شێرزاد شێخانی: من و كاك نەوشێروان و هەرێمی سلێمانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرباری رێكەوتنامەی واشنتۆنی نێوان پارتی و یەكێتی كە كۆتایی بە شەڕی ناخۆ هێنا، سەرەرای یەكخستنی هەردو ئیدارەی هەولێرو سلێمانی لەحكومەتێكی یەكگرتودا لەساڵی 2005، بەڵام سەپاندنی واقیعی دو ئیدارەیی و زۆنی سەوزو زەرد تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیەو، هیچكام لەم دو حزبە نەیانتوانی سنورەكانی دێگەڵەو پردێ كاڵبكەنەوەو راستی یەك ئیدارەیی بسەلمێنن.
لەژمارەی رۆژی 26/12/2013 ی رۆژنامەی سەباحی بەغدادی واتە چوار ساڵ پێش ئێستا بابەتێكم بڵاو كردەوە بەناونیشانی ( هەرێمی بابان، واقیعێكی داسەپێنراو)، بۆ یەكەمجار لەوێدا باسی جیاكردنەوەی سلێمانی و بەرهەرێمكردنیم كردوەو، وتومە كەوا حوكمی تاكڕەویی پارتی و چونی بەرەو بەسوڵتانیكردنی دەسەڵاتی هەرێم، واقیعێكی تاڵی بەسەرمانا فەرز كردوە كەوا بیر لەجیاكردنەوەی سلێمانی و دامەزراندنی هەرێمێكی سەربەخۆ بكەینەوە.. دوای بڵاوبونەوەی بابەتەكەش لەگەڵ بەشێك لەسەركردەكانی یەكێتی و گۆڕاندا ئەو بابەتەم وروژاند، یەكێك لەوانەش رەوانشاد كاك نەوشیروان بو، كە ئێوارەیەك لەخزمەتیا ئەو بابەتەم باسكردو باسی لایەنە باشەكانی ئەم بیرۆكەیەم بۆ كرد، لەوانەش ئەم هەرێمە ئەتوانێ هەر سێ پارێزگای سلێمانی و كەركوك و هەڵەبجەو هەردو ئیدارەی گەرمیان و راپەرینیش بەخۆیەوە بگرێ، بەپێی دەستوری عیراقیش هیچ رێگرییەك لەوەدانیە. ئەتوانین لەرێگەی پەیوەندی بە بەغداوە وایان لێبكەین كە لە بودجەی 17% هەرێمی كوردستاندا بەشی سلێمانی جیا بكەینەوە بەمەش ساڵانە نزیكەی 7-8 ملیار دۆلارمان بەرئەكەوێ ئەوسا ئەتوانین سلێمانی بەفیعلی بكەینە دوبەی دوەم. ئەوساو ئێستاش پێموایە كەوا هەڵكردنی خەڵكی سلێمانی و ناوچەكانی زۆنی سەوزو نیلی لەگەڵ حوكمداری پارتی شتێكی نەك ئەستەمە بەڵكو مەحاڵیشە لەبەر دو كلتوری زۆر جیاواز لەعەقڵی سیاسی و ئیداری و كۆمەڵایەتیش. هەروەها پێشموابوە كەوا پارتیش بەم جیابونەوەیە ئیسراحەت ئەكا لەو ململانێ سیاسیانەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان و حزبەكان، بەجیا بونەوەی سلێمانیش ئازادتر ئەبێ لەراگەیاندنی حوكمی سوڵتانی و چەسپاندنی لەزۆنەكەی خۆیدا لەهەولێرو دهۆك.
كاتێك ئەم بۆچونانەم خستە بەردەم كاك نەوەو هەوڵمدا قەناعەت بەفیكرەكەم بێنێ، لەوەڵامدا وتی” من ئێستا هیچم نەكردوە تاوانبارم ئەكەن بەشارچێتی، بەیانی داوای شتێكی وا بكەم تۆمەتی خیانەتی نەتەوەییشم ئەخەنە پاڵەوەو ئەڵێن كوردستانەكەمانی لەتوپەت كرد”. رەنگە لەمەحسەڵەی ئەو هەمو كارەساتەی بەسەر میللەتەكەماندا هات دوای سیاسەتی فاشیلانەی ئابوری و نەوتی هەرێم و دوای ئەو ململانێ ناسیاسیانەی پارتی و هەوڵدان بۆ بەكوێخاكردنی خۆیان، وای لەكاك نەوشیروان كردبێت ئەویش بیر لەو فكرەیەی من كردبێتەوە، چونكە بەپێی سەرچاوەكان كاكە نەوە لەپێش وەفاتی پرۆژەیەك یا فیكرەیەكی وای تەرح كردوە بەڵام مەرگ رێگای پێنەدا بیكاتە ئەمری واقیع.
ئێستا لەدوای ئەو كارەساتەی ریفراندۆم و دەرهاوێشتەكانی كاتی ئەوە هاتوە بەجیددی بیر لەو مەسەلەیە بكەینەوە، چونكە بۆ هەمو گەلی كورد دەركەوت كە پارتی تەنها بەدوای بەرژەوەندییە تەسكەكانی حیزبایەتی و بنەماڵەیی خۆیدایەو هیچ باكی بەئێش و ئازاری میللەتەكەی نیە، دوای ریفراندۆمە كارەساتبارەكەی دەركەوت كە ئەو هێزەش نیە پەرۆشی میللەتەكەی بێت لەناوچە دابڕاوەكاندا چ جای خەڵكی سلێمانی، ئێستا تەنانەت لەناو خۆشیاندا گەیشتونەتە ئەو قەناعەتەوە كەوا سلێمانی و دەڤەری سەوز نیلی مایەی سەرئێشەن بۆیان و هیچكات نابنە بەشێك لەو ئیدارەیەی ئەوان بە تاكڕەویەوە بەڕێوەی ئەبەن.
پێموایە ئێستا باشترین و گونجاوترین كاتە بۆ جیاكردنەوەی ئەم دەڤەرە لەژێر دەستی پارتی، بەتایبەتیش ئێستا زروفی بابەتی و مەوزوعی زۆر لەبارە، عیراقیش ئامادەیە ئەم كارەمان لەگەڵدا بكات، بەڵام بۆ ئەوەی حیساب بۆ هەڵوێستی وڵاتانی دەرەوەو هەرێمایەتی بكەین بەتایبەتیش بۆ ئەمریكا كە رەنگە تا ئاستێك پێی خۆش نەبێ كەوا هەرێمێكی سەربەخۆ لەسلێمانی دروستبێت و بكەوێتە ژێر هەژمونی ئێرانەوە بەتایبەتیش ئێستا ئەو لەگەڵ ئێراندا لەململانێیەكی توندایە، پێمباشە سەرەتا ئیدارەكەمان جیا بكەینەوە بەبێ راگەیاندنی هەرێم. واتە ئیداراتی سلێمانیو ناوچەكەمان لەهەولێر جیا بكەینەوە بیبەستینەوە بەبەغدا، ئەوسا بەغدا بودجەی پێویست بداتە ئیدارەی سلێمانی واتا كاتێكی گونجاو دێتە پێشەوە بۆ راگەیاندنی هەرێمی سلێمانی.
لەدوای روداوەكانی ئەمدواییەی كەركوك و هەڵاتنی هێزەكانی پارتی لەبەرەكانی شەڕ لەسەرجەم ناوچەكان و یەكلابونەوەی یەكێتی لەگەڵ بەغداو رەفزكردنی حوكمی پارتیو بارزانی، ئێستا باشترین فرسەتە بۆ جیاكردنەوەی سلێمانی و دەڤەرەكەی لەحوكمی بنەماڵەی بارزانی و وەكو سەرەتایەك بۆ بەهەرێمبونی سلێمانی، چونكە وەزعەكە لەوە زیاتر هەڵناگرێ بەتایبەتیش كەوا پارتیو حكومەتەكەی ئێستا كەوتونەتە ژێرباری سزایەكی قوڕسی بەغداوە لەوە ناچێ بتوانن تەنانەت ئەو روبعەی موچەیەش بدەنە خەڵك دوای دەسگرتن بەسەر سامانە نەوتیەكان و داخستنی سنورەكان، بۆیە لانیكەم پێویستە هاوڵاتیانی ئەم دەڤەرە لەكارەساتە چاوەڕوانكراوەكان دەرباز بكەین، هەركاتێك پارتیش دەستبەرداری حوكمی دیكتاتۆرییانەی خۆی بو لەهەولێرو دهۆك و حكومەتێكی تازەی نیشتمانی هاتە ئاراوە ئەوكات ئەتوانین جارێكتر هەمو كوردستان یەك بخەینەوەو وڵاتێكی دوور لەدیكتاتۆریەتی حیزبی و بنەماڵەیی سەرلەنوێ دروست بكەینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت