کاوسێن بابەکر: لەبارەی کۆنگرەوە. ڕامانێک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕامانیک لەکۆنگرەو مێژووی کۆنگرەکانی حزبەکان بەگشتی، دەردەکەوێ زۆرترین جیابوونەوەو دابەشبوونەکان لەکۆنگرەکان و دوای کۆنگرەکان ڕوویانداوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە هەر کۆنگرەیەک زەمینەی ئاشتەوایی و پێکەوە هەڵکردنی بۆ نەکرابێ و لێکتێگەیشتنی باڵ و تەکەتول و گروپ و بۆچوونە جیاوازەکان نەهاتبێتەدی، لەسەر میکانیزمی کۆنگرەو کەرەستەو بیرۆکە جیاوزەکان، لەکۆنگرەدا یان دوای کۆنگرە دابەشبوون یان زاڵبوونی گروپ و باڵی بەهێز یان دەرپەڕاندن و زویر بوونی دەستەیەکی لێ هاتۆتەدی.
ململانێ دیاردەیەکی سروشتی نێوان مرۆڤەکانە گواستنەوەشی بۆ ناو ڕێکخراوو گروپ و حزبەسیاسیەکانیش شتێکی تەواو نۆرماڵ و تەندروستە ئەگەر بەشێوەیەکی باش مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ و ئەو ململانێیانە نەبنە شتی کەسی و بۆ بەرژەوەندی ئابوری و کەسی شۆڕنەکرێنەوە، هەرخودی ئەو ململانێیە سیاسیانەیە دەبنە داینەمۆی بەرەو پێشبردنی ڕێکخراوو حزبەکان، بەڵام بەداخەوە ململانێکان لەئێستادا زیاتر کەسین و دوورن لەململانێی بەرنامەو بیرۆکەومیتۆدی سیاسی لەناو زۆربەی حزبەکاندا، بۆیەدەبینین جیابوونەوەکان روودەدەن بێ ئەوەی جیابوونە لەبیری سیاسی و بەرنامەدا بێنەدی و هەر بۆیەش سەیردەکەین حزبی کوردی بەتازەو کۆنەوە هەمان هەیکەل و هەمان بەرنامەی سیاسی و هەمان دونیابینی و هەمان میکانیزمی کارکردنن ئەگەر جیاوزیەکیش روویدابێ زیاتر شکلی و یان کورتخایەن بوون.

کۆنگرەی یەکێتی
سێ ساڵ بەسەر کۆنگرەی یەکێتیدا تێدەپەڕێ، جگە لەمەش کۆمەڵێک هۆکار هەن کەدەبوو زۆر زووتر کۆنگرە بەسترابا لەوانە نەخۆشکەوتنی مام جەلال و دواتر کۆچکردنی یەکجاری و کێشە ناوخۆییەکان و وازهێنانی دکتۆر بەرهەم و توندبوونی ململانێی تەکەتولەکان و گلەیی و گازندەی کادیرو جەماوەرو نەمانی سەرچاوەی بڕیاروشێواوی لەدروستکردنی بڕیاردا، شەڕوشۆڕەکانی کوردستان و تێکچوونی هاوسەنگی هێزەکان بەتایبەت پارتی و یەکێتی کە کۆمەڵیک لێکەوتەی خراپی بەدوای خۆیدا هێنا و ناڕەزاییەتیەکانی خەڵکی یەکێتی زۆرتکرد و نارەزایی و تێکچوونی بار و گوزەرانی خەڵکی کوردستان، ئەمانە هەمووی پێویستی بەوەبوو کۆنگرە لەسەریان بوەستێ و سەرکردایەتیەکی لێوەشاوە هەڵبژێرێ و ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە مام بەجێی هێشتووە.
کۆنگرە سودی هەر بۆ یەکێتی و یەکێتیەکان نییە، بەڵکو دەرکەوت کەتەنها یەکێتیەکی بەهێز، دەتوانێ باری لاری هەرێم ڕاستکاتەوەو تەنها بڕیارەکانی یەکێتیەکی بەهێز هەڵوێستە سیاسیەخراپەکان و هەنگاوە خوارەکانی سەرکردایەتی ساسی کوردی دەوەستێنێ، تەنها یەکێتی و دۆستە دێموکراسیەکانی دەتوانن هەرێم و عێراق لەشەرو پێکدادان بپاریزن و وەک سەردەمی مامی گەورە ببنە سەمامی ئەمان.

کام زەمینەومیکانیزم
ئێستا یەکێتی بۆتە گۆڕەپانی نەک تەکەتولەکان بەڵکو مەیدانی پێکدادانی بەرژەوەندیە شەخسیەکانە، کەسیان گوێیان لەلاواز بوون و هاواری یەکێتیەکان نییە ئەوەندەی بەتەنگ بەرژەوەندی خۆیان و منداڵەکانیانەوەن، پاراستنی یەکێتی بۆتە پاراستی کۆمپانیاکان و پشکەکانیان لەم پرۆژەو لەو پرۆژە، بیریان چۆتەوە نەمانی یەکێتی نەمانی نەک بەرژەوەندیاکانیان خودی سەری خۆیان و یەکەم گورزی راپەڕیوان لەسەروماڵ و کۆشکی ئەوان دەبێ، بۆیە دەبێ هەرچی زووتر ئاشتەوایی بکەن و باشترین میکانیزم هەڵبژیرن بۆئەوەی کۆنگرە ببەسترێ، باشترین میکانیزمیش ڕێخۆشکردنە بۆ کۆمەڵێک کادیری بێلایەن و دەستپاک بۆ بەڕێوە بردنی کۆنگرە بەهاوکاری دەزگای هەڵبژاردن و بەچاودێری ڕێکخراوە مەدەنیەکان و میدیاکان، کۆنگرەیەک پاک و بیگەرد و دووربێ لە دەستوەردانی تەکەتول و کەسەکان، ئەگەر وانەبێ یان دابەشبونێکی تر روودەدات یان ڕێکەوتنێکی ژێربەژێر بۆ دابشکردنەوەی کورسیەکان بەسەر خۆیان داو بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەقڵیەت و هەمان یەکێتی واتە یەکیتیەکی نەخۆش بەدەست ململانێ ی بەرژەوەندیە شەخسیەکان، کەنەک بێ کاریگەردەبێ لەناو ڕووداوە سیاسیەکاندا بەڵکودەبێتەوە بەبار بەسەر کادیرو خەڵک و پرۆسەی سیاسیەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت