محەمەد بەرزی: سیاسی زیرەک.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

سەدان ساڵە ئەوەی بە خوێن و خەبات بە دەستی دەهێنین، بەهۆی سیاسەتی نەزانەوە، زۆر بە ئاسانی لە دەستی دەدەین. هۆکارەکەشی تەنها ئەوەیە، ئەو کەسەی لە وڵاتی ئێمەدا سیاسەت دەکات، لە هونەری سیاسەت نەگەیشتووە، جا ئەو کەسە سەرۆک بێت، یان سیاسییە ئەڵقە لە گویی کانی دەوروبەری سەرۆک بن. پاشان ئەوەی جێگای سەیروسەمەرەیە و هۆکاری هەرە گەورەی شکستەکانمانە، کاتێک سەرۆکێکمان بە مردن، یان بە هەرەس و نسکۆوە بەجێماندەهێڵێت، ڕاستەوخۆ نەوەیەکی لەسەر تەختی قۆرخکراوی باوکی دادەنیشێت و خۆیمان لێدەکاتەوە بە سیاسی و دەبێتەوە بە سەرۆکمان و کوێرانە و سۆزەکی دوای دەکەوین، تا سەرلەنوێ ڕووبەڕوی شکستێکی گەورەترمان دەکاتەوە. بێگومان هۆکاری ئەو شکستە یەک لە دوای یەکانە، چەند لە ئەستۆی سیاسییە هەلپەرستەکاندایە، ئەوا سەدان جار لە ئەستۆی ئەو میللەتەدایە، کە بیر ناکاتەوە و بە مێژووی خوێناوی خۆیدا ناچێتەوە و جیاوازی لە نێوان سیاسی دڵسۆز و سیاسی پۆست و پارە و ڕابەری بازرگاندا ناکات، کە بەردەوام بوونەتە بــەڵای سەری کورد . جا لێرەدا جێگای خۆیەتی تیشکێک بخەینە سەر سیفاتەکانی کەسانی سیاسی زانا، کە خەمی گەل و نیشتمانەکەیان لە کۆڵ دەنێن، بەو هیوایەی سودێکی هەبێت و لە سیاسییە نەزان و ومشەخۆرەکانیش دوورمانبخاتەوە، کە جگە لە کۆست و کەسەر و نسکۆ و ئاشبەتاڵ، هیچ شتێکی تریان لیێ چاوەڕوان ناکرێت.
سیاسەت خۆی لە خۆیدا هونەرە، سیاسەتی ڕاستودروست بەرەو کەنارێکی ئاراممان دەبات، هەڵەی سیاسیش کارەساتی گەورە و گرانی لیدەکەوێتەوە ، هەر بۆیە پێویستی بە بیری ورد و شارەزایی زۆر و کەسانی زیرەک و بلیمەتی خۆڕاگرە، چونکە دنیای فراوانی سیاسەت ، پڕە لە ململانێ و ناکۆکی بەربڵاو، بە پلەی یەکەمیش هونەری سیاسەت بە ندە بە شیکاری ورد و تاکتیکی زیرەکانەوە، ئەمەش پێویستی بە ئەزمون و بەهرە و بیری تیژە، تا بە سەرکەوتوویی و بێ زیان لەو کێشە و ناکۆکییانە بێینە دەرەوە. بێگومان کەسانی سیاسی ڕاستەقینەش، ئەو کەسە زیرەک و بلیمەتە خۆنەویستانەیە، کە دوور لە بەرژەوەندی خۆیان، دەبن بە دەمڕاستی میللەت و بە هەموو شێوەیەک خزمەتی گەل و نیشتمانیان دەکەن و لە شکست و نسکۆ و کارەسات دەمانپارێزن. پێویستیشە سیاسی هەڵکەوتوی زرنگ و سەنگین، هەڵگری ئەم سیفەتانە بێت:
1- بەهرەدار و دیدەفراوان بێت، تا بەهرەکەی یارمەتی بدات بە باشی لە ڕووداوە سیاسییە ئاڵۆزەکان بگات و بە زیرەکی و شارەزاییەوە خوێندنەوەیان بۆ بکات، بە بێ ئەوەی سۆزی تێکەڵ بە هەڵویست و بڕیارەکانی بێت.
2- خاوەنی ڕاستگۆییەکی تەواوبێت. نابێت بە هیچجۆرێک شەرم لە دەربڕینی بۆچوونە سیاسییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی خۆی بکات، پێویستیشە بە شێوەیەکی ئاشکرای سوکوئاسان باری سەرنجی دەربخات، تا هەمووان بە باشی لیێ تێبگەن.
3- بایی نەبوون، یەکێکە لە سیفاتە گرنگەکانی سیاسی زیرەک، کارێک دەکات لای خەڵکی جێگای ڕیز و خۆشەویستی بێت و بۆچوونەکانی بە هەند وەربگرن، بە پێجەوانەشەوە، کەسانی لوتبەرزی لە خۆ بایی، ناتوانێ لە ناو دڵودەروونی خەڵکی دا جێگا بۆ خۆی بکاتەوە و هەمیشەش لوتبەرزی ملی مرۆڤی شکاندووە.
4- نزیک بێت لە بیرکردنەوەی خەڵکی و ئاگاداری ژیانی ڕۆژانەو بارودۆخیان بێت و لە هیچ چاکەیەک خۆی نەبویرێ، تا بتوانێت زۆر بــە باشی گوزارشت لــە خواست و کێشە و داواکانیان بکات.
5- هێمن و سنگفراوان بێت و دوور بێت لە هەڵچوون و توڕەبوون، چونکە تووڕە بوون و هەڕەشە و هەڵەشەیی دەبێتە دیوارێک لە نێوان خۆی و خەڵکی و رووداوە سیاسییەکاندا و ڕاستەوخۆش بڕیارەکانی دەربارەی رووداوەکان هەڵە و هەڵچوونی پێوە دیار دەبێێت.
6- باوەڕی تەواوی بە خۆی هەبێت، ئەمەش نیشانەی ڕاستگۆیی سیاسییە بەرامبەر بە خەڵکی . بێگومان ئەو کەسەی باوەڕی بە خۆی نەبێت، کەسێکی لاوازی ترسنۆکە و ناتوانێ لە ڕووداوەکاندا باری سەرنجی خۆی بە ڕاستی دەرببڕێت و ناشتوانێت بە چاوێکی سیاسییانەوە هەمـوو لایەنێکی کـێشــە و ڕووداوەکـان ببینێت.
7- پشودرێژ و خۆڕاگر بێت، چونکە بیرۆکەی ڕاستودروست و دەربڕینی سیاسییانە، کە خۆی باوەڕی پیێ یەتی ، پێویستییان بە خۆڕاگری و پشوودرێژی هەیە، تا خەڵکی باوەڕی پێبکات و بۆچوونەکانی پەسەند بکەن.
8- خاوەنی بیرۆکەی زۆر ورد و بەرنامەی درێژخایان بێت، چونکە پیلانی پەلە و بیرکردنەوەی ڕاگوزاری تەمەنیان کورتە و ناتوانن ئامانجەکان بپێکن. بەمەش ئەو سیاسییە ڕاستگۆیی خۆی لە دەستدەدات و خەڵکی باوەڕیان پیێ نامێنێت، هەربۆیە سیاسی سەرکەوتوو، ئەو کەسەیە، کە چەندین ساڵ کار لە داڕشتنی پیلانێکی تۆکمەی بێ کەموکورتیدا دەکات.
9- خاوەنی ورەیەکی بەرزبێت، باوەڕی تەواوی بە ئامانجەکانی هەبێت، سوربیت لەسەر جیبەجێکردنی بەرنامە سیاسییەکەی و توانای داهینان و تازەکردنەوەشی هەبیت.
10- بوێر و ئازا و نەبەز و خاوەنی کەسایەتییەکی بەهێزبێت، بتوانێت بۆچوونەکانی ڕاستەوخۆ و بێ تەمومژ دەرببڕێت.
11- لە بیرکردنەوەدا توندڕەو نەبێت، توانای قبوڵکردنی ڕەخنە هەبێت و بەو پەڕی سنگفراوانییەوە ڕا جیاوازەکان وەربگرێت و بە حاڵەتێکی تەندروستی زۆر باشی بزانێت.
12- ئەزمون و شارەزایی لە ڕابەرایەتیدا هەبێت و ئیداری بێت و بتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت و بە باشیش کاربکاتە سەر خەڵکی.
13- قسەکەرێکی چاک بێت، خاوەنی زمانێکی پاراوی بێگرێوگۆڵ بێت، توانای چاوپێکەوتنی هەبێت و گوێگریێکی زۆر باشیش بێت.
14- ڕێز لە کات بگرێت، باشیش بزانێت لە چ ئانوساتێکدا پێویستە هەڵویست وەربگرێت و لە چ کاتێکیشدا پێویستە بکشێتەوە.
15- توانای ڕازیکردنی خەڵکی هەبێت، چاوبخاتە سەر ئەو کەس و لایەنانەی بیروباوەڕی ئەویان بە دڵە و بە گەرمی پێشوازیان لێبکات، پاشان پیویستە زۆر بە وردی شارەزای هەموو بەندەکانی دەستور و ئەو یاسایانە بێت، کە خزمەتی ئامانجەکانی خۆی و دۆزی وڵات و میللەتەکەی دەکەن.

تێبینی: ئەو خاڵانەی سەرەوەم بە دەستکارییەکی کەمەوە، لە نووسینێکی ( عاتکە البورینی ) م وەرگرتووە، کە بە ناونیشانی ( کیف تصبح سیاسی محنک ) ە و لە نۆفەمبەری 2015 دا لە سایتی ( موضوع ) دا بڵاوکراوەتەوە.