ئەحمەد ڕەسوڵ: دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستان، ڕەوە کەمتیار بە دەوری لاکێکدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە دوای ڕاپەڕینەوە تا ئێستا دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستان “بە پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم، حکومەت و دەزگای قەزاییشەوە” کێڵگەی فڕاندنی هەر کەسە و بەشی خۆی چەند بتوانێت و ڕووبەرێک بووە بۆ بەتاڵانبردن هەم لەلایەن حزب و هەم لەلایەن کەسەکانەوە. ئاشکرایە حزب هەم لەڕێگەی ئەو بودجە زەبەلاحەی کە سەپاندویەتی بەسەر حکومەتدا بۆ خۆی بردووە، هەم لە ڕێگەی دەسەڵاتدارانیەوە لە پلە و پێگە باڵاکانی نێو حکومەتدا دیسانەوە لە بەشی گشتی و حکومەتیشی بردووە. سەرباری ئەمەش، ئەندامە حزبیە دانراوەکان لە پلە باڵاکانی نێو حکومەتدا جگە لەوەی کە بارێکی قورسی کەمەرشکێنیان خستۆتە سەرشانی داهاتی گشتی و بودجەی حکومەت ” کە حزب ناچار بەمەی کردوون” بەوەی کە سوپایەکی گەورەی ئەندامان و لایەنگرانی حزبیان خانەنشین کردووە بە پلەی تایبەت و باڵا و بە ناونیشانی جۆراوجۆر. سەرباری هەموو ئەمانەش کەسە دانراوەکانی حزب لە پلە پێگە باڵانی نێو حکومەتدا جگە لەو نەزیفە بەردەوامەی بەسەر داهاتی گشتی هەرێم و بودجەی حکومەتەوە بووە بە شێوە یاساییەکەی کە موچەی زەبەلاح و نەسریە و ئیمتیازاتە جۆروجۆرەکانیان بووە “واتا دزی و تاڵانیی بەشیوەیەکی یاسایی” هەروەها ئەو ڕێگە و شیوازە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیانەی کە بە نایاسایی تاڵانیی و دزیەکی سەرسوڕهێنەریان ئەنجامداوە.
ئێستا تەنها ئەگەر بەس هەندێ حساب بێنینە پێش چاوی خۆمان و بیریلێبکەینەوە بزانین چ ئەنجامێک بەدەست دێنین، وێنەکە بەسەر یەکەوە و بە گشتی ببینە و هەموو پارچەکان لێکبدە ئینجا ئەزانی ئەو شتەی کە ناوی دەسەڵاتدارێتیە لە هەرێمی کوردستان چ کێڵگەیەک بووە بۆ دزی، تاڵانی و فڕکان فڕکان.
1- موچەی سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بە ڕاوێژکارەکانیانەوە لەگەڵ نەسریە و تێچووی ئەو هەموو ئۆتۆمبیل و پاسەوانانە.
2- موچەی سەرۆکی پەرلەمان، جێگرەکەی، سکرتێر بە ڕاوێژکارەکانیانەوە لەگەڵ نەسریە و تێچووی ئەو هەموو ئۆتۆمبیل و پاسەوانانە.
3- موچەی سەرۆکی هەرێم و جێگرەکەی بە ڕاویژکارەکانیانەوە لەگەڵ نەسریە و تێچووی ئەو هەموو ئۆتۆمبیل و پاسەوانانە.
4- موچەی وەزیر و وەکیل وەزیرەکان بە ڕاوێژکارەکانیانەوە لەگەڵ نەسریە و تێچووی ئەو هەموو ئۆتۆمبیل و پاسەوانانە.
5- موچەی پەرلەمانتاران و تێچووی ئەو هەموو ئۆتۆمبیل و پاسەوانانە.
6- موچە و نەسریەی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بە تێچووی ئەو هەموو ئۆتۆمبیل و پاسەوانانەوە.
7- موچەی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی دادوەری و تێچووی نەسریە و پاسەوانانی دیوانی ئەنجومەنی دادوەری.
ئینجا سەرباری ئەم نەزیفە داراییەی بەسەر داهاتی گشتی و بودجەی هەرێمەوەیە لە موچە و نەسریە کە ئەم تاڵانیە ڕێکخراوە بەشێوەیەکی یاسایی. بیرلەو ئۆردووە خانەنشیکراوەش بە موچەی خەیاڵیەوە بکەرەوە کە ئەمانە دەگرێتەوە:
8- پەرلەمانتارانی خانەنشینکراوی خولەکانی پێشووی پەرلەمان کە ژمارەیەکی هێندە زۆرە و ئەو پارەیەی کە وەریدەگرن هێندە زۆرە کە ئینسان سەراسیمە دەبێت.
9- وەزیران و وەکیل وەزیرانی خانەنشینکراوی پێشووی کابینەکانی حکومەت کە ژمارەیان هێندە زۆرە و ئەو پارەیەی کە وەریدەگرن هێندە زۆرە ئینسان سەراسیمە دەبێت.
10- ڕاوێژکارانی خانەنشینکراو و ژەنەڕاڵ و لیوا و ئەفسەرانی پلە باڵای خانەنشینکراو کە ژمارەیان هێندە زۆرە و ئەو پارەیەی کە وەریدەگرن هێندە زۆرە ئینسان سەراسیمە دەبێت.
ئەمە بێئەوەی قسە لەو دەستبەسەراگرتنەی حزب بکەین بۆ بازرگانی و سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان لەڕێی کۆمپانیاکانیەوە و جگە لە پاوانکاریی کۆمپانیا کەسییەکانی دەسەڵاتدارانیش لە بوارە جیاوازەکانی بازرگانی و سەرمایەگوزاری و بوارە جیاوازەکانی کەڵەکەبوونی سەرمایە.
بۆیە داهاتی گشتی و بودجەی هەرێمی کوردستان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بووە، لە وێنەی لاکێکدا بووە کە ڕەوە کەمتیارێک بەدەوریدا بووە.
بۆیە حزبەکان هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی کوردستاندا بە حکومەت و پەرلەمان و دەزگاکانی ترەوە وەک کێڵگەی دزی و تاڵانیەکی بێسەرئێشە و ئاسان دەبینن. بۆیە ڕەوە کەمتیارێک کە بەدەوری لاکێکەوەن هەر ڕۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێت و هەمووشیان بەسەر یەکەوە داکۆکی لەمانەوەی ئەو لاکە دەکەن لەبەر دەستیاندا و بەردەوامیش لەنێو خۆیاندا شەڕ لەسەر لاکەکە دەکەن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت