لقمان مصطفی: پرۆژە یاسای (جعفری) شەرمەزاریە.!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرلە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی صدامەوە عێراقیەکان بە گشتی وژنانی عێراق بەتایبەتی بە ئومێدێکی گەشترەوە دەیانڕوانیە ژیان، چونکە ئەوان بە هیوای ئەوەوە بوون، کە مژدەی ماف و دەسکەوتی زیاتریان پێ بدەن، بەڵام بە پێچەوانەوە، واخەریکە کەمتر لەو مافانەش کە پێشتر هەیان بوون، والەسەر دەستی تائیفە چیەکان ئەوانەشیان لێدەسەنرێتەوە، نەک تەنها بێ ماف و بێ ئومیێدیان دەکەن، بەڵکو واخەریکە سوکایەتی بە ژنان وکچانی عێراقەوە بە یاسایی دەکەن.!
بەڵێ لە ئێستا دا باس باسی ھەموار کردنەوەی یاسای باری کەسێتی و دووبارەکردنەوەی ناوەرۆکی یاسای جەعفەریە کە پێشترلە لایەن وەزیری دادی عێراقی ( حەسەن ئەلشەمەری ) یەوە. کە سەر بە ( پارتی فەزیلەی ئیسلامی ) شیعەیە، لە رۆژی ( ٢٣/ ١٠/ ٢٠١٣) دا، پرۆژەی ( یاسای باری کەسێتی جەعفەری ) پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کرد.. بۆ پەسەندکردن و دەنگدان لەسەری، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقيش کە زۆرینەی وەزیرەکانی شیعەبون، مالیکیش سەرەک وەزیران و بڕیاردەربوو، لە رۆژی ( ٢٥/ ٢/ ٢٠١٤) دا، بڕیار یان لەسەر دا و. یەکسەر ناردیان بۆ پەڕلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر ئەوە پرۆژەیە.
بەڵام لە لایەن بەشێکی زۆری ژنانی عێراق و بە ژنانی کوردستانیشەوە، هەروەها بەشێک لە شیعەکانیش، بە توندی ناڕەزایی خۆیان بەرانبەر بەم یاسا شیعییە دەربڕی و ڕاوەستێنرا.
بەڵام جارێکی تر و بەشێوازێکی تر لەژێر ناونیشانێکی تردا هاتەوە مەیدان، بەداخەوە چەند کوتلەیەکی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، بە مەبەست سەرقاڵی ھەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ١٨٨ ی ساڵی ١٩٥٩ ی عێراقین بۆ ناوەرۆکی ھەمان ئەو یاسایەی کە بە یاسای باری کەسێتی جەعفەری ناسراوە.
لای ھەموان ئاشکرایە ئەم پرۆژە یاسایە زیانێکی گەوەرە بە پێگەی ژن لە کۆمەڵگەدا دەگەیەنێت و ھەر لەبەر ئەوەش لەکاتی خۆیدا رەخنەیەکی زۆری رووبەروو کرایەوە و لەلایەن زۆرێک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و کوتلە سیاسییەکانەوە رەتکرایەوە، ھاوکات پرۆژە یاساکە لەکاتی خۆیدا نیگەرانییەکی زۆری لای ئەو چین و توێژانە دروستکرد.
لێرەدا بە کورتی باسی چەند مادەیەکی ( یاسای باری کەسێتی جەعفەری ) دەکەین:
بەپێی مادەکانی (١٦ ، ٤٨، ٥٠ ، ١٥٤) ی ئەم یاسایەی جەعفەری. تەمەنی هاوسەرگیری ( ژنهێنانی ) کوڕان لە ( ١٨) ساڵەوە، کورتکراوەتەوە بۆ ( ١٥) ساڵ. تەمەنەی ( بە شوودانی ) کچانیش لە (١٨) ساڵەوە، کورتکراوەتەوە بۆ (٩) ساڵ.
بەپێی دەقەکانی پێوەرە نێو دەوڵەتییەکان ئەم تەمەنە، بە منداڵ و بە نەباڵق دانراوە. هەر کەسێک تەنگی جینسی بە منداڵان هەڵبچنێت، لە ژێر هەر ناونیشان و، هەر پەردەیەکدا بێت، بە پێشێلکاری منداڵێتی و، بە گێچەڵ بە منداڵ دەزانرێت، سازایەکی قورس دەدرێت.
هەر لەم یاسایەی جەعفرەیدا، ئەوەش هاتووە کە دەکرێ کچان لە تەمەنی (٨) سالێشدا بدرێن بە شوو، ئەگەر باوکیان یا دایکیان رازیبن لەسەر بە شوودانیان.
ئەم یاسایە، پێشێلکارییەکی مەترسیداری مافەکانی منداڵانە و، بە پێچەوانەی هەموو یاسا و دەستوورێکی دەوڵەتانەوەیە، لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا تەمەنی هاوسەرگیریی کوڕان و کچان بە ( ١٨) ساڵ دیاری کراوە. تەنها چەند دەوڵەتێک نەبێت، کە تەمەنی بە شوودانی کچانیان بە (١٦) ساڵ دیاری کردووە. ئەم یاسایە، منداڵان لە خۆشییەکانی قۆناغی منداڵی و، لە یاری و، لە ئازادی بێ بەش دەکات.
بەپێی بەندی یەکەمی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان، بەم جۆرە پێناسەی منداڵ کراوە : ” منداڵ ـ کچ یا کوڕ ـ ئەو مرۆڤەیە کە تەمەنی لە هەژدە ساڵ تێ نەپەڕيبێت، مەگەر یاسا و وڵاتەکەی تەمەنێکی کەی بۆ دیاری کردووبێت ”
(*) ئەم یاسایە رێ بە پیاو دەدات کە چەند ژنێک بهێنێت، گرنگ نییە کە ژنەکەی یا ژنەکانی تری رازی بن یا ڕازای نەبن. بڕیار بڕیاری پیاوە. ئەمەو ئەوەشی بۆ هەیە لەسەر ئەم فرە ژنیەشەوە، هاوسەرگیریی رابواردن ( زواج المتعە ـ سیغە) ش بکات.
(*) بەپێی مادەی (١٠٦) و (١٠١) یاسای باری کەسێتی جەعفەری، پیاو مافی ئەوەی هەیە هەچ کاتێک هەوەسي بوو ، زەوقی هەستا، ژنەکەی پێی خۆش بێت یا ناخۆشبێت خۆی لەگەڵ ژنەکەی جووتبێت. ئەگەر هاتوو ژنە بچووکە نۆ ساڵییەکەی یا ژنە بە تەمەنەکەی رازی نەبن و ئارەزووی جووتبوون نەکەن.
(*) بەپێی ئەم یاسایەی جەعفەری، ژن کۆیلەی پیاوە، یا وەک کەنیزە و کارەکەرێک وایە لەبەردەستی پیاودا، ماڵیش بەندیخانەی ژنە، چونکە بە پێی مادەی ( ٢١٣) ی ئەم یاسایە، ژن بەبێ پرسی مێردەکەی بۆی نییە لە ماڵ بچێتەدەرەوە.
(*) بەپێی ئەم یاسایە، پیاوی موسڵمان بۆی نییە، هاوسەرگیری لەگەڵ ژنی ناموسڵماندا بکات. تەنها هاوسەرگیریی رابواردن نەبێت، کە پیاوی موسڵمان دەتوانێت لەگەك ژنی ناموسڵماندا رابوێرێت ” زواج المتعة “، ئەمەش بێڕێزی و سکایەتییە بە ئایینەکانی تر.
(*) هەر لەم یاسایەدا، چەند مادەیەکی ناڕەوای تێدایە، کە ژنانیان لە ( بەشی میراتی ) بێ بەش کردووە و، بە چاوی یەکسانی و هاومافییەوە لەگەڵ پیاودا لێیان ناڕوانن. ئەمەش جیاوازی کردنە لە نێوان پیاوان و ژناندا و .. بە کەمتر لە ژن دەڕوانن. ئەم مادانەش بە پێچەوانەی مافەکانی ژنان و مرۆڤە. کە جەختیان لەسەر یەکسانیی ژنان و پیاوان لە مافەکاندا کردووە. بە پێی ئەم یاسایە، ژن لە زەویی میراتی مێردەکەی بەشی ناکەوێت. نە بەشە زەوی و نە نرخەکەشی دەدرێتی. ئەمەش بە پێچەوانەی مادەی ( ١٤) ی دەستووری عێراقی ساڵی ( ٢٠٠٥) ە، کە لە دەقی ئەم مادەیەدا ئەوە هاتووە: ” عێراقییەکان بەبێ جیاوازی رەگەزی ـ جینس ـ لە بەردەم یاسادا یەکسانن. یاسای جەعفەری هاوشێوەی یاساکانی داعشە کە کچانی منداڵ لە خۆیان مارەدەکەن، کڕین و فرۆشتنیش بە کچان و ژنانی غیر موسڵمانەوە دەکەن.
بە هەمان شێوەش بەپێی یاسای باری کەسی جەعفەری، ژن کاڵایەکی بازرگانییە و موڵکی پیاوە و، هەر ئەمیش دەتوانێت وەکو کەلوپەلێک، ئاڵووێڵ و کڕین و فرۆشتنی پێوە بکات. حیساب بۆ مافەکان ژن نەکراوە. ژن دەبێت هەمیشە ژێردەستەی پیاوی هەوسباز بێت.
تێبینی: سودم لە یاسای باری کەسێتی عێراق هەرێمی کوردستا و سایتی هاوپشتی بابەتێکی کاک ڕەزا شوان وەرگرتوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت