تیشکۆ زەند: کورد لە بەردەم هاژەیی دەریادا، بەشی دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سروشت دەڵێت؛ من سەد ساڵم دەوێت بۆ ئەوەی درەختێک گەورە و باڵادەست بکەم، بەڵام مرۆڤێکی چەتون بە شەش خولەک دەمبڕێتەوە، ئەوەتەی کورد هەیە چەتون بووین بەرامبەر دۆزی خۆمان، کورد بە ئاگابێت یان بێ ئاگا، هەمیشە دڵسۆز و وەفا داربووین بەوەی کە ئەکتەرێکی چالاک و دەمارگیرین بەرامبەر بە پاپت* بوونی خۆمان بۆ هەر ڕۆڵێک کە دووژمن پێمان بسپێرێت، هەندێک لەوانەش سووری بەرلەشکری نەیار و دووژمنان بوون، کە ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی مێژووەکەمانە، کە ئەویش دەرئەنجامی نەبوونی هوشیاری کۆمەڵایەتیە، دەرئەنجامی ئەم سستەمە سەقەتەیە کە پەروەردەی ڕۆشنبیریمان نێگەتیڤە بەرامبەر بە هەموو ئەگەرێک کە بۆتە شوورەیی و بڤە، بۆیە ئێمەی کورد هەمیشە هەریسەکەمان بۆتەوە بە خوری، کە ئەمە ڕاستیە و دەبێت دەرکی پێبکەین.
ئێمەی کۆمەڵگای کورد کێشەیەکی زۆر گەورەمان هەیە، کە ئەویش زۆر بەداخەوە زوو مێژووی خۆمان لە بیردەکەین، کە ئەمەش ڕێگر و بەربەست بووە بەسەر سەرنەکەوتنی شۆڕشەکانماندا، چوونکە بیرچوونەوەی ڕۆژە تاڵەکانی ڕابووردوومان، بیرچوونەوەی کاری پازەتیڤ و نێگەتیڤە کە وانە لە هەڵە و کەم و کوڕیەکان فێرنابین، لە بیرچونەوەیەکە کە ناتوانین چاکسازی و خۆ نوێکردنەوە بکەین، لە بیرچوونەوەی مێژووی ڕابووردومان، واتە ناتوانین شیکردنەوە لە سەر دووژمن و خاڵی بەهێزی و خاڵی لاوازی خۆمان و دووژمن بکەین، ئەم لە بیر چوونەوەیەش هاوسۆزیی و ڕێزگرتنی بۆ دووژمن باڵادەست کردووە و خۆشمانی تووشی دەمارگیری و تۆڵە سەندنی کولتوری کردووە بەرامبەر یەکتری، کە ئەمە کێشەی گەورەی بۆ دۆزەکەمان و تێنەگەیشتن لە ئەدمسفیری ناوچەگەری و ئابووری ناسی ژینگەیی دروستکردووە.

ئاوڕێکی گوورج لە ناکۆکیەکانی نێو باڵەکانی یەکێتی کە دەبێتە پردی پەڕینەوەی پلانەکانی دووژمن، بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئەوان.
1- گەشتی کاک کۆسرەت وەک جێگریی سکرتێری یەکێتی بە یاوەری وەفدێک بۆ ئێران لە ڕۆژی2017/7/17دا، ئێران لەو گەشتەدا بێ ئومێدبوونی خۆی دەربڕی، بۆیە ئێران بە دووای ئەڵتەرنەتیڤێکی تردا گەڕا.
2- گەشتی مام جەلال بۆ ئێران، بەرزکردنەوەی کارتی زەردبوو بۆ کاک کۆسرەت و گروپەکەی.
3- گەشتی هێرۆخان بۆ ئێران، بەرزکردنەوەی کارتی سووربوو بۆ کاک کۆسرەت و گروپەکەی.
4- ڕێکەوتنی ماڵباتی تالەبانی لەگەڵ قاسم سلێمانیدا ئەگەر زارەکیش بێت، توانیان بە تیرێک دوو نیشانە بشکێنن.
یەکەم: خزمانی تالەبانی لە ڕووداوەکەی 16-11 دا توانیان سەربکەون بەسەر باڵی نەیارەکانی ناوخۆی خۆیاندا، کە ئەو باڵە هەمیشە ڕێگربوون بۆ دەست بەسەرگرتنی باڵای سەرکردایەتی یەکێتی و ئەو باڵەش لە ناو ئەلبوومی یەکێتیدا بە یەکێ لە لقەکانی پارتی بوون هەژمار دەکران. (بۆیە لای حیزبە کوردستانیەکان پاشقول لێدان لە هەڵوێستی نیشتمانی گەورەترە، ئەگەر هەموو خاکی کوردستانیشی لەسەر دانێن)
دووەم: تێکشکاندنی لوتبەرزی ماڵی بارزانی کە تەواو دەستیان گرت بوو بەسەر داهاتی سەرخان و ژێرخانی کوردستاندا، بۆ زۆربەی ماڵباتی تالەبانیەکان و نەوەکانی ئیبراهیم ئەحمەد ئەو پارووە قورسبوو کە ماڵباتی بارزانی تاک ڕەوانە هەلسوکەوتی پرۆتۆکۆڵ و کاری دیپلۆماسیان دەکرد، بێ ئەوەی ڕەچاوی گەورەیی زۆنی سەوزبکەن، کە ماڵباتی تالەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد ئەوانیش خاوەنی پارە و چەک و هێزی زۆرن، لە زۆنی باڵادەستی خۆیاندا هەر وەک دەڤەرەکەی ئەوان. (ڕاستە کەمێک لەو دەستکەوتە بەلاشانە دەچووە گیرفانی ئەونیشەوە بەڵام ئەوان خۆیان بە خەدر لێکراو دەزانی)

هەڵەکانی پارتی بۆ ڕەچاو نەکردنی ژینگەی سیاسیان
سەرانی پارتی بە هۆی هەڵەی لوتبەرزیانەوە کەوتنە بەردەم دووڕیانێکی کوشندەوە کە دەبوایە کەسانی ڕاوێژکاری ژیریان خوێندنەوەیان بۆ هەموو پێشهاتەکان و ئەگەرەکان بکردایە و دووربینتر بۆ ڕووداوەکانیان بنواڕیایە کە شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی تەواوەتیان بە ئەرێنی و نەرێنی ڕەچاو بکردایە و نەرمی نواندنیان بۆ گونجاندنی دانیشتنەکانی ڕاوێژەکانی ئەمریکاش پێش ریفەرندۆم هەڵسەنگاندایە، لە سیاسەتدا نە دووژمنی هەمیشە هەیە و نە دۆستی هەمیشە، ئەوەی کە هەیە بەرژەوەندیە نەتەوایەتیەکانە یان کۆمپانیەکانە کە پێناسەیە بۆ بڕیاردان، نەک سۆزیی کولتوری، من یەقینم لەوەیە کە ئەو کەسانەی دیارن و ئەناسرێن زۆربەی ئەوانەی کە لەو بەڕێزانە نزیک بوون کەسانی فاڵگر و بێئەزموون و ئەندێشەدار بوون، نەک ڕاوێژکاری بە توانا، بۆیە ڕاوێژ و ڕێ نیشان دانەکان بە هەڵە و گومڕابووندا چوون.

چەند تێنینیەکی کورت بۆ ڕووداوەکان.
1- هەڵوەشاندنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەم کاتە ناسکەدا پرۆسەی ڕیفەرندۆمی لاواز و ئیفلیج کرد، کە گورزێک بوو لە نێوماڵی کورد درا، بۆ ئەوەی سەرۆکایەتی نێوماڵی کورد تووشی سەرەڕۆیی و داڕمان و لاوازبوون بێت و کورد لە ڕێڕەوی سەرکردە بوون و گونجاندن بێبەشبکات، ئەگەرچی سەرکردایەتی کورد هەمیشە پڕ لە کەم و کوڕی بووە بەڵام لە کاتی تەنگژیەکاندا هەموو کۆمەڵگایەک پێویستی بە سەرکردەیەکی پڕ لە تۆکمەی دسپلینی هەیە، کە بتوانێت کۆمەڵگا لەیەک دانەبچڕێت، ئێستا ئەو پۆستە بۆشاییە بۆ دۆزی کورد بە زەقی دەبینرێت و هیچ پاساوێکیش نابێتە بەدیلی پینەکردن و پڕکردنەوەی، چوونکە لە ئێستادا شکۆی پەیکەرەکە تێکشکاوە.
2- دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی کاک مسعود بارزانی بۆ پەرلەمان و سەرۆکایەتی حوکمەتی هەرێمی کوردستان، کوردی خستە بەردەم دووڕیانێکی ئاڵۆزتر و نەگریسەوە کە کێشەکانی گەورەتر و گەورەترکرد، ئەویش کاک مسرور بارزانی بە هیچ جۆرێک ڕێگا نادات، هەم دەزگاکەی خۆی هەم دەسەڵاتەکانی باوکی دەستی بەسەردا بگیرێت، هەروەک خۆشیان دەڵێن ئێمە؛ بە خوێن هاتووین و بە خوێنیش دەڕۆین. (کە ئەو بیرۆکەیە لە سیاسەتدا هەڵەیە)
3- ڕیفەرەندۆم لە یەک هەنگاودا هەموو پارچەکانی نێوماڵی کوردی کرد بەیەک، بەڵام بە هەمان شێوەش نەیار و دووژمنانی کوردیشی ڕێکخست و حەیدەر عبادیشی کرد بە پاڵەوانی گۆڕەپانەکە کە ئێستا گوێ بۆ هیچ لایەنێک ناگرێ و نەخشەی ناوچەکەشی گۆڕی بۆ بەرژەوەندی دۆستەکانی، ڕەنگبێت ئەگەر کوردی باشوور زیرەکبن و ڕۆڵی یاری چییەکی باش ببین بۆ گۆڕانکاریە نوێ یەکان، ئەوە دەتوانن سیاسەتی بەرژەوەند خواز لەگەڵ دۆستەکانمان دووبارە زیندوو بکەنەوە، ئەویش بە چەند مەرجێک کە (باسکردنیان جارێ بڤەیە، نووسەر).
4- ڕیفەرندۆم دەبوایە نەکرێت چوونکە ووڵاتانی هاوپەیمان و ئەمریکا دژبوون، کە ڕیفەرەندۆم کرا دەبوایە جاڕنامەی سەربەخۆیی بۆ بانگ بدرایە، چوونکە کورد هەر ئەوەندە قوربانی بۆ دەدا کە ئێستا داوێتی و ڕەنگبوایە ئەنجامی گۆڕنکاریەکانی بگۆڕیایە بۆ بە بەرژەوەندی کورد. (من خۆم هەمیشە گەورە پاڵپشتی ڕیفەرندۆم بووم بە ئێستاشەوە)
5- هێزێکی زۆری ووڵاتانی هاوپەیمان و ئەمریکا لە ڕۆژانی 13-14-15-،11-2017 هێنران و جێگیرکران لە K1 ی کەرکوک و چەند شوێنێکی تری نزیک کەرکوک، وەک هێزە تایبەتیەکانی هۆڵندا، ئیتالیا و ئەمریکا، بۆ هەر کارێکی نەخوازراو و فەرمان پێکراو، کە وەچەرخانێکی مێژووی دەبوو بۆ گۆڕانکاریەکان، بە داخەوە بە هۆی نەبوونی هوشیاری سیاسی و مل ملانێی ئەم باڵ و ئەو باڵ و گەڕەکا و گەڕەکی ئەم دەڤەر و ئەو دەڤەر، خەون و خەیاڵی سەد ساڵەی کوردیان بە زیندوی زیندە بە چاڵکرد.

شەپۆلە گەورەکەی سونامی
سونامی ئەو شەپۆلە سیاسیە نوێ یە کە زریانی گۆڕانکاریە پلانە جێپۆڵەتیکەی ووڵاتانی زل هێز لە مۆسۆپۆتامیادا دەگرێتەوە، بۆ هەر دە ساڵ یان سەد ساڵ جارێک بۆ نوێژەنکردنەوە و جێگرتنەوەی پەیمانەکانی وەک، سەعد ئاباد، تاران، سیڤەر، سایکس پیکۆ و جەزایر دەهێنرێنە بەر باس بۆ جێبەجێکردنی گۆڕانکاریە ڕیشەییەکە کە بە باڵای بەرژەوەندی ئەواندا بدوورێت (ئێمەش نابێت بێئاگابین لێی).
ئێستا کوردی باشوور کێشەکانی لە هەمووکات زیاتر ئاڵۆزترە، ئەو ئالۆزیە بۆتە پڕیشکی ئاگرێک کە کەیسەکەمانی کردۆتە سوتماک و هیچ پاساوێکیش نابێتە بەدیلی گومڕابوونمان، بۆیە پویستە ئێمە لەو نەخشە نوێ یەی ئیستادا سوودمەندی یەکەم بین، یان هیچ نەبێت وەک ئەم ئاگرەی بەدەستی خۆمان هێنامانە نێو ماڵی خۆمانەوە زەرەرمەند نەبین، بۆ ئەم بیرۆکەیە پێویستیمان بە کەسانی دڵسۆز و کەسانی خاوەن ئەزمووندار هەیە، کە ئاوێکی پڕ لە کاسەی ئاشتەوایی پێدابکات بۆ بەرژەوەندیە باڵاکەی کوردستان، بە پێی هەموو شیکردنەوەکان ئێستا دۆزی کورد لە باشووردا توشی نەخۆشیەکی کوشندەی دەردە توومەر* بووە کە پێویستی بە بیرۆکەی حەکیمانە هەیە بۆ ئەوەی دەردەکەی تیمار بکات، پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت.
بۆ ئێستا با واز لە کێشمە کێشی دەردە کۆپان بهێنین و گرەو لەسەر ئەسپی تۆپیو نەکەین، هەموو بەیەک دەنگ و ڕەنگی جیاوازەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵە خاڵوان و وێنەیەکی ڕوونتر و جوانتر پێشکەش بە دۆستان بکەین، کە ئێستا ئەوان جارێ هەر لە کوردستان ماون ، هەر دابڕان و دابەشبوونێک دۆزەکەمان دەگەڕێنێتەوە بۆ ساڵانی ناوڕاستی نەوەدەکان و هێزی هاوپەیمان و خۆشەویستانیش دەکشێنەوە و دوایی کاڵەک شکاندن بە ئەژنۆ داتدان نادات، با هەموو ژیرمەندانەتر بیربکەینەوە و تێبگەین کە کێشەی هەموومان یەک کێشەیە و سەرکەوتنیش بۆ گشتمان دەبێتە کاسەی پڕ لە ئاشتەوایی و ووڵاتپارێزی، ڕەخنەگرتنی نا تەندروست و گاڵتە کردن بەیەک، نامان گەیەنێتە هیچ دەوەنێک، بۆ ئەوەی چیتر تەرزە گوڵە نێرگزەکان نەکوتێت.
………………………………………………
Puppet *پاپت، کەسی بەکارهێنراو، وەک بوکەڵەی سیاسی
** سونامی بە زمانی ئینگلیزی بە تسونامی دەنوسرێت، بەڵام ت ناخوێندرێتەوە بۆیە وەک پرۆناوسییەشن (زارکردن، تەلەفوز) کەی نوسیومە سونامی. بەڵام بەداخەوە کورد دەنوسێت تسونامی، کە هەڵەیە. Tsunami
* توومەر، پلەیەک پێش نەخۆشی شێر پەنجەیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت