عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا: ئەم درێژکردنەوەی پەرلەمانە درێژەی ئەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەمڕۆ 24ی ئۆکتۆبەری 2017، پەرلەمانی کوردستان تەمەنی کارکردنی خۆی بۆ ماوەی هەشت مانگی تر درێژکردەوە، ئەم ماوەی هەشت مانگ درێژکردنەوەیە کت و مت ئەجێندای تەواوی پارتی دیموکراتی کوردستانە، کە یەکێتی و پارتەکانی تری هاوشانیان ڕۆڵیان هەبوو لەجێبەجێکردنی ئەجێنداکەی بەتەواوەتی.
یەکێتی دەیویست دووساڵ پەرلەمان ماوەی کارکردنی درێژبکاتەوە، یەکگرتوو داوای 3 بۆ 6 مانگی دەکرد، بەڵام پارتی سوربوو لەسەرئەوەی کەتەمەنی پەرلەمان بۆ 8 مانگ درێژبکرێتەوە، لێرەوە دەرکەوت ئەوەی پارتی ویستی ڕێک وادەرچوو، کەواتە پارتی چی ویست و داوای چیدەکرد قسەی خۆی هێنایەدی.
وە من پێم وایە ئەم درێژکردنەوەیە دوای تەواوبوونی هەشت مانگەکە ئەوەندەی تر درێژبکرێتەوە لەبەرئەم چەند خاڵەبەکورتی:
1- دوای تەواوبوونی ئەم هەشت مانگە، کەدیاریکراوە بۆ هەڵژادنی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم، ماوەیەک دوای ئەو بەروارەیە کەکۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دیاریکردوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە 12-05-2018 یە.
ڕاستە پڕۆسەکە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق پێی هەڵدەستن نەک کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێم، بەڵام هێنانەوەی بەهانەی دوو هەڵبژاردن لەدوو مانگدا و نائامادەگی خەڵکی بۆچونە سەر سندوقەکانی هەڵبژاردن بەهانەیەکی حازربەدەستە .
2- یەکێتی و پارتی لەئێستادا پەیوەندییەکانیان لەهەموو کات و ساتێک ئاڵۆزترو ناجێگیرترە، تەنانەت لەسەر ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر هێندە ناکۆک بوون کەوتنە تەخوینکردنی یەکدی و تائێستاس ئەوپەیوەندیانەی نێوانیان لەخراپ خراپترە، بۆیە گەر ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر نەبوایە ئەوا پارتیش بەو داوایەی یەکێتی ڕازی دەبوو بۆ درێژکردنەوەی دوو ساڵی تەمەنی پەرلەمان، بەڵام پارتی پێی باشبوو گەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئاسایی بوەوە بەشێوەیەک دڵخوازی پارتی بێت ئەوا دووساڵەکەی یەکێتی داوایکردوە بۆدرێژکردنەوەی تەمەنی کارکردنی پەرلەمان ئەوا دوو جاری دیکە ماوەکەی هاوشێوەی ئەمڕۆ بۆدرێژ دەکرێتەوە .
3- گەربیانوی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەمجارەی پەرلەمان بۆ ماوەی هەشت مانگ نائامادەبونی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئەوا بیانوی هەشت مانگی تر خراپی دۆخی هەرێمی کوردستان دەبێت، چونکە خۆیان باشدەزانن کەدۆخی هەرێمی کوردستان و دەرونی هاوڵاتیانیشیان بەشێوەیەک تێکداوەو شێواندوەکە بەدوو هەشت مانگی تریش نەگەڕێتەوە دۆخە ئاساییەکەی خۆی، وە ئەزمونیشمان هەیە لەدرێژکردنەوەی ماوەی کارکردنی پەرلەمانی کوردستان بۆچەند جارێک، خولی یەکەم بەنمونە.
بۆیە گەر بەربەم ئەجێندایانەی پارتی ویەکێتی نەگیرێت کەبەردەوامن لەسەری ئەوا باسکردن لە دیموکراسی، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، سەروەربونی یاسا، ڕۆڵبینینی دامەزراوەکان و بەدامەزروەیکردنیان جگە لەگەوجاندنی خەڵکی و بێ بەهاکردنی ئەو چەمکانە هیچی دیکەنیەو نابێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت