بەیان ئیبراهیم: خولانەوە لە ناوکلتوری شۆڕشی شاخدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نەتەوە ژێر دەستەکان ئەو کاتانەی بەهۆی بەریەککەوتن و گۆڕانکاریە جیهانی و ناوچەییەکانەوە لە قۆناغی شۆڕشی بەرگری و چەکداریەوە دەچنە قۆناغی بەڕێوەبردنی شارەکان، دەکەونە بەردەم هەستیارترین جۆری خەبات، بە مانایەکی تر شاخ و شار دو نیای تەواو جیاوازن، خۆ ئەگەر لە شاخ خەباتی چەکداری و پارتی زانی لە پێناو بەرگریکردن بوبێت لە سڕینەوەی نەتەوەیەک و گوشار خستنە سەر ڕژێمە دەستەڵاتدارەکان تا دان بە مافی نەتەوەکاندا بنێت ئەوا خەباتی شارەکان بە پلەی یەکەم جۆری بەڕێوەبردنە، بەم مانایانە چەمکی تێگەشتنی شار ڕەهەندی خۆی هەیە و چەمکی خەباتی شاخەکان ڕەهەندی خۆی هەیە، بە درێژایی مێژو کورد لەهەر چوار پارچەکە ، بەردەوام لە خەباتی ڕزگاری نیشتمانیدا بوە، بەڵام کاتێک دێتە سەر حکومداری و خەباتی شارەکان بە جۆرێ لە جۆرەکان ناتوانن ئیدارەی شار بدەن، ئەمەش دەگڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشانەی ئێمە کاتێک لە شاخ بون لە هەناوی شۆڕشدا چەمکی بەڕێوەبردنی شارەکان غایب بوە، واتا لە پاشخانی شۆڕشەکانی ئێمەدا هەڵگری خۆ بەڕێوەبردنی شارەکان نەبوە، بە پێچەوانەوە ئەوانەی کە پارتی زان بون کاتێک دێنە شارەکان لەبەر ئەوەی تێگەشتنیان بۆ چەمکی شار سفرە، بە هەمان ئەقڵەتی شاخەکانەوە دەکەونە ناو شارەکان و کۆی پرۆسەی شارەکان تێک دەدەن، هەتا دەگاتە ئەوەی یەکە ئیداریەکان و ڕێکخراەوکانی کۆمەڵگای مەدەنی و شارەوانی و خزمەتگوزاری دەبەستنەوە بە بەرژەوەندی خۆیانەوە، لەبەر ئەوەی لە شاخدا پێیان وابوە کە شۆڕشەکەیان سەری گرت دەبنە خاوەن کۆی شار و نیشتمان، ئەمە وای کردوە کە هیچ بوارێک بۆ تەکنۆکرات نەمێنێتەوە و کۆی سێکترەکان ئیفلیج بێت، تا ئەو ئاستەی کۆمەڵگا وەک سەربازگەیەکی بێ بەرنامەی هەتا سەربازیش لێ دەکەن.
ئا لێرەوە کۆی کۆمەڵگا و ئەوەی پێ ی دەوترێت ئالیەتی میکانیزمی جوڵەی کۆمەڵایەتی تێک دەدەن و سەر لە تاکەکان دەشێوێنن، تا دەگاتە ئەو ئاستەی پەروەردە غایب دەبێت و لێرەوە کارەساتەکان ڕو دەدات، ئەمەی لە باشور ڕو دەدات بە تەنها ئەوە نیە پێمان وابێت بەریەککەوتنی ناوچەیی و بەرژەوەندی وڵاتان خولقاندویەتی، نەخێر. بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشانەی ئێمە لە باشور لە باکگراوندی خۆیاندا هەڵگەری بەڕێوەبردنی شار و دەوڵەتداری و حکومەتی هاوڵاتی نەبون، بە زمانێکی سادە هەر چەکدارەکانە حکومی شارەکان دەکەن، بۆیە ئەم دەستەڵاتەی ئێمە ناتوانرێت بە حکومەت و سیستەم ناو بنرێت، جگە لە هەڵگری کلتورێکی پارتی زانی و شۆڕشی شاخ و بونیەی خێڵەکی نەبێت.
کە دەتوانین بڵێین هێشتا جگە لە کۆمەڵەی ڕەنجدەران ( کە هەوڵێکی سەرەتای دا، دوای کاک نەوشیروان ئەویش بەرەو کۆتا دەچێت، هەر چەندە لە ڕابردوەوە تا ئێستا تەنها کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوە هەوڵێکی سەرەتایی دا بێت دژی کلتوری چەکداری خێڵەکان ) شۆڕشی شاخیش هەر نەیتوانیوە تەواو هەڵگری مەفهومەکانی شۆڕش و پارتی زانی بێت، کە دەتوانین بڵێن ئەمەی ڕودەدات بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە تا ئێستاش خولانەوەیە لە ناو هەمان بازنەی شۆڕشێکی خێڵەکی و پارتی زانیەکی خێڵەکیدا، نەتوانراوە ئەم بازنەیە ببڕرێت، ئەوەی ئەمڕۆ خوێندنەوە بۆ دەوڵەتداری دەکات و ئەو ڕەخنە باوەی کە هەیە، جگە لە خوێندنەوەیەکی کاڵ و کرچ هیچی تر نیە، ئەگەر نەتوانرێت بگەینە سەر ڕەگی کێشەکان، خۆ ئەگەر شۆڕشەکانی ئێمە هەڵگری مفهومی دەوڵەتداری و حکومەتی هاوڵاتی و ستراتیژی نەتەوەیی و ئاسایشی نەتەوەیی بونایە، ئەوا دابەش نەدەبون بەسەر ولاتانی ناوچە و دەیانزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ پەیوەندیەکاندا بکەن، دوا جار لە بەر ئەوەی شۆڕش کارگەیەک بوە بۆ بەرهەم هێنانی ئەقڵی پارتی زانی و شۆڕشی چەکداری خێڵەکی و پاشان ئەم بەرهەمەی خستوەتە ناو دەوڵەتداری و حکومەتەوە ئەوا ئەمە بەرهەم دێنێت کە دەیبینین، بۆیە ئەمەی ڕو دەدات چاوەڕوان کراوە و دەکرێت لەوە زیاتریش ڕو بدات، چونکە ئەوانەی لە شاخ هاتونەتە خوارێ توانای بەڕێوەبردنی تەنها یەک گەڕەکیان نیە نەک شار و هەریمێکیش، وە دەرئەنجام دەرکەوت هێشتا لەسایەی شۆڕشی شاخەوە ئێمە لە بازنەیەکی داخراوی کلتوری پارتی زانیەکی نەخوێنەوار و کۆمەڵێ چەکداردا دەژین و مەدەنیەت و دەوڵەتداریش توشی ئەم نەخۆشی شێرپەنجەی ئیداریە دەبێت کە دەیبینین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت