كارۆخ عوسمان: بارزانی چی لەدەروازەی خابور وەدەست كەوتووە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بارزانی دەوڵەمەندی نەوتی خاو
جگە لەنەوت یەكێك لەداھاتە گەورەكانی بارزانی باجی ترێلەو لۆری و كامیۆنەكانە كە لەتوركیاوە دەھاتنە ناو ھەرێم و بەپێچەوانەشەوە.
بۆ ھەر بارھەڵگرێك (400) دۆلار سەرانەی وەردەگرت، داھاتی ساڵانەكەی دەیكردە (300 بۆ 400) ملیۆن دۆلار.
ئیتر لەشوێنی دەروازەی خابور لەناوچەی توركمانەكان (تەلەعفەر) دەروازەی (ÖvaKöy) بۆ بارھەڵگرەكان دەكرێتەوە. ئینجا ئەوداھاتە سەرجەمی دەچێتەوە حكومەتی مەركەزی. ئەوە تەنھا سەرانەی بارھەڵگرەكان بوو. كە ڕاستەوخۆ دەچووە سەرحسابی مسعود بارزانی و لەبانكەكانی توركیا ھەڵدەگیرا.
خۆ ئەگەر ئەو پارەیەی لەھەرێم وەگەڕ خستبایە ئێستا ئەو ئەزمە ئابوریە ڕووی نەدەدا. تۆ وەرە 26 ساڵ بە تێكڕایی جارانی 350 ملیۆن دۆلار بكە. دەكاتە (9,100,000,000) نۆ ملیارو سەد ملیۆن دۆلار. تەنھاو تەنھا سەرانەی بارھەڵگرەكان. ماڵی تێكچوونی ئەو پەیوەندیە ئاوابێت كە لەگەڵ توركیا ھەیبوو، چون ئەگەر توركیا ھێشتابارزانی بەدەرباری خۆی بزانیایە زۆرینەی ئەو حسابانە ھەر بەنادیاری دەمانەوە. ھەرچەندە زۆریش ھاوارمان كرد كە بڕوا بەتوركیا نەكات بەڵام بارزانی بەجۆرێ ببوە دۆستی ئەردۆگان كەغروری پێ ھەستابوو.
گریمان ئەو ڕێژە زۆرە چووە سەرحسابی بارزانی، پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی لەتوركیا ھەڵیگرت؟ بۆچی لەبانكەكانی كوردستان داینەنا؟ دیارە كە متمانەی بەم ھەرێمە نەبووە كە خۆی تێدا سوڵتەی ڕەھابوو!
بەئاشكراكردنی ئەو سەروەتانەی بارزانی و سەرچاوەكەیان سەیر لەوەدایە كەھێشتا لایەنگری لەنێو چینی ھەژارو كەم دەرامەتدا ھەیە، لایەنگری لەنێو فەرمانبەری بێ دەرەتان و چاولەدەستدا ھەیە. ھەوادارو دواكەوتەی لەناو خوێندكارانی گیرفان بەتاڵدا ھەیە. كەچی ئەولادەكانی ئەو بنەماڵەیە لەخۆشترین وڵات و بەزۆرترین خەرجی دەخوێنن. ئەوە باسی دەروێش و وشكەسۆفی سیاسی و قەومچیە بێ مستەواكان و لێخۆرە كاسەلێسەكان ھەرناكرێت.
ئاخر عەجیبە كەسێك بەدرێژایی 26 ساڵ دزی لەم خەڵكە بكات، كەچی ھێشتا بەسەرۆك و ڕێبەرو (بەڕێز) ناوی بھێنرێت.
لەھیچ وڵاتێكی ئەم دونیایە (دز) بە بەڕێز بانگ ناكرێت لێرە نەبێت، لەنێو نوخبەی بەرەنگاریش ئەو ڕێزدانانە زیاتر بەردیدە دەكەوێت. غەریب و سەمەرەی ئەم ھەرێمە وایلێھاتووە كەلتوری ئێرە بەناوداران لەپشتی كیسەڵ بنوسرێتەوە.
كەسێك تەنھا لەگومرگێك و تەنھا لەبارھەڵگرەكان 9 ملیار دۆلار بدزێت دەبێ چ ناو ناتورەیەك ھەڵگرێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت