هادی حەمەڕەشید: یەکگرتوو “بندیوار”یى هەیە؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(1)
بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە ئەم قۆناغەی کوردستان هێندە سەختە کە بەرگەی چوونە ناو هێندێ تەفاسیل ناگرێت، تەفاسیلێک کە لە بنەڕەتی کێشەکان دوورمان ئەخەنەوە، هەڵبەت لای براتان کێشەی بنەڕەتی; نادادی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و نەبوونی فەرهەنگی دیموکراسییە.
بڕوای تەواوم بەوە هەیە کە وروژاندنی هەر پرسێک ئامانج لێی بردنە پێشەوەی دادپەروەریی و زیادکرنی پانتایی دیموکراسی و جێکەوتکردنی بەها باڵاکان نەبێت، بەپێچەوانەوە بە حیزبییکردنی دۆخەکە بێت، ئەوا واتە چەواشەکاریی و ناپاکییە لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا، کە هۆشیارییەکی ساختە و نادروست بەرهەم ئەهێنێت!
لێ لەم چەند ڕۆژەدا و لەسەر دۆسێی “بندیوارەکان” تایپی دووەم ئەبینم، کۆمەڵێک کۆڵەواری ئایدۆلۆژیست ئەبینم کە ئەیانەوێت باری گلاوی سیاسییان بەم پرسە ئاڵۆز و چارەنووسسازە ڕاست بکەنەوە!!

(2)
زۆرینەی یەکگرتووەکان(جگە لەو کادیرە جدییانەیان کە هەناویان ڕەش بووتەوە بەدەست هاوحیزبە ئایدلۆژییە تەسکبینەکانیانەوە) ئیدارەی ئەم مەلەفە زۆر ئیستیفزازانە لە فەیسبووک ئەدەن، لە کاتژمێرێکدا سەدان پۆستی پۆخڵەوات و پاتاڵی پڕ لە دووبارەکردنەوە و گواستنەوەی کۆمەڵێک دەستەواژەی دووبارە و سواو ئەخەنە ناو ناوەندەکەوە، گەردنیان ئازاد بێت چۆن و بە کامە باردا شەن و کەوی ئەکەن، بەڵام زۆر بێ مانایە لەگەڵ خستنەڕووی دۆسێی ” بندیوار” کە (هەیە و کەس ناتوانێت نکولی بکات) پەردەیەک بدەن بەسەر پاسیڤی خۆیان لە گۆرەپانەکەدا و خراپتریش لەوە خۆنمایشکردن وەک پاکترین و بەقەولی باو”حیزبێکی بێ بندیوار!!” کە نەک وا نیە، بگرە ئەکرێت بە داهێنەری هێندێ ئەتوار و نەریتی نایاسایی و بندیوار بێنە هەژمار، بەڵام ئەوە ویژدانی ئایدۆلۆژییانە کە لەپێناوی خۆدەربازکردن لە دادگایی شکست، پرۆسەی چاکسازی بە ئامانج ئەگرن و ئاوەکە لێڵ ئەکەن تا ڕاوی تیادا بکەن؟!!
چەند ڕۆژێک پێش لە ڕیفراندۆم، دۆستێکی یەکگرتوو(کە عەوداڵی چاککردنی ئدم دۆخە نالەبارەیە) تەلەفۆنم بۆ ئەکات، بە ئەسپایی ئەڵێت: دۆخی یەکگرتوو زۆر خراپە، هەر ۱٠ ئەندام پەرلەمانەکەمان نیگەرانن، ئەڵین بەسەرکردایەتی ئێمە زۆر بێزارین لەم سیاسەتە، بە ڕاشکاوی پێیان وتوون کە ئەمە دوا هەلە بە ئێوەی ئەدەین و لەگەڵ پارتی ئەچین و ئیحراجی بەردەم ویژدانمان ئەبین!

منیش پێی ئەڵێم: ئەرکی من چییە؟
– تۆ بە برادەرانی گۆڕان بڵێ کە لە میدیاوە ئاگایان لە دۆخی یەکگرتوو بێت و موراعاتمان بکەن، وەڵاهی پەرلەمانتاری تێدایە گریاوە!
هەر لەتەنیشت خۆیەوە پەیوەندی بە “عەبدولڕەزاق شەریف”ـی رێکخەری میدیاوە ئەکەم، کاکە با مویەکی معاویە لەگەڵ یەکگرتوودا بهێڵینەوە، خەڵکی باشی تیایە، کۆمەڵێک سەرکردەی هەلپەرست دۆخەکە بارگاوی ئەکەن!
قسەکەم لە دەم وەرئەگرێت: جا برا بۆچی(موی معاویە)؟! وەڵا بە هەموو جۆرێک موراعات ئەکەین، بۆ زانیاریت چەندین وتارمان سانسۆر کردووە کە هێرشی تیادا بووە بۆ سەر یەکگرتوو، ئێمە و یەکگرتوو هاورێگا و هاوچارەنووسین، ئەکرێت جیاوازیی زۆریشمان هەبێت بەڵام خاڵی هاوبەشمان زۆرن.
کەچی پاش شکستی گەورەی کاستی ڕیفراندۆم و #سەرکردایەتی_سیاسی_داش_عێراق، ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەبەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا ڕەخنەی توند لە پارتی و یەکێتی ئەگرێت و بە تەلمیحێکیش باسی یەکگرتوو ئەکات، پارتی و یەکێتی بێدەنگ و کادیرەکانی یەکگرتوو تەشهیرترین تەشهیر ئەدۆزنەوە و بە کاک عومەری ئەڵێن!
واااای خودا، حاڵی کەس بە حاڵی ئێمە نەبێت، چ قەدەرێکمان هەیە، مەحکومین بە بینینی ئەم هەمووە کاردانەوە سەخیفانە!

(3)
با لە بابەتەکە دوور نەکەومەوە، ئێمە ناچارین کە هەندێ لەو چەواشەکارییانە ڕوون بکەینەوە، جارێ لە بنەرەتدا بەرەی دیوەخان و #ڤیئایپی چونکە پشکی رەهایان لە بندیواردا هەیە، بێدەنگن، بەو پێیەی تەنیا کادیرە کۆڵەوار و دەروێشەکانی یەکگرتوو ئەم بابەتە بۆ مەبەستی حیزبی ئەوروژێنن، ئەوا;
یەکەم/ گەندەڵی لەداهاتی کوردستاندا نکولی ناکرێت، بندیوار یەکێک لە قیزەونترین جومگەی ئەو بەفیڕۆدانەی داهاتە، خوازیارین کە بە پرۆسەیەکی گونجاو هەموو بندیوارەکان ببڕدرێن و بگرە دادگاییش بکرێن بەر لەهەموویان ئەوانەی گۆڕان ئیجرائاتیان لەگەڵ بکرێت!
دووەم/ کێ بندیواری هەیە و کێ نیەتی، ئەوە بە میزاج ناکرێت، ڕاستە”بندیوار” واتە کەسێکی شاراوە و نادیار، بەڵام خۆ ناکرێت بە هالەی ناو سۆشیالمیدیا و بە مەبدەئی ئاگرە سوورە لە خۆم دوورە، هەموو شتێک بدەین بەسەر ئەوانیتردا!
ڕاستە بندیوارەکان کورتکراونەتەوە لە خانەنشینکردنی هەزاران پێشمەرگە و تێکۆشەری دێرین و لەم نێوەندەشدا گەندەڵی بەرفراوانی تیادا کراوە و ئەکرێت کۆی پرۆسەکەش لەقۆناغی بە دامەزراوەییکردنی کوردستاندا لاببرێت و ئەلتەرناتیڤی گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە!
بەڵام زۆر نەکردەنییە کە یەکگرتووی ئیسلامی خۆی بکاتە فریشتە و بندیوارەکانی لەوە زیاتر خۆیان مەڵاس بدەن، کامانەن بندیوارەکانی یەکگرتوو؟!

(4)
یەکگرتوو هێزێکە کە بەداخەوە هەزاران گەنج و هاونیشتیمانی کوردستانی بێهیوا کرد لەسایەی خۆشگوزەرانی سەرکردایەتییەکەی و دۆڕان و خۆفرۆشی بەشێکی زۆر لە مەکتەب سیاسییەکەی کەچی سوبحانەڵڵا لە ڕوویان هەڵدێت کە پیاوێکی زاهیدی وەک #عومەری_سەید_عەلی بکەن بە ئامانج!
یان قسەکردن لەسەر پیاوێکی وەک #قادری_حاجی_عەلی کە لەیەکەم کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لەپاش راپەڕین ڕایەک لەناویاندا هەبوو کە با گەڕەکێک لەسلێمانیدا بۆ خۆمان جیابکەینەوە و پشوویەک بدەین، خێرا کاک قادر پێیان ئەڵێت: ئێوە باسی چی ئەکەن!! گەڕەکی چی و خۆ جیاکردنەوە بۆچی؟! کامەتان پێویستتان بە زەوییە با بێت لەناوەراستی سلێمانیدا لە موڵکی باوکمی پێ بدەم!(هەڵبەت جیا لە هەڵمەتی زاڵمانە هەموو جۆرە ڕەخنەکردنێکی تاکەکانی گۆڕان ئاسایی و بگرە باشیشە)
بۆیە حەزئەکەم ئەم چەند یاداوەرییەی یەکگرتووتان وەبیر بێنمەوە:
1- گەورەترین بندیوار (وەزیرەکان)ـن، ئەتوانن پێمان بڵێن یەکەم “وەزیری هەرێم” وەزیرى بێ وەزارەت، کە یەکەمجار بۆ ئەندامێکی م.س ی یەکگرتوو کرا و لەکابینەکانیتری کوردستاندا دیسان بۆیان کرا و بگرە لە عێراقیش دیسانەوە “وزیر الدولة” وەزیری دەوڵەتیان بۆ کرا، ئەمانە بندیوار و بارگرانکردنی میزانیە نەبێت، چییە؟!!
2- لەپاش پرۆسەی ئازادی عێراق و لەئیدارەی کاتی عێراقدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی درا بە ئەندامێکی “حیزبی ئیسلامی عێراق” کە لە پشتی ئیخوانەوە برای دایک و باوکیی یەکگرتوو بوون، بەرێز #عادل_نورى کە ئەو سەروەختە بەرپرسی نووسینگەى پەیوەندییەکانى یەکگرتوو بوو لە بەغدا، بە لێشاو و بەنایاسایی خەڵکى فڕێدایە ناو زانکۆى ئیسلامى و کۆلیژى شەریعەى زانکۆى بەغدا، هەزاران کادیر بە نایاسایی خرانە ئەو کۆلیژ و بەشانەوە و ئێستاش موچەى ناشەرعى وەرئەگرن، تۆ بڵێى ئەمە جیاواز بێت؟! لەوەش پێکەنیناویتر بەشێک لەم مرۆڤانە ئێستا بۆ خۆیان خەریکى ئەو هەڵمەتە سیاسییە ناشیرینانەن!!
3- خانەنشینکردنى خەباتگێڕانى دێرین خۆبەخۆ ئەو حیزبانە ئەگرێتەوە کە خاوەنى پێشینەى چەکدارین و یەکگرتوو ئەبرێتە دەرەوەى ئەم پرۆسەیەوە، بەڵام هێشتا چەندین ئیخوانى سەردەمى بەعس و یەکگرتووى ئێستا لەڕیزى ( بزووتنەوەى ئیسلامى، کۆمەڵى ئیسلامى، حیزبى سۆشیالیست) و هەندێکیشیان لەڕێگاى پارتى و کەمترینیان لە ڕێگاى یەکێتییەوە کراون بە خانەنشینى بندیوار(هیوادارم ناچارم نەکەن ناو بڵێم، چونکە بەشێکیان باوک و برا گەورەى دۆست و هاوڕێیانى نزیک لە خۆمە!) بەکورتى تەشبیهـ بەوان نەبێت ڕیقنەکەیان بۆ لایەنەکانیترە و هێلکەکەیان بۆ یەکگرتووە!
لەکۆتاییدا دڵنیابن بازاڕى کادیرە بێ ئیشەکان گەرم ناکەم، چى ئەڵێن ئازادى ئەم دنیا و قەرزارى قیامەتم بن، وەڵامەکانم لەناو ئەم نووسینەدایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت