللەتە بێت.
ئەمانە کۆمەڵیک مافیاو دزى ئەسیلن لەبەرگى سیاسى و دیبلۆماسى، لەپێناو سەربەخۆیى ئابوورى حیزب و خیڵ و بنەماڵە بوونە هۆى شکست و پاشەکشێى دۆزى ڕەواى میللەتى کورد لەسەر بنەماى نەژاد – نەتەوە، بەداخەوە تا گەلى کورد خاوەنى ئێوەى دەسەڵاتى سیاسى بێت، تەنیا شاخەکان پاڵپشتى دەبێت نەک کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى، کەمافى مرۆڤ و ڕێزگرتن لەپەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان دوو بنەما سەرەکیەکەیەتى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت