ئارپاك سه‌رگه‌تی: تیشكێك له‌ سه‌ر رووداو وپێشهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕوانگه‌ی ناوچه‌یی و ناخۆییه‌وه‌.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ ڕوانگه‌ی ناوخۆییه‌وه‌.
بڕیاری ریفراندوم كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگری له‌ سه‌ر ده‌كرد له‌ بنه‌ڕه‌تدا بڕیارێكی هه‌ڵه‌ بوو،پارتی به‌ سووربوونی خۆی له‌سه‌ر ئه‌م بڕیاره‌ ده‌یویست هه‌م هه‌ژ‌موونی خۆی زاڵتر بكات به‌ سه‌ر هێزه‌كانی تردا له‌ باشووری كوردستان و هه‌م ده‌یویست ریفراندم سه‌رپۆشێك بێت بۆ قه‌یرانه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ناو هه‌رێم. له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ به‌م جۆره‌ درێژه‌ بدات به‌ تاڵان كردنی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاكی و حیزبی خۆی. بۆیه‌ ده‌بینین تا رۆژی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی دووكانیش به‌رده‌وام هانی هه‌موو حیزب و لایه‌كانی ئه‌دا كه‌ به‌ گڕوتیه‌وه‌ له‌ مافی ره‌وای گه‌لی كورد به‌رگری كه‌ن وبه‌م‌ جۆره‌ ده‌یویست هه‌موو حیزبه‌كان بخاته‌ گێژاوێكه‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌نیا پارتی خۆی لێ ده‌رباز بێت. به‌ ڕۆڵه‌كانی كوردستان شه‌ڕێكی بێ بنه‌ما و بێ به‌رانبه‌ر بكات، كه‌ گه‌ر سه‌ركه‌وتوو بوو ئه‌وا ده‌ستكه‌وته‌كانی بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات و زیاتر له‌ هه‌میشه‌ زاڵ ده‌بوو به‌ سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌دا و زیاتر له‌ پێش حیزبه‌كانی تر به‌ تایبه‌ت ئۆپۆزیسیۆن په‌راوێز ده‌خران و ته‌نانه‌ت‌ تۆمه‌تی خیانه‌تیش ئه‌درا پاڵیان. به‌ڵام رێكه‌وتنی نهێنی باڵی سه‌ربازی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌سه‌ر راوێژو پێشنیازی ئێران، هه‌موو پلانه‌كانی پارتی تێكدا.باڵی سه‌ربازی یه‌كێتی پێویستی به‌م رێكه‌وتنه‌ نهێنیه‌ هه‌بوو، چوون به‌م ڕێكه‌وتنه‌ هه‌م توانی ململانێی ناوحیزبی له‌ ناو ببات و بڕیاری خۆی بسه‌پێنێت به‌ سه‌ر مه‌كته‌بی سیاسیدا، و هه‌م یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ ژێر هه‌ژموونی پارتی رزگار بكات و بتوانی ببێته‌ خاوه‌نی بڕیاری خۆی له‌ ناو هه‌رێمدا، یه‌كێتی ئه‌مه‌ به‌ ده‌ستكه‌وت و سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بۆ خۆی ده‌زانی هه‌رچه‌ن ده‌توانین بڵێین له‌ ڕاستیدا بووته‌ هۆی له‌ ده‌ست دانی متمانه‌ سیاسی له‌ ناوخۆ و ناچه‌كه‌دا و خودی به‌ڕێوه‌به‌رانی پلانه‌كه‌ش هه‌ستیان به‌م له‌ ده‌ست چوونی متمانه‌ كردوه‌ بۆیه‌ له‌ هه‌وڵی ته‌واودان بۆ گه‌ڕانه‌ی متمانه‌ ئه‌گه‌ر به‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مووچه‌ش بێت. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێن كه‌ له‌ ڕووی ناوخۆییه‌وه‌، به‌ر‌ژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی بوه‌ قوربانی ململانێی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی و له‌ كوردستاندا ئه‌م ڕۆژانه‌یان دروست كردو بوه‌ هۆی شكاندنی هه‌موو شكۆ وبه‌ها پیرۆزه‌كان.

له‌ ڕوانگه‌ی ناوچه‌ییه‌وه‌.
دژایه‌تی وڵاتانی دراوسێی هه‌رێمی كوردستان بۆ گشتپرسی چاوه‌ڕوان كراو بوو، چوون به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو وڵاتان جیا له‌ ئیسرائیل له‌ بوونی عێراقێكی یه‌كپارچه‌دایه‌. بۆیه‌ ده‌بینین توركیاو ئێران و عێراقی كارتۆنیش، خێرا و به‌ توندی سه‌ركۆنه‌ی به‌ڕێوه‌ چوونی پرۆسه‌كه‌یان‌ كرد. دژمنێك به‌ ناوی كورد، ئه‌م سێ گۆشه‌ شوومه‌ی رێكخسته‌وه‌ و به‌ره‌یه‌كی یه‌كگرتوویان دروست كردبۆ له‌ كارخستنی ئه‌م پرسه‌، له‌ به‌رانبه‌ردا، عه‌شیره‌ته‌كانی كوردستان بێ باكانه‌ سه‌رقاڵی تاڵانكردنی خۆیان بوون و مه‌ودای نێوان جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ڵاتیان زیاتر ده‌كرد. توركیا و ئێران به‌ رێكه‌وتنه‌كانیان هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خسته‌ گه‌ر بۆ له‌ بار بردن و تاساندنی ئه‌نجامه‌كانی گشتپرسی. ئه‌وه‌بوو هه‌ردوو وڵات رێكه‌وتن كه‌ توركیا هێز ڕه‌وانه‌ی ئیدلیب بكات و ئه‌و ناوچه‌یه‌ داگیر بكات، تا كوردانی رۆژئاوا هاوشێوه‌ی باشوور بیر له‌ سه‌ربه‌خۆیی یان گه‌یشتن به‌ ده‌ریا نه‌كه‌نه‌وه‌. دوای گفتوگۆكانی ئێران له‌ گه‌ڵ رووسیا، رێگه‌درا به‌ توركیا ئه‌م كاره‌ بكات، له‌ به‌رانبه‌ردا ئێران بێته‌ ناو شاری كه‌ركووك و كۆنترۆڵی ئه‌م شاره‌ به‌ ده‌ست بگرێت. ئه‌م رێكه‌وتنه‌ هه‌مووی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئێران بوو، چوون به‌ تاساندنی ئه‌نجامی رێفراندوم، باشتر هه‌ل و زه‌مینه‌ ده‌ره‌خسێت به‌ دروست كردنی هیلالی شێعه‌ له‌ ناوچه‌كه‌. ئه‌و هیلاله‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی كوردستان كه‌ ئیسرائیل پشتیوانی لێ ده‌كرد ده‌یتوانی رێگرێكی گه‌وره‌ بێت له‌ به‌رده‌میدا و تاڕاده‌یه‌ك كۆسپی بۆ دروست كات. زه‌ررمه‌ندی سه‌ره‌كی توركیا بوو چوون له‌م‌ نێوانه‌دا وه‌كوو ئه‌لێن، توركیا سه‌ری بێ كڵاو مایه‌وه‌. توركیا كه‌ دژایه‌تی كردنی كورد كوێری كردبوو، له‌ پیناو ئیدلیب كه‌ركووكی له‌ ده‌ست چوو، چوون هه‌م حكومه‌تی سوریا وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی سه‌روه‌ر داوا له‌ كۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی ده‌كات كه‌ توركیا له‌ سوووریا بچێته‌‌ ده‌ره‌وه‌ و هه‌م به‌ ئاسانی كه‌ركووك كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ توركیا شه‌ڕی بۆ ده‌كات له‌ ده‌ستی چوو، هه‌م هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌و عێراق زیاتر بوو. بۆیه‌ تازه‌ به‌ تازه‌ ئه‌ردۆغان له‌ خه‌وی غه‌فڵه‌ت به‌ خه‌به‌ر هاتووه‌ و هه‌ڕشه‌ی هێرش كردن ده‌كات بۆ سه‌ر كه‌ركووك. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌، عێراقی كارتۆنی به‌ هێزتر بوو و به‌ ئاره‌زووی خۆی مامه‌ڵه‌ ده‌كات له‌ گه‌ڵ هه‌رێمدا و هه‌م حه‌شدی شه‌عبی سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی بۆ خۆی تۆمار كرد و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌ داهاتوودا ببێته‌ سوپایه‌كی نیشتمانی له‌ عێراقدا. هه‌موو ئه‌م رووداوانه‌،‌ ئه‌نجامی به‌ریه‌كه‌و‌تنی به‌رژه‌وه‌ندی عه‌شیره‌ته‌كانه‌ له‌ كوردستان و عه‌شیره‌تی‌ بیرده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌موو شتێك ده‌كه‌نه‌ قوربانی بۆ پاراستنی ده‌سه‌ڵاتی به‌رته‌سكی عه‌شیره‌تی خۆیان.